ئافرەتێك چاوەڕوانی چارەنووسێكی نادیار دەكات
October 10, 2016
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
تەمەنی (32) ساڵە و بەژنێكی بەرز و باریكی هەیە و جوانیی روخساری زۆر سەرنجڕاكێشە، بەڵام لە قووڵایی چاوەكانیدا خەمێكی زۆر بەدی دەكرێ. خۆی بە ناهیدە دەناسێنێت و وەك باسیكرد، دایكی سێ منداڵە و یەكێك لە منداڵەكاتی بە هۆی تایەكی كتوپڕ كۆچی دوایی كردووە، ئەو جەرگ سووتانەشی سەرەتای ئەو نەهامەتییانەن كە تا ئەمڕۆ بەرۆكی بەرنادەن. ناهیدە بەمجۆرە بەسەرهاتی ژیانی پڕ لە ئازاری خۆی بۆ گوڵان دەخاتەڕوو:
«مێردەكەم، لە ماڵەوە پیاوێكی ئارام و باش بوو، ئێمە هیچ كیشەمان نەبوو، خوای گەورە سێ منداڵی جوانی پێدابووین، گەرچی ماڵی خەزووریشم بەرامبەر بە من زۆر خراپ بوون، بەڵام ئەو هەمیشە دڵی دەدامەوە، بۆیە تەحەمولكردنی ئەو زرووفە بەلامەوە زۆر ئاسایی بوو. بەڵام هێندەی پێنەچوو، ژیانی ئێمە بە هۆی چەند هاوڕێی مێردەكەمەوە تێكچوو. ئەو لەگەڵ چەند هاوڕێی كۆنی خۆی كاری بازرگانییان دەكرد، بەڵام كێشەی مامەڵە و پارەیان بۆ دروست دەبێت، رۆژێك دەیكەنە دەمەقاڵی، تا وای لێدێت مێردەكەم زۆر پەست دەبێت و بە دەمانچە هاوڕێیەكی بریندار دەكات، ئیتر دوای ئەوە دەستبەسەر كراو ژیانمان تاریك بوو. بە حوكمی ئەوەی پێشتر بە خۆشەویستی شووم پێكردبوو، بەرگەی هەموو ئازار و كێشەیەكم دەگرت، دوای گرتنی مێردەكەم لە ماڵی خەزوورم مامەوە، رۆژانە نزام دەكرد، چەند جار چووین بۆ ماڵی كابرا لێمان خۆش بێت، كەچی ئەوان هەر سوور بوون لەسەر بڕیاری خۆیان، هەرچی زێڕ و پارە و ماڵم هەبوو هەموویم دانا، تەنیا لەبەر ئەوەی مێردەكەم بێتەوە ناومان، كەچی بڕیاری پانزە ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو، ئیتر ئەمەلمان نەما. منیش هەر لەگەل ماڵی خەزوورم دانیشتم، بەڵام ئەوان دوو ئەوەندەی جاران لەگەڵ خۆم و منداڵەكانم خراپ بوون، منیش هەر گوێم بەو شتانە نەدەدا، رۆژێك هەڵسام لەگەڵ منداڵەكانم چووم بۆ ماڵی باوكم، خەسووم گوتی: زوو وەرە. كە هاتمەوە میوانی زۆرمان هەبوو، من سەرقاڵی چێشت لێنان و كاری ماڵ بووم، نەمزانی كوڕە گەوەرەكەم بە ئاو یاری كردبوو، شەو تایەكی زۆر گەرمی گرت، ئێمەش بردمانە لای دكتۆر و دەرزی لێدا، شەو هاتینەوە، بەیانی هەڵسام بینینم كوڕەكەم هەڵنەستاوە، چووم هەڵیبسێنم، كەچی جەرگم سووتابوو، من پێم نەزایبوو. كاتێك وتیان كوڕەكەت مردووە، ئەژنۆم شكا و كردمە هاتوهاوار و ئەوەندەم لە خۆم دا، تاوەكو بێهۆش بووم و بوورامەوە. دوای ئەو جەرگ سووتانە ماڵی خەزوورم منداڵەكانی تریشیان لێم ساندەوە و منیان دەركرد، كە خەبەریان بۆ مێردەكەم برد، ئەویش منی نەویست، هەر لە زیندانەوە تەڵاقی دام، ئیتر رۆژانە كارم بووە گریان، ماڵی باوكیشم، بەتایبەت براكانم زەختیان لەمن دەكرد، كە دەبێت شوو بكەمەوە، ئەوە بوو رۆژێك دراوسێكەمان بە دایكمی گوتبوو پیاوێك هەیە دەیەوێ ژن بێنێ، پیاوێكی باشە، بۆ كچەكەتی نادەیتێ؟ دایكیشم راستەوخۆ بە براكانمی گوتبوو، هێندەی پێنەچوو، براكانم منیان بە زۆر بە شوودا بەو پیاوە، من جەرگم سووتابوو، لە دوو منداڵی دیكەشم دابڕابووم، خەمۆك و خەمبار بووم،
كەچی براكانم بە زۆرەملێ منیان بە مێرد دایەوە و هیچ حیسابێكیان بۆم نەكرد. قسمەتی خوا وابوو لەو پیاوە منداڵم نەبوو. ئیتر رۆژانە لەگەڵ دەمەقاڵی و پرتەپرتی خەسووم خەریك بوو شێتم بكات. هەر دەیگوت: بۆ منداڵت نابێ؟ ئاخری وایكرد ژنیان بەسەرم هێنا. دوای ئەوەش من زۆر زیز بووم، گوتم من كێشەم نییە و پێشتر سێ منداڵم بووە، بەڵام بە بێ پشكنینی پزیشكی پیاوەكەم بە زەبری دایكی تەڵاقی دام، ئیتر ئەو هەموو بەزمەی بەسەرم هات، بەس نەبوو، ئەوەشی هاتەسەر، ماڵی باوكیشم دوو ئەوەندەی جاران خراپتربوون، ئەوەندەی پێنەچوو، باوك و دایكم كۆچی دواییان كرد. من دوامنداڵیان بووم و خۆشك و براكانم هەموویان بە تەمەن لە من گەورەتر بوون، ئیتر ناچار بووم هەر رۆژەو لەماڵی برایەك ژیان بەسەربەرم. هێندە ژنی براكانم لەگەڵم لالووت بوون، بۆیە براكانم رازی كرد كاربكەم، دوای هەوڵێكی زۆریش بووم بە خزمەتگوزار لە قوتابخانەیەك و قوتابخانەم پاك دەكردەوە، ئەو پارەی وەرمدەگرت هەموویم بۆ منداڵی براكانم خەرج دەكرد،، ئینجا لووتیشیان خوار بوو. لە دیداری منداڵەكانی خۆم مەحرووم كراوم و هیچ دڵخۆشییەكم بەو دنیایە نەماوە، نازانم ئەمە چ چارەنووسێكە. بەو دواییە ژنی براگەورەكەم بە سەختی نەخۆش كەوت، ئیتر براكەم نەیهێشت كاربكەم و وتی دەبێ واز لە كارەكەت بهێنی. ئێستا لەو ماڵە برایەم خزمەتی براژنەكەم دەكەم و نانیان بۆ حازردەكەم، براكەم بڕیاری خۆی داوە و دەڵێت پێویست ناكات كار بكەیت، خزمەتی ماڵ و منداڵم بكە و منیش ئاگام لێت دەبێت، ئەوەش برا. خۆیان ماڵی منیان تێكدا و ئێستاش وەك خزمەتكار سەیرم دەكەن. بۆیە بەو تەمەنە كەمەوە چاوەڕوانی چارەنووسێكی نادیار دەكەم.»