د. نازناز محەمەد قادر: دڕندەیی تیرۆریستان و گەورەیی تاوانی جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی لە تاوانی جینۆسایدی هەڵەبجە و ئەنفالی گەرمیان و بارزان كەمتر نەبوو
May 15, 2017
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
* ئەو كارەساتەی لە سەر دەستی تیرۆریستانی داعش بەسەر كوردانی ئێزیدی هات هەرگیز لەبیر ناچێتەوە، حكومەتی عێراقی تا ئێستاش كارێكی ئەوتۆی بۆ ساڕێژكردنی ئەو برینە قووڵە نەكردووە، ئایا حكومەتی كوردستان لەو بوارەدا چی كردووە و دەبێت چی بكات؟
- رۆژی 3/8/2014 وەك 16/3/1988 رۆژێكی لەبیرنەكراوەیە لە مێژووی كورد و كوردستان، لە بەر ئەوەی رۆژی جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی بوو، دڕندەیی تیرۆریستان و گەورەیی تاوانەكەش لە تاوانی جینۆسایدی هەڵەبجە و ئەنفالی گەرمیان و بارزان كەمتر نەبوو. لەم رۆژەدا رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش) هێرشیان هێنایە سەر شنگال و هەزاران كەسیان شەهید كرد و 6417 ئافرەت و پیاویان رفاند، لەم ژمارەیە 3547 كەس مێینە و 2870 كەس نێر بوون. لە 11/11/2014 نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بڕیارێكی دەركرد كە دۆسییەیەك بۆ گەڕاندنەوەی رفێندراوانی ئێزیدی بكرێتەوە، دۆسیەكەش كەوتە ئەستۆی بەڕێوەبەری كاروباری ئێزیدییان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی كوردستان، هەروەها لە دهۆك ئۆفیسێك بۆ ئەو مەبەستە كرایەوە. لە درەنجامی هێرشەكەی داعش شنگال بوو بە وێرانە، پتر لە 2000 كەس شەهید بوون، ئەوانی دیكەش ئاوارەی شار و گوند و كەمپەكان بوون، هێنانەوەی دیلەكانی دەستی داعش، هەستیارترین كارە كە لە ماوەی شەڕی داعش ئەنجام درا، ئەركی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی كوردستان قورس بوو، لەلایەك سازدانی پێشمەرگە بۆ بەرگری لە خاكی كوردستان و پاراستنی ئاسایشی وڵات و داڵدەدانی ئاوارە و پەنابەران، ئینجا كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی بەدیلگیراوەكانی ئێزیدی بە تایبەتی كچان و ئافرەتانی ئێزیدی. جگە لەمانە میكانیزم و نەخشەڕێگە دانرا بۆ چۆنیەتی گەڕاندنەوەیان و چەندین كەس لەناو كەمپەكان دۆزرانەوە كە پەیوەندی باشیان لەگەڵ عەرەبی ناو موسڵ هەبوو، بەهۆی ئەوانەوە لە رێگەی قاچاخ توانییان ژمارەیەك لە دیلەكان بكڕنەوە و بیانگەڕێننەوە. تا 30/4/2017 لە كۆی 6417 دیل 3001 كەس گەڕێندرانەوە و ئازادكران كە 1877 مێینەن و 1924 نێرن، كەواتە هێشتا 3416 كەس دەستی رزگاركردنیان پێنەگەیشتووە و گەڕاندنەوەیان كارێكی زۆر دژوارە و وەك ئەوە وایە پاروو لە دەمی شێر دەربكەیت. ئەو ئۆفیسە لە كاركردن بۆ رزگاركردنی رفێندراوەكان بەردەوامە، ژمارەیەك عەرەبیش كە لە ناو موسڵ هاوكاری ئەو ئۆفیسەیان دەكرد، تائێستا سێ كەسیان ئاشكرابوون كە بەداخەوە لەلایەن تیرۆریستانی داعش سەریان بڕدرا. كچان و ئافرەتان سەرەتا كە دیل دەبن لەلایەن داعشەوە ناویان لێ دەندرێت سەبایە، پاش ئەوەی دەستدرێژی دەكرێتە سەریان، دەبنە جاریە، كوڕان و پیاوانیش سەرەتا ئەسیرن و دواتریش كە دەگەنە مەڵبەندی داعش دەبنە كۆیلە، كۆیلە و جاریە لە بازاڕی (النخاسە) كڕین و فرۆشتن و ئاڵوگۆڕیان لەسەرە، نرخەكانیان لە 1000 دینار تا 500 دۆلارە و نابێ لەم نرخە تێپەڕێت و وەك خزمەتكار و جووتیار و شوان و گاوان بەكاریان دێنن لە پاڵ كاری ماڵەوە، ئافرەتان و كچانی دیل بۆ كاری سێكسی بەكاردەخرێن.
* وەك دەزانن سەرۆكی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی كوردستان هەموو هەوڵی خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی بەپارە ئەو ئافرەت و كچانە بكڕنەوە كە لەلایەن داعشەوە رفێندراون، بەمەش تا ئێستا وەك باستان كرد، ژمارەیەكی زۆر لە كچان و ئافرەتانی ئێزیدی رزگاریان بووە، ئایا خەمخۆریی سەرۆك مسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی تاچەند باری سەرشانی كوردانی ئێزیدی سووك كردووە؟
- هەر لە درێژەی هەوڵ و تەقەڵاكانی حكومەتی كوردستان و پێوەندی ئاست باڵای سەرۆكی كوردستان لەگەڵ هاوپەیمانان، توانرا رێككەوتنێك لەگەڵ بادن فۆر تیمبرگ (یەك لە ویلایەتەكانی ئەڵمانیا) بكرێت بۆ وەرگرتنی 1100 ئافرەت و منداڵی دیلی گەڕاوەی ژێردەستی داعش. ئێستاش لە هەوڵی ئەوەدان لە نێوان 500 تا 1000 كەسی تر لەم ویلایەتە وەربگرن. سەرۆكی حكومەتیش دووجار لەگەڵ مەجلیسی رۆحانیی ئێزیدیان دانیشتووە و بەڵێنی پێداون ئەوەی لە دەستی بێت بۆ گەڕاندنەوەی دیلەكان دەیكات. بڕی ئەو بودجەی كە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو 3001 دیلە خەرجكراوە، پتر لە چوار ملیۆن دۆلارە كە خودی سەرۆكی حكومەت نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتی ئەو دۆسیەیە دەكات و بەپێی وتەی نوێنەری ئێزیدییان لە حكومەت سەرۆكی حكومەت بەردەوام بە پەرۆشەوە بەدواداچوون دەكات و زۆر نیگەرانی چارەنووسی دیلەكانە بەتایبەت كچانی دیل و رایگەیاندووە سەرەڕای قەیرانی دارایی حكومەتی كوردستان هەرچەندە دارایی پێویست بێت بۆ رزگاركردنیان خەرج بكرێت.
* ئەو ئافرەتانەی لە دەستی داعشەكان رزگاریان دەبێت، جگە لە تێكشكانی باری رۆحی و دەروونییان كە نیازی بە چارەسەری جددی هەیە، تا رادەیەكیش لەلایەن خێزانی خۆیانەوە مەترسی ئەوەیان لەسەرە كە بە ئاسانی قبووڵ نەكرێنەوە، تەنانەت ئەگەری ئەوەشی هەیە رووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە، لەو بارەیەوە تا ئێستا چییان بۆ كراوە؟
- بۆ ئەوەی ئەم ئافرەت و كچانەی كە دەگەڕێنەوە ناو كەسوكاریان تووشی هیچ كاردانەوەیەك نەبن لە توندوتیژی، یان شەرم و عار بوون، لیئافرەتەی گەڕاندنەوەی ئەم دیلانە لە سەرەتادا لەگەڵ بەڕێز بابەشێخ كە گەورەی ئایینی ئێزیدییانە دانیشتن، ئەویش بۆ ئەوەی رابگەیندرێ كە لە رووی ئایینییەوە هیچ شەرمێك ناكەوێتە نێوچەوانی كچان و ئافرەتانی رفێندراو، چونكە ئەمانە بێدەسەڵات بوون و بردراون و دەستدرێژییان كراوەتەسەر. دوای ئەوەی كە گەورەی ئایینی ئێزیدییان ئەمەی راگەیاند، سەرۆك هۆزەكانیش هەمان بیر و بۆچوونی خۆیان راگەیاند. بێگومان ئافرەتانی دیل دەگەڕێنەوە، لە رووی دەروونییەوە تووشی ئازارەكانی پۆست تراوما دەبن، واتە لە ماوەی دیلی ئەوان لە رووی رۆحی و فیزیكی ئەشكەنجە دراون، ئایینیان پێ گۆڕیون، تەنیا بە زمانی عەرەبی دواون، قورئانیان پێ ختم كردوون، چەندین جار فرۆشراون و بە دڕندەترین شێواز دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەریان، لە رووی جەستەیی هەموویان تووشی جۆرەها نەخۆشی ئافرەتان بوون، ئەمانە تێكشكاون و پێویستیان بە چارەسەری درێژخایەن هەیە، لە رووی رۆحی و جەستەیی بۆ ئەوەی لەم كابوسەی كە چەندین مانگ و ساڵ تێیدا ژیاون،رزگاریان بێت و سەرلەنوێ دروست بكرێنەوە. بەو بارودۆخەی كە كوردستان هەیەتی و تایبەت لەم قەیرانە ئابوورییە، ئیمكانات كەمە بۆ چاككردنەوەی رەوشی دیلە گەڕاوەكان، بۆیە پێویستە بەردەوام داوا لە وڵاتانی هاوپەیمانان و رێكخراوە مرۆییەكان بكرێت كە هاوكاری حكومەت بكەن بە دامەزراندنی سەنتەری تەندروستی دەروونی و نەخۆشخانەی ئافرەتان یارمەتی ساڕێژكردنی برینی ئافرەتانی ئێزیدی بدەن.
* جگە لەو هەنگاوانەی كە حكومەتی كوردستان تا ئێستا بۆ باشتركردنی دۆخی ئێزیدییان هەڵیگرتووە، پێویستە چی دیكە بكرێت و سەربەخۆیی كوردستان و بوون بە دەوڵەت تا چەند دەتوانێت رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانە گەورانە لە دژی كوردان بكات؟
- پێویستە هەوڵ بدرێت رۆژی 3/8/2014 كە رۆژی جینۆسایدی ئێزیدییەكانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانی پێبندرێت و كاربكرێت بۆ ئەوەی زیانلێكەوتووان و قوربانییانی ئەو تاوانە گەورەیە قەرەبوو بكرێنەوە. هەروەها پێویستە حكومەتی كوردستان نەهێڵێت ئەم تراژیدیایە لەبیربكرێت، بەڵكو بە دامەزراندنی دەزگایەك بۆ بە دیكۆمێنت كردن و ئەرشیف كردن، ئەم یادە تاڵە بە زیندوویی بهێڵدرێتەوە، ئەم تراژیدیایەش هاوشێوەی جینۆسایدی هەڵەبجە و ئەنفالی كوردانە و وامان لێ دەكات قەناعەت بهێنین كە هیچ رێگەیەك جگە لە دروستكردنی شورەیەك لە نێوان جوگرافیای كوردستان و عێراق و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ نەماوە و دەبێت لە چنگ داگیركەری عەرەب رزگارمان بێت. تەنیا دۆستانمان لە وڵاتانی هاوپەیمان بوون كە لەم كارەساتە فریامان كەوتن و تەنیا ئەوانیش دەتوانن یارمەتیمان بدەن لە ساڕێژكردنی برینی قوربانییان، لە وەرگرتنیان وەك پەنابەر، هەروەها بە پشتیوانییان لە راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بۆ ئەوەی وا بەئاسانی چیتر خەڵكی كوردستان نەبنە قوربانیی دەستی دڕندەیی هیچ داگیركەرێك.