رۆژوو و نەخۆشییە دەروونییەكان . . . مەلا مەحمود محەمەد مەجید
June 11, 2017
کۆمەڵایەتی
1-لە تاقیكردنەوەیەكی نوێ كە لەلایەن دكتۆر (یۆری نیكۆلایف) سەرۆكی یەكەی رۆژووگرتن لە پەیمانگای دەرونزانی پزیشكی لەشاری مۆسكۆ ئەنجام دراوە لەسەر ئەو نەخۆشانەی كە تووشی (شیزۆفرینیا) هاتبوون كە ژمارەیان (10)هەزار نەخۆش بوو، لە رێگای چارەسەركردنیان بە رۆژووگرتن، بۆی دەركەوت كە 70%ی ئەو نەخۆشانەی بەشێوەیەكی بەرچاو گۆڕانكارییان بەسەرداهاتووەو ئاستێكی باش لە پەیوەندی و چالاكییە كۆمەڵایەتییەكانیان ئاسایی بۆتەوە.
2- لە یابان لێكۆڵینەوەیەكی دیكە لەسەر 382 نەخۆش ئەنجامدراوە كە دووچاری نەخۆشی (شڵەژانی دەروونی جەستەیی) (سایكۆ سۆمات) ببوون، ئەم نەخۆشییە كە لەشێوەی ئازاری بەردەوام و جیاجیا لە جەستەی نەخۆش هەستی پێدەكات، لە زانكۆی تۆهۆكۆ بە سەرپەرشتی دكتۆر سوزوكی، پاش ماوەیەك لە رۆژووگرتن، بینی نەخۆشەكان چاكتر بوون و ئاكاری نەخۆشییەكە و ئازارەكانیان كەم بووەتەوە، ئەمەش بە هۆی رێكبوونەوەی كرداری دەزگای دەماری خۆنەویست Autonomic nervous system هەروەها رێكبوونەوەی كرداری رژێنەكان Glands. لە جەستەیان.
هەروەها زۆر لە لێكۆڵەرەوەكان تێبینی ئەوەیان كردووە كە رۆژوو هۆكارێكی زۆر باشە بۆ رێكبوونەوەی رژێنی ئەدرینالین كە ئەویش وادەكات كاریگەری زۆربێت لەسەر سووككردنی نەخۆشییەكانی دڵەڕاوكێ و ترس و فۆبیا.
ب- نەخۆشییە دەروونییەكان زۆرن لە سەردەمی ئەمڕۆمان
بەڕێزان هەروەك چۆن نەخۆشییە جەستەییەكان زۆرن، بە هەمان چەشن نەخۆشییە دەروونییەكانیش زۆرن، زۆربەی خەڵكیش تووشی دێت و چاكیش دەبێتەوە، بۆیە دەبێت زۆر بە ئاسایی وەری بگیرێت، هەندێك لەو نەخۆشییانەی كە بڵاون بەمجۆرەن:
1- شلەژانە دڵەڕاوكێییەكان Anxiety Disorders: ئەم نەخۆشییە نەخۆشیی سەردەمە و رێژەی تووشبووان لە هەندێك كۆمەڵگە بە30-40% مەزەندە دەكرێت. سەرچاوەی ئەم نەخۆشییە زۆربەی دەگەڕێتەوە بۆ خەمەكانی ژیان لە بارەی گوزەران و پەیداكردنی بژێو، ترسان لە پێشهاتە خراپەكان و ئایندە و گوزەرانی مندالەكان و...هتد كە چەندەها جۆری هەیە.
2-خەمۆكی (الاكتئاب) ئەمەش یەكێك لە نەخۆشییە بڵاوەكانی سەردەم، نزیكەی 7%ی دانیشتووانی زەوی دووچاری هاتوون، بەرچاوترین نیشانەكانی،هەستكردن بە دۆڕان و نائومێدی، گۆشەگیری و تەنیایی، هەستكردن بە تاوان و بێزاریی زۆر، تا دەگاتە بیركردنەوە لە خۆكوشتن.
3- شڵەژانی بیرۆكە زاڵەكان (وەسوەسەكان) Obsessive Compulsive Disorders (الوسواس القهری) ئەمەش ژمارەیەكی زۆری خەڵك پێیەوە گرفتارن كە مەزەندە دەكرێت بە رێژەی 3% بێت، واتە تووشبووانی بە ملیۆنان كەسن، ئەم نەخۆشییەش خۆی بەرجەستە دەكات لە زۆر دووبارەكردنەوەی هەندێك كار و وتە، بەتایبەتی لە بواری پاكژی، زۆر دووبارەكردنەوەی شوشتن، زۆر ئاو بەكارهێنان هەتا لە دەستنوێژ و غوسل، یان هاتنی بیری خراپ بە ناو دڵ لەبارەی ئایین و خوا و بیروباوەڕی مرۆڤ، یان بیری زۆر ناخۆش و پیس لە بواری سێكسییەوەو دروستبوونی گومان لە هەموو شت و هەموو كەس، ئەم هزرو بیرانە بەشێوەیەكی بەهێز بۆی دێن و زۆر جار نەخۆش بەرامبەریان ئیرادەی نامێنێ و تووشی بێزارییەكی زۆر دەبێت و ناچارە گوێڕایەڵیان بێت، زۆر جاریش بیر لە خۆكوشتن دەكاتەوە.
جا رۆژوو و رەمەزان كات و دەرفەتێكی چاكن بۆ ئەمانە، كە هەندێك لە نەخۆشییەكانیان كەم بكاتەوەو دەرفەتی چاكبوونیان نزیك و ئاسان و زۆر بكات، بەوەی كە رەمەزانی پیرۆز مانگی لێخۆشبوونی خودایە، مانگی تێكەڵبوونی خەڵكە لەگەڵ یەكتری لە مزگەوت و كاتی تەراویح، لەجیاتی بیركردنەوەی خراپ، مرۆڤ خەریكی زیكر و یادی خواو قورئان خوێندن و سەدەقە و خێر و گوێگرتن لە وتارە ئایینییەكان دەبن، كە هەموویان پشت بەستانە بە خوا و مەغفیرەت و ئەوانەش گەشبینی بە خەڵك دەبەخشن. ئایین و باوەڕی بەخودا و چەمكە پیرۆزەكان هەمیشە ورەی مرۆڤەكان بەرز دەكات و زیاتر گوڕ و تینیان پێدەبەخشێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەكان وخۆڕاگری.
بەڕۆژووبوون و نەخۆشیی دەروونی:
أ-بێگومان (نەخۆشی) یەكێك لەو عوزرە شەرعییانەیە كە خوای پەروەردگار كردوویەتی بە مایەی روخسەت بۆ بەڕۆژوو نەبوون، ئەو نەخۆشییەی كە بە عوزری شەرعی دادەنرێت، دوو مەرجی بۆ دانراوە، 1-ئەگەر رۆژوو نەخۆشییەكەی زیاد بكات و زیاتر تەندروستی تێك بدات. 2- ببێتە هۆی درەنگ چاكبوونەوەی، ئەمەش رای هەر چوار مەزهەبە.
بۆیە دەبێت نەخۆش گرنگی بە تەندروستیی خۆی بدات و پابەندی رێنماییەكانی پزیشكی پسپۆڕی خۆی بێت و دەرمانەكانی ئیهمال نەكات، یان رۆژوو نەكاتە بەهانەیەك بۆ عیناد بوون، وەك هەندێك نەخۆش دەڵێن بشمرم هەر بەڕۆژوو دەبم. بە راستی ئەمە پێچەوانەی شەرعی خودایە، هەروەك لەم ئایەتە فەرموویەتی:{ومن كان مريضاً أو علی سفر فعدة من أيام أخر يريد الله بكم اليسر ولا يريد بكم العسر}البقرة 185واتە ئەو كەسەی نەخۆش بوو، یان لە سەفەر بوو، باچەند رۆژێكی تر بەرۆژوو ببنەوە، خودا ئاسانكاری بۆ ئێوە دەوێت، زەحمەت و ناڕەحەتی بۆ ئێوە ناوێت. هەروەها فەرموویەتی: {وَلَا تَقْتُلُوا أَنفُسَكُمْ إِنَّ ٱللَّهَ كَانَ بِكُمْ رَحِيمًا }النساء 29 واتە: خۆتان مەكوژن، بە راستی خودا هەمیشە لەگەڵتان زۆر بە بەزەیی و میهرەبانە.
هەروەها پێغەمبەری خودا فەرموویەتی:إن الله يحب أن تؤتی رخصه كما يكره أن تؤتی معصيته رواه ابن حبان في صحيحه رقم (2742) والبيهقي في سننه برقم 5516 وابن خزيمة في صحيحه برقم 2027 واتە: بە راستی خودا پێی خۆشە كار بە روخسەتەكانی بكەن، هەرچۆن رقی لەوەیە سەرپێچی فەرمانی بكەن.
بۆیە هەر كاتێك رۆژووگرتن ببێتە هۆی زیادبوونی نەخۆشییەكە و باری ئاڵۆزتر بكات، حەرامە بەڕۆژووبوون، ئەمەش رای زۆربەی زانایانی ئیسلامە.
پاشان دەبێت لێرەدا ئەوەش بزانین ئەوەی لە كتێبە شەرعییەكان لەبارەی نەخۆشییەوە باسكراوە، زۆربەی لەبارەی نەخۆشییە جەستەییەكانە، زۆر ئاساییە مرۆڤ جەستەی نەخۆش بێت، بەڵام عەقڵ و هۆشی تەواو بێت كە بناغەی تەكلیفی شەرعییە، بەڵام نەخۆشییە دەروونییەكان زۆربەیان پەیوەندییان بە عەقڵ و ژیری هەیە، بەپێی شەریعەتیش نەمان و لەدەستدانی عەقڵ و تێكچوونی، هۆیەكە كە واجباتی شەرعی لەسەر كەسی وا نەهێلێت، كەواتە نەخۆشییە دەروونییەكان وەك نەخۆشییە جەستەییەكان نییە، بەڵكو خراپترە.
ب-بە شێوەیەكی گشتی هیچ رێگرێك نییە بۆ رۆژووگرتن لە بەردەم ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشیی دەروونی بوون، بە مەرجێك وریای خۆیان بن و پابەندی رێنماییەكانی پزیشكی بن.
ئەمە پوختەی حوكمە شەرعییەكان لەو بوارە:
1-نەخۆشیی فێ (صرع) زۆر ئاسایی دەتوانێت بەڕۆژوو بێت، چونكە رۆژانە یەك دەنكە حەب بەكار دەبات، ئاسایی لە گرفتەكانی خاوبوونەوە و لەخۆچوون رزگاری دەبێت.
2-نەخۆشیی دڵەڕاوكێ: كە ئێستا زۆربەی دەرمانی چارەسەرییەكانیان رۆژانە یەكجارە، یان دووجار بەكاری دەبەن، ئەوانیش ئاسایی دەتوانن بەڕۆژوو بن، بە مەرجێك پابەندی بەكارهێنانی دەرمانەكانیان بن لەگەڵ رێنماییەكانی پزیشكی خۆیان .
3-نەخۆشیی (شیزۆفرینیا)Scnizophrenia كەسێتی جیا (انفصام) نابێت بەڕۆژوو بێت، دەبێت دەرمانەكانی بە باشی بدرێتێ، چونكە كەمتەرخەمی لە وەرگرتنی چارەسەری، لەوانەیە ببێتە هۆی تێكچوونی زۆر و زیانگەیاندن بە خۆی، یان بە دەوروبەری خۆی، ئەوەش لەلایەن شەریعەتەوە بە شێت دادەنرێت كە تەكلیفی شەرعی لەسەر نییە.
4-بە شێوەیەكی گشتی نەخۆشەكانی (اضطرابات الذهنية- شڵەژانە زەینییەكان - Psychotic disorders) و شڵەژانە هەڵچوونییەكان ((اضطرابات نفسية انفعالية-عوسابیەكان) كە چەندین بەش دەگرێتەوە، لەكاتی هاتنی نۆرەی توند، یان بەردەوامییان بەحاڵەتی توند خاوەنەكانیان بە شێت لە قەڵەم دەدرێت و رۆژوویان لەسەر نییە، وەك لەم فەرموودە هاتووە: «رُفِعَ القَلَـمُ عَنْ ثلاَثةٍ عَنِ النَّائِمِ حَتَّـى يَسْتَـيْقِظَ وَعَنِ الصَّبيِّ حَتَّـى يَـحْتَلِـمَ وَعَنِ المَـجْنُونِ حَتَّـى يَعْقِلَ». صحيح/ أبو داود رقم (4403), وهذا لفظه، والترمذي رقم(1423). واتە قەڵەمی تەكلیفی شەرعی لەسەر سێ كەس هەڵگیراوە، خەوتوو تا بە ئاگا دێت، مندال تا باڵغ دەبێت، شێت تا چاك دەبێتەوە.والله اعلم
تێبینی:
1- هەندێك لە دەرمانەكانی نەخۆشییە دەروونییەكان دەبێتە هۆی وشكبوونی دەمی نەخۆش، زۆر ئاسایییە ئاو لە دەمی وەربدات و پاشان فڕێی بدات .
2- هەندێك كەس بەبیانووی ئەوەی كە دەرمانەكان گوایە ماددەی هۆشبەریان تێدایە، دەڵێن حەرامە بەكارهێنانی، ئەوەش راست نییە هەموو دەرمانەكان وانین و هەمووشیان نابنە هۆی ئالودەبوون، ئەگەر بە رێنماییەكانی پزیشك پابەند بن.
3- واچاكە نەخۆش گوێ بداتە قورئان و خۆی فێری زیكرەكان بكات، بۆ ئەوەی سوود لە هەر دوو چارەسەری قورئانی و دەرمانی وەربگرێت.
4-هەر حاڵەتێكی دەروونی بە سەر كەسێك هات، هەندێك برادەر یەكسەر دەیباتە بواری جنۆكە و شەیتان و شتی سەیر، زۆر جار موبالەغەیەكی ناشەرعی و نامەعقوول دەكرێت، ئەمە خاڵێكی سلبییە بەداخەوە، هەندێ كەسیش بەناوی عیلم و زانست بەتەواوی نكۆڵی لە بوونی جنۆكە دەكات، ئەمەش كوفرە، چونكە سوورەتێك لە قورئان بە ناویان هاتووە و بەشێكن لەو غەیبەی دەبێت ئیمانمان پێی هەبێت.
5-نەخۆش بۆ بەڕۆژوونەبوون، دەبێت پشت بە قەناعەتی دكتۆرێكی پسپۆڕی موسڵمان ببەستێت، ئەگەر لەبواری نەخۆشییەكەی ئەو دكتۆری موسڵمان نەبوو، ئاساییە گوێڕایەڵی دكتۆرێكی پسپۆڕی ناموسلمان بێت .
لە مانگی رەمەزاندا ئەركی رۆژانەی ئافرەت قورستر دەبێت
ئافرەت و قوربانیدان دوو چەمكی لێكگرێدراون و جیاكردنەوەیان ئاسان نییە، ئافرەتی كوردیش لە قوربانیدان پشكی شێری بەركەوتووە، سەرباری كار و فرمانی ئیداری، لە ئەركە سەرەكییەكەی وەك كابانی ماڵ و پەروەردەی منداڵ دانەبڕاوە و پێداویستی هاوسەر و منداڵەكانی بە زیادەوە جێبەجێ دەكات، لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزانیش بە هۆی ئەوەی زۆربەی ئافرەتان وەك پیاوان بەڕۆژوو دەبن، ئەرك و ماندووبوونیان گەلێك زیاتر دەبێت. ئەوان لەوە نیگەرانن كە زۆربەی پیاوان بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا لە ماندووبوون و شەونخوونی ئافرەت بێ ئاگان و پێیانوایە هەر خۆیان بەڕۆژوون و نەك ئەركی سەرشانی كابانی ماڵ سووك ناكەن، بگرە قورستریشی دەكەن. بەشداربوونی ئەم راپۆرتەی گوڵان خوێندنەوەی زیاتریان بۆ ئەو بابەتە هەیە.
«لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان دوو هێندەی جاران ماندوو دەبم، ئامادەكردنی بەربانگ و پارشێوی خێزانێكی گەورە و گران ئەوەندە ئاسان نییە، بەتایبەتی ئەمساڵ كە كچەكانم ناتوانن یارمەتیم بدەن، چونكە قوتابین و خەریكی تاقیكردنەوەن.»
ئەوە قسەی شەرمین سلێمان بوو. ئەو مامۆستای بنەڕەتییە و بەمجۆرە باسی ئاریشەكانی خۆی لە مانگی رەمەزاندا دەكات: «هاوسەرەكەم نەخۆشی شەكرەی هەیە، شەوانە دوو جۆر هەویر دەشێلم، یەك گەنم بۆ خۆمان و یەكیش جۆ بۆ هاوسەرەكەم. بۆ منداڵەكان برنج و بۆ ئەویش ساوار لێدەنێم، خەسوو و خەزووریشم نەخۆشن، بۆیە هەموو خواردنەكان بە دوو مەنجەڵ لێدەنێم، یەكی بێ خوێ و بێ رۆن، ئەوی تر ئاسایی بۆ خۆمان، سەرەڕای ئەو هەموو ماندووبوونەم كە دێنە سەرسفرە، هەریەكەو عەیبێك لە خواردنەكە دەگرێ. هێشتا نان نەخوراوە، دەبێ چای ئامادە بێت، شەوێك هەندێ درەنگ چام بۆ مێردەكەم هێنا، لە رقان بەبێ چاخواردنەوە چوو بۆ تەراویح، تا دوو رۆژیش قسەی لەگەڵ نەكردم، وەك ئەوە هەڵسوكەوت دەكات كە بۆ من بەڕۆژوو بێت.»
چیمەن جەمال ئافرەتی ماڵەوەیە و ئەویش بە هەمان شێوەی ئافرەتانی دیكە لە هەڵسوكەوتی هاوسەرەكەی لەم مانگەدا نیگەرانە، هەر لەو بارەیەوە گوتی: «هاوسەرەكەم كە بەڕۆژوو دەبێت، هێندە تووڕە و بێتاقەت دەبێت كەس ناوێرێ بە تەنیشتیدا بڕوات، بڕواتان بێ باوكی منداڵان كە دێتەوە ماڵەوە ئەگەر ئێوارە شەڕ نەكات، پارشێو شەڕێكمان لەگەڵ دەكات و داخی جگەرە نەخواردنەكەی بە من و منداڵەكان دەڕێژێ، لە ترسی تووڕەبوونی هاوسەرەكەم بە زمانی بەڕۆژی چێشت و خواردن لە كاتی لێنانی تام دەكەم، بەڵام زوو فڕێی دەدەم، دەڵێم خوا گەورەیە لێم قبووڵ دەكات، بۆیە دەڵێم هەمیشە ئافرەتان لە پیاوان بە سەبر و تەحەمولترن و بەرگەی تێنوێتی و برسێتی و ماندووبوونی زیاتر دەگرن، بەتایبەت ئافرەتی كورد كە هەرگیز غیرەتیان لە غیرەتی پیاو كەمتر نییە ئەگەر زیاتریش نەبێت.»
حەسیبە سەعید مامۆستای قۆناخی بنەڕەتییە لە سۆران، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «ئافرەتی كورد هەر لە بنەڕەتدا لە هەموو بوارەكانی ژیاندا دەورێكی بەرچاوی هەبووە، بۆیە دەبێت رێزی زۆری لێبگیرێت. هەمووان دەزانن ئافرەتان لە بواری پەروەردەو بەجێهێنانی ئەركی ماڵەوە قورساییەكی زۆریان لەسەر شانە و پێویستە ماندووبوونیان بە هیند وەربگیرێت. زور جار گوێبیستی ئەوە دەبین كە دەگوترێت ژنی ماڵەوەیە بێكارە، وەك ئەوەی ئەو ئەزیەت و هیلاكی رۆژانەی جارانی سفر كرابێت، كەچی دوو ئەوەندەی هاوسەرەكی ماندی و هیلاك دەبێت، لەگەڵ هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزانیش ئەرك و ماندووبوونی ئافرەت دوو سێ بەرامبەر دەبێتەوە، هەمیشەش بێ هیچ نیگەرانی دەربڕین و خۆشاردنەوەیەك لە كار، هەوڵ دەدات هاوسەر و منداڵەكانی بە دەستڕەنگینی خۆی رازی بكات، بۆیە پێویستە هاوسەرەكەی ئەگەر هاوكاریشی ناكات، با بە وشەیەكی جوان دەستخۆشی لێبكات، چونكە تەنیا هاوكاری نییە كە ئافرەت دەحەسێنێتەوە، بەڵكو رێزگرتنی هەمیشە بەتاڵكەرەوەو ئارامكەرەوەیە بۆ رۆح و جەستەی، پێویستە ئافرەت هاوكاری بكرێ و رێزی هەبیت لە ناو خێزان و كومەڵگە، زۆریش پێویستە تەلیسمی پیاوسالاری بشكێندرێت، چونكە لە پاڵ هەر پیاوێكی سەركەوتوو، ئافرەتێكی تێكوشەر و ماندوونەناس هەیە، با ئیتر راستگۆیانە بزانرێت ئافرەت ژیانە، پیرۆزە، مەزنە.با ئەو دەنگە چیتر لە گەلوو نەخنكێت.»
تارا نەزیر فەرمانبەرە و ئەویش یەكێكە لەو هەزاران ئافرەتەی كە رایانوایە پیاوان لە مانگی رەمەزاندا رەچاوی ماندووبوونی خانمان ناكەن. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «لە مانگی رەمەزان هەموو ئافرەتان زیاتر هیلاك دەبن، بەتایبەتی ئافرەتی كارمەند، كە دەگەڕێتەوە ماڵەوە، سەرەڕای ئەوەی هیلاك و بەڕۆژووە، یەكسەر جلی كاركردن و مەتبەخ لەبەر دەكات، چونكە ئەو كاتەی هەیەتی بەشی ئیسراحەت و پاڵدانەوە ناكات، بەڵكو مەتبەخەكە بە توندی بانگی دەكات بۆ ئەوەی بە ئەركەكەی هەڵبسێت و خوانێك لە حەز و ئارەزووی تاكەكانی خێزان ئامادە بكات، ئیدی بۆی نییە باسی ماندووبوون و شەكەتی بكات، یان داوای كەمێك ئیسراحەت و حەوانەوە بكات، دوای بەربانگكردنیش شەهیەی هەمووان پێچەوانەی شەهیەی كابان دەكرێتەوە، چونكە دڵەڕاوكێی لە سوێری و كەمخوێی خواردنەكان شەهیەی كابان دەبەستێ، ئافرەت هێشتا نانەكەی بە تەواوی نەخواردووە، سینییەك چا پێشكەش دەكات، ئەمجارە نۆرەی خاوێنكردنەوەی مەتبەخ و قاپ شووشتن دێت، دوای ئەوە شیرینی و میوە دێنێتە بەردەست ئەندامانی خێزان، سەڕای ئەوەی لە شەوانی رەمەزان سەردانە كۆمەڵایەتییەكان لە نێو خێزانەكان زیاتر دەبێت، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هاوسەرەكەی و تێكڕای ئەندامەكانی خێزان هەست بەوە ناكەن كە ژنەكەش وەكو ئەوان بەڕۆژووە، هێشتا لە كارەكانی بەربانگكردنیش نەبۆتەوە، سفرە رازاندنەوەی پارشێو دەست پێدەكات. كەچی هاوسەرەكەی یان دەخەوێت، یان كاتەكانی بە قوڕئان خوێندن، یان سەیركردنی تەلەفزیۆن بەسەر دەبات، بەڵام لە راستیدا خێزانی بەختەوەر ئەوەیە كە هەموو هاوكار بن كارەكانی ناوماڵ دابەش بكەن، پێغەمبەر (د.خ) زۆرجار كاری ماڵەوەی كردووە، ئەوەش مانای راستەقینەی ژیان و ئایینە. بۆیە پێویستە لەو رووەوە مامۆستایانی ئایینی لەو مانگە زیاتر جەخت لەسەر سوننەتە جوانەكان بكەنەوە و پیاو لای ژن جوان بكەن، ژنیش لای پیاو جوانتر بكەن، بەوەی هانیان بدەن كە بنەمای خێزانی بەختەوەر و ئاسوودە بریتییە لە رێز و خۆشەویستی و هاوكاری، بۆیە ناكرێت وا هەژمار بكرێت كە كار و ئیشی ناوماڵ تەنیا لە ئەستۆی ئافرەتە.»
ئافرەتان لە وەرگرتنی میراتیش كێشەیان هەیە
بەشێك لە ئافرەتان لە رێگای دابونەریتی كۆمەڵایەتییەتەوە لە بەشەمیراتی خۆیان بێبەش دەكرێن، دوو لەو ئافرەتانە كە براكانیان حاشایان لێ كردوون، بەسەرهاتی خۆیان بۆ گوڵان دەخەنەڕوو، مامۆستایەكی ئایینیش جەخت لەوە دەكاتەوە كە حاشاكردنی برا لە خوشكەكەی لەسەر وەرگرتنی میرات، حاشاكردنە لە ئایەت و فەرموودەی پێغەمبەری خودا و بە هیچ جۆرێك شەرع رێگەی بە كاری وا نەداوە.
سروە تەمەنی (38)ساڵە و وەك خۆی باسیكرد ماوەی پێنج ساڵە براكانی حاشایان لێ كردووە و بە هیچ شێوەیەك سەردانی ناكەن. ئەو بە جۆرێك لە خەمبارییەوە باسی ژیانی خۆی دەكات و دەڵێت: «ئێمە سێ برا و دوو خوشكین، باوكم بە رەحمەت بێت ماڵ و موڵكی زۆری بۆ بەجێهێشتین، ئەوە جگە لەو دوكان و خانووانەی كە لە سەردەمی ژیانی خۆی لە سەر براكانمان تاپۆی كردبوو. دوای كۆچی دوایی دایك و باوكم باسی بەشكردنی میرات هاتە پێشەوە، خوشكە گەورەكەم كە مێردەكەی هەبوونە و زۆر دەوڵەمەندە، لە میراتی خۆی خۆش بوو، هیچی وەرنەگرت، بەڵام من بە هۆی ئەوەی دەستمان زۆر كورت بوو، مێردەكەشم نەخۆش بوو، داوای بەشە میراتی خۆم كرد، بەڵام بەداخەوە براكانم كە هەموویان خاوەن موڵك و سامانی زۆرن، زۆر چاوچنۆكانە تەماحیان لەو میراتییەی من دابوو. پارەكەش بۆ من زۆر بوو، ئەوەی بۆ منیان بڕییەوە، بە حیسابی خۆیان دوو دەفتەر و نیو (25هەزار دۆلار) دەبوو، بەڵام موڵك و پارەی باوكم زۆر لەوە زیاتر بوو. ئەوان غەدریان كرد، كەچی سەرەڕای ئەوەش كاتێ پارەكەم وەرگرت، حاشایان لە من كرد. پرسی مەلاشم كردبوو، ئەوە حەقی خۆم بوو، تەنانەت زۆر كەس هانیان دام سكاڵایان لەسەر تۆمار بكەم و حەقی خۆم لە دادگا وەربگرم، بەڵام من لەبەر عەیبە ئەوەم نەكرد.»
سروە وێڕای گلەیی و گازاندەی زۆر لە براكانی، نیگەرانی خۆی لەوە دەردەبڕێت كە «كە لەناو كۆمەڵگەی ئێمە بردنی بەشە میرات لەلایەن ئافرەتەوە، بووەتە كێشە، زۆر جار دەبێت ئافرەت بەشە میراتی خۆی بداتە براكانی، كەچی ئەوە مافێكی سرووشتی خۆیەتی و خوا ئەو مافەی بۆ دیاری كردووە، ئێمە دوو خوشك و سێ براین، دوای مردنی دایك و باوكمان براكانم وتیان عەیبە ژن میراتی وەربگرێت، بەڵام ئەوان بۆ ژنەكانیان میرات ببەن، عەیب نییە، من لە خانووی كرێ دەژیام، ئەوان هەموویان خاوەن موڵك و خانووی خۆیان بوون، كەچی براكانم دەچوونە لای خزمان و باسی ئەوەیان دەكرد كە ژن نابێ میراتی خۆی بەرێ و ژیانی لەسەر پیاوە و دەبێ بۆی دابین بكات».
نەرمین سادیق تەمەنی (43) ساڵە و ئەویش یەكێكە لەو سەدان ئافرەتەی كە كێشەی لە وەرگرتنی میرات هەبووە و لەسەر هەمان پرس دەڵێت: «هەندێ برا زۆر چاوچنۆكن دەیانەوێت لە رێگای داب و نەریتی كۆمەڵایەتییەوە بەشە میراتی خوشكەكانیان بۆ ژن و منداڵەكانی خۆیان وەربگرن، ئەمەش لەناو كۆمەڵگەی كوردی باوە، وایان لە ئافرەتان گەیاندووە، بەشە میراتی ئافرەت شتێكی خراپ و قێزەونە، ئەگەر وەری بگرێ، هۆكارێكە بۆ دوژمنكاری و پچڕاندنی پەیوەندی نێوان خوشك و برا، یان براكانی حاشای لێدەكەن، ئەگەر برایەك منی بە پارە گۆڕییەوە، ئەوا منیش ئەو برایەم ناوێ، من كارێكم كردووە بەپێی یاسای و شەری خودا مافێكی سرووشتیی خۆمە، ئەوان بۆچی دەبێت دژایەتیم بكەن؟».
لە لای خۆیەوە عەبدولكەریم ئەحمەد شوانی مامۆستا لە زانكۆی زانستە ئیسلامییەكان لەبارەی لایەنە شەرعییەكانی وەرگرتنی بەشە میراتەوە دەڵێت: «میرات بەمانای ئەو موڵك و ماڵەی دایك و باوك لە دوای مردنی خۆیان بەجێی دەهێڵن دابەشی سەر كوڕ و كچەكانیان دەكرێت، ئیسلام چارەسەری ئەو كێشەی بۆ كردووین، ئەگینا دوای مردنی دایك و باوك لەسەر بەشە میرات یەكتریان دەكوشت و ماڵ و موڵك بۆ خەڵك دەمایەوە، خوای گەورە لە قورئان باسی میرات دەكات، بۆ پیاو یەك بەشی داناوە و بۆ ئافرەتیش نیو بەش، ئەمەش حیكمەتی خۆی تێدایە.». مامۆستا عەبدولكەریم ئاماژەی بەوەشدا كە «زەوتكردنی ئەو بەشە میراتە لەژێر هەر بیانوویەك بێ، ئەوە زەوتكردنی مافی كەسانی دیكەیە و ئیسلام رەتیدەكاتەوە، ئەگەر برایەك حاشا لە خوشكێك بكات لەسەر بەشە میراتی خۆی، براكەی گوناهبارە و حاشای لە ئایەتی خودا كردووە، كە مافی ژنی تێدا دیاری كردووە، ئەمەش لەلای خوا سزای خۆی هەیە».
ئەو مامۆستایە جەختی لەوەش كردەوە كە» چەندین برا هەیە لە ژێر پەردەی شەرم و عەیبە خوشكی خۆیان لە میراتی باوكیان بێبەش كردووە، لێرەدا هەڵەیەكیش لە ئافرەتان هەیە، پێویستە بێ گوێدانە قسەی خەڵك شەرعییەتی خوا جێبەجێ بكەن».
ئەو مامۆستایە رەتكردنەوەی بەشە میراتی ئافرەتان بۆ براكانی بە ئاسایی وەسف كرد لە كاتێكدا كە مەبەست یارمەتیدانی براكەی بێت كە پێویستی پێیەتی و ئافرەتەكە لەماڵی خۆی گوزەرانی باشە، بۆیە گوتی: « ئاساییە ئافرەت هاوكاری براكەی بكات بە ئارەزووی خۆی نەك لەژێر باری فشار و حاشاكردن و هەڕەشە و چاوسووركردنەوە».