رەمەزان قوتابخانە 30 رۆژەكە و پەیامە پیرۆزەكە .... د.بەشیر خەلیل حەداد*

رەمەزان قوتابخانە 30 رۆژەكە و پەیامە پیرۆزەكە .... د.بەشیر خەلیل حەداد*
خوای گەورە و بەدیهێنەر هەندێ كاتی لە شەو رۆژ و مانگدا پیرۆزی وتایبەتمەندیی زیاتری پێبەخشیوە وەك شەوی قەدر ورۆژی عەرەفە ومانگی رەمەزانی پیرۆز...هتد.
ئەویش بۆ ئەوەیە كە مرۆڤەكان لەم كاتانەدا زیاتر هەوڵی خۆ پاككردنەوە بدەن ووەك وێستگەیەك بۆ ئارامی دڵ و ئاسودەیی رۆح وحەسانەوەی جەستە شەكەتەكان سودیان لێوەربگرن.
بە بۆنەی هاتنەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە بە پێویستی دەزانین لێرەدا جەخت لەسەر پەیام وپیرۆزی ئەم مانگە بكەینەوە كە شاخەڵاتی خوای گەورەی تیا دابەزیوە.
رەمەزان مانگی خۆناسین وخوا ناسینە،مانگی خاوێن بونەوە ونوێبونەوەیە، مانگی تێر كردنی رۆح و دڵەكانە، مانگی گەرانەوە بۆ لای پەروەردگار و نوێكردنەوەی پەیمانی بەندایەتییە، مانگی قورئان و بەدر وقەدرە، مانگی هاریكاریی ویارمەتیدانە،مانگی لێبووردەیی وتەبایی ویەكریزییە،مانگی گەردن ئازادیی ودەستلەملانێیە،مانگی خۆشەویستیی وپاراستنی كەرامەت وشكۆی مرۆڤەكانە، مانگی قەدەغە كردنی حەڵاڵەكانە بە مەبەستی دوركەوتنەوەی یەكجارەكی لە گشت ناپەسند وحەڕامەكان،مانگی زاڵبون بەسەر نەفس و ئارەزووەكان و بەهێز كردنی ویست و ئیرادەیە. بەڵێ ئەمەیە رەمەزان.. مانگی بەرۆژوو بون و تەراویح وپاڕانەوە، مانگی میهرەبانی ولێبووردەیی و رزگار بوون لە دۆزەخ وخەشمی خوا. لەبەر ئەم تایبەتمەندییانە وهی تریش،ئەم مانگە شایستەی ئەوەیە كە نازناوی قوتابخانە 30 رۆژییەكەی پێ رەوا ببینرێت كە پەیامێكی گەورە وبەرزی دینداری ومرۆڤدۆستی وبەها بەرزەكانی تیایدا بەرجەستە دەبێت.ئەو پەیامەی كە قورئانی پیرۆز بە كورتی وپوختی لەم ئایەتەدا بۆمانی دیار دەكات: (يا أَيُّها الّذينَ آمَنوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيامُ كَما كُتِبَ علی الّذينَ مِن قَبلِكُم لَعَلّكُم تَتًّقُونَ)، لەم ئایەتەدا هەر سێ چەمكی (ئیمان و بەرۆژووبون و تەقوا) بە شێوازێك بە یەكەوە گرێدراوە كە هەریەكەیان مرۆڤ بەرەو ئەویتر دەبات، سەرەتا مرۆڤی موسڵمان باوەڕی تەواو وقەناعەتی دامەزراوی هەبێت بەفەرمانەكانی خوا، وە دانبنێت بە بەندایەتی بۆی، و ئەو بیروباوەڕە و ئەم بەندایەتییە مرۆڤ دەگوازێتەوە ناو بازنەی دووەم كە ئەویش قوتابخانەی رەمەزان و بەرۆژوو بونە، كە ئەویش خۆی لە خۆیدا قوتابخانەیەكی گرنگە بۆ پەروەردە كردنی تاكەكانی كۆمەڵ و پاككردنەوەی دڵ و دەروون هزر وبیر و رۆح و جەستە. كاتێك مرۆڤەكان لەم قوتابخانەیەدا ماوەی چەندین رۆژ (أَيّاماً مَعْدُوداتٍ) خولێكی چڕ وپڕ وقورس دەبینن و بە سەركەوتوویی تەواوی دەكەن، شایستەی ئەوە دەبن كە كە بروانامەی خۆپارێزی (التقوی) یان پێ بدرێت، و ناویان لە لیستی خۆپارێزان (المتقین) دا تۆمار بكرێت.
هەروەك ئاشكرایە كە مرۆڤ بەرزترین بەهای ئیسلام و گەورەترین ئامانجێتی، ئەگەر لە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز و فەرمودە پیرۆزەكان ورد ببینەوە دەبینین هەر هەمویان یا گوتارن و ئاراستەی مرۆڤەكان كراون، یان دەربارەی مرۆڤ و كامەرانێتی مرۆڤایەتی دەدوێن، خوای زانا و كار بەجێ دەفەرموێت: (وَ لَقَد كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ ).
گشت پەرستشەكان (العبادات) لە ئیسلامدا بۆ یەك ئامانج دانراون ئەویش رێز گرتنە لە مرۆڤ بە رێگای چاككردنەوە وراست كردنەوەی ئاكار و گوفتار، یا رەوشت و رەفتار، ئەوەتا سەبارەت بە نوێژ خوای گەورە دەفەرموێت:( إنَّ الصَّلاةَ تَنْهى عَنِ الفَحْشاءِ والمُنْكَرِ)، و سەبارەت بە رۆژوو دەفەرموێت: (لَعَلَّكُم تَتَّقُونَ)، هەروەها سەبارەت بە زەكات و حەج و پەرستشەكانی تریش. كەواتە هەمو ئەو كار وفەرمانانەی خوا لە بەندەكانی داوا دەكات، هەموی بۆ جوانتر كردنی رەوشت و رازاندنەوەیانە بە بەها بەرزەكانی ئیمانی ومرۆڤایەتی.
بۆیە زانایان دەفەرمون: ئایین ودینداری هەر هەمووی بریتییە لە رەوشت و رەفتار، هەركەسێك رەوشتی جوانتر وبەرزتر بێت، ئەو كەسە دیندارتر و لە خوا نزیكترە، و ئەمە مانای ئەو ئایەتەیە كە خوای گەورەی میهرەبان دەفەرموێت: ( إنَّ أَكْرَمَكُم عِنْدَ الله أَتْقاكُم)، واتا بەرێزترینتان لای خوا خۆپارێزترینتانە لە كار و ئاكاری خراپ.
بەم شێوەیە پێویستە مرۆڤی موسڵمان لە رەمەزان و عیبادەتی رۆژوو بنواڕێت، بیكاتە هەلێك بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە خۆیدا، و وێستگەیەك بۆ بەخۆداچووەوە، و بۆنەیەك بۆ پەشیمان بونەوە لە خراپە وخراپەكاری، و تازە كردنەوەی بەڵێن و پەیمان لەگەل خودای تاك وتەنیا. پەیامی رەمەزان و رۆژوو وانەی زۆر جوان وبەرزمان فێر دەكات لەوانە:
1- رێكخستنی هاوسەنگییەكان.
پەیامی 30 رۆژەی رەمەزان ئەو هاوسەنگییانە رێكدەخاتەوە كە مرۆڤ بەرەو ئاسودەیی رۆح وئارامی دڵ و حەوانەوەی جەستە دەبات، (هاوسەنگی نێوان دنیا ئاخیرەت، رۆح وجەستە، زەوی وئاسمان، عەقڵ و سروش، باوەڕ و كردەوە)، وە بە رێكخستنیان هەست بە تام و لەزەتێك دەكات كە زۆر كەس لێی بێبەشن و بەدوایدا وێڵن، ئەویش تامی باوەڕی راستەقینەیە.
2- دابینكردنی وزە وخۆراك بۆ رۆح دڵەكان.
هەروەك لاشە و جەستە پێویستی بە خۆراك هەیە بۆ تێربون وگەشەكردن، بەهەمان شێوە رۆح و هزر وبیریش پێویستیان بە خۆراك هەیە بۆ بوژانەوە وگەشەسەندن، و ئەم خۆراكە بریتییە لە بەستنەوەی رۆح و دڵەكان بە بەدیهێنەو دروستكەرییەوە كە خودای باڵادەستە.
3- زاڵبون بەسەر نەفس ورێكسازی ئارەزووە ئاژەڵییەكان.
مرۆڤی بە هێز و بەتوانا ئەو كەسە نییە كە لە زۆرانبازیدا زاڵبێت بەسەر كەسێكدا و پشتی بخاتە سە زەوی، بەڵكو بەهێز ئەوەیە كە زاڵبێت بەسەر خود و نەفسی خۆیدا، و بتوانێت رێكسازی ئارەزووە ئاژەڵییەكان (ظبط الشهوات الحیوانیة) ی خۆی بكات، و جڵەوی سۆز و غەریزەكانی لە دەست نەدات، وەك جڵەوی توڕەبون و برسێتی و تێنوێتی و جوتبوون...هتد. ئەمانە ئارەزوو و غەریزەی بەهێزن لە مرۆڤدا، و پێویستییان بە رێكسازی(ظبط) هەیە، دەنا مرۆڤ تووشی كێشەی گەورە و لادانی مەترسیداری كۆمەڵایەتی دەكات، ئەم رێكسازییەش یەكێكە لە ئامانجەكانی قوتابخانەی رەمەزان.
4- خۆناسین لە خواناسیندا، بە دەرخستنی هێز و وزەی شاراوەی مرۆڤ.
یەكێك لە وانە گرنگەكانی ئەم مانگە پیرۆزە ئەوەیە كە حەقیقەتی مرۆڤ دەردەخات، و وزە شاراوەكەی پێنیشاندەدات، كە ئەوەتا ئەی مرۆڤ تۆ بەهێزی و وزەیەكی زۆریشت هەیە كە دەتوانی بەرگەی ئەوە بگریت بۆ ماوەی 16-20 كاتژمێر نەخۆیت و نەخۆیتەوە، زۆر شت لە خۆت قەدەغە بكەیت، كە پێتوابوو ناتوانی دور بكەویتەوە لێیان، كەواتە لەناو ئەم خواپەرستییەدا مرۆڤ خۆیشی دەناسێت و ئەمە خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆكاری بەرز كردنەوەی ورەی مرۆڤ، و بەهێز كردنی ویست و ئیرادەی، و راهاتن لەسەر دان بەخۆدا گرتن لەكاتە ناخۆش و رۆژانی سەخت وزەحمەتەكاندا.
ئەمانە مشتێكن لە خەروار و كەمێكن لە وانە گرنگ وتایبەتمەندییەكانی مانگی رەمەزانی پیرۆز،ئەگەر مرۆڤەكان بە راست ودروستی بیناسن وپەی پێببەن دەتوانن سوودی زۆری لێوەرگرن، وە خۆشیان بوێت و دڵیان بە هاتنەوەی خۆشبێت، و ئەگەر خەڵكی ئاوا ئەم مانگەیان بناسیایە حەزیان دەكرد هەمو رۆژانی ساڵ رەمەزان بوایە و بە شایستەوە نازناوی قوتابخانە 30 رۆژییەكەیان بە رەمەزان دەبەخشی.
خوای گەورە بێبەشمان نەكات لە خێر وبێرو میهرەبانی ئەم مانگە پیرۆزە، رۆژوو و تاعەت وپاڕانەوەی هەموو لایەكمان گیرا بكات، بیكاتە مایەی خۆشی وكامەرانی و رزگار بوونمان لە گشت قەیران و ناخۆشی ونەهامەتی، لە پەروەردگارمان دەپاڕێینەوە كە سەركەوتومان بكات بەسەر نەفس وئارەزووەكانماندا، و بەسەر دوژمنانی دین و دنیاو خاك ووڵاتمان.

* پسپۆر لە هزری ئیسلامی
وتار بیژی مزگەوتی جلیل خیاط
Top