چەند ساتێك دوان و بیرەوەری لەگەڵ گیانی دایكی نازدارم” پێشكەشە بە دایكم: مامۆستا شەمسە كەریم غەفوور ..... ئاگرین عەبدوڵا

چەند ساتێك دوان و بیرەوەری لەگەڵ گیانی دایكی نازدارم” پێشكەشە بە دایكم: مامۆستا شەمسە كەریم غەفوور .....  ئاگرین عەبدوڵا
ئەمشەو گوزەرێكم بەنێو ئەلبوومی وێنەكاندا كرد، بە چاوی پڕ لە فرمێسكەوە بیرەوەرییەكانتم بیركەوتەوە. دایە گیان ئەگەرچی چەند هەیڤێكە گیانی فریشتەییت بەجێی هێشتووین، كەچی دڵم هەر بڕوای بە كۆچت نەكردووە. ئەی دایكی ئازیز و خۆشەویستم نزاكانمان بۆ پەروەردگار بۆ شیفاو چاكبوونەوت، رێی لە ئەهریمەنی مەرگ نەگرت. ئەی پەپوولە جوانەكەی باخی ماڵەكەمان، تۆ لەگەڵ هەموو ئازارەكانتا ئازایانە ڕووبەڕووی ئەو دەردە دڕندەیە دەبوویتەوە، كە دەتبینی ئێمە دەگریاین، بە خەندەیەك دڵنەواییت دەداینەوەو هێمنت دەكردینەوە. بەداخەوە ئومێدمان بە مانی تەنیا هەناسەیەكیشت بوو، كەچی ئەو ئومێدە خەزانی ئەم پاییزە هەڵیوەران. چەندە خەمی كۆچت گەرووی تەنگ كردوم!؟

-ئەی دایەگیان .. ڕەنگە رۆژێك بێت و فرمێسك لەچاوم وشك بێ، بەڵام هەرگیز ئەسرینی دڵ دوایی نایەت، هەرچەندە دوور لە ئازاری گیانت خۆزگەم دەخواست زیاتر بمایتایە تاكوو خزمەتمان بكردیتایە.. شەوین بەدیار خەمی كۆچتەوە ئەگرم.
-ئەی رۆحەكەم.. هەرگیز ڕوخساری جوانتم لەبەرچاو لاناچێت. تۆیەك كە كوانووی ژیانت پڕاوپڕ بوو لەكاری چاك و هەڵوێستی میهرەبانانە بۆ دۆست و بێگانەو ناسیاو و نەناس، تۆیەك باری خەم و ماندووبوونی رێگای خەباتی باوكمت لەكۆڵ نابوو، تۆیەك وەك رۆژێك هەڵهاتبوویت بۆ خزم و كەس و دراوسێ و دۆستەكانمان، تۆیەك ببوویت بە هێمایەك بۆ دڵپاكی و خۆشەویستی. ئەفسووس ئێستا بەجێت هێشتین.. بۆیە هەر هەنیسكی پڕ لە ئەشكت بۆ هەڵئەكێشم.
-ماوەیەكە هەموو بەیانی و ئێوارەیەك مەلێكی جوان لەباخەكەی ماڵەكەمان ئاوازێكی خۆش دەجریوێنێت، من دڵنیام ئەوە رۆحی پاكی تۆیە دێتەوە لامان، تۆ دەتەوێت چاوی خۆشەویستیت لە باوكم و من و تەرزە و مەحوی و ماكۆ و شەم بێت. هەموو ئێوارەیەك مەلی خەیاڵم شەیدایە و لەگەڵیدا بۆ لای تۆ دەفڕێت.

-دایە گیان زۆر بێ تاقەتم بۆت، زۆر تەنیام بە ئەندێشەی بیرەوەرییەكانتەوە، ئانیشكم داداوەتە سەر خەمی كۆچت، خامەكەم بۆن و سوێی مەینەتی كۆچی تۆی لێدێت، نازانێت بۆ گزنگی خۆری هەڵویستە جوان و دایكایەتیی بێگەرد و میهرەبانییەكەت چی بنووسێت! وا شەش مانگ بەسەر كۆچتدا تێپەڕی، بەڵام ڕووباری خەمت لە ناو رۆحمدا هەر هەڵدەقوڵێت، وێرای بوونی باوك و هاوسەر و منداڵەكانم، بەڵام تەنیایی بەرۆكم بەرنادات، زۆر جار پێویستم بە گۆشەگیرییە تا بەتەنیا بەكوڵ بۆت بگریم. من دڵنیام ئەوەی لەدەستدانی دایكی نەبینیبێت، هەرگیز لەم هەستە تێناگات، ئێستاش یادگاری ئەو دواوێنەیەم لەبیر ناچێت كە پێكەوە گرتمان، لە توركیا.. دواجار بوو پێكەوە چووینە نەخۆشخانەی ئاجی بادەم، ئەو رۆژانە سات بە سات لەناوەوە دڵم بۆ خەمی تۆ ئەسووتا. پزیشكەكان باری خراپی تۆیان پێوتبووم، بەڵام من دڵم نەیدەهێنا بە تۆ و بە باوكم بڵێم، ئەموت بەڵكو چاك بیتەوە.. داخەكەم تۆ نەتدەزانی ئەژدیهای شێرپەنجە بەرۆكی رۆحت بەرنادات. هەرگیز ئەو كاتانە لەیاد ناكەم كاتێك لە جەلەسەكانی لێزەر دەگەڕاینەوە ئۆتێل، چەندە جەستەت شەكەت ببوو، وەك بەفر لە ناوەوە دەتوایتەوە و بێ هێزی كردبوویت، دەتوت: قۆڵم بگرە ئاگرین گیان ناتوانم بڕۆم! ئێستاش لەبیرمە شەوان لە سیستەمەكەی تەنیشتمەوە لە ئوتێل، ئاگام لە ناڵەو ئازارت بوو.. رۆژت پێدەكردەوە...هەموو كات ڕوخساری نوورانیتم لە خەیاڵە.
- هەرساتێكی ئەو یادەوەرییانە بۆمن مردنێكە.. دایە گیان هەرگیز ڕوخساری بێگەردتم لەبیرناچێت. لە بیرمە كە باری نەخۆشییەكەت گەیشتبووە ئەوپەڕی قورسی، بەڵام هەبوو، هەر خەمی پێشوازی و میوانداریی گەرمی خزم و كەس و دۆستانت بوو، چونكە تۆ مەكۆیەك بوویت لە ئوسووڵ و خۆشەویستی و میهرەبانی.. هەنگاوە هیلاكەكانم بەدوای خەمی تۆدا هەڵئەكێشم.
- ئێستاش نەمزانی ئەم وەیشومەیە لەكوێوە ڕووی تێكردین، بۆیە هەركاتێك وێنەكانت دەبینمەوە و تاڵ تاڵ پرچی بیرەوەرییەكان شی دەكەمەوە، خەم و گریان نوقمی دەریای خۆیانم دەكەن، بۆیە ناتوانم دەستبەرداری خەمگینی بم. چەند خۆش بوو ئەو رۆژانەی بەپیاسە دەمانبردیتە باخەكەی ماڵمان، تا هەوایەكی پاك هەڵمژیت و تۆزیك هەتاو لێت بدات و كەمێكیش دڵت بكرێتەوە، بەڵام داخەكەم شێرپەنجەی جانەوەر و دڕندە تەمی تاریكی بەسەر دڵتا دابوو، هەر خەمبارو بێتاقەت بووی. شەمام گیان ئەمساڵ لەبەهاردا گوڵەكانی باخەكەمان ڕەنگیان وەك جاران نەبوو، چیاو سەوزایی شاخەكانیش وەك جاران لەبەرچاو جوان نەمابوون.. بۆ ئێمە بێ تۆیی بە هەموویانەوە دیارن.
- ئەی ئەو كەسەی هەرگیز جێگاكەت لە ژیانمدا پڕنابێتەوە، هەڵویستی جوان و دڵپاكی و دڵ گەورەییت بەرامبەر هەموو خەڵك سامانێكی لەبن نەهاتووە، هەربۆیە كەسایەتیت خاوەنی ژێرخانێكی پتەوە لە كردەوەی گەورەو چاكی.. ئەی دایە گیان خۆزگە زیاتر لەگەڵمان بمایتایەوە. چەند حەزئەكەم لەخەویشدا بێت لە ئامێزی پڕسۆز و خۆشەویستیتم بگریت. وانەزانی كە پێدەكەنم تۆم لەبیر نەماوە، ڕەنگە بە روو پێبكەنم، بەڵام تاكوو دواهەناسەم زامی كۆچت لە دڵمایە، ئێستا بێ تۆ چێژ لە هیچ خۆشییەك وەرناگرین. تۆ رۆیشتیت بەڵام هەردەم لە دڵ و ویژدانی هەموو ئازیزانتدا بە زیندوویی دەمێنیتەوە. هەڵوێستەكانت ملوانكەی گوڵن بە بەرۆكی جوانیتەوە.
Top