ئافرەتانی كوردستان بەگەرمی پێشوازی لە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكەن

ئافرەتانی كوردستان بەگەرمی پێشوازی لە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكەن
لە هەموو كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوودا ئافرەتان كاراكتەرێكی سەرەكیی پرسە كۆمەڵایەتی و نەتەوەییەكانن، ئافرەتانی كوردیش لە مێژووی دوورەوە تا هەنووكە، ئەگەر رۆڵی سەرەكیشیان لە بنیادنانی هزری نەتەوەییدا نەگێڕابێ، بەڵام لە گشت قوناغەكانی خەباتی نەتەوەییدا پاڵپشتێكی بەهێزی خەباتكارانی كورد بوون و تەنانەت لە سەنگەرەكانی بەرەنگاری و شۆڕش و قوربانیدانەكاندا پشكی شێریان بەركەوتووە. لە ئێستاشدا كە باشووری كوردستان خۆی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم ئامادە دەكات، ئافرەتان شان بەشانی پیاوان دەخوازن كۆتایی بەو هاوكێشە ناڕەوایە بێنن، كە كوردی كردووەتە نەتەوەیەكی بندەست و بەشخوراو و بێ دەوڵەت، بۆیە هەموو توانای خۆیان دەخەنە خزمەتی هزری نەتەوەیی و پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرۆكی كوردستان دەردەبڕن، هەتا خەونی نەمرانی كورد (خانی، حاجی، نەهری، پیران، شێخی حەفید، قازی و بارزانی) بێنێتەدی و لە كیانێكی سیاسی و سەربەستدا بژین و لانیكەم لە ستەمی نەتەوەیی رزگاریان بێت.

سەرەتا د. ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، لەو بارەیەوە ئاماژە بەوە دەكات كە «پرۆسەی ریفراندۆمی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی كە پاش خەباتێكی سەخت و پڕهەوراز بە سەركردایەتی سەرۆك بارزانی و پشتیوانی لایەن و پێكهاتەكانی كوردستان وادەی ئەنجامدانی دەستنیشان كرا، سەركەوتنی پێویستی بە وزە و بەشداری سەرجەم تاك و گرووپە جۆاروجۆرەكانی كۆمەڵگە و بەتایبەتی ئافرەت هەیە. ئەگەرچی خەبات بۆ رزگاری نەتەوەیی تایبەتمەندی رەگەزی نییەو پێویستی بە هەوڵ و تێكۆشانی هەردوو رەگەزە، چونكە دواجار ئەو خەباتە بۆ هەردوو رەگەزی مرۆڤە كە كۆمەڵگەیان لێ پێكدێت، بەڵام كە لە ئێستای خەباتی گەلی كوردستان دەڕوانین و دەبینین لەلایەن نەیارانی سەربەخۆیی كوردستان هەوڵێكی زۆر هەیە بۆ داگیر كردنی چوارچێوەی هزری نەتەوەیی و كاركردن لەسەر لاوازكردنی بیر و ئینتیمای نەتەوەیی كوردستانیان و بێ بایەخكردنی هێما و پیرۆزییە نەتەوەییەكان، لە پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییش ئەم هەوڵانە بە شێوەیەكی چڕتر خراونەتەگەڕ، ئەمەش بەشێكە لەو سیاسەتەی نەیارانی كورد بە درێژایی مێژوو بەرامبەر ئەم گەلە ستەمدیدە پەیڕەویان كردووە. گوتیشی: «ئەگەرچی هەموو ئەو هەوڵانە بێئاكام دەبن لە بەرامبەر خواستی ئازادی و بیری سەربەخۆخوازی و رزگاریخوازیی نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردستانییان، بەڵام پێویستە رێكاری مەدەنی جۆراوجۆر بگیرێتەبەر بۆ رێگرتن لەو هەوڵانە، لەو چوارچێوەیەشدا ئافرەتانی كوردستان بە چەندین جۆر دەتوانن رۆڵێكی گەورە بگێڕن وەك بەشدارییەكی ئەكتیڤ و كاریگەر لە پرۆسەی دەنگدان و پیادەكردنی ئەو مافە، یان رۆڵی ئافرەت لە پەروەردەی تاك لە خێزان و لە قوتابخانە، كە هەر ئەو پەروەردەیەش ئایندەی كۆمەڵگە دەنەخشێنێت، یان وەك رۆڵی ئافرەت لەسەر ئاستی رێكخراوەیی و پەیڕەوكردنی میكانیزمی جۆراوجۆر بۆ هاندانی جەماوەرو زیاتر گەشەكردنی هزری نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردستانییان و زەروورەتی بەشداری لە پرۆسەی ریفراندۆم وەك ئەركێكی پیرۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی و چارەنووسساز، نەوەك هەر بۆ ئێستا، بەڵكو بۆ نەوە دوای نەوەی كوردستانیان.»
تاڤگە عومەر بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی لە دەستەی سەربەخۆیی مافەكانی مرۆڤ، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت : «بڕیاردان و دیاریكردنی رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان وەرچەرخانێكی گەورەیە لە مێژووی پڕ سەروەری و قوربانیدانی گەلی كورد و پرسی دەوڵەت و سەربەخۆبوون هیوای لە مێژینەی هەموو كوردێكی دڵسۆز بووە، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەوەش قوربانیدان و خەباتی گەلێكە كە بە درێژایی مێژوو بەرامبەر زوڵم و ستەمی رژێمە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق وەستاوەتەوە و هەرگیز سەری بۆ هیچ دەستكەوت و ئیمتیازێك دانەنەواندووە كە بێگومان لە ئێستا و ئایندەش كورد هەمان هەڵوێستی دەبێت.» گوتیشی: «بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم، بڕیارێكی بوێرانە بوو، هەروەها هەڵوێستی سەركردەكانی كورد لەئاست بەرپرسیارێتی دۆخەكە بوو، كەوا لە بارودۆخێكی یەكجار هەستیار و بوونی كۆمەڵێك ئاستەنگ و كێشەو گرفتی ناوخویی و دەرەكی، كۆدەنگییەكیان دروست كرد، ئەوەش تەكاندانە بە مێژووی پڕسەروەریی نەتەوەیەك، هیچ خوێندنەوەیەكی دیكەشی بۆ ناكرێت، جگە لە سووربوونی كورد لەسەر مافە رەواكانی كە مافی سرووشتیی هەر میللەتێكە و ئەم دەستكەوتەی باشووری كوردستان كڵاوڕۆژنەی رزگاربوونی بەشەكانی دیكەی كوردستانە و هێمای بوونی ئایندەیەكی گەشی كوردستانی گەورەیە.»
بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی لە دەستەی سەربەخۆیی مافەكانی مرۆڤ، لە درێژەی رادەربڕینەكەیدا، هێما بۆ ئەوە دەكات كە «پەیامی سەرۆك بارزانی و بەبایەخەوە تێڕوانینی بەڕێزیان بۆ ئەم پرسە گرنگە، كە چەندین جار لە بۆنەو كاتی جیاوازدا جەختی لەسەر ئەم مافەی میللەتەكەمان كردۆتەوە، ئێستاش بە رابەرایەتی بەڕێزیان پڕۆسەكە لە دروشم و گوتارەوە بۆ قۆناغی پراكتیك هەنگاو دەبێت، ئەم پەیامە پاڵپشت و فاكتەری سەرەكییە بۆ سەركەوتنی پرۆسەكە و هەنگاوی یەكەمی سەركەوتن پیشان دەدات بە رێزگرتن لە قوربانیدان و خەباتی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدە قارەمانەكان لەلایەك، لە لایەكی تریشەوە بەرزنرخاندنی هەڵوێستی ئەو حزب و لایانانەیە كە بەشداربوون و رۆڵیان هەبووە لەدیاریكردنی رۆژی ئەم پرۆسە نیشتمانییە، بۆیە پەیامی سەرۆك بارزانی سەنەدێكی تۆكمە و بەهێزە بۆ دووركەوتنەوە لەهەموو جۆرە زمانێكی زبر و توندوتیژ و رق و كینە لە نێوان دۆست و ئەندامانی حزبەكانی كوردستان، بە نەیارانی ئەم پرۆسەیەشەوە، كە بێگومان هیچ پرۆسەیەك دەرەنجامێكی باشی نابێت، ئەگەر لە ژینگەیەكی نالەبارو نەگونجاودا ئەنجام بدرێت، چ جای ئەوەی كە پەیامێكیشە بۆ بەغداو وڵاتانی دیكەی دراوسێ كە گەلی كورد مافێكی خۆی بەرجەستە دەكات و بەدەستهێنانی ئەم مافەش هیچ كاریگەرییەكی لەسەر پەیوەندی دۆستانەی هەرێم لەگەڵیاندا نابێت، ئەمەش بیركردنەوەیەكی ژیرمەندانەیەو كاتی ئەوە هاتووە كە ئەوانیش تێبگەن كە خەباتمان لە پێناو بەرجەستەكردنی مافەكانمان بووە و دژی هیچ لایەن و دەوڵەت و كیانێكی دیكە نین.»

لە لای خۆیەوە، ئاواز حەمید ئەفەندی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایوایە «هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی كە خۆی بە شایەنی بوون بە خاوەن دەوڵەت بزانێت، ئەویش پاش تەجروبەیەكی دوور و دێژ لە بەڕێوەبردنی حكومەت، بەبێ پاڵپشتیی دەوڵەتی مەركەزی، ئەوەش بووە هۆی دانپێدانانی ناڕاستەوخۆی ئەو وڵاتانەی كە لەگەڵ یەكپارچەیی عێراقدابوون و ئێستا رێز لە ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان دەگرن.» گوتیشی: «هەرچەندە ناحەزانی كورد بە هەموو شێوەیەك دژایەتی ریفراندۆمەكە دەكەن، بەڵام هەرێمی كوردستان چاوەڕێی چرای سەوز نابێت لە هیچ لایەك، چونكە ئەگەر خۆمان هەوڵی بۆ نەدەین، ئەو چرایە هیچ كات داناگیرسێت. »
میدیا بەكر، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «وتنی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەركی سەرشانی هەر هاونیشتمانییەكە و ئەركێكی نیشتمانی و ئەخلاقیشە كە بە گەرمی لە ریفراندۆم بەشداری بكەین، چونكە زۆر جار گشتپرسی یان ریفراندۆم، چارەنووسی ئەو نەتەوانەی گۆڕیوە كە ژێردەستە و زوڵملیكراو بوون، میللەتی كوردیش یەكێكە لەو نەتەوە گەورانە كە تا ئێستاش خاكی داگیركراوە و چەندین دوژمنی دەرەكی و تەنانەت ناوخۆیی دەورەی داوە. بۆیە ئەم ریفراندۆمە مافیكی هەرە سەرەتایی نەتەوەكەمانەو لێرەدا ئێمە وەك ئافرەت دەبێت نەك هەر بە پاڵپشتی، بەڵكو بە بەشداریكردن و هاندانی بەشداریكردنی ئەندامانی خێزان و كۆمەڵگەكەمان پێشوازی لە دەوڵەتداریمان بكەین، پێویستە پشتگیری هەموو ئەو مافانە بكەین كە خوای گەورە پێی بەخشیوین، سەربەخۆیی وڵاتەكەشمان گەورەترین ماف و خەونی گەلەكەمانە»، جەختی لەوەش كردەوە كە «لە سەرەتای دروستبوونی شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی كوردستان ئافرەتیش شان بەشانی پیاوان رووبەڕوی هەموو ئەو زوڵم و زۆردارییە بوونەتەوە،» گوتیشی: «ئێمەی ئافرەتان دەبێت پێشمەرگەئاسا بجەنگین تاوەكو سەربەخۆیی وەردەگرین، كە مافی رەوای خومانە، من وەك ئافرەتێكی كورد هەمیشە پێشمەرگەیەكم كە دەجەنگێم بۆ بەدەستهینانی ئاواتەكانی گەلەكەم كە سەربەخۆییە و هەمیشە پاڵپشتیمان دووبات دەكەینەوە بۆ ئەو پرۆسە گەورەیە و پشتگیری ئەو هێزو لایەنانەش دەكەین، كە هەڵدەستن بوئەنجامدانی ئەو پرۆسە گەورەیە.»

میدیا بەكر بە پێویستی دەزانێت، ئاماژە بە دۆخی چەند ساڵی رابردوو بكات و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو، هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی خراپدا هەوڵی سەركەوتنی بەسەر چەندین كێشە و قەیراندا داوە، لەوانە شەڕی داعش، پرژانی شەپۆلی ئاوارەكان و قەیرانی ئابووری و بڕینی بودجە لەلایەن حكومەتی عێراق. سەرەڕای ئەوەش كوردستان بێجگە لەو سنوورەی كە لەگەڵ داعش هەیەتی و لەجەنگ بووە لەگەڵی، لە وڵاتانی ئەوروپا ئارامتر بووە. هەروەها كوردستان سەرەڕای ئەو مێژووە تاڵەی لەگەڵ دەسەڵاتی عەرەبان هەیبووە، كەچی پەنای سەدان هەزار ئاوارەی عەرەبی داوە، واتە گەلی كورد باشترین نموونەی پێكەوەژیان و ئاشتەوایی نیشان داوە، بۆیە كورد و هەموو پێكهاتە نیشتمانییەكانی هەرێمی كودستان شایانی ئەوەن لە وڵاتێكی سەربەخۆدا بژین، وڵاتێك كە داهاتووی روون بێت، نەك وڵاتێك كە بە درێژایی مێژوو غەدری لە ئێمەی كورد كردووەو تا ئێستاش دەسەڵاتی مەزهەبگەرا پیلانی دوژمنانەیان بەرامبەرمان هەیە، بۆیە دەبێت لەو دوژمنایەتییە داببڕێین، ئەوكات دەسەڵاتی سیاسیی كورد، لە رێی دادگای نێودەوڵەتییەوە سكاڵا لە سەر حكومەتی عێراق تۆمار بكات و هەموو ئەو زوڵم و زۆرداری و ئەنفال و وێرانكارییانەی بە سەر كوردیان هێناوە، قەرەبوو بكرێنەوە. ئەم ریفراندۆمە گەورەترین گۆڕانكارییە لە مێژووی سیاسیی بزووتنەوەی كوردایەتی و بە هۆی سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی و فیداكاری پێشمەرگە قارەمانەكان گەورەترین دەستكەوتی نەتەوەیی بۆ كورد دەبێت، بۆیە دەبێت هەمووان پشتیوانی لەسەرخستنی بكەین.

لە لای خۆیەوە نەرمین سندی، ئەندامی سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و ئەكادیمیای پارتی دیموكراتی كوردستان، جەختی لەوە كردەوە كە «ریفراندۆم وەك رێگەیەكی ئەزموونكردنی دیموكراسیەتی راستەوخۆ، مافی هەر تاكێكی پێگەیشتووی كۆمەڵگەیە، ئافرەتیش وەك هەر تاكێكی كۆمەڵگە مافە مرۆڤی و یاسایی و سیاسی و هەر مافێكی تر كە لە جاڕنامەی مافی مرۆڤدا هاتووە، مافی خۆیەتی پەیڕەوی بكا.» گوتیشی: «ئێمەی ئافرەتی كوردستان مێژووی خەبات و قوربانیدانمان دیارە لە پێناو خاك و وڵاتدا و رۆڵی نیشتمانپەروەرانەی خۆمان لە پەروەردەكردنی رۆڵە گیان لەسەردەستەكانی نیشتمان دیار و بەرچاوە، كە بێگومان مێژووی پڕ لە سەروەری و قوربانیدانی كورد و خەبات و شۆڕشەكانی لە پێناوی ئامانجێك بووە كە سەربەخۆیی كوردستانە و تەواوی بڕوامان وا بووە ئەو ئامانجە ئەمڕۆ نا سبەی، هەر دێتەدی. ئەمەی ئەمڕۆ دەگوزەرێ لەسەر گۆڕەپانی سیاسی، ئەمە هەنگاوی یەكەمی رێگای جێبەجێكردنی ئامانجە سەرەكییەكەمانە و لە بڕوایەكی تەواودام كە هەر ئافرەتێكی كوردستانی و خاوەن هەستی نیشتمانی بەشداری لە دەنگدان دەكات، و بە بەڵێ بۆ ریفراندۆم ئەو مافەی خۆی جێبەجێ دەكات، لە هەمان كاتدا ئەو ئەركەی سەرشانیشی وەكو ئافرەتێكی كورد جێبەجێ دەكات. گرنگە ئافرەتی كورد لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا رۆڵی خۆی بگێڕێت، وەك چۆن لە پێشووشدا رۆڵی هەبووە، هەروەها گرنگە میدیا رۆڵی خۆی ببینێ لە هۆشیاركردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگە. گرنگیی پێگەیاندنی وەرگر كە ئەم پرسە، واتە پرسی ریفراندۆم، پرسێكی نیشتمانییە و بابەتێكی چارەنووسسازە و پەیوەندی بە ئینتیمای حزبی نییە، بەڵكو پەیوەندی بە ئینتمای نەتەوەییە كە هەموو حزبە كوردستانییەكان وەك لە بەرنامەكانیاندا باسیان كردووە، ئینتیمای نەتەوەیی لە سەرووی هەموو شتەكانەوە دەبێت، هەر ئەم ریفراندۆمە و بەشداریكردنی و دەنگدان بە بەڵێ دەرفەتێكی باشە بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان بۆ جیاكردنەوەی ئەوانەی خاوەن ئینتیمای نەتەوەیین و ئەوانەش دەناسرێن كە دژایەتی دەكەن و مێژوو بە قیزەونی ناویان تۆمار دەكات.»
Top