ڕەمــەزان و بەهێزبوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان . . . دكتۆر مەلا مادح مەلا محەمەد بەرزێوەیی *

ڕەمــەزان و بەهێزبوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان  . . .  دكتۆر مەلا مادح مەلا محەمەد بەرزێوەیی *
پێغەمبەری خۆشەویستمان (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێ: (الصِّيَامُ جُنَّةٌ)، واتا: بەڕۆژووبوون پارێزەرە، كە لە هەموو شتێكی زیانبەخش دەمانپارێزی. خۆ ئەگەر بێتو سوودەكانی بەڕۆژووبوون بژمێرین كە لە جۆرەها نەخۆشی جەستەیی و دەرونی دوورمان دەخاتەوە، ئەوا زۆر هەڵدەگرێ، بێجگە لە سوودی دواڕۆژ كە ئەوەیان مەبەستی سەرەكییە لە فەرزبوونی ڕەمەزان.
ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەمیشە جەخت لەسەر تەبایی و پێكەوەژیان دەكاتەوە و هەوڵ دەدات كە خۆشترین ژیانی پڕ لە كامەرانی دابین بكات بۆ مرۆڤایەتی، هەموو بۆنە خواپەرستییەكانیش ئەم مەبەستەیان تێدایە، مانگی ڕەمەزانی پیرۆزیش فاكتەرێكی بەهێزە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، كە ئەمەش ڕاستییەكە هەموومان هەستمان پێ كردووە، كە لە مانگی ڕەمەزان بەزەیی خەڵك زیاد دەكات، پەیوەندییەكان توندوتۆڵتر دەبن، بەرەكەت دەكەوێتە سفرەو خوانی ماڵان، لە هەر كەس بپرسی، دەڵێت: خۆشم نازانم لە سفرەی بەربانگ ئەم هەموو بەرەكەتە لە كام لاوە دێت. دڵی خواپێداوان زیاتر دەجووڵێت بۆ یارمەتیدانی هەژاران، ئەگەر هەندێك لە ئاسەواری ڕەمەزان باس بكەین كە دەبنە هۆكار بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان ئەوا ئەم چەند خاڵە دەخەینەڕوو:
1ـ كۆبوونەوەی خانەوادە لە سەر خوانی بەربانگ و پاشیو، پەیوەندییەكانی نێوماڵ گەرمتر دەكات، خۆشی و بەختەوەری نێۆماڵ دابین دەكات. واتە ئەم كەشە پڕ ئیمانییە پەیوەندیی نێو خێزان بەهێزتر دەكات، چونكە لە وانەیە زۆر لە خانەوادەكان لە مانگەكانی دی ئاستەم بێت هەموویان بە یەكەوە لە سەر سفرە و خوان دابنیشن، بە هۆی كاری باوك و دایك و خوێندنی منداڵەكان، سەفەری باوك و دەرچوونی بۆ كاروباری تایبەت و ...تد، بەڵام لە ڕەمەزان هەموویان بە یەكەوە كۆدەبنەوە، بەوەش ئارامیی ناو ماڵەكان زیتر دەبێت.
2ـ سەردانی خزم و كەسان لە شەوانی ڕەمەزان زیاتر دەبێت، واتە هاتوچۆی نێوان خەڵكی گەرمتر دەبێت، ئەمەش هۆكارێكە بۆ بەهێزبوونی پەیوەندیی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە، بەتایبەت لەم سەردەمەدا كە خەڵك بە تێكڕا گلەیی ئەوەیان هەیە كە سەردان و هاتوچۆی نێوان تەنانەت خزمانیش كەمی كردووە، بۆیە ڕەمەزان هەلێكە بۆ توندكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێو كۆمەڵگە.
3ـ كۆبونەوەی خەڵك لە مزگەوتەكان بۆ نوێژە فەرز و سوننەتەكان، بەتایبەت تەڕاویح و شەونوێژ پەیوەندیی نێوان موسڵمانان توندوتۆڵتر دەكات و زێتر لە یەكیان نزیك دەكاتەوە، بێگومان بەدیتنی یەكتری و ئەنجامدانی خواپەرستیی بەكۆمەڵ خۆشەویستیی نێوان خەڵك زیاتر دەبێت.
4ـ بەخشین لە مانگی ڕەمەزان زیاتر دەبێت، دەوڵەمەندەكان زەكاتی ماڵی خۆیان دەبەخشن بە هەژاران، ئەمەش بەزەیی لە نێوان كۆمەڵگە زیاد دەكات، هەروەها ئەو بەهاوارەوەچوونەی لێقەوماوان دەبێتە هۆكارێكی باش بۆ چاكتركردنی پێوەندییەكانی نێو خەڵكی.
5ـ تاوان و خراپەكاری كەمتر دەبێت لە مانگی ڕەمەزان، چونكە زۆربەی تاوانەكان بە هۆی تووڕەبوون و تێركردنی ئارەزووەكانە، كە مانگی ڕەمەزان دەبێتە هۆكاری كەمكردنەوەی بەوەی كە خەڵك خۆی دەپارێزێت لە هەڵچوون و شوێنكەوتنی ئارەزووەكان، بۆ ئەوەی پاداشتی ڕۆژووەكەی لە كیس نەچێت و ڕەزامەندیی خودای گەورەی دەست بكەوێت.
6ـ خەڵكی بەڕۆژوو خۆی دەپارێزێت لە نەرێتە خەراپەكانی نێو كۆمەڵگە،وەك: دووزوبانی، غەیبەت كردن، بوختان هەڵبەستن و درۆكردن، بۆ ئەوەی خێری ڕۆژووەكەی كەم نەكات، بەمەش نەخۆشییە كۆمەڵایەتییەكان كەم دەبنەوە.
7ـ زۆربەی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی لەم مانگەدا ئەنجام دەدرێت، خەڵك گەردەنی یەكتر ئازاد دەكەن و لە یەكتر دەبوورن و لە یەكدی خۆش دەبن، چونكە موسڵمانان زیاتر ڕوویان لە خواپەرستییە و لە ناخی خۆیانەوە دەڵێن: بۆ ئەوەی خوا لێمان قەبوڵ بكات و لێمان خۆش بێت، دەبێ ئێمەش لە خەڵك ببوورین و لێیان خۆش بین، بەمەش خۆشەویستیی نێوان خەڵك زیاتر دەبێت.
8ـ لە ڕەمەزاندا هەستی هاوكاری وتەبایی و یەكسانی لە نێو كۆمەڵگە زیاتر دەبێت، چونكە خەڵك لە یەك كاتدا هەڵدەستنەوە بۆ پاشیو، بە یەكەوە نوێژی بەیانی ئەنجام دەدەن، لە یەك كاتدا دەوڵەمەند و هەژار پێكەوە بەڕۆژوو دەبن و بە یەكەوە هەست بە برسیەتی و تێنوویەتی دەكەن، هەروەها لە یەك كاتدا بەربانگ دەكەنەوە، ئەمە ڕۆحی یەكسانی و تەبایی لە ناو كۆمەڵگە دەچەسپێنی و بەهێزتری دەكات.
9ـ لە كۆتایی ڕەمەزان سەرفترەی مانگەكە دێتە گۆڕێ كە فەرزە لە سەر هەموو كەسێك كە خواردنی لە بەشی خۆی و منداڵەكانی پتر بێت، بەشێكی دیاریكراوی لێ بداتە هەژاران، ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ بەهێزبوونی پەیوەندیی نێوان خەڵك بەتێكڕا، بەوەش كەسی هەژار و نەدار، هەست بەوە ناكات كە كۆمەڵگە ئەوی لەبیرچووە، یان حیسابی بۆ نەكراوە، ئەمەش پەیوەندیی خەڵك زۆر بەهێزتر دەكات.
10ـ لە كۆتایی ئەم مانگە پیرۆزە كە ڕۆژی جەژنە، بۆنەیەكە بۆ كۆبوونەوەی خەڵك لە ماڵانی خوا بۆ ئەنجامدانی نۆێژی جەژن و گوێگرتن بۆ وتاربێژان كە جەخت لەسەر برایەتی و خۆشەویستی دەكەنەوە، هەروەها خەڵك بە گەرموگوڕی جەژنەپیرۆزە لە یەكتر دەكەن، دراوسێ و خەڵكی گەڕەك و شار و لادێ بە گشتی سەردانی یەكتری دەكەن، ئەوە باشترین هۆكارە بۆ دابینكردنی تەبایی و ئاشتی و برایەتی لە نێوان كۆمەڵگە.
پوختەی قسەكان: مانگی ڕەمەزان هەمووی خێر و بەرەكەتە و چاكترین هۆكارە بۆ بەهێزتركردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان.

* ئەندامی ئەنجومونی زانستی لە وەزارەتی ئەوقاف
پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی بەرزێوە/سۆران
Top