فەلسەفەی رۆژوو بۆ رۆژووگران، لە مانگی پیرۆزی رەمەزان ..... مەلا محەمەد مەلا زوبێر بەرزێوەیی *
June 18, 2017
کۆمەڵایەتی
ڕەمەزان لە یەكەم ڕۆژیدا تا كۆتا ڕۆژ جیا لە تێكڕای مانگەكانی دی، پڕیەتی لە وانە، فەلسەفە و حیكمەت كە لەوانەیە لای بەشێكمان شاراوە بن، جا بۆ ئاشنابوون بە مەغزاو فەلسفەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لەم وتارە تیشك دەخەینە سەر بەشێكیان وەكو مشتێ لە خەروارێ كە لەم مانگە پڕخێرە بەدی دەكرێن، لەوانە:
1- پەیدابوونی (ڕۆشنایی و هێزێكی زیاد لە پێویست) لای بەندەكان لەم مانگەدا بۆ نوێكردنەوەی ئیمان بە هەموو بەشەكانیەوە، كە مەبەست و غایەتێكە بۆ تەقوا و نزیكبوونەوەی زیاتر لە خودا، بۆ ئەم مەبەستەش خودا دەفەرمووێ::[ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ] البقرە: ١٨٣. هەروەها جیاوازیی پاداشت وەرگرتن لەسەر ئەم مانگە كە خودا بۆ رۆژووگرانی داناوە، فەلسەفەیەكی دیكەی هەرە گرنگ و ناوازەیە بۆ موسڵمانان، چونكە خودا فەرموویەتی: «هەموو كردەوەكانی مرۆڤ بۆ خۆیەتی، تەنیا بەڕۆژووبوون نەبێ، كە بۆ منە، هەر خۆیشم پاداشتی تایبەتم بۆ رۆژووانان هەیە.» بۆیە زانایان نەیانتوانیوە ئەندازەی خێرو پاداشتی رۆژووگرتن دیار بكەن، لەبەر ئەمە، هەروەكو ئەم مانگە راهێنانە بۆ ئەنجامدانی پێشبڕكێی شەریفانە لە مەیدانی عیبادەت، ئەمەش تواناو قودرەت و دەرفەتێكی زێڕینە كە خودا پێمان دەدا، رێزێكیشە بۆ ئەم مانگە لەنێو دوانزە مانگی ساڵ .
2- مەوسمی بەزەیی هاتنەوەیە بە نەداران و لێقەوماوان، چونكە لەم مانگەدا تێكڕای موسڵمانان بەڕۆژ برسی و تێنوون، بەشەویش ماندوون، لەمەدا دەبێ فەلسفەی هاوكاری كردن لە ناخدا جێگیر بكەین بەوەی كەبەردەوام چینی لێقەوماوان و، گەداو هەژارەكانمان لە خەیاڵ بن و دەستی یارمەتییان بۆ درێژ بكەین، لەم مانگەداو تێكڕای مانگەكانی تری ساڵ.
3- ئەم رۆژە پیرۆزانە وەكو پزیشك و وەرزشكردن وان بۆ مرۆڤ و چەندان رێنمایی تەندروستی دەدەن بۆ پاراستنی لاشەو دڵ و دەروون لە بەرامبەر هەر نەخۆشی و ڤایرۆسێكی كوشندە كە بیەوێ بەرەوڕوومانەوە بێت. هەروەها تاقیكردنەوەیەكی ڕەببانییە بۆ فێربوونی خۆڕاگری لە بەرامبەر برسیەتی و كزی و لاوازی. پێغەمبەرمان لەو بارەیەوە دەفەرموێ: (صوموا تصحوا) كنز العمال برقم/23605 . هەروەها دەفەرمووێ: (وهو شهر الصبر ، والصبر ثوابه الجنة) صحيح إبن خزيمة1887. - وانەیەكی هەرە گەورەو بەسوودی تەندروستی لەم مانگە كە دەست دەكەوێ، خۆگرتنە لە خواردنەوەو خواردنی زۆر، بەمەش مرۆڤ قازانجێكی دنیایی و قیامەتیی بەدەست دێنی، چونكە پەیڕەوكردنی سوننەتی بەرزی (پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم)ـە كە دەفەرموێ: (ما ملأ آدمي وعاءً شراً من بطن، بحسب إبن آدم آكلات يقمن صلبه فإن كان لابد محالة فثلث لطعامه، وثلث لشرابه، وثلث لنفسه)) رواه الترمذي). پێشەوای موسڵمانان ئیمامی عومەر رەزای خودای لێ بێت، دەفەرموێ: (إياكم والبطنة في الطعام والشراب، فإنها مفسدة للجسد، مورثة للسقم، مكسلة عن الصلاة..) كنز العمال:15/433.
4- ئەم مانگە خول و دەورەیەكی (30) رۆژییە بێ ئەوەی كە مرۆڤ خشتەی بۆ دانابێ، فێری بەرنامەڕێژی ژیانمان دەكات كە چۆن كاتەكان دابەش بكات لە شەو و رۆژدا بۆ (عیبادەت و كاركردن، رێست و پشوو وەرگرتن، خواردن و خەوتن، سەردان و زیارەتكردن و.. هتد)، هەروەكو لەم مانگە پەروەردەیەكی رۆحیی (تیۆری و كرداری) پیادە دەكرێ، گرنگتر لەمەش بەردەوامبوونە لەسەر ئەم پەروەردەیە لە دوای تەواوبوونی كاتەكانی ئەم مانگەش.
5- ڕەمەزان ئەم كاتە دیاركراوەیە كە موسڵمانان (داهات و سەروەت و سامانەكانیان) پاك دەكەنەوە، واتە تەژی دەكەن لە بەرەكەت لە ڕێگەی دەركردنی زەكاتەكانیان، هەروەها چاكسازیشە لە ماڵ و سامان بە زەكات كە مافی هەژارانە . كەواتە ئەو مانگە وێستگەیەكی گرینگەشە بۆ بەخشین و نوێبوونەوەی ماڵ و سامان و پتەوكردنی خۆشەویستی و ئاشتەوایی نێوان دەوڵەمەندو هەژاران لەم رێگە شەرعییەوە .
6- ئەم مانگە پڕ خەرمانە شۆڕشێكە بۆ نەهێشتنی هەرچی ڕەوشت و رەفتاری ناشیرینە، هەروەها بۆ نەهێشتنی ئەنانییەت و لەباربردنی خۆپەرستییە، چونكە موسڵمانان گشتیان وەكو یەك وان لە ماف و دەستكەوتە دینییەكان لەم مانگەدا، بە جیاوازی خۆماندووكردن، كەواتە دەبێ هەموومان وەكو یەك لاشە وابین، لە خەمی یەكترا بین، چونكە پێغەمبەرمان حەزرەتی محەمەد (صلی اللە علیە وسلم) فەرموویەتی: (مثل المؤمنين في توادهم وتراحمهم وتعاطفهم مثل الجسد، إذا اشتكى منه عضو تداعى له سائر الجسد بالسهر والحمى) رواه مسلم(2586)
7- فەلسەفەیەكی هەرە گرنگ بۆ ئەوانەی كە هەڕەشەیەكی مەترسیداریان لەسەرەو ئالوودەن بە مادەی هۆشبەر و جگەرەكێشان، هەروەها ئەوانەی خواردن و خواردنەوەی حەڕام سەرگەردانی كردوون، دەتوانن سوودێكی زۆر ببینن لەم مانگە بۆ وازهێنانی یەكجارەكی و دووركەوتنەوە لەم جۆرە شتانە كە هەڕەشەن بۆ سەر مرۆڤ، چونكە پێغەمبەرمان دەفەرموێ :(لايدخل الجنة لحم ودم نبتا على سحت، النار أولى به)) رواه إبن حبان و صحه ، دەكرێ ئەم جۆرە كەسانە مانگی پیرۆزی رەمەزان بكەنە فێرگەی گرنگ تا بەخۆداچوونەوە بكەن و هێزو ئیرادە جەزم بكەن، بۆ دووركەوتنەوە لە ماڵی حەڕام و لەم تاوانە نامرۆڤانە و نایاساییانە قۆناغ دوای قۆناغ، بۆ ئەوەی بتوانن هەمیشە ئارام بگرن، چونكە ئارامگرتن كلیكلی سەركەوتنە، خوداش لەگەڵ ئارامبەخش و ئارامگرانەیە و وتراوە: (همة الرجال تقلع الجبال). بە جۆرە ئەم مانگە دەبێتە مایەی وازهێنان لە تاوان و تێكشكاندنی هەوا و هەوەسی شەیتانی و هەڵسوكەوتی نەشیاو و نەرێنی، كە كاریگەرییان كردۆتە سەر دەروونی مرۆڤ و رەشیان كردووە .
8- دووركەوتنەوە لە قورئان كە گوفتاری شیرینی خودایە، شتێكی مەترسیدارە، ناگونجێ كەسێ خوێ بە موسڵمان و قورئانخوێن بزانێ و لەم كتێبە پیرۆزە ئاسمانییە دووربكەوێتەوە. لەهەر حاڵەتێكی نەخوازراو لەم ڕوانگەوە دەبێ مانگی ڕەمەزان بكاتە وێستگەو لینكێكی بەهێزی پەیوەندی لەگەڵ خالقی مخلووق، واتە بە قورئان خوێندن زمان و دڵ و تێكڕای ئەندامانی لەشی ئاودێر و تەغزییە بكات، چونكە لەم مانگەشدا قورئانی پیرۆز دابەزیوە،،[شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنْزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًى لِلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ] البقرة /185 هەروەكو قورئان دەستوور و رێنیشاندەری ڕاستی ژیانە و مایەی پاداشتی نەبڕاوەیە بۆ دین و ژین، هەروەها شەفاعەتكارو تكاكار دەبێت لە رۆژانی تەنگانەدا شان بەشانی مانگی پیرۆزی رەمەزان، هەروەكو پێغەمبەرمان حەزرەتی محەمەد (صلی الله علیە وسلم) لەم بارەوە دەفەرموێ:(الصيام والقرآن يشفعان للعبد يوم القيامة)) رواه الإمام أحمد.
* قوتابی دكتۆرا– زانكۆی سەلاحەددین