ئازادی لە نێوان خواستی ئافرەت و نەریتی كۆمەڵگە

ئازادی لە نێوان خواستی ئافرەت و نەریتی كۆمەڵگە
چەمكی ئازادی وەك مافی تاكەكەس لە سەرلەبەری وڵاتانی ئەم جیهانەدا پێناسەی تایبەت بە خۆی وەرگرتووە. هەر وڵاتێك بەپێی یاسا و دەستووری خۆی چوارچێوەیەكی بۆ دیاری كردووە، لە زۆر وڵاتی دواكەوتووشدا، ئەو چوارچێوەیە نەك هەر تەسك كراوەتەوە، بگرە بە هیچ شێوەیەك بە ئافرەتیان رەوا نەبینیوە. واتە لە زۆربەی كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكان بە هۆی نەریت و كەلتووری خۆیانەوە ئازادییان چەواشە كردووە و ئافرەتیان لەو مافەی بێبەش كردووە. بەڵام ئافرەتانی چالاك دەسەوەستان نەبوون و بە كار و چالاكیی جۆراوجۆر و بەردەوام هەوڵی دەستەبەركردنی ئەو مافە زەوت كراوەیان داوە. توێژەرانی كۆمەڵاتیش جەخت لەوە دەكەنەوە لە هەموو كۆمەڵگەیەكدا كەسایەتی ئافرەت رۆڵی سەرەكی لە دەستەبەركردنی ئازادییەكانیدا هەیە.


سارا عەزیز تەمەنی 22 ساڵەو خوێندەڤانی زانكۆیە. ئەو وەك كچێك ئەگەرچی بە پێویستی دەزانێ ئافرەت لە هەموو روویەكەوە ئازادیی هەبێت، بەڵام هاوكات دەڵێت: «ئافرەت ئەگەر زۆر ئازاد بێت، بەڵام وریا و عاقڵ نەبێت، تووشی شتی خراپ دەبێت، بۆیە كاتێك دایك و باوك ئازادیی زۆریان بە كچی خۆیان دا، نابێت بەشێوەی ناڕێك و ناڕەوا ئەو ئازادییە بەكار بێنێ، چونكە ئافرەت وەك پیاو نییە و زۆر زووتر تووشی عەیبە دەبێت.» هۆكاری ئەو بۆچوونەشی بۆ روانگەی كۆمەڵگە دەگەڕێنێتەوە و پێیوایە «كۆمەڵگە ئەگەر جارێك چاودێری پیاو بكات، دە جار چاودێری ئافرەت دەكات.»
عوسمان ئەمین پیاوێكی تەمەن 35 ساڵە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «ئافرەت ئەگەر ئازادیی تەواوی پێدرا، لە دەست دەردەچێت، زۆرجار بەهۆی خراپ گەیشتن لە ئازادی، ئافرەت تووشی خراپە بووە، بۆیە دەبێت یەكەمجار فێر بكرێن كە ئازادی چییە»، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە بەشێك لەو ئافرەتانەی كە ئازادییان پێدراوە، نەیانتوانیوە ئەو ئازادییە بە دروستی بەكار بێنن، كەچی لەگەڵ ئەو قسانەش، نكۆڵی لەوە ناكات كە «زۆرێك لە ئافرەتان سەرباری ئەوەی ئازادییەكی رەهایان پێدراوە، بەڵام ئەو متمانەیان نەدۆڕاندووە، گوتیشی: «پێدانی ئازادی بەگشتی بۆ ئافرەت دەبێت بە گوێرەی كەسایەتی ئافرەتەكە بێت، بۆیە خۆی دەتوانێت مەودای ئازادییەكەی خۆی دیاری بكات».
زارا مستەفا تەمەنی 18 ساڵە و وەك گەنجێك رایوایە: «ئەم سەردەمە وەك جاران نییەو دەبێت ئازادیی زیاتر بە ئافرەت بدرێت، لەبەرئەوەی سەردەمەكە گۆڕاوە و دابونەریتەكان بەرەو كاڵبونەوە دەچن، لەگەڵ ئەوەشدا راستە ئازادیی ئافرەت لە جاران زیاترە، بەڵام دووئەوەندەی جاران پێویستە ئاگاداری ئافرەت بیت، ئەویش بەهۆی پێشكەوتنی سەردەم و تەكنەلۆژیای نوێ»، بە قسەی ئەو «پێشكەوتن و تەكنۆلۆژیانی نوێ ئافرەتی تووشی كێشەو گرفت كردووە، بۆیە لەگەڵ ئازادی، دەبێت باش و خراپیش دەستنیشان بكرێت.»
زۆزك تاهیر توێژەری كۆمەڵایەتییە و سەرەتا ئاماژە بەو گوتەیە دەدات كە بیرمەندێك وتوویەتی مرۆڤەكان بە ئازادی لە دایك دەبن، بەڵام ئەوە كۆمەڵگەیە بە پێی نەریت و یاساو رێساكانی سنوور و چوارچێوە بۆ ئازادیی مرۆڤەكان دادەنێت، ئەویش بە پاساوی پارێزگاریكردن و كۆنتڕۆڵی كۆمەڵایەتی نێوان مرۆڤەكان، بە قسەی ئەو توێژەرە هەر كۆمەڵگایەو سروشت و تایبەتمەندی خۆی لە بەخشینی ئازادی بە ئافرەت هەیە، ئەمەش دەوەستێتە سەر قۆناغەكانی گەشەی مێژوویی، سیاسی، كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی كە تا چەند بوارو زەمینە دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی ئافرەت لە كایە جۆراوجۆرەكانی ژیاندا دەربكەوێت، گوتیشی: «بێگومان لە هەر كۆمەڵگەیەكدا كەسایەتی ئافرەت رۆڵی سەرەكیی لە دەستەبەركردنی ئازادییەكانیدا هەیە»، سەبارەت بەوەش كە كۆمەڵگەی كوردی تا چەند بواری ئازادی بۆ ئافرەتان رەخساندووە، گوتی: «دیارە بەراوردكردنی قۆناغی ئێستای ئافرەتان بە رابردوو ئەوا هەنگاو و پێشوەچوونی باشی بە خۆوە بینوە»، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە لە زۆربەی دامەزراوەو و ناوەندەكاندا ئافرەتان بەشدارن و هاوشانی پیاوان رۆڵی كاریگەریان هەیە، تارادەیەكی باشیش خاوەن بڕیارو ئیرادەی خۆیانن، بەڵام ئەو توێژەرە لەگەڵ ئەو بەرەوپێشچوونەش نكۆڵی لەوە ناكات كە رەوشی ژیانی ئافرەتانی كوردستان بێ كێشەو گرفت نییە، بە جۆرێك هەندێك نەریت و نۆرمی كۆمەڵایەتی هەن كە ئازادیی زیاتر تەنیا بۆ پیاو بە رەوا دەزانێت و تیایدا ئازادی ئافرەت سنووردار دەكات، گوتیشی: «بەتایبەت لەو خێزانانەی ئاستی هۆشیاری كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و پەروەردەییان نزمە ئافرەت وەكو مرۆڤی پلەدوو سەیر دەكرێت و هیچ ئازادییەكی پێ رەوا نابینن.» بۆیە ئەمانە هەمووی بە هۆكار دەزانێت كە وادەكات ئافرەتان نەتوانن داوای ماف و ئازادییەكانی خۆیان بكەن، لەبارەی ئەوەش كە چۆن دەتوانرێت، گۆڕانكاری لەو روانگە بەدبینییەدا بكرێ. ئەو توێژەرە دەڵێت: «پێویستیمان زیاتر بە گەشەی كۆمەڵایەتی، ئابووری و پەروەردەییە بەتایبەت لەو شوێنانەی چالاكیی كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، هونەری و كەلتووری كەمتر تێیدا ئەنجامدەدرێت. لە ئاستی دامەزراوەو ناوەندە كۆمەڵایەتییەكانی حكوومی و ناحكوومی و میدیاكانیش دەبێت كاری جددیتر لە سەر مافەكانی ئافرەت و ئازادییەكانی بكرێت.»
Top