لە پشت سەنگەری پێشمەرگە ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین .... ساسان عەونی
October 31, 2016
کۆمەڵایەتی
مێژووی کوردستان، بەتایبەتیش مێژووی سەد ساڵی رابردووی کوردستان، کە مێژووی شۆڕش و بەرەنگاری و بەرخودان و جەنگ بووە لە پێناوی مانەوەدا، لەم شۆڕش و بەرەنگاری و بەرخودانەش بە تەواوی فۆکس لەسەر رۆڵی پیاو بووە وەک تاکە کارەکتەری کاریگەر لە درووستکردنی رووداوەکان، زۆر بە دەگمەن ئەگەر لە چەند شوێنێک هەندێ جار باس لە رۆڵی ئافرەت کرابێت و ئاماژەی پێدرابێت، ئەگەر نا هەموو پاڵەوانی و ئازایی و رۆڵەکە هەر بۆ پیاوان نەخشێنراوە. کە ئەمەش هەم فەرامۆشکردنی رۆڵی کارەکتەرێکی کاریگەری ئەم مێژووەیە و هەم بێ ئینسافیە دەرهەق بە قوربانی و لێوەشاوەیی توخمێکی کاریگەری ئەم ململانێیە کە ئافرەتانن، کە لە راستیشدا مەحاڵە بەرەی هەڵایساوی هیچ شۆڕش و بەرەنگاری و جەنگێک سەرکەوتوو بێت بە بێ هەبوونی بەرەیەکی ئارام و دڵنیا بەخش و ورە بەخش لە دواوە کە ئافرەتان شاڕەگەزی سەرکەوتن و بەڕێوەچوونی ئەم بەرەیەن.
نووکە، دوو ساڵ زیاترە کوردستان لە بەرەیەکی هەزار کیلۆمەتریدا، بەشدارە لە جەنگێکی جیهانی لەگەڵ دوژمنێک کە رەگەزە تەقلیدیەکانی دوژمن و جەنگ و ململانێی تێدا نییە، بەڵکو داهێنەری شێوازی تازەی کوشتن و کۆمەڵکوژی و تۆقاندن و قەڵاچۆکردن و پاکتاوکردنە، دوژمنێکە دەیەوێت مرۆڤایەتی بەپێی یاساکانی ئەو لە قاڵب بدرێت و جیهان و مێژوو بگەڕێنێتەوە چاخەکانی ناوەڕاست.
لەم جەنگەدا کە هەم لە ماوەی خایاندن و هەم لە مەودای بەرەی زەمینیی رووبەڕووبونەوەیدا درێژ خایەن و دوور مەودا و ناتەقلیدیە، کوردستان، بە قوربانیدان و گیان لەسەر دەستی پێشمەرگەدا رۆژ بە رۆژ خۆڕاگرتر و سەرکەوتووتر بووە و بۆتە جێی شانازی و ستایشی جیهان.
ئەم ئیرادە و خۆڕاگری و قوربانیی دانەی پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگدا، جگە لە خۆشویستنی نیشتمان و سەربەرزی و قبوڵنەکردنی گەڕانەوی کاتژمێری سەربەخۆیی بۆ دواوە، بەرەیەکی ئارامی پڕ میهرەبانی وخۆشەویستی و هاندانی لە دواوەیە کە دایکان و خێزان و خوشک و خۆشەویست و دەزگیرانەکان سەنگەرەکانی ئەم بەرە گرنگەیان گرتووە، بۆیە پێشمەرگە لە کاتی رووبەروو بوونەوەی تۆپ و ئۆتۆمبیلە مینڕێژکراوەکان سڵ لە مردن ناکەنەوە.
دیمەنەکانی پێشوازی لە تەرمی دوو برای شەهید، یان تەرمی باوک و کوڕ، یان سێ ئامۆزا بە یەکەوە لەلایەن دایک و خێزان و خوشکەکان بەو وورە بەرزی و بڕوایەوە، ئامادەییان بۆ پێشکەشکردنی جگەرگۆشەی تریش بۆ بەرگری لە کوردستان، دیمەنێکن دەبێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئاماژەی بۆ بکرێت.
بۆیە ئەم رۆڵگێڕانە مەزنەی ئافرەتانی کوردستان لەم بارودۆخی جەنگ و بەرگریەدا، فاکتەرێکی هەرە بەهێزی ئارام راگرتن و سەقامگیری ئاسایشی کۆمەڵگا و خێزان و فاکتەری بەهێزی دڵنیایی و سەرکەوتنی پێشمەرگەیە.
بە هیوای سەرکەوتنی یەکجاری و پاراستنی گیانی پێشمەرگە قارەمانەکانمان.