سیستمی وەرگرتنی قوتابیان و دۆخی قەیرانی دارایی خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت

سیستمی وەرگرتنی قوتابیان و دۆخی قەیرانی دارایی خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت
بە مەبەستی گرنگیدان بە خولیای قوتابیان و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی لە زانكۆ و پەیمانگەكان، بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمساڵ وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگەكانی ھەرێمی كوردستان جیاواز دەبێت و چیدی تەنیا بە شێوازی وەرگرتنی ناوەندی نابێت، بەڵكو لەمەودوا خوێندەڤانان دەتوانن لەو بەشەی كە دەیانەوێت لێی بخوێنن، فۆڕمی وەرگرتن پڕبكەنەوە. ئەو فۆرمانەی بە مەبەستی وەرگرتنی خێرا لە رێگەی وەرگرتنی ناوەندی بەسەر قوتابیانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی دابەش دەكرێت، خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت و خوێندەڤانان نیگەرانی خۆیان لەوە دەردەبڕن كە نازانن سیستمی وەرگرتنی خێرا و سیستمی پاڕالێڵ تاچەند سوود بە ئایندەیان دەگەیەنێت. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گۆڤاری گوڵان خوێندنەوەی زیاتریان لەوبارەیەوە هەیە.

ئا/ هێڤی بەكر




لە دەستپێكی راپۆرتەكەدا شەوناز عەلی قوتابی پۆلی دوازدە، هێما بۆ ئەوە دەكات كەوا: ئەمساڵ لە زۆربەی زانكۆكان لەچەند كۆلێژێك و لەچەند بەشێك بەپێی چەند مەرجێكی دیاریكراو فۆڕمی وەرگرتنی ناوەندی (قبول مركزی) بەسەر دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی دابەش دەكرێت، گوتیشی: «بەشێكی زۆری قوتابیان روو لە ناوەندەكانی دابەشكردنی ئەم فۆڕمە دەكەن و زیاتریش ئەو قوتابیانەی كەوا كۆنمرەكانیان كەمە، ئەم فۆڕمەیان پڕكردووەتەوە بەڵام دیسانەوە هەندێك لەو قوتابیانە ناتوانن لەهەندێك بەش سوودمەند بن، چونكە مەرجی قورسیان لەسەر دانراوە. پڕكردنەوەی ئەم فۆڕمانە بەپێی نمرەكانمان هەنگاوێكی باشە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئاسان لەو بەشانەی ئارەزوومانە وەربگیرێین و مافی خوێندنی زانكۆ بەدەست بێنین، هەروەها بەشێوەی (پاڕالێڵ)یش چەند بەشێكی زانكۆكان قوتابی وەردەگرن، واتە ساڵانە بەبڕێك پارەی دیاریكراو قوتابیان دەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن لە زانكۆكان ئەو شێوازەش كۆنمرەی كەمتری دەوێ وەك لە وەرگرتنی ناوەندی بە رێژەی 20% كەمتر لەو فۆڕمانەی كەوا مەرجی 60 % __- 65% یان داناوە ئەوەش سوودی هەیە بۆ ئەو قوتابیانەی كەوا لەچەند ساڵی رابردوو دەرچوون، بەڵام بەهۆی كەمیی كۆنمرەكانیان نەیانتوانیوە لە هیچ زانكۆ و پەیمانگەیەك وەربگیرێن، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو ئاسانكارییانەی كە بۆ قوتابی كراون، بەهۆی ئەو بارودۆخەو قەیرانی دارایی هەموو قوتابیان ناتوانن لە بەرامبەر خوێندنیان لە زانكۆ ئەو بڕە پارەیە بدەن.»
مارڤین بەكر دەرچووی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە بەشی وێژەیی، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «كۆنمرەكەم نزمە و ناتوانم زۆربەی كۆلێژ و بەشەكان پڕبكەمەوە و تیایاندا وەربگیرێم، بەڵام ئەم فۆڕمەی كە لەلایەن بەشێك لە كۆلێژەكان لە ئێستادا دابەش دەكرێت لە رێگەی تاقیكردنەوەیەك قوتابیان وەردەگیرێن لەو بەشانەی ئەم فۆڕمە دابەش دەكەن بە شێوازی وەرگرتنی ناوەندی (قبول مركزی)، ئەویش چەند مەرجێكی هەیە. من پێم شتێكی باشە ئەم فۆڕمانە دەدرێن بە قوتابیان و لێی سوودمەند بن، خۆم وەك قوتابیەك كە ئەو فۆڕمەم پڕكردووەتەوە، لە ئێستادا زۆر بەپەرۆشم بۆئەوەی ئەو بەشەی كە ناوم تیایدا تۆمار كردووە، بەدەستی بێنم. سوپاسی مامۆستایان و كارگێڕانی وەزارەت دەكەم كە ئەم ئاسانكارییەیان بۆ قوتابیان كردووە.»
شەیدا عومەر خوێندەڤانێكی دیكەی هەمان قۆناغە و ئەویش دەڵێت: من وەك قوتابیەك توانیم ئەو فۆڕمە وەربگرم و لێی سوودمەند بم، چاوەڕێی ئەنجامەكانی ئەم فۆڕمەشم كە لە رێگەی تاقیكردنەوەی دەرەكی ئەنجام دەدرێت و تیایدا ئاستی زانیاری قوتابیان هەڵدەسەنگێندرێت و بەپێی چەند مەرجێك قوتابی وەردەگیرێت، من ئەم مەرجانەم تیادا هەبووە و لە وانەكان كۆنمرەی پێویستم هەیە، چاوەڕێی ئەنجامەكانم كە تیر و پشكی بۆ دەكرێت، چونكە بەپێی ئەو كورسییانەی دایانناوە قوتابی وەردەگرن.»
محەمەد ئیسماعیل-یش دەرچووی پۆلی دوانزەیە و وەك خۆی ئاماژەی پێدەكات، ساڵی پار كۆ نمرەكەی كەم بووە و بەوهۆیەوە نەیتوانیوە لە هیچ كۆلێژ و پەیمانگەیەك وەربگیرێت. ئەو قوتابییە لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: «ساڵی پار وەرنەگیرام و حەزم كرد ئەمساڵ لە رێگەی ئەم فۆڕمەوە لە یەكێك لە زانكۆكان وەربگیرێم، بەڵام ئەویش لەبەر ئەوەی كۆنمرەكەم لە 60% كەمترە ناچارم بەشێوەی پاراڵێڵ واتە كرێی ساڵانە بەردەوام بم لە خوێندن و قۆناغی زانكۆم تەواو بكەم.»
هەردەوان مەحمود مامۆستای زانكۆ لە كۆلێژی ئاداب زانكۆی سەلاحەدین، بڕیاری وەرگرتنی راستەوخۆ، بە بڕیارێكی باش دەزانێت و هاوكات دەڵێت: «بڕیاری باشیش بەبێ رەخساندنی هەلومەرجی باش بۆ جێبەجێكردنی سەركەوتوو نابێت، بەڵگەش بۆ ئەو قسەیەم ئەوەیە كە وەزارەتی خوێندنی باڵا نەیتوانی پابەند بێ بەو رێكەوتنانەی كە لەناو بڕیارەكەدا هاتبوو، بۆ نموونە كاتی تاقیكردنەوە بۆ پێشكەشكاران لە 28/8 تاوەكو 1/9 دانرابوو بۆ سەرجەم بەشەكان، بەڵام دواخرا، بڕیار بوو ئەنجامی وەرگرتنی راستەوخۆ لە 15/9 رابگەیەندرێ، بەڵام نەتوانرا لە وادەی خۆی جێبەجێ بكرێ، ئەم نموونانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا وەكو پێویست نەیتوانیوە زەمینەسازیی لەبار بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی بكات.» گوتیشی: «سوودی ئەم بڕیارە لەوەیە كە قوتابیان لەسەر بنەمای حەزو خواستی خۆیان داواكاری پێشكەش دەكەن بۆ تەواوكردنی خوێندنی زانكۆ، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەشەوە ئەم سیستەمە پەرە بە تواناو لێهاتوویی قوتابیان دەدات لە كاتێكدا ئەم بنەمایانە لە سیستەمی وەرگرتنی ناوەندیدا رەچاو نەدەكرا.
سەبارەت بە پارەدانی قوتابی لە بەرامبەر وەرگرتنی بەشە ناوخۆیی، یان خوێندنی لە زانكۆ، ئەو مامۆستایەی زانكۆ گوتی: «ئەوە لەڕووی ئابوورییەوە بڕیارێكی دروستە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە لە چ كاتێكدا ئەم بڕیارە دروستە؟ ئەو كاتەی بارودۆخی ئابووری لەدۆخێكی خراپ و نالەبار بێت، ناتوانێ دروست بێت. گومان لەوەدا نییە ئێستا خەڵكی كوردستان لە قەیرانێكی دارایی زۆر سەختدا دەژین و ئاستی بژێوی ژیانی زۆرێك لە هاووڵاتیان لە لێواری داڕماندایە، بۆیە ناكرێ لەم بارودۆخە سەختەدا بڕیارێكی لەمجۆرە بەسەر قوتابیاندا بسەپێنرێت، تەنانەت خودی وەزیری خوێندنی باڵاش لە لێدوانە رۆژنامەنووسییەكەیدا ئاماژەی بەم مەترسییە كرد و گوتی: رەنگە رێژەیەكی كەم لە قوتابیان لەم دۆخە سەختە بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن. كردنەوەی كۆلێژی ئێوارانی ئەهلیش بڕوا ناكەم لە بەرژەوەندیی حكومەت بن، چونكە پێشتر بەبڕیارێك هەموو كۆلێژە حكوومییە ئێوارانەكانیان راگرت كە خوێندن تیایدا بە پارە بوو، ناچار قوتابییان روویان لە زانكۆ ئەهلییەكان كرد. بۆیە لەم كاتەشدا كردنەوەی كۆلێژی ئێوارانی ئەهلی كاریگەرییەكی دارایی ئەوتۆی نابێ.»
لەلای خۆیەوە عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە گوڵان-ی راگەیاند: ئەم شێوازی وەرگرتنی راستەوخۆی زانكۆیی (قبول مركزی) لە ئێستادا كۆتایی پێهاتووە و بەشێكی زۆری قوتابیان ئەو فۆرمەیان وەرگرتووەو پڕیان كردۆتەوە، سیستەمی پاڕالێڵ-یش ئێمە داماننەناوە و ئەو بەشانە خۆیان سەرپەرشتی ئەم شێوازی خوێندنە دەكەن، بەڵام سیستەمی وەرگرتنی راستەوخۆی زانكۆیی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەمساڵ بۆ یەكەمجار ئەم شێوازە جێبەجێكرا لەهەرێمی كوردستاندا وەك قۆناغی سەرەتا لە 102 بەش لە سەرجەم زانكۆ و پەیمانگا حكوومییەكاندا، لە ئێستاشدا پڕكردنەوەی ئەو فۆڕمانە كۆتایی پێهاتووەو تەنیا ئەنجامەكان ماوە رابگەیەندرێ. لێرەدا ئامانجمان ئەوە بوو حەزو ئارەزووی قوتابیان لەبەرچاو بگرین و لەو بەشانەی خۆیان حەزی پێدەكەن، وەربگیرێن و مەرج بوو قوتابیان كۆنمرەی پۆلی 12یان لەسەدا 60 كەمتر نەبێت كە تیایدا قوتابیان چاوپێكەوتنیان ئەنجامداوە لەسەر 40 نمرە، هەروەها 60 نمرەكەی دیكەش لەگەڵ كۆنمرەی پۆلی 12 كۆدەكرێتەوە لەلایەن تۆماری گشتی ئەو كۆلێژانەوە، دواتریش لەلایەن لێژنەیەكی زانستی هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرێت، ئەوانیش وەزارەت سەرپەرشتییان دەكات.»
Top