ئافرەتان لە رۆژی جیهانی كرێكاراندا داوای رەخەساندنی دەرفەتی كار دەكەن

ئافرەتان لە رۆژی جیهانی كرێكاراندا داوای رەخەساندنی دەرفەتی كار دەكەن
بەهێزكردنی توانای ئابووری ئافرەتان هەرێمی كوردستان پێش دەخات»، ئەمە دروشمی 8ی مارسی ساڵی 2017 بوو، بێگومان ئابوورییەكی بەهێز لە پێشكەوتنی هەر وڵاتێكدا رۆڵی سەرەكی دەبینێت و بەپێچەوانەشەوە هەنگاوەكانی پێشكەوتن زۆر سست دەكات. بەپێی چوارەمین راپۆرتی هێزی كار كە تایبەتە بە دۆخی هێزی كار لە هەرێمی كوردستان و لە نیوەی دووەمی ساڵی 2015 خراوەتە بەردەست، دەركەوتووە رێژەی بێكاری بە بەراورد لەگەڵ نیوەی دووەمی ساڵی پێشووی دوو ئەوەندە زیادی كردووە، واتە لە نیوەی دووەمی ساڵی 2014 رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان 7.13% بووە، بەڵام لە نیوەی دووەمی ساڵی 2015 گەیشتووەتە 13.53% لەم رێژەیەشدا ئافرەتان پشكی شێریان بەركەوتووە. بۆیە خوازیارن هەلی كاریان بۆ بڕەخسێندرێت و سوود لە هێزی بازووی ئەوانیش وەربگیردرێت، بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گۆڤاری گوڵان خوێندنەوەی زیاتریان بۆ بابەتەكە هەیە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

سەروین هیدایەت تەمەنی 38 ساڵە و وەك خۆی ئاماژەی پێدەكات تا پۆلی چواری سەرەتایی خوێندووە، سەبارەت بە كاریگەریی بێكاربوونی لە سەر رەوشی ژیانی خۆی دەڵێت: «كاتێك بۆ كڕینی پێداویستییەكانم داوای پارە لە باوك و براكانم دەكەم، هەست بە ئازاری دەروون و رووشكێنی دەكەم، بەتایبەت ئەوكاتانەی كە دەڵێن نییە.»
ئەو خاتوونە خوازیارە حكومەت و پەرلەمانی داهاتوو كێشەی بێكاری بەتایبەتی بۆ ئافرەتان لەبەرچاو بگرن و هەوڵی رەخساندنی هەلی كاری بۆ ئافرەتانی ماڵەوەش بدەن، گوتیشی: «حكومەت دەتوانێ لە رێگەی دامەزراندنی كارگەی رستن و چنین و دروورمان و كارگەكانی دیكەی تایبەت بە ئامادەكردنی خۆراك و كاری بچووك لە ماڵەوە یارمەتی ئافرەتانی ماڵەوە بدات، بۆ ئەوەی چیدیكە چاو لەدەستی باوك و برا و مێرد نەبن.»
كۆسار كەریم رۆژ بەڕێوەبەری گشتی و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، ئاماژە بەوە دەكات كە «(بەهێزكردنی توانای ئابووری ئافرەتان هەرێمی كوردستان پێش دەخات.) دروشمی 8ی مارسی ئەمساڵ (2017) بووە، تاوەكو شانبەشانی وڵاتانی دنیا لە هەڵمەتی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە چەسپاندنی توانای ئابووری و یەكسانیی هەردوو رەگەز لە رووی هێزی كارەوە، كاری جددی بكرێت. گوتیشی: «بێگومان كار لە رووی چۆنیەتی و چەندێتی پۆلین دەكرێت، لە ئەنجامی پۆلینكردن دابەش دەكرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ كەلتوور و دابونەریتی كۆمەڵگەكان كە تاچەند رێگە بە ئافرەت دەدات جۆری ئەو كارانەی هەیە، بیكات. هەرچەندە لە رووی مرۆڤایەتی و جێندەرییەوە جیاوازی لە هێزی كاركردن نییە، واتا تاك چ نێر چ مێ دەتوانێت كاری خۆی هەڵبژێرێت، تاكە جیاوازی كە ئافرەت و پیاو لە یەك جیادەكاتەوە لایەنی بایۆلۆژی ئافرەتە كە مانگانە سووڕی مانگانەی هەیە و هەروەها منداڵی دەبێت و دایكایەتی دەكات، لەو كاتانەدا دەكرێ خۆیان ماندوو نەكەن و كاری گران ئەنجام نەدەن. بەڵام كاتێك ئافرەت توانای ئەوەی هەبێ بۆ ماوەی زیاتر لە نۆ مانگ منداڵێك بە پێستی سك هەڵبگرێت و بیكاتە مرۆڤێكی ئاسایی و بیخاتە سەر ئەم زەمینە، دەشتوانێ ببێتە گەورە بازرگان و لە زۆر بواری دیكەش كاربكات. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئافرەتان بۆ پاراستنی خاك و نیشتمان شان بە شانی برا پێشمەرگەكان سنگی خۆیان كردۆتە قەڵغان، ئەم رۆڵەی ئافرەتی كورد وڵاتانی دنیای هەژاند، ئەوەش جوانترین نموونەی یەكسانیی هێزی كارە لە نێوان نێر و مێدا، بۆیە پێویستە ئافرەتان ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ نەهێشتنی جیاكاری رەگەزی لە بواری ئابووری و پێگەی ئافرەت لە كۆمەڵگەدا.» ئەوەشی خستەڕوو كە بۆ ئەم مەبەستە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان ستراتیژیەتی پەرەپێدانی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ( 2016_2026) داناوە.
شیلان بیبانی ماستەر لە كارگێڕی كار و رۆژنامەنووسی ئابووری، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە لە كوردستاندا ئەوەی گرفتی دروستكردووە ئەوەیە كە پشتگیری ئافرەتان ناكرێت و تا رادەیەك دەسەڵات و خاوەندرایەتییان نادرێتێ، جگە لە نەبوونی رێكخراوێك بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئافرەتانی شكستخواردوو لە پڕۆژەیەك، چونكە زۆرجار لە كاری بازرگانی و سەرمایەداری دووچاری زەرەرو زیان دەبن، ئەمەش وادەكات لە یەكەم هەنگاوی شكستدا كۆڵبدەن، بۆیە ئەوەی كەموكورتی تێدایە هوشیاری بازرگانییە لای ئافرەتان.» گوتیشی: «تەمبەڵی خەڵك گەورەترین باس و تەوەری ئێستای دنیایە، چونكە لە ئێستادا زۆربەی هاونیشتمانییان هەوڵێ كاری ئاسان و بێ ماندووبوون دەدەن، لە كۆندا ئافرەت و پیاو شانبەشانی یەكتر لە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و زۆر بواری تر كاریان دەكرد، بەڵام ئیستا لە كوردستان كەرتی كشتوكاڵی بەهۆی نەبوونی دەستی كار لە نێوان ئەگەری مان و نەماندایە، خەڵك بە دەگمەن ئامادەن بە هەمان شێوەی باب و باپیرانیان كاری ئاژەڵداری و كشتوكاڵ بكەن، زۆرجار بیانووی خوێندن زۆربەی خێزانە گوندنشینەكانی لە جێگەی خۆیان هەڵكەندووەو بەرەو شاریان بردوون .»
رۆژنامەنوس كامەران وریا سەبارەت بە هەمان پرس رایوایە كە ژیان بریتییە لە هاوكارییەكی بەردەوامی ئافرەت و پیاو لەهەموو بوارەكان و لەهەموو سەردەمەكان، هاوكات دەڵێت: «بە درێژایی مێژوو كۆمەڵگەیەك نادۆزیتەوە تەنیا بە لایەنێك لەو دوو رەگەزە بەڕێوە چووبێت، بەڵام دەكرێت لە سەردەمێكەوە بۆ سەردەمێكی دی یەكێكیان زیاتر ماندوو بووبێتن، یان ئەركی زیاتریان لەسەر شان بووە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی لەمێژووی هاوچەرخ سنوورەكانی ئازادی و دەسەڵاتی پیاو زیاتر بووە، ئەم مێژووەش ئەو راستییەی سەلماندووە هەر زیادبوونێك لەئازادی و دەسەڵاتی پیاو لەسەر حیسابی ئازادی و دەسەڵاتی رەگەزی بەرامبەری درووست بووە، بە شێوەیەگی گشتی دەتوانین هەموو پرۆسەكە بە تەرزاوویەك بشوبهێنین كە هەر زیادبوون، یان كەمبوونێك لە لایەك، كاریگەری لەسەر لاكەی دیكەی هەیە. ئەمڕۆ ئافرەتان بەگشتی لە بەشدارییەكی لەسەرخۆدان لە گشت جومگەكانی كۆمەڵگەو وردە وردە ناوەندەكانی بڕیار لەگەڵ پیاو دابەش دەكەن، بۆ نموونە ئافرەت لە زۆربەی بوارەكانی ژیان بەشدارە، هەر لە فەرمانگەكانەوە تاكو دەگات بە بازاڕەكان و سەركردایەتی حزبەكان، ئەم پرۆسەیەش هەرچەندە خاوە، بەڵام بەردەوامە، دەكرێ لایەنی بەرپرس دەرفەتی زیاتر بۆ بەكارخستنی ئافرەت لەبوارە جیاجیاكانی ژیان بڕەخسێنێت و سوودی لەهێزی كاری ئافرەتان وەربگرێت، لەبری ئەوەی خێری پێ بكات و مووچەیەكی زۆر كەمی بۆ ببڕێتەوە.»
شەونم عەبدول چالاكی كۆمەڵی مەدەنییەو لە دەستپێكی قسەكانیدا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «تێكۆشانە بەربڵاوە كۆمەڵایەتییەكانی‏ ئافرەتان و‏ رێكخراوە ئەكتیڤەكانی‏ بزاڤی‏ ئافرەتان، لە بەرامبەر جیاكارییە رەگەزییەكاندا هەوڵی بارهێنان و پێگەیاندن و بردنەسەری‏ ئاگایی‏ رەگەزی‏ ئافرەتان و بەدەستهێنانەوەی‏ مافەكانیان داوە، ئەوەش هۆكارێكەو وایكردووە ئافرەتان بە هێزێكی‏ زیاترەوە بتوانن بەربەرەكانێ لەگەڵ سیستمی‏ پیاوسالار بكەن و مەیدان لە بەرژەوەندی‏ ئەو سیستمە چۆڵ نەكەن. ئەگەرچی زۆرجار لە سەر پێداگیریمان بۆ بەدەستهێنانی پلە و پایە و دەسەڵات لێرە و لەوێ لە كەسایەتیمان دەدرێت.» گوتیشی: «هەموو كاتێك هەوڵی‏ دۆزینەوەی‏ رێكار و سەربەخۆیی‏ ئافرەتان لە بواری ئابووری چارەسەرێكی‏ پوزەتیڤ بووە بۆ لەناوبردنی‏ كێشەكان و بەربەرەكانێ لەگەڵ رووداوە جۆراوجۆرەكان، پیاویش هەموو كاتێك بە شەڕ و كێشەنانەوە و دانانی‏ بەربەست لەسەر رێگەی‏ بەرامبەری‏، دەسەڵاتخوازی خۆی برەو پێداوە، ئەگەریش ئافرەتان لەو قۆناغەدا توانای‏ بەرابەری ‏و ئەكتیڤبوونی‏ خۆیان دەرخستبایە، بە ئاسانی‏ دەیانتوانی‏ دەسەڵاتخوازی ‏و ئاسایشی‏ پیاوان تووشی‏ ئاڵۆزی‏ بكەن. بە پەراوێزخستنی‏ ئافرەتان لە بەدەستهێنانی‏ ئاگایی‏ و فێربوون، هەڵی‏ دەركەوتنی بیرۆكەكانیشیان لی‏ سەندراوەتەوەو ئەم پەراوێزخستنە تا سەدەی‏ بیستەمیش لە زۆربەی‏ وڵاتاندا دژبە ئافرەتان پێڕەو كراوە و شتێكی‏ رەوا بووە لە نێو كۆمەڵدا.
Top