خەریكە ژینگەی قوتابخانەكـان پشتـگوێ دەخرێ

خەریكە ژینگەی قوتابخانەكـان  پشتـگوێ دەخرێ
منداڵان جیهانێكی هەستیارو تایبەت بەخۆیان هەیەو جۆری پەروەردەو پێگەیاندنیشیان ئەركی باوان و حكومەتی وڵاتەكەشیان قورستر دەكات، هەر ئەو منداڵانەشن كە بە نەوەی داهاتوو ناسراون، بۆیە زۆر پێویستە بایەخ بە پەروەردەی تەندروستیان بدرێ، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وەك گەنجی بەرهەمهێن سوودیان بۆ خۆیان و كۆمەڵگەش هەبێت. لە هەرێمی كوردستاندا هاوكات لەگەڵ ئابڵۆقەكانی بەغدا لە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و بڕینی بودجەو مووچەی كوردستان، هەروەها داڵدەدانی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق لەلایەك و تێچووی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە لایەكی دیكەوە، حكومەتی هەرێمی ناچاركرد، پەنا بۆ دواخستن و كەمكردنەوەی مووچە بەرێت، هەر بەهۆی قەیرانی داراییشەوە بەشێك لە خزمەتگوزارییەكان پەكی كەوتووە، بەتایبەتی لە قوتابخانەكانی سەرەتایی كە هەندێكیان بە هۆی نەبوونی ئاو هیچ مەرجێكی تەندروستییان تێدا نەماوە، دایكانی ئەو منداڵانە بە نیگەرانییەوە داوا لە لایەنی بەرپرس دەكەن، ژینگەی قوتابخانەكان پشتگوێ نەخەن و كاری بەپەلەی بۆ بكەن.

«ئەمساڵ لەگەڵ دەستپێكی خوێندن كچەكەم كە یەكەم ساڵی خوێندنیەتی، ناڕەزایی لەپیسیی ئاودەستەكانی قوتابخانە دەردەبڕێت و دەڵێت تەنانەت سەر زەوی ئاودەستەكان ناتوانرێ پێی لەسەر دابنرێت، چەند رۆژێك پێش ئێستا لە رێگەی هاتنەوە بۆ ماڵەوە خۆی پیس كردبوو، ئەوەش كێشەی زۆری بۆ دروست كردووم، كچەكەشمی زۆر بێتاقەت كردووە.» ئەوە قسەی سازان عەلی بوو، ئەو دایكە وەك خۆی ئاماژەی پێكرد ئامادەیە لە رووی مادییەوە هاوكاری قوتابخانەكە بكات بۆ كڕینی ئاو و پاككردنەوەی ئاودەستەكان، وتیشی: «سەردانی بەڕێوەبەری قوتابخانەكەم كرد، وتم هەر منداڵێك لە مانگدا با هەزار دینار بدات و ئاو بكڕن، بەڵام ئەو قبووڵی نەكرد و نكۆڵیشی لەوە كرد ك ئاودەستەكان پیس بن، كاتێكیش پێموت وەرە پێكەوە بچین بیبینین، وتی: تۆ رۆژنامەنووسی، یان چاودێری پەروەردەیی؟ كەی بەڕێوەبەر ئەوەندە دەبێت كەمتەرخەم و قسەڕەق بێت؟»

شیراز نادر دایكی قوتابییەكی دیكەیەو هەر لەوبارەیەوە بۆ گوڵان گوتی: «كوڕەكەم لە قوتابخانەیەكە هیچ مەرجێكی تەندروستی تێدا رەچاو ناكرێت، ئاوی خواردنەوە دابین نەكراوە، ئاو و سابوون بۆ دەستشووشتن هیچ بوونێكی نییە، چووم لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەكە باسم كرد، ئەویش هۆكارەكەی بۆ نەبوونی بەردەست لە قوتابخانەكەی گەڕاندەوە، لێرەوە داواكارم لەبەڕێوەبەرو مامۆستا بەڕێزەكان ئەوەندەی لەخەمی مووچەو هاتنەسەر شەقامن، با لەخەمی تەندروستیی قوتابییەكاندا بن، نەخۆشی كولێرا كە هۆكارەكەی نەبوونی مەرجەكانی پاكوخاوێنییە بە هەموو دنیادا بڵاوبۆتەوە، با منداڵەكانمان لەناو ئەو هەموو نەهامەتییە تووشی نەخۆشیش نەبن.»
ئاریان عەلی وەك خۆی باسیدەكات دوو كچی لە قۆناخی بنەڕەتی دەخوێنن و ئەویش بە هەمان شێوەی دایكەكانی دیكە نیگەرانیی خۆی لەپیسیی ژینگەی قوتابخانەی منداڵەكانی دەردەبڕێت و دەڵێت: «كچە بچووكەكەم كە پۆلی دووە بەهۆی نەچوونە سەر ئاو و راگرتنی میز تووشی هەوكردنی گورچیلەو میزەڕۆ بووە، هۆكارەكەشی ئەوەیە ئاودەستەكان زۆر پیسن و ناتوانن تێیدا دابنیشن».
د. سەرهەنگ قادر، مامۆستایە لەزانكۆی پزیشكی هەولێر، كۆلێژی پەرستاری/ پزیشكی خێزان، هێما بۆ ئەوە دەكات كە «بەشی تەندروستی قوتابخانەكان بەرپرسە لە دابینكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی قوتابخانەكان، ئەویش بە چاودێریكردنی رۆژانەو چۆنیەتی خۆپاراستن لە نەخۆشییەكان و چۆنیەتی رێگریكردن لە هۆكارەكانی نەخۆشی، نموونەی ئەو خواردنانەی لە حانووتی قوتابخانەكان دەفرۆشرێت، بەداخەوە لیژنەیەكی رێكوپێك نییە بۆ بەدواداچوون لەسەر خۆراكەكان لە رووی كۆن بوون و بەسەرچوونیان، وێڕای نالەباری ژینگە كە زۆربەی قوتابخانەكان ژینگەیەكی تەندروستیان نییە، لەلایەكی دیكەوە توالێتەكان زۆر پیسن، قوتابیش هۆشیارییەكی دروستی تەندروستی نییە بۆ راگرتنی پاكوخاوێنی خۆی، یاخود نەبوونی ئاو و سابوونی پێویست لە قوتابخانەكان، تەندروستی منداڵان دەهاتە مەترسییەوە، سەبارەت بە چارەسەریش وتی: «پێویستە هەر قوتابخانەیەك هۆبەیەكی تەندروستیی تایبەت بەخۆی لەناو خودی قوتابخانەكەدا هەبێت و رۆژانە بەدواداچوون بۆ پاكوخاوێنی و پاراستنی تەندروستی قوتابیان بكات، وەكو فریاگوزاری سەرەتایی، بەڵام بەداخەوە ئەم سیستەمە تەنانەت لەناو قوتابخانە نموونەیی و نێودەوڵەتییەكانیش بەدی ناكرێت، دەكرێ خول بۆ مامۆستا بەڕێزەكان بكرێتەوە كە قوتابی چۆن هۆشیاربكرێتەوە لە پاراستنی پاكوخاوێنی خۆی، چونكە رەچاونەكردنی پاكوخاوێنی چەندین نەخۆشی بەدوای خۆیدا دەهێنێت لەوانە سكچوون و رشانەوە و دروستبوونی جۆرێك لە كرمی زیانبەخش، چونكە پاك نەكردنەوەی دەستەكان بە ئاو و سابوون دوای چوونەسەرئاو، وادەكات ئەو میكرۆبەی بە دەستی منداڵەكەوە ماوە، بگوازرێتەوە بۆ ناو دەمی».
لەتیف حوسێن توێژەری كۆمەڵایەتییەو سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «لە راستیدا بابەتی پاكوخاوێنی و پاراستنی ژینگە، نەك بۆ قوتابخانەكان، بەڵكو بۆ زۆرێك لە شوێنەكان سەرباری بوونی بایەخی حكومەت و كۆمپانیاو رێكخراوی تایبەت بە ژینگە، بەڵام بەداخەوە وەك پێویست بایەخی پێنەدراوە، ئەگەرچی لەم ساڵانەی دواییشدا هۆشیاری زۆر لەبارەیەوە بڵاودەكرێتەوە.» گوتیشی: «بە باوەڕی من یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە كە ئەم بابەتە نەبۆتە یەكێك لە ئەولەوییەتی كارەكانی حكومەت لەبەر ئەوەی كێشەوگرفتی زۆر لەم وڵاتەدا بوونی هەیە، بۆیە زۆرێك لە قورسایی حكومەت بۆ سێكتەرەكانی دیكە رۆیشتووە. ئەوەی پەیوەست بێت بە پاكوخاوێنی لەناو قوتابخانەكاندا بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی كێشەوگرفتی ئابووری ئەم بابەتە زیاتر قسەوباسی لەبارەوە دەكرێت و بایەخی ئەوتۆی پێنەدراوە، ئەو شوێن و جێگایانەشی كە تایبەتن بە شوێنی ئاوخواردنەوەو ئەوانی تر وەك پێویست پاكوخاوێنی تێدا نییەو گرنگی زۆری پێنادرێت، هەروەها تا رادەیەكیش بابەتی ژینگەو پاكوخاوێنی نەبۆتە بابەتی جێی بایەخی قوتابخانەكان و خۆپاراستنیان .»
لە لای خۆیەوە د. كەژاڵ حامید برایم پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئافرەتان، جەختی لەوە كردەوە كە گرفتی ئێمە لە سیستەمی پەروەردەكردندایە، زۆربەی منداڵەكان نازانن خۆیان بشۆن و خۆیان پاك بكەنەوە، تەنانەت لە ماڵ و لە قوتابخانەش لای منداڵ نەبووە بە نەریت كە پێش چوونە سەرئاوو دوای هاتنە دەرەوە ئاودەستەكە بشوات و پیسی لەدوای خۆی بەجێنەهێڵێت، هەروەها دوای هاتنە دەرەوە دەستەكانیشی بە ئاو و سابۆن بشوات، ئەگەر ئاو هەبێت، تەنانەت لەم وڵاتەی ئێمەدا گرنگی بە ئاوی خواردنەوە نەدراوەو ئەو ئاوەی دەیخۆینەوە زۆرپیسەو ئەو ئاوەی لەتانكییەكانی قوتابخانەدان زۆر پیسترە، ئەویش ئەگەر ئاوی تێدا بێت، هەر بۆیە تاوەكو سەردەمی ئەمڕۆش قوتابی بە ناچاری لە ماڵەوە ئاوی خواردنەوە لەگەڵ خۆیدا دەبات، لەلایەكی دیكەوە لەوانەیە بەهۆی پیسیی ئاودەستەكان قوتابی میزی رابگرێت، ئەوەش زیانی تەندروستی دەبێت و میزەڵدانی تووشی هەوكردن دەكات، لە هەمان كاتیشدا ئەگەر قوتابی بەتایبەت كچان دوای چوونە سەر ئاو خۆیان پاك نەكردەوە، ئەوەش مەترسیدارە، بۆیە بەكارهێنانی دەستەسڕی تەڕ لەم كاتانەدا لە هەموو بژاردەكانی تر باشترە، چونكە كە دەست لە سۆندە و مەسینەی ئاودەست دەدرێت كە پێش ئەو سەدان كەسی دیكە بەكاری هێناوەو دەستی لێداوەو دەیان میكرۆب بە دەستەكانیەوە دەنووسێت و دوور نییە لەكاتی خۆشووشتن بپەڕێتەوە بۆ ناو منداڵدان، پێش هەموو شتێك پێویستە كچەكان فێربكرێن كە چۆن لە ئاودەست خۆیان پاك دەكەنەوە، چونكە جەستەی كچ وەكو كوڕ نییە و نێوان كۆم و ئەندامی زاوزێ زۆر كورتە، بۆیە كوڕان زۆر كەمتر تووشی گرفتی لەمجۆرە دەبنەوە، پێویست دەكات كچان فێربكرێن كە سەرەتا پێشی خۆیان بشۆن ئینجا پشتەوەو لە پێشەوە بۆ پشتەوە خۆیان پاك بكەنەوە، نابێ بە هیچ شێوەیەك لە دواوە بۆ پێشەوە خۆیان بشۆن، چونكە یەك زەرە پیسایی بچێتە ژوورەوە، تووشی هەوكردنی رەحم دەبێت، دەتوانم بڵێم 70% هەوكردنی میزڵدان و منداڵدان لەوەوە پەیدا دەبێت».
Top