سورەیا فەلاح: ئافرەتی كورد نەك تەنیا لە خەبات بۆ سەربەخۆیی بەڵكو لە پاراستنی دەستكەوتە نەتەوەییەكانیش بەشداریی فیداكارانەی هەیە
May 2, 2017
کۆمەڵایەتی
- بارودۆخی ژنی كورد لە باشووری كوردستان بەراورد بە ئافرەتانی ناوچەكانی دیكە لە عێراق و هەروەها ئافرەتانی ناوچە كوردییەكانی دیكە باشترە. چەندین ئاماژەو پێوەر هەن بۆ پیشكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك و گرنگترینیان بەشداریی كارای ژنە لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسی و دەستكەوتی یاساییە لە یەكسانی و نەهێشتنی جیاوازی رەگەزی، ئافرەتانی باشووری كوردستان قۆناخی باشیان لەو بوارەدا بڕیوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە بە تەواوەتی توانیویانە زاڵ بن بە سەر هەموو ئەو نەریتانەدا كە ناكۆكە لەگەڵ مافەكانیان. سەبارەت بەوەش كە ئافرەتان تا چەند لە پێگەی ئێستایان رازین، ئاماژە بە لێكۆڵینەوەیەكی رێكخراوی ناوەندی ستاتیتكیەڵ (Central Statistical Organisation) دەكەم كە سەبارەت بە دۆخی ئافرەتان لە عێراق ئەنجامیان داوە.
ئەم فیگۆرە پیشاندەری پینج خاڵی گرینگە، یەكەم: مافی دەنگدان، دووەم: مافی دەنگپێدان و هەڵبژاردن، سێیەم: بیرو رای ئافرەتان لە بارەی سیاسەت و سەیركردنی وەك سیاسەت وەك پیشەی پیاوان، چوارەم: بەشداریكردن لە دەنگدان و پێنجەم: بەشداریی كۆمەڵایەتییە.
ئە گەر بە وردی سەیری بكەین، دەبینین ئافرەتانی كورد ژمارەیەكی زۆر بەرزتریان بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق لە دەستەبەری مافەكانیان هەیە. ئەوان پێیانوایە كە مافی دەنگدان، مافی دە نگ پێدان و هەڵبژاردن، بەشداری لە دەنگدان و بەشداری كۆمەڵایەتییان هەیە و پێیان وا نییە كە سیاسەت تەنیا پیشەی پیاوانە و خۆیان بە بەشدار لە سیاسەت دەزانن.
ئەم فیگۆرەش پیشانی دەدات كە ئافرەتانی كورد بیر و رایەكی ئەرێنییان سەبارەت بە كۆمەڵگەی كوردی هەیە (بە بەراورد لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی عێراق) و پێیانوایە كە یاساكان لە بەرژەوەندی ئافرەتاندایە.
• كەواتە كۆسپەكانی بەردەم دەستەبەركردنی مافی یەكسانی ژن و پیاو بەگشتی لە كۆمەڵگەی كوردی چین؟
- ئە و كوسپانە دەكرێ بە چەند خاڵ دەستنیشان بكەین، لەوانە: كلتووری نەریتی، ئایین كە زیاتر ئافرەت بە ماڵەوە دەبەستێتەوە، خودی ئەو ئافرەتانەی كە پتر لە پیاوان دەستیان بە كەلتووری نەریتی و دواكەوتووی نێرسالارییەوە گرتووە، كۆسپی بەردەم دەستەبەركردنی مافی یەكسانیی رەگەزین. هەروەها باری ئابووریی كوردستان رۆڵێكی كاریگەری لەو بوارەدا هەیە. لەبەر ئەوەی خۆتان دەزانن كوردستان وڵاتێكی پیشەیی نییە، ئەوەش وادەكات دەرفەتی كاركردن و بوون بە خاوەن داهات و ئابوورییەكی سەربەخۆ بۆ خانمان زۆر كەم بێت .
* دیارە گۆڕانكاری ریشەیی لە ئایین و ئایینزاكانی كۆمەڵگەی ئایینیدا كارێكی دژوارە، گەر واز لەو رهەندە بێنین، چ رێكارێكی دیكە هەیە كە بتوانێت مافی ئافرەتان لە كۆمەڵگەی كوردی دەستەبەر بكات؟
- لە زۆربەی كۆمەڵگەكان بە كۆمەڵگەی كوردستانیشەوە ناكرێ ئایین و ئایینزاكان بەلاوە بنرێن، بەڵام دەكرێ لە زانای ئایینی و ئەنیستیتۆیە مەزهەبییەكان سوود وەربگرین بۆ ئەوەی پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتیی ئافرەتان بەرز بكەینەوە. یەكسانی رەگەزی رەهەندێكە كە لە وڵاتانی پێشكەوتووش هێشتا قسەی لەسەر دەكرێت و بە تەواوی جێگیر نەبووە. بۆیە زانایانی ئایینی كە شوێنكەوتووی زۆریان هەیە، دەتوانن یارمەتیدەری دەستەبەركردنی مافەكانی ئافرەتان بن. ئەزموونی ئەوەشمان هەیە، مامۆستا شێخ عیزەددین حوسەینی لە رۆژهەڵاتی كوردستان یەكێك لەو زانا ئایینییانە بووە كە كۆمەڵگەی بەرەو یەكسانیی جێندەری و رێزگرتن لە مافەكانی ئافرەت هان داوە.
رێكارێكی دیكە كە بتوانێت مافی ئافرەتان لە كۆمەڵگەی كوردی دەستەبەر بكات، جێبەجێكردنی یاسایە، بەتایبەتی ئەو یاسایانەی كە لە باشووری كوردستان لە بەرژەوەندی ئافرەتان دەرچووە. یاساش كاتێ دەتوانێ گرنگ بێت، كە جێبەجێ بكرێت. هەروەها پێویستە بە یاسا خوێندنی منداڵ بەسەر خێزاندا بسەپێنن و دەرفەتی كاركردن بۆ ئافرەتان لە رێگەی میكرۆ فانانس (microfinance) بڕەخسێنن وەك كاری بچووك لە ناو بنەماڵەكان.
* باری ئابووریی سەربەخۆی ئافرەتان، كاریگەری بەرچاوی لە دەستەبەركردنی مافەكانیاندا هەیە، لەو بوارەدا چ گۆڕانكارییەك لەسیستمی ئابووری - سیاسی كوردستاندا پێویستە بكرێت و رۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرەوپێش بردن و جێگیركردنی مافەكانی ئافرەتاندا چۆن هەڵدەسەنگێنێ؟
- ئەوە پرسیارێكی گرینگە و شتێكی سەلمێندراویشە كە داهاتی ئابووریی ئافرەتان، كاریگەری بەرچاوی لە دەستەبەركردنی مافەكانیاندا هەیە. بە بڕوای من پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخێكی زیاتر بە كاركردنی ئافرەتان بدات. هەروەها پێویستە حكومەت و میدیا و رێكخراوە حكوومی و ناحكوومییەكان كاری جددی لەسەر ئەوە بكەن كە پیاوان هەزمی كارامەیی و تواناكانی ئافرەتان لە كار و وەبەرهێنان و تەنانەت بەڕێوەبەریدا بكەن. میدیاكان دەتوانن بەشێكی گەورە لە گۆڕانكارییە پۆزەتیڤەكان لە هەناوی كۆمەڵگەدا دروست بكەن. پێویستە بە بەرنامە و پڕۆگرام و فیلم و ریكلام بایەخ بە پیشە و كار و رۆڵی ژن و تواناكانی لە كۆمەڵگە بدەن. خەڵكی ئێمە كاتێكی زۆر بۆ سەیركردنی دراما و زنجیرە فیلمی توركی و عەرەبی تەرخان دەكەن، رەنگە تەنیا بۆ كات بەسەر بردنیش بێت. ئەگەر خۆمان فیلم و ریكلامی بەهێز و خاوەن پەیاممان هەبێت، باشتر دەتوانین كۆمەڵگەی خۆمان بەرەو پێشكەوتن پاڵ پێوە بنێین.
* لە ئێستادا ژمارەیەكی بەرچاو لە خانمان، لە ناوەندەكانی بریاردانن، بەڵام تاچەند ئەم ژمارە بەرچاوە توانیویانە هاوبەشیی ئافرەت لە كایەی سیاسەت بگۆڕن بۆ بەشداریی راستەقینەی ئافرەت لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسی و تا چەند توانیویانە بڕیار دروست بكەن؟
- بێگومان گۆڕانكاری بە ئاراستەی پێشخستنی كۆمەڵگە بە هەر راددەیەك كارێكی باشە. هەروەك ئاماژەم پێ كرد یەكێك لە پێوەرەكان بۆ دیاریكردنی كۆمەڵگەی پێشكەوتوو بەشداریی ئافرەتانە لە سیاسەت و پەرلەمان و دروستكردنی یاسا و جێبەجێكردنیدا. هەرچەندە كایەی سیاسەت و بڕیاردان لە كۆتاییدا زیاتر بە دەست پیاوانە، بەڵام ئەگەر بەشداریی ئافرەت لە ناوەندی بڕیاردا كاریگەری نەبێت لەسەر پرێستیژی سیاسیی وڵات، ئەوا متمانەی كۆمەڵگە بە ژن لاوازتر دەكات.
* دەگوترێ گەندەڵی بۆتە پەتای سەرەكیی كۆمەڵگەی ئێمە، ئەزموونی زۆر وڵاتیش سەلماندوویەتی كە بەشداری زیاتری ئافرەتان لە پرۆسەی ئیداری و بەڕێوەبردندا، بووەتە هۆكاری كەمكردنەوەی گەندەڵی، لەو بارەیەوە راتان چییە؟
- بە بڕوای من باسكردن لە بارەی حاڵەتەكانی گەندەڵی پێویستی بە توێژینەوە و لێكۆڵینەوەیەكی تایبەتی هەیە و پێش ئەوەی ئەو حاڵەتانە ببنە دیاردە تەواوی بەشەكانی كۆمەڵگە بگرێتەوە، دەبێت بە پلانی جددی پێشگیری لێ بكرێت، هیشتا پاش زیاتر لە نیو سەدە دەبینین رووسیا لە دەست گەندەڵی رزگاری نەبووە. ئەمە لە سیاسەتمەدارانەوە دەستی پێكرد و دواتر پەلی كێشا بۆ ناو كۆمەڵگە، تەنانەت ژن و منداڵیش بوون بە بەشێك لە پرۆسەی گەندەڵی. كەواتە سیاسەتمەداری گەندەڵ بۆ كۆمەڵگەكەی مەترسیدارە و ئەگەر دوورنەخرێتەوە، ئەوا گەندەڵی بۆ ناو گشت جومگەكانی كۆمەڵگە شۆڕ دەبێتەوە. راستە ئافرەتان كەمتر لە گەندەڵییەوە تێوەدەگلێن، بەڵام ئەو خووە ناشیرینە كەسی نەفس نزم ئالوودەی دەبێت، پێوەندی بە رەگەزەوە و نییە، واتە ژن و پیاویش دەتوانن گەندەڵ بن، بەڵام ئافرەتان زیاتر كەسایەتی خۆیان دەپارێزن. ئەزموونیش هەیە و لە چەندین وڵات كاتێ رێژەی پۆلیسەكانی ئافرەت زیاد كراوە، رێژەی گەندەڵی كەمتر بووەتەوە.
* زۆربەی ئافرەتان گلەیی ئەوە دەكەن دەڵێن لە سیاسەتدا كات نادیارە، ئەمەش بۆتە بەربەست لەبەردەم ئافرەت بۆئەوەی بەشدار بێت لە سیاسەتدا، ئێوە چ رێكارێك بۆ نەهێشتنی ئەو بەربەستانە پێشنیار دەكەن؟
- راستە، ئەوە بۆ خۆی گرفتی گەورە لەبەردەم ئافرەتان دروست دەكات، بەتایبەتی لە وڵاتانی زۆر نەریتیدا، بەڵام دەكرێ حزبەكان و تەنانەت ناوەندە حكوومییەكانیش كات و شوێنی كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ دۆخی خانمان رێك بخەن، بۆ نموونە لە قوتابخانەكان، كلینیكی گەڕەكێك، یان لە ناوەندێك كۆ ببنەوە كە جێی متمانە بێت. زۆرجار لە وڵاتان بۆ چارەسەری ئەو كێشانە خودی ئافرەتان جێگە و شوێنی كۆبوونەوەكان هەڵدەبژێرن و تەنانەت لە ناوماڵی خۆیان ئەو كۆبوونەوانە ئەنجام دەدەن.
* پرسێكی زۆر گرینگی كۆمەڵگە چۆنیەتی پەروەردەی كچانە بۆ گەیشتن بە ناوەندەكانی بڕیاری سیاسی، هەست بەوە دەكرێ كچان پەراوێز دەخرێن و هەر لە سەردەمی منداڵییەوە كاریان لەسەر ناكرێ بۆ ئەوەی بتوانن وەك سیاسەتوان دەربكەون . ڕای ئێوە لەو بوارەدا چییە؟
- پەروەردە بنەمای هەیە و گۆڕانكارییەكان و دروستكردنی كارەكتەر و كەسایەتی دەبێت لە منداڵییەوە كاری لەسەر بكرێت، ئەمەش ئەركی حكومەت و میدیا و رۆشنبیران و زانایانی كۆمەڵایەتی و ئایینییە كە هاندەر بن بۆ ئەوەی كچان و كوڕان لە پەروەردەی زانستی بێبەش نەكرێن و جیاكاری لە نێوانیان نەكرێت. كچان نابێت وەك بووكە شووشە پەروەردە بكرێن، دەبێت لە پرۆسەیەكی پەروەردەیی زانستیدا ببنە خاوەن كەسایەتی بەهێز و خاوەن را و بۆچوون بن، بەڵام بەداخەوە لە كۆمەڵگەیەكدا كە هەموو جومگەكانی سیاسەت و ئابووری لە دەست پیاواندا بێت، ئەوا زۆر زەحمەتە كچی سەركردە دروست ببێت. جیا لەوەش مایساجینی misogyny كەلتوورێكی دژە ژن دروست دەكات. تەنانەت ئافرەتانی بەهێز و هەڵكەوتوو تووشی رق و نەفەرتی ئافرەتانی دیكە دەبن. هەر بۆیە فێرگەكان ئەركێكی پڕ زەحمەتیان دەكەوێتە ئەستۆ بۆ راهێنان و پەروەردەی منداڵەكانمان بەتایبەتی لە سەر بەشداری كچ لە سیاسەت و داهاتووی وڵاتدا.
* باشووری كوردستان لە ئێستادا بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لە سەر سەربەخۆیی ئامادەكاری دەكرێت. ئەركی ژنی كورد لە بەدیهێنانی ئامانجی سەربەخۆیی كوردستاندا بەتایبەتی لەم دۆخەدا چییە؟
- سەربەخۆیی كوردستان ئیرادە و هەنگاوی كوردی پێویستە و ژن و پیاوی كورد دەبێت داهاتوویەكی گەش بۆ نەوەكانیان دروست بكەن. ئافرەتی كورد نیوەی كۆمەڵگەیەك نییە كە لە نیوەكەی دیكەی جیا بكرێتەوە، لە رەوشی خەبات و تێكۆشان و قوربانیدان هاوشانی پیاوان رۆڵیان هەبووە و تائێستاش دوژمنانی كورد لە ئافرەتەكانمان زیاتر دەترسن. هەر میللەتێك ئەگەر ئافرەت و پیاوی هاوهەنگاو نەبن بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەییان سەركەوتوو نابن. بەڵام ئافرەتی كورد نەك لە خەبات بۆ سەربەخۆیی، بەڵكو لە پاراستنی دەستكەوتە نەتەوەییەكانیش بەشداریی فیداكارانەی هەیە، دوژمنانی سەربەخۆیی كوردستان باش دەزانن ئافرەتانی كورد نەك مافی دەنگدانی خۆیان ناسووتێنن، بگرە بە گوڕوتینەوە هاندەری پیاوانیش دەبن هەتا مافی نەتەوەیی و خەونی مێژووییان مسۆگەر بكەن، كە ئەو سەروەرییە تەنیا لە كوردستانی سەربەخۆ بەدی دەكرێت .