ئەوەی لەبارەی ئێزیدیەكانەوە نەگوتراوە .... ئاری ڕەفیق
May 15, 2017
کۆمەڵایەتی
هەروەها لەڕووی لێپێچینەوەو بەدواداچوونی تاوانەكانی دژبە ئێزیدیەكان، هەر لە سەرەتای تراژیدیای شەنگالەوە لیژنەی باڵای تایبەت بە جینۆساید لە پارێزگای دهۆك لەسەر ئاستی دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان پێكهێنرا، پێكهاتەو ئەندامانی ئەم لیژنە باڵایە توانیویانە تاڕادەیەكی زۆر باش سەركەوتوو بن لە كۆكردنەوەی زانیاری و بەدیكۆمێنتكردنی تاوانەكانی داعش، بەتایبەت ئەو تاوانانەی رووبەڕووی ئێزیدیەكان بۆتەوە، هەروەها خودی ئەم لیژنە باڵایە دەرئەنجامی زۆرباشیان بەدەستهێناوە لە پشتیوانی و یارمەتیدانی تەندرووستی و دەروونی بەتایبەت بۆ ئەو كچ و ژنانەی لەژێر هەژموونی رێكخراوی تیرۆریستی داعش رزگاریان بووە، سەركەوتووش بوون لەرەخساندنی دەلیڤەی بیناكردنەوەی دەروونی تێكشكێنراوی ئەو ژنانەی كە لەژێر چنگی هەوەسبازەكانی داعش خۆیان دەربازكردووە و بەشێكیشیان بە زەبری پارە دەربازكراون.
ئێزیدییەكان كێن ؟
لەدوای تراژیدیای شەنگال ئەوەندەی لە میدیاكانەوە بایەخ بە ململانێی سەربازی و سیاسیی هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و پارت و لایەنەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان دراوە، نیو ئەوەندە فۆكەس نەخراوەتە سەر ئەو دیوانەی كە خزمەت بە شەنگال و ئێزیدیەكان دەكات، بۆیە لێرەدا بە گرنگی دەزانم ئاماژە بە خستنەڕووی چەند زانیارییەكی گرنگ بدەم سەبارەت بە ئێزیدییەكان، بەتایبەتی لەپاش ڕەشەكوژیەكەی شەنگال، لەوانە:
- پێش هاتنی داعش ژمارەی ئێزییدیەكان لە عێراق و كوردستان (550000) كەس بوو، واتا زیاتر لە نیو ملیۆن كەس.
- پاش غەزوەكەی داعش بۆ سەر ناوچەكانی ئێزیدییەكان (360000) هەزار كەس ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و زۆرینەشیان لە كەمپەكاندا نیشتەجێكراون.
- هەروەها نزیكی (60،000)هەزار كەس ئاوارەی وڵاتانی توركیاو سوریا بوون.
- لەسەرەتای بەزاندنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن رێكخراوی تیرۆرستی داعشەوە هەتا ئێستا(1293) ئێزیدی بە دەستی داعش كوژراون.
- ژمارەی هەتیوەكانی ئێزیدیەكان كە لەئەنجامی شەڕی داعش هەتیوو بوون بە دەستی داعش پێكدێن لە (2740) منداڵی ئێزیدی.
- لەدوای هاتنی داعشەوە هەتا ئێستا توانراوە (22) گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزیدیەكان بدۆزرێتەوە.
- هەروەها هەتاكو ئێستا (44)مەزارگەو شوێنی ئایینی تەقێنراوەتەوە لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعش.
- ژمارەی كەسە رفێنراوەكان لەلایەن داعشەوە دەگاتە(6386) كەس، لەم ژمارەیە (3527)كەس لە رەگەزی ئافرەتن و(2859) كەسیش لە رەگەزی نێرن.
- ژمارەی رزگاربووانی ئێزیدی (2587)كەسن، لەمانە (934) لە رەگەزی ئافرەتن و (325) لە رەگەزی پیاون و (658) لەتەمەنی منداڵیدان لە رەگەزی مێ و (670) منداڵی تریش لە رەگەزی نێرن.
- ئەوانەی كە تا ئێستا لەژێر دەستی داعشدا گیریانخواردووەو دەستگیركراون ژمارەیان دەگاتە (3799) كەس، لەوانە (1935) كەسیان لە رەگەزی (مێ)ن و (1864) كەسیشیان لەرەگەزی (نێر)ن.
- ژمارەی ئەو منداڵ و گەنجانەی كە لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعشن و بەزۆر مەشقی عەسكەریان پێدەكرێ نزیكەی (1200) منداڵ و گەنجی ئێزیدین.
هەروەها لەڕووی دیكۆمێنتی میدیاییشەوە هەندێك هەنگاوی جدی و باش نراون بۆ دۆزینەوەی قوربانیانی تاوانەكان و دواندنیان بۆ گێڕانەوەی وردەكاری ئەو رووداوانەی كە لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە رووبەروویان بۆتەوە، بۆنموونە لە ئێستا چەند فیلمێكی دیكۆمێنتاری تایبەت بە ژنانی رزگاربووی ئێزیدیەكان بەرهەمهاتوون، لەناو هەر یەكێك لە فیلمانەدا چیرۆكی كارەساتباری زۆر گەورە هەن كە مرۆڤ ناتوانێ لە ئاست بینین و گوێگرتن لە وردەكاریەكانی رووداوەكانی ناویان قوڕگی پڕنەبێ لە گریان!
لەلایەكی دیكەشەوە بەپێی ئەو زانیاریانەی من هەمە لەدوای تراژیدیای شەنگالەوە خودی نێچیرڤان بارزانی گوژمەی حەوت ملیۆن دۆلاری خەرج كردووە بۆ هێنانەوەو رزگاركردنی رفێنراوەكانی ژێردەستی داعش و تاكو ئێستاش توانراوە نزیكەی (3001) كەس لەژێردەستی داعش لەرێگەی تەرخانكردنی ئەم گوژمەیەی ئاماژەمان بۆكرد رزگاربكرێن.
بەدەر لەم هەوڵانەی سەرەوە، توانراوە ژمارەیەكی زۆری رێكخراوە بەخشەرە نێودەوڵەتییەكان رابكێشرێنە ناو پرۆسەی سەرپێخستنەوەی ژیانی ئاسایی ئێزیدییەكان لەرێگەی جێبەجێكردنی پرۆژەی كورتمەوداو دوورمەوداوە، ماوەتەوە بڵێم لەگەڵ هەموو ئەو هەنگاو و هەوڵانەشدا تا ئێستاش ئێزیدییەكان خوێنی ئەو رەشەكوژییەیان لێدەچۆڕێ، بۆیە گرنگە هەمووان لەو هەموو توڕەیی و پەستبوونەیان حاڵی بین.
* ماستەر لە كۆمەڵناسی