ئەفسەرێكی پێشمەرگە دەسووتێنرێ و ژن و منداڵەكانیشی دیارنین
October 10, 2016
کۆمەڵایەتی
شەوی 28/9/2016 لە مەلەوانگەیەكی تەواونەكراودا لە گەڕەكی زانكۆی شاری كۆیە، تەرمی رامیار عەبدولسەمیع، تەمەن 45 ساڵ كە نەقیبە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە سووتێنراوی دۆزرایەوە. بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەكەی سەرەتا نەناسرایەوە، دوای ئەوەی هێنرایە پەیمانگەی دادپزیشكی هەولێر، ناسرایەوە و رۆژی 5/10/2016 رادەستی كەسوكارەكەی كرایەوە.
عەمید محەممەد سەعید، بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە رایگەیاند "بۆ ناسینەوەی تەرمەكە لەلایەن كەسوكاریەوە سێ بەڵگە هەبوون، یەكەمیان كەسوكاری هاتن گوتیان دیار نییە، دووەمیان رەنگ و جۆری پانتۆڵ و تیشێرتەكەی، سێیەمیش كەسێكی خێزانەكەیان پزیشكی ددانە و پێشتر ددانی بۆ نەقیب رامیار چاك كردووە، بە ددانەكەی ناسییەوە".
نەقیب رامیار، 26 ساڵ بوو ژنی هێنابوو، خاوەنی دوو كچ و كوڕێك بوو. كچێكی خوێندكاری پەیمانگەیە و كوڕەكەشی پۆلی نۆی بنەڕەتی تەواوكردووە. كچەكەی دیكەشی بچووكە و تەمەنی سێ ساڵە.
سەرچاوەیەكی ئەمنیی ئاگادار لە شارۆچكەی كۆیە بە (رووداو)ی راگەیاند "دوای رووداوەكە ژن و منداڵەكانی دیار نەماون، كەسوكاریشی گومانیان هەیە دەستی ژنەكەی تێدا بێت".
دیار موفتی كە ئامۆزای نەقیب رامیارە، ئەو گومانەی پشتڕاست كردەوە و بە (رووداو)ی گوت "ژن و منداڵەكانی دوای دۆزینەوەی تەرمەكە دیارنەماون. ئێستا گومانمان بۆ دروست بووە كە ئەوانیش بەهەمانشێوە كوژرابن، یان ژنەكەی دەستی لەو كارەدا هەبێت".
ئایا نەقیب رامیار و ژنەكەی كێشەیان هەبووە؟ موفتی گوتی "بەهۆی نەمانی مووچە رەنگە كێشەیان هەبووبێت، نەقیب رامیار نزیكەی سێ مانگ بوو یەكەی مۆبایلەكەی پڕنەكردبووەوە، ئەوەش بەپێی ئەو زانیاریانەی لە دوای ونبوونەكەی لەلایەن دادگاوە داوا لە كۆمپانیای كۆڕەك كراوە و كۆڕەكیش پێیگوتوون".
سەبارەت بە باری داراییشی، موفتی گوتی "پێشتر خانووی خۆیان هەبوو، بەڵام بەمدواییە لە خانووی كرێدا بوون، جگە لەوەش لەم ماوەیەدا نەقیب رامیار ئۆتۆمبێلەكەی خۆی فرۆشت و دوكانی ئارایشتی بۆ ژنەكەی دانا".
كێشەی نەقیب رامیار و هاوژینەكەی
دیار موفتی، كە ئامۆزای نەقیب رامیارە، زۆر پەسنی هاوژینی نەقیب رامیار دەدات و دەڵێت "ژنێكی زۆر بەڕێز و لەگەڵ هاوژینەكەی بێ كێشە بوو". بەڵام سەرچاوەیەكی ئەمنی لە شاری كۆیە دەڵێت كێشە لە نێوان ئەو ژنە و پیاوەكەدا هەبووە "نەقیب رامیار و ژنەكەی دوو سێ ساڵ بوو كێشەیان هەبوو، دۆسیەكەشیان لە دادگا بووە و ویستوویانە جیاببنەوە". دیار گوتی "راستە ویستیان جیاببنەوە، بەڵام كێشەكەیان چارەسەر كرا".
رووداو