ئافرەتان لە وەرگرتنی میراتیش كێشەیان هەیە

ئافرەتان لە وەرگرتنی میراتیش كێشەیان هەیە
بەشێك لە ئافرەتان لە رێگای دابونەریتی كۆمەڵایەتییەتەوە لە بەشەمیراتی خۆیان بێبەش دەكرێن، دوو لەو ئافرەتانە كە براكانیان حاشایان لێ كردوون، بەسەرهاتی خۆیان بۆ گوڵان دەخەنەڕوو، مامۆستایەكی ئایینیش جەخت لەوە دەكاتەوە كە حاشاكردنی برا لە خوشكەكەی لەسەر وەرگرتنی میرات، حاشاكردنە لە ئایەت و فەرموودەی پێغەمبەری خودا و بە هیچ جۆرێك شەرع رێگەی بە كاری وا نەداوە.

سروە تەمەنی (38)ساڵە و وەك خۆی باسیكرد ماوەی پێنج ساڵە براكانی حاشایان لێ كردووە و بە هیچ شێوەیەك سەردانی ناكەن. ئەو بە جۆرێك لە خەمبارییەوە باسی ژیانی خۆی دەكات و دەڵێت: «ئێمە سێ برا و دوو خوشكین، باوكم بە رەحمەت بێت ماڵ و موڵكی زۆری بۆ بەجێهێشتین، ئەوە جگە لەو دوكان و خانووانەی كە لە سەردەمی ژیانی خۆی لە سەر براكانمان تاپۆی كردبوو. دوای كۆچی دوایی دایك و باوكم باسی بەشكردنی میرات هاتە پێشەوە، خوشكە گەورەكەم كە مێردەكەی هەبوونە و زۆر دەوڵەمەندە، لە میراتی خۆی خۆش بوو، هیچی وەرنەگرت، بەڵام من بە هۆی ئەوەی دەستمان زۆر كورت بوو، مێردەكەشم نەخۆش بوو، داوای بەشە میراتی خۆم كرد، بەڵام بەداخەوە براكانم كە هەموویان خاوەن موڵك و سامانی زۆرن، زۆر چاوچنۆكانە تەماحیان لەو میراتییەی من دابوو. پارەكەش بۆ من زۆر بوو، ئەوەی بۆ منیان بڕییەوە، بە حیسابی خۆیان دوو دەفتەر و نیو (25هەزار دۆلار) دەبوو، بەڵام موڵك و پارەی باوكم زۆر لەوە زیاتر بوو. ئەوان غەدریان كرد، كەچی سەرەڕای ئەوەش كاتێ پارەكەم وەرگرت، حاشایان لە من كرد. پرسی مەلاشم كردبوو، ئەوە حەقی خۆم بوو، تەنانەت زۆر كەس هانیان دام سكاڵایان لەسەر تۆمار بكەم و حەقی خۆم لە دادگا وەربگرم، بەڵام من لەبەر عەیبە ئەوەم نەكرد.»
سروە وێڕای گلەیی و گازاندەی زۆر لە براكانی، نیگەرانی خۆی لەوە دەردەبڕێت كە «كە لەناو كۆمەڵگەی ئێمە بردنی بەشە میرات لەلایەن ئافرەتەوە، بووەتە كێشە، زۆر جار دەبێت ئافرەت بەشە میراتی خۆی بداتە براكانی، كەچی ئەوە مافێكی سرووشتی خۆیەتی و خوا ئەو مافەی بۆ دیاری كردووە، ئێمە دوو خوشك و سێ براین، دوای مردنی دایك و باوكمان براكانم وتیان عەیبە ژن میراتی وەربگرێت، بەڵام ئەوان بۆ ژنەكانیان میرات ببەن، عەیب نییە، من لە خانووی كرێ دەژیام، ئەوان هەموویان خاوەن موڵك و خانووی خۆیان بوون، كەچی براكانم دەچوونە لای خزمان و باسی ئەوەیان دەكرد كە ژن نابێ میراتی خۆی بەرێ و ژیانی لەسەر پیاوە و دەبێ بۆی دابین بكات».

نەرمین سادیق تەمەنی (43) ساڵە و ئەویش یەكێكە لەو سەدان ئافرەتەی كە كێشەی لە وەرگرتنی میرات هەبووە و لەسەر هەمان پرس دەڵێت: «هەندێ برا زۆر چاوچنۆكن دەیانەوێت لە رێگای داب و نەریتی كۆمەڵایەتییەوە بەشە میراتی خوشكەكانیان بۆ ژن و منداڵەكانی خۆیان وەربگرن، ئەمەش لەناو كۆمەڵگەی كوردی باوە، وایان لە ئافرەتان گەیاندووە، بەشە میراتی ئافرەت شتێكی خراپ و قێزەونە، ئەگەر وەری بگرێ، هۆكارێكە بۆ دوژمنكاری و پچڕاندنی پەیوەندی نێوان خوشك و برا، یان براكانی حاشای لێدەكەن، ئەگەر برایەك منی بە پارە گۆڕییەوە، ئەوا منیش ئەو برایەم ناوێ، من كارێكم كردووە بەپێی یاسای و شەری خودا مافێكی سرووشتیی خۆمە، ئەوان بۆچی دەبێت دژایەتیم بكەن؟».
لە لای خۆیەوە عەبدولكەریم ئەحمەد شوانی مامۆستا لە زانكۆی زانستە ئیسلامییەكان لەبارەی لایەنە شەرعییەكانی وەرگرتنی بەشە میراتەوە دەڵێت: «میرات بەمانای ئەو موڵك و ماڵەی دایك و باوك لە دوای مردنی خۆیان بەجێی دەهێڵن دابەشی سەر كوڕ و كچەكانیان دەكرێت، ئیسلام چارەسەری ئەو كێشەی بۆ كردووین، ئەگینا دوای مردنی دایك و باوك لەسەر بەشە میرات یەكتریان دەكوشت و ماڵ و موڵك بۆ خەڵك دەمایەوە، خوای گەورە لە قورئان باسی میرات دەكات، بۆ پیاو یەك بەشی داناوە و بۆ ئافرەتیش نیو بەش، ئەمەش حیكمەتی خۆی تێدایە.». مامۆستا عەبدولكەریم ئاماژەی بەوەشدا كە «زەوتكردنی ئەو بەشە میراتە لەژێر هەر بیانوویەك بێ، ئەوە زەوتكردنی مافی كەسانی دیكەیە و ئیسلام رەتیدەكاتەوە، ئەگەر برایەك حاشا لە خوشكێك بكات لەسەر بەشە میراتی خۆی، براكەی گوناهبارە و حاشای لە ئایەتی خودا كردووە، كە مافی ژنی تێدا دیاری كردووە، ئەمەش لەلای خوا سزای خۆی هەیە».

ئەو مامۆستایە جەختی لەوەش كردەوە كە» چەندین برا هەیە لە ژێر پەردەی شەرم و عەیبە خوشكی خۆیان لە میراتی باوكیان بێبەش كردووە، لێرەدا هەڵەیەكیش لە ئافرەتان هەیە، پێویستە بێ گوێدانە قسەی خەڵك شەرعییەتی خوا جێبەجێ بكەن».
ئەو مامۆستایە رەتكردنەوەی بەشە میراتی ئافرەتان بۆ براكانی بە ئاسایی وەسف كرد لە كاتێكدا كە مەبەست یارمەتیدانی براكەی بێت كە پێویستی پێیەتی و ئافرەتەكە لەماڵی خۆی گوزەرانی باشە، بۆیە گوتی: « ئاساییە ئافرەت هاوكاری براكەی بكات بە ئارەزووی خۆی نەك لەژێر باری فشار و حاشاكردن و هەڕەشە و چاوسووركردنەوە».
Top