جیاوازیی ڕەگەزی كاریگەری نەرێنی لەسەر كــەسایەتی و داهاتووی منداڵ هەیه
October 19, 2016
کۆمەڵایەتی
حەسەن عەزیز، قوتابی قۆناغی ماستەرە و وه‌ك خۆی باسیكرد، ماوەی 13ساڵە ژیانی هاوسەری پێكێهناوە و دوو كچ و كوڕێكیان هه‌یه. ئه‌و جیاوازی ره‌گه‌زی به كارێكی ناڕه‌وا له قه‌ڵه‌م ده‌دات و ده‌ڵێت: «من جیاوازی له نێوان كوڕ و كچ ناكه‌م، منداڵی یه‌كه‌میشمان كچ بوو، زۆریشم خۆشدوێ، چونكە ئەمە دیاری خودایە، هەر چی بێ، جیاوازی نییە دەبێت سوپاسگوزار بین لەوەی خوای گه‌وره لە نیعمەتی منداڵ بێبەشی نەكردووین».
حەلیمە سیامه‌ند، ئافرەتی ماڵەوەیە و ئه‌ویش ڕایوایه كوڕ یان كچ جیاوازی نییه، بەڵام جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه «پیاو بەگشتی وابیرناكەنەوە»، گوتیشی: «من ماوەی 18ساڵە شووم كردووە و خاوەنی 5كچم، هەر یەكەیان وەك گوڵ وان، كەچی پیاوەكەم بەردەوام لە شەڕو ئاژاوەدایە لەگەڵم، پێم دەڵێ تۆ كوڕت نابێ و ئەبێ ژنێكی تر بێنم، ئیتر بیر له‌وه ناكاتەوە كه ئەوە بەدەست خوایە».
فاتیمە حوسین، ئافره‌تێكی فه‌رمانبه‌ره و ئاشكرایده‌كات كه توانای منداڵبوونی نییە و ده‌ڵێت: «هه‌ر به‌و هۆیەوه رۆژانە خەسووم سەركۆنەم دەكات و هەزار قسەی ناشیرینم پێ دەڵێت، بەردەوام دەڵێت: ژنێكی تر بۆ كوڕەكەم دێنم، تاوەكو منداڵی ببێ، نامەوێ كوڕەكەم وەچاغ كوێر بێ، بەڕاستی ئەو قسانە لە ناخەوە بریندارم دەكات و هەست دەكەم بوونی من هیچ سوودێكی نییە و زۆر جار بیری خراپم بۆدێت و حه‌ز ده‌كه‌م كۆتایی بە ژیانی خۆم بێنم، بەڵام ئەوەی كەمێك دڵنەواییم دەكات، هاوسەرەكەمە كه به‌رده‌وام دەڵێت: خوا كەریمە، گوێ به قەسەكانی دایكم مەدە».
پیاوێكی به‌ساڵاچوو كه خۆی به فەتاح ناساند، وه‌ك خۆی باسیكرد تەمەنی له سه‌رووی 70ساڵه و له‌وه‌ی كه كچی نییه زۆر خه‌مبار بوو. ئه‌و به چاوێ پڕفرمێسكه‌وه گوتی: «من باوكی پێنج كوڕم، بەس خۆزگە دەخوازم هەموویان كچ بان، چونكە ئەو سۆز‌و بەزەیی كچ هەیەتی بۆ دایك وباوك هیچ لە كوڕدا بەدی ناكرێ، كوڕه‌كانم هەموویان دەوڵەمەندن، كه‌چی من ئێستا بە غەریبی لە ژوورێكی ماڵی برام نه‌خۆشم و كەوتووم، تەنانەت سەردانم ناكەن رۆژانە ئاخ هەلدەكێشم، تەنیا كچێكم هەبوایە هەرچۆنێك بوایە وا بێكەسی لە ماڵان نەدەكەوتم».
گۆران خالید، فەرمانبەرە و نایشارێته‌وه كه پێش ئەوەی هاوسەرگیری بكات، زۆر حەزی كردووه منداڵی یەكەمی كوڕ بێت، بەڵام كچیان بووه، دواتریش لە پاشان سێ كوڕی بەدواوە بوو، گوتیشی« مەرج نییە خۆزگە و هیواكانی مرۆڤ هەموو بێتەدی، بەتایبەتی لە بوونی منداڵ، چونكە ئەوە بەدەست خوای گەورەیە» .
ئیسماعیل حوسێن توێژەری بواری دەروونییە و سه‌ره‌تا باسی ئه‌وه ده‌كات كە زاڵبوونی دابونەریت و تێنەگەیشتنی كۆمەڵگه وایكردووه به زه‌قی جیاوازی ره‌گه‌زی هه‌ستی پێ بكرێت. گوتیشی: «له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه كوڕ بە هەموو شتێك ده‌زانن و دەڵێن: گەر كورت نەبێ، وەچاغت كوێرە، لەڕاستیشدا ئەمە تێگەیشتنێكی هەڵەیە و زۆرجاران دەبینین كوڕ بۆتە سەرچاوەی كێشەو گرفت و مەینەتی بۆ خێزانەكهی، به‌ڵام كچ به ده‌گمه‌ن كێشه بۆ خێزانه‌كه‌ی دروست ده‌كات، كچ هیچی لەكوڕ كەمتر نییە، بەڵكو لەزۆر بواردا باشتر و زیرەكترن، هەموو كاتیش بەوەفاو دلسۆزن بۆ دایك و باوكیان، بەڵام بەداخەوە نه‌ریت وایكردووه كۆمه‌ڵگه كوڕ به هه‌موو شتێك بزانێت».
هەمزە عەباس مامۆستایەكی ئایینییە و سه‌باره‌ت به هه‌مان پرس دەڵێت: «بێگومان هەموو شتێك لە قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەرمان محه‌ممه‌د (د. خ) ئاماژەی پێكراوه‌و بە ڕوونی باس كراون، خودای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت: هەندێك كوڕی پێ دەبەخشین و هەندێكی تریش كچ، هەندێكتان كوڕ و كچ و هەندێكی تریش نەزۆك دەبن. دیاردەی فەرزكردنی كوڕ لەسەر كچ دابونەریتی بێباوەڕانی پێش ئیسلام بووه، كەوا كچیان بە زیندوویی زیندەبەچاڵ دەكرد، ئەوەی رقی لە كچ ببێتەوە و حەزنەكات بیبێ، گوناهبارەو تاوانێكی گەورەیە، چونكه هەرچی خوا بیدات، ئەوه باشە و كوڕ وكچ هیچ جیاوازییان نییە، هەركامیان نیعمەتێكی گەوره‌یە بۆ مرۆڤ و پێویستە لەسەرمان سوپاسگوزاری خوای گه‌وره و مێهره‌بان بین».