قوربانییەكی خیانەتی هاوسەری: خوای گەورە منداڵی پێنەداین، دەنا منداڵەكانیشمان بەئاگری ئەو خیانەتە دەسووتان

قوربانییەكی خیانەتی هاوسەری: خوای گەورە منداڵی پێنەداین،  دەنا منداڵەكانیشمان بەئاگری ئەو خیانەتە دەسووتان
هۆكاری سەرەكیی زۆربەی جیابوونەوەكانی هاوسەران لەهەموو وڵاتانی جیهاندا، خیانەتی هاوسەرییە، جا ئەو خیانەتە پیاو بیكات، یان ژن، دەبێتە هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر ژیانی هاوبەشی هاوسەران و شیرازەی خێزانییان تێكدەدات. دەروونناس و كۆمەڵناسان زۆرجار لەبارەی هۆكارەكان و چۆنیەتی رێگریكردن لەخیانەتی هاوسەری توێژینەوەی وردو بابەتییانەیان كردووە، جەختیشیان لەوە كردووەتەوە كە هاوسەرگیری زۆرەملێ، جیاوازیی زۆری تەمەن، پشتگوێخستنی سۆزی هاوسەرداری، لەسەرووی هەمووشیانەوە كەسایەتیی لاواز و جۆری ناتەندروستی پەروەردەی خێزانی كاریگەری راستەوخۆیان لە بەڵاڕێدا چوونی هاوسەران هەیە، بۆیە پێشنیار دەكەن لەناو خێزان و لەخوێندنگەكان بایەخی زیاتر بە بەها ئەخلاقییەكان و پابەندبوون بە ژیانی هاوسەری بدرێت، بۆ ئەوەی پیرۆزییەكانی خێزان پارێزراوتر بێت. هاوكات هێما بۆ ئەوەش دەكەن، كە خیانەتی هاوسەری دیاردەیەكە گەنج و پیر، خوێندەوار و نەخوێندەوار و تەنانەت رۆشنبیریش تووشی هاتوون، بۆیە بە پێویستی دەزانن خولی تایبەت لەلایەن شارەزا و پسپۆڕانەوە بۆ هاوسەران بكرێتەوە، هاوكات ئاسانكاری بۆ هاوسەران بكرێ، بۆ ئەوەی بە ئاسانی بتوانن پەنا بۆ راوێژكاری خێزانی و كارامەو متمانەپێكراو ببەن و كێشەكانی خۆیان لەلای دەروونناسانی رێپێدراو بدركێنن. ئەندازیارێكی ئافرەتیش نهێنییەكانی ژیانی خۆی بۆ گوڵان باس دەكات و هیوادەخوازێ هەموو خوێنەران پەندی لێوەربگرن بۆ ئەوەی لە ژیانی تایبەتی خۆیاندا تووشی شكست و سەرگەردانی نەبن



(شاناز ف)، ئەندازیارێكی ئافرەتەو خۆی بە قوربانییەكی دەستی خیانەتی هاوسەری دەزانێت و بەمجۆرە بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە: «دوای تەواوكردنی كۆلێژی ئەندازیاری هەلم بۆ رەخساو لە یەكێك لە دەزگاكانی حكومەت دامەزرام، بەهۆی چالاكی و لێهاتوویی و كاركردنی بەردەوامم، دوای ساڵێك كرام بە سەرۆكی بەشێك لە فەرمانگەكەم، ئەمەش زیاتر بووە هۆی ئەوەی كاری زۆرترم بۆ بێتەپێش، وەك سەفەركردن و ئیفاد بۆ دەرەوەی وڵات بەمەبەستی بەشداریكردن لە خول و وۆرك شۆب هەر وەكو فەرمانبەرانی دیكە، هەر لەو كات و ساتەدا خوازبێنیم زۆر بوو، منیش كەوتبوومە دوودڵی و راڕاییەوە، چونكە پێنج كەسیان سووربوون و چەند جار داوای هاوسەرگیرییان لێكردم. منیش بیرم دەكردەوە، ئەوەی لە بیروبۆچوونەكان و پیشەكەم نزیكە، ئەو هەڵبژێرم، بەڵام كاتێك ئامۆزاكەم داوای كردم، بەڕاستی ئەوم لە هەموویان بە باشتر زانی، چونكە لانیكەم شارەزای رەوشت و هەڵسوكەوتی بووم، گەرچی دەرچووی زانكۆ نەبوو، خەریكی كاركردن بوو، بەڵام كوڕێكی جوان و سەرنجڕاكیش بوو، كەسایەتی شاهۆ هەندێك ئاڵۆز بوو، زۆر خۆشەویست نەبوو لەناو خەڵك و تا بەتەواوی لێی نزیك نەبایتەوە، بەچاكی نەتدەناسی. لەگەڵ ئەوەشدا كەمێك دڵپیس بوو، نەك بەو رادەیەی كە هەموو كات چاودێریم بكات، یان رێگر بێ لە چوونم بۆ دەرەوەی وڵات. بەهۆی سەرقاڵبوون و كاركردنی بەردەوام لە فەرمانگە ناچار بووم كەمتر بتوانم خزمەتی هاوسەرەكەم بكەم، ئەویش زۆرجار گلەیی لێدەكردم و دەیگوت: تۆ وەك ژنی خەڵكی نیت، بەردەوام سەرقاڵی كاری دەرەوەی، ناتوانی بەچاكی خزمەتی من و میوانەكانم بكەیت. بەڕاستی ئەم قسانەشی دڵتەنگی دەكردم، هەر بۆیە بڕیارم دا ژنێك بە مووچە بێنم تا لە ماڵەوە هاوكاریم بكات. پرسم بە هاوسەرەكەم كرد، ئەویش گوتی: زۆر چاكە، ئەگەر متمانەی تەواوت پێی هەیە، خراپ نییە. دوای دوو رۆژ ژنەكە هاتە ماڵەوەو خەریكی كاروباری رۆژانەو ئامادەكردنی خواردن بوو. من و شاهۆ زۆر لێی رازی بووین، بەمەش هەندێك لە كاتەكانم بۆ گەڕایەوە و دەمتوانی خواستەكانی هاوسەرەكەم جێبەجێ بكەم. ئەو ژنە بۆ ماوەی ساڵێك بەم شێوەیە كاری بۆ كردین، بەڵام بەهۆی خراپی تەندروستی و تەمەنی زۆری نەیتوانی بەردەوام بێت، رۆژێكیان گوتی: ئەگەر رازی بیت، سودابەی كچم دەنێرم، منیش زوو وەڵامم نەداوە، بەڵام هەر چونێك بوو نازانم بۆچی رازی بووم. ئیتر رۆژانە كە دەهاتمەوە لەدەوام ماڵەكەم زیاتر پاك و خاوێن بوو، ئەویش وەك دایكی خواردنی زۆر خۆشی ئامادە دەكرد، بەڵام ئەوەی ببووە جێگەی گومانم، ئەوە بوو كە شاهۆی هاوسەرم رۆژانە زۆر پێش من لەماڵەوە بوو، كەچی پێشتر وا نەبوو، هەستم كرد گرینگی بە سودابە دەدات و مەیلی بۆ لای ئەو چووە، تا كار گەیشتە ئەو رادەیەی لەسەر مێزی نانخواردن دادەنیشت و لەگەڵمان نانی دەخوارد. ئەو هەڵسوكەوتەی سودابە جێگەی سەرسوڕمان بوو، چونكە شاهۆی هاوسەرم پێشتر كەسێكی زۆر دوورەپەرێزو بێدەنگ بوو، بەلامەوە سەیربوو لەگەڵ سودابە قسەی خۆش و گاڵتەی دەكرد، لە دوای نانخواردنیش بەیەكەوە دادەنیشتن. رۆژانە سودابە كاتژمێر دووی دوای نێوەڕۆ دەڕۆیشتەوە، بەڵام ماوەیەك بوو تا دوای عەسر دەمایەوە، بۆیە رۆژێك پێمگوت: كاتی خۆت تا دووی دوانێوەڕۆیەو ئەو كاتە من لەماڵم و كارەكانی تر خۆم دەیكەم. پێویست ناكات بمێنیتەوە، بڕۆ خزمەتی دایكت بكە، چونكە نەخۆشە و پێویستی بە هاوكاری و یارمەتی تۆ هەیە. سودابە زۆر بایەخی بە شاهۆ دەدا، بەتایبەت جلەكانیشی بۆ دەشوشت و ئوتۆی دەكرد، بەمەش گومانێكی گەورە دروست بوو لەناخم و لەناچاری لای شاهۆ باسم كرد، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: گومان لە هیچ مەكە، سودابە تەنیا پاكوخاوێن و رێكوپێكەو جگە لەوە بۆ من هیچی تر نییە. تا رادەیەك باوەڕم كرد. بەهەر حاڵ دوای ماوەیەك سەفەركردنی دەرەوەم هاتەپێش، بەڵام ئەوەی مێشكی هەژاندم، ژنێكی دراوسێمان بوو، رۆژێك هاتە ماڵم بۆ پێداویستییەك و گوتی: شاناز ئاگاداری ماڵی خۆت بە، كاتێك لە ماڵ نیت، مەبەستم ئەو كچەی لاتانە. گوتم: بۆ چیەتی؟ ئەویش گوتی: كاتێك تۆ دەڕۆیتە دەوام، كوڕێك دێتەلای ئەو كچەو تا نێوەڕۆ لەگەڵی دەمێنێتەوە، خوا بزانێ چی دەكەن! ئاخێكم هەڵكێشا و گوتم: بەهۆی دایكیەوە متمانەم پێكردو ماڵم دادەستی، ئێستاش بەو شێوەیە هەڵسوكەوت دەكات. نەمزانی بە چ شێوەیەك باسی ئەو مەسەلەیە بكەم و راستییەكەی بزانم، تا ئێوارە بۆ شاهۆم گێڕایەوە، ئەویش گوتی: ئافرەت عەیبە تۆ رۆشنبیری و خاوەن بڕوانامەی، كوو دەبێ بە قسەی پیرەژنی دراوسێ باوەڕ بكەی؟ بۆیە بڕیارم دا خۆم یەكلایی بكەمەوە. دوو رۆژ دواتر لەكاتی دەوام مۆڵەتم وەرگرت و گەڕامەوە ماڵەوە. بەڵام هەرگیز بیرم لەوە نەدەكردەوە ئەو كوڕەی بە خراپە باسیان دەكرد هاوسەرەكەی خۆم بێ، كە چوومە ژوورە بینیم شاهۆ و سودابە لە ژووی نووستن بە یەكەوەن. ئیتر لەگەڵ شاهۆ كردمە شەڕ و هات و هاوار و سودابەم بە لێدان دەركرد. شاهۆش پەلاماری منی داو زۆری لێدام، تا دراوسێكان هاتن و لەبەردەستی دەریانهێنام. لە دوای ئەوەی خەڵكەكە رۆیشتن، شاهۆ پێ گوتم: راستە من و تۆ ئامۆزاین، بەڵام دەمێكە ئاشقی سودابە بووم، تا خەڵك نەیزانیوە، مارەی دەكەم، منیش بەگریانەوە چوومەوە ماڵی باوكم و پێمگوتن شاهۆ چی كردووە. ئەوانیش بۆچوونیان وابوو جیابوونەوە باشترین چارەسەرە، ئەوە بوو بە هۆی ناپاكی هاوسەری لە دادگا لێك جیابووینەوە، ئەوەش باجی هەڵەی خۆم بوو، لەسەرەتا وەك پێویست گرینگیم نەدا بەهاوسەرەكەم و ژنێكی لابەلام هێنا ناو ماڵەكەم و ژیانی وێران كردم. ئەو تاوانەی هاوسەرەكەم جێی بەخشین نەبوو، دواتر ماڵی مامم زۆر هەوڵیان دا یەكمان بخەنەوە، منیش وتم سودابەی بۆ بخوازن، لەوانەیە بەدڵی خۆیەتی و لانیكەم با خیانەت لەو نەكات. من سەرقاڵی كاری خۆمم، زۆر سوپاسی خوای گەورە دەكەم، كە منداڵی پێنەداین، دەنا منداڵەكانیشمان بە بێ تاوان بە ئاگری ئەو خیانەتە دەسووتان.»
شاناز لە كۆتایی قسەكانیدا وتی: تەنیا یەك پەیامم بۆ ئافرەتانی بەڕێز هەیە، ئەویش ئەوەیە هەرگیز هاوسەری خۆیان پشتگوێ نەخەن، چونكە ئەگەر لە سۆزی هاوسەری بێبەش بن، ئەوا دوور نییە، بەلاڕێدا بڕۆن، هەروەها دەبێت لە هەڵبژاردنی هاوسەردا هیچ پەلە نەكەن و زۆر وردبین بن، بۆ ئەوەی لە دواڕۆژدا پاشگەز نەبنەوە.
Top