بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەنگ بەسەربەخۆیی كوردستان دەدەن

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەنگ بەسەربەخۆیی كوردستان دەدەن
بە درێژایی مێژووی دابەشكردنی خاكی كوردستان، كورد لە پێناوی رزگاری و سەربەستی و گەڕانەوەی سەروەریی خۆیدا خەباتی كردووە و قوربانی داوە، مێژووی درەوشاوەی ئەو خەباتەش لەسەر دەستی قارەمانەتی و گیانبازیی پێشمەرگە تۆماركراوەو لەو بوارەشدا تەنانەت لە خوێنی گەشی خۆیان درێخییان نەكردووە، خانەوادەی خۆڕاگر و سەرفرازی ئەو گیان بەخت كردووانەش هەردەم رێبازی شەهیدانیان بە میراتی خۆیان زانیوە، هەر پێشمەرگەش بوو كە لەدژی دوژمنێكی دڕندەو تیرۆریستی وەك داعش لە باشووری كوردستان سەنگەری گرت و گیان لەسەر دەست، لەسەر خاكی كورد رایانیماڵی و لەو پێناوەشدا هەزارن پێشمەرگە بوونە قوربانی و مێژوویەكی دیكەی سەرفرازانەی بەرەنگارییان تۆمار كرد. سەركەوتنەكانی پێشمەرگەو تێكشكاندنی تیرۆریستان و پابەندبوون بە بەهاكانی مرۆڤایەتی و بەچۆكدانەهاتن لەبەرامبەر ستەم و ستەمكاریدا، ناوی پێشمەرگەی لەئاستی جیهانیدا خۆشەویست و رێزدار كردووە، كاتێكیش كورد لە برایەتی كورد و عەرەب و هاوبەشیی راستەقینە نائومێد كرا و بەغدای دوای بەعسی كیمیابارانكەری كورد، جارێكی دی و بە هەمان نیاز و مەبەست هەوڵی زەوتكردنی ئیرادەی كوردی دا و قوتی ژیان و مووچە و بودجەی كوردستانی بڕی و دەرگەی دیالۆگیان داخست، سەركردایەتی سیاسیی كورد بە رێبەرایەتی سەرۆك مسعود بارزانی لە بڕیارێكی بوێرانەدا بژاری گشتپرسی بۆ سەربەخۆییان هەڵبژارد و پێش هەموو چین و توێژەكانی كوردستانیش خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان پشتیوانییان لەو بڕیارە مێژووییە كرد. لەم راپۆرتەی گوڵاندا ژمارەیەك لە كەسوكاری شەهیدان لەو بارەیەوە راو سەرنجی خۆیان دەخەنەڕوو.

كەوێ عەبدوڵا حوسێن، دایكی شەهید (زێرەڤان ئەكرەم عەبدولجەبار)ـە كە یەكەم شەهیدی پیشمەرگەیە لە كۆبانێ و سەبارەت بە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كورد دەڵێت: «بێگومان هەر كوردێكی رەسەن، ئەگەر بە تەمەنیش بچووك بێت، بەڵام مێژووی رابردووی دژواری ژێردەستەبوونی گەلی كوردی لەژێر ستەم و چەوساندنەوەی سەركردە زاڵمەكانی عێراق خوێندبێتەوە، ئەوا بە بێ دوودڵی پاڵپشتیی ریفراندۆم دەكات و بە (بەڵێ) دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان دەدات.» ئەو دایكە جەرگسووتاوە جەخت لەوە دەكاتەوە كە كوردستان هیچی لە وڵاتانی خاوەن سەروەریی كەمتر نییە، كە سەربەخۆن و بە سەربەستی دەژین، ئەو وڵاتانەش بۆ گەیشتن بەو سەروەریی هەموو قوربانییەكیان داوەو كوردیش لە قوربانیدان سڵی نەكردووەتەوە.» ئەو دایكە شەهیدە رایوایە: «لەم زرووفە ناسكەدا كە دەرگا بە رووی كوردی چەوساوەدا كراوەتەوە، كوردیش دەبێت خۆی قەدری دەرفەتەكە بزانێ و نەهێڵێ خوێنی شەهیدانی بەفیڕۆ بچێت.» هاوكات دەڵێت: «رزگاری لە دەستی زاڵم ئاسان نییە و قوربانیدان و زەحمەتییەكی زۆری دەوێت، ئەم بارودۆخەی ئێستاش كە خەڵكی كوردستانی تێكەوتووە، لەو بارودۆخانە كە لە كاتەكانی راگواستن و ئەنفال و كۆڕەوی كوردو چەندان بارودۆخی سەختتر كە گەلی كورد چەشتوویەتی و بەسەریدا هاتووە، سەختتر نییە. بۆیە دڵنیام ئەم بارودۆخە قەیراناوییە چارەسەر دەبێت و تێدەپەڕێت، تەنیا پێویستە ئێمەی كورد بە هەموو پێكهاتە و حزب و لایەنەكانەوە خۆڕاگر و یەكگرتوو بین، تاكو دوژمنان زەفەرمان پێ نەبەن و بگەین بە ئامانجی شەهیدەكانمان كە ئەویش رزگاربوونە لە ژێردەستی داگیركەران.» گوتیشی: «من وەك دایكە شەهیدێك دووجار بەپەرۆش و تامەزرۆم كە كوردستان سەربەخۆ بێت، جارێكیان لە بەر ئەوەی وەك هەر تاكێكی دڵسۆزی كورد چەندین ساڵە چاوەڕێی ئەو رۆژە پیرۆزەم، جارێكیشیان لە پێناو بەفیڕۆنەچوونی خوێنە رژاوەكەی كوڕەكەم شەهید زێرەڤان و هەموو شەهیدانی كوردستان كە لە پێناو كوردستاندا گیانی خۆیان بەخشی.»

ئەو دایكە شەهیدە، ئەگەرچی خەمێكی قووڵ بەرۆكی گرتووە و جابەجار مرواریی فرمێسكە قەتیس ماوەكانی بە سەر گۆنای دایكانەیدا خلار دەبێتەوە، بەڵام پۆڵائاسا و بە ورەیەكی بەرزەو قسە بۆ گوڵان دەكات و دەڵێت: «هەزاران دایكی وەك من رەشپۆشن و جەرگیان سووتاوە، بەڵام سەریان بەرزە، چونكە رۆڵەی خۆیان وا پەروەردە كردووە كە رۆح و گیانی خۆی بە قوربانی خاكی نیشتمانەكەی بكات، كوڕەكەم لەسەر بڕیاری سەرۆك بارزانی سنووری وڵاتانی بڕی و بە خوێنی گەشی خۆی لە كۆبانێ، یەكبوونی چارەنووسی كوردی لە هەموو پارچەكانی كوردستان سەلماند، دڵنیام لەوەی رۆحی زێرەڤانی كوڕم تەنیا بە سەربەخۆیی كوردستانی ئارام دەبێت، لەبەر ئەوەی كاتێك زیندوو بوو، هەمیشە دەیگوت: دایكە ئێمە هەر دەبینە خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆ و چیدی هیچ هێزێك ناتوانێ غەدر لە كورد بكات، ئەوەش هەمووی بە هەوڵی سەرۆكمان مسعود بارزانی مسۆگەر دەبێت، چونكە هەمیشە پڕ بەدڵ و بێ ماندووبوون هەوڵی بۆ سەربەخۆیی كوردستان داوە، منیش بە هەمان شێوەی كوڕەكەم بیردەكەمەوەو دڵنیام خوێنی شەهیدان بە فیڕۆ ناچێت و كوردستان لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی سەربەخۆ دەبێت. من وەك دایكە شەهیدێك بە تەواوی پاڵپشتی لە ریفراندۆم و بڕیارەكەی سەرۆكمان دەكەم و دەنگ بە (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان) دەدەم، داواكاریشم لە میللەتی كورد ئەوەیە كە تەواوی كێشەكان وەلاوە بنێن و لانیكەم لە پێناوی رێزگرتن لە خوێنی گەشی شەهیدان یەك بگرن و هەمووان پێكەوە پاڵپشتی لە بڕیارەكەی سەرۆك بارزانی بكەن و پێكەوە بڕۆن بۆ بەردەم سندوقەكانی دەنگدان و بە (بەڵێ) دەنگ بە سەربەخۆبوونی كورد و كوردستان بدەن.»

نەزیرە عەبدوڵا، ئافرەتێكی سەرتاپێ رەشپۆشە، بەڵام دڵێكی سپی و گەشبینی هەیە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: « راستە نەبوونی هاوسەرم بۆ من و چوار منداڵی ورد زۆر زۆر سەختەو لە بەرامبەر پرسیارە بەردەوامەكانی منداڵەكانم شەرمەزار و بێ وەڵامم، بەڵام وەك هاوسەری شەهیدێكی ئەم كوردستانە سەربەرزم بە گەیشتنی هاوسەر و هاوڕێی ژیانم بە كاروانی شەهیدانی كوردستان كە گیانی خۆی بە وڵاتەكەی بەخشیوە.» نەزیرە باسی ئەوە دەكات كە منداڵەكانی هەمیشە دەپرسن: «كەی باوكمان دێتەوە؟ باوكمان بۆ كوێ چووە؟ كەی دەمانبات بۆ پارك و شاری یاری؟» هاوكات دەڵێت: «لەگەڵ هەموو ئەو ئازارانەی ژیاندا، خۆم و منداڵەكانم بە كەرامەتەوە لە كوردستانێكی ئازاد و ئارام ژیان دەكەین، سەربەرز و سەرفیرازین بەوەی كە شەهید سەردار و بەخێوكەری ماڵەكەمان بە خوێن بەرگری لە ئەمن و ئاسایشی كوردستان كرد، وەك وەفادارییەك بەرامبەر بە خوێنی هاوسەری شەهیدكراوم و تێكڕای شەهیدانی رێگەی رزگاریخوازی كوردستان، بەشداری ریفراندۆم دەكەم و دەنگ بە سەربەخۆبوونی كوردستان دەدەم.»

نەشمیل ئەحسەنی دایكی شەهید نیگار، كە كچە تاقانەكەی لە تەمەنی 18 ساڵان لە سەنگەری دژ بە تیرۆریستان و بە دەستی رەشی داعشییەكان شەهید كراوە، دەڵێت: «من وەك دایكی شەهیدێك بە هەموو هێز وتوانامەوە و پر بە دڵ پشتگیری لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكەم. كچەكەم پێش ئەوەی كە شەهید بێت، هەموو ئاواتی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بوو، ئەوە ئاواتی هەموو ئەندامانی خێزانەكەشمان بووە، بۆیە هەركاتێك كوردستان بوو بە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، بە تاجەگوڵێكی گەورەوە دەچمە سەر خاكی پیرۆزی كچكەم و بە خۆشحاڵییەوە ئەو موژدە خۆشەی بۆ دەبەم و پێی دەڵێم رۆڵەكەم خوێنت بەفیڕۆ نەڕۆیشت و ئامانجەكەت هاتەدی.»

ئاوارە پاڵانی برای شەهیدە و ئەویش بەمجۆرە پشتیوانی لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكات: «من سەد لەسەد لەگەڵ ریفراندۆمم و بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە ریفراندۆم دەكەم، چونكە ئێمە وەك كورد خوێنمان داوە بۆ ئەوەی سەربەخۆ بین، نەك هەر كۆیلەی عەرەب و تورك فارس بین و هیچ حیسابێكمان بۆ نەكەن. من برایەكم و دوو ئامۆزام لە شەڕی داعش و لە پێناوی رێبازی بارزانی و پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان گیانی خۆیان كردە قوربانی بۆ ئەوەی جارێكی دیكە خاكی كوردستان داگیرنەكرێت، بۆیە خۆیشم گیانم بۆ ئەو خاكە داناوەو وەك ئەندامی خانەوادەیەك كە چەندین شەهیدی هەیە، پێموایە نابێت هیچ كەسێك دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بێت و بە (بەڵێ) دەنگ نەدات بۆ سەربەخۆیی كوردستان. گوتیشی: «لە هەفتەی داهاتوو خۆم و ژمارەیەكی زۆری هاوڕێیانم كە خانەوادەی شەهیدان لەسەر پرسی ریفراندۆم چالاكیی جۆراوجۆرمان دەبێت و بە بێ ئینتیمای حزبی و تەنیا بۆ شادكردنی رۆحی شەهیدەكانمان پشتگیری لە ریفراندۆم دەكەین، داواكاریشم ئەوەیە و هیوادارم هاووڵاتیان بە بێ بیروڕای تەسكی حزبی، بەشداری لەو چالاكییانە بكەن كە پشتیوانی لە ئامانجی شەهیدان دەكات، واتە سەربەخۆیی كوردستان و ئەو ئامانجە پیرۆزە كە گیانی خۆیان لەسەر دانا، چونكە ئێمەی كوردیش مافی خۆمانە خاوەنی دەوڵەتی خۆمان بین و هیچمان لەو گەلانە كەمتر نییە كە خاوەن خاك و ئاڵا و حكومەت و دەوڵەتی خۆیانن. بۆیە داوا لە هەموو خەڵكی بەشەرەفی كوردستان دەكەم كە بە هەموو پێكهاتەكانیانەوە لەم ریفراندۆمە بەشداری بكەن و بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەن.»

رائید نەوزاد قادر، وەك فەرماندەیەكی پێشمەرگە و برای شەهید، پشتیوانیی خۆی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەردەبڕێت و دەڵێت: «ئەگەر بڕوانینە مێژووی نەتەوەكەمان و هۆكاری دروستبوونی شۆڕش و خەباتی چەكداریی خۆمان هەڵبسەنگێنین، ئەوا هەست بەو راستییە دەكەین، كە كورد هەرگیز زوڵم و زۆری دوژمنانی بەرامبەر بە مافە نەتەوەییەكانی قبووڵ نەكردووە، منیش وەك تاكێكی كورد چەكی شەرەفم بۆیە كردەشانم هەتا بە گژ ئەو هەموو زوڵم و زۆرەدا بچمەوەو تا ئاستی خوێنبەخشین خەباتی بۆ بكەم ـ ئیستا لەم هەلومەرجە رەخساوەدا كە لەوانەیە هەرگیز ئەم دەرفەتە بۆ كورد نەڕەخسێیتەوە، وەك پێشمەرگە و كەسوكاری شەهید، بە ئەركیكی ئەخلاقی و دینی و ئینسانیی دەزانم كە پشتگیری لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بكەم. بەشداری لە ریفراندۆم لە پێناوی ئاسوودەكردنی رۆحی شەهیدان و ئەنفالكراوانمانە و بۆ ئەوەشە كە چیدی لە ژێر زوڵم و زۆر و ستەمی دوژمناندا نەبین و وەك هەر دەوڵەتێكی ئەم جیهانە، ئێمەش خاوەن كیان و خاك و ئاڵای خۆمان بین و هیچ هێزێكی دیكە لە بری خۆمان لەسەر چارەنووسمان بڕیار نەدات. بۆیە دەڵێم بەڵێ بۆ ریفراندۆم. بەڵێ بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، بژی كورد و بژی كوردستان و نەمریی بۆ شەهیدان.»
پەیمان ئەحمەد مەحموود، دایكی (شەهید ئاشتی فارس)ـە و لە دەستپێكی قسەكانیدا دەڵێت: «من پارچەیەك لە جەرگم بە خاك سپارد، بۆ ئەوەی ئەم كوردستانە سەربەخۆ بێت. ئەوە خەونی كوڕەكەشم بوو كە خوێنی لەگەڵ خاك تێكەڵ كرد. بۆیە بە بێ دوودڵی دەڵێم: كوڕەكەم شەهیدی خاكەو منیش ئەگەر پێویست بێت، دەبمە شەهیدی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان.»
ئەو دایكە شەهیدە داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكات: « بۆ ئەوەی خوێنی پاكی شەهیدان بەفیڕۆ نەڕوات، بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەن.
Top