بەساڵاچووان بەهۆی تەنیاییەوە لە قەیرانێكی گەورەی دەروونیدان

بەساڵاچووان بەهۆی تەنیاییەوە لە قەیرانێكی گەورەی دەروونیدان
زۆربەی ئەو ئافرەت و پیاوە بەساڵاچووانە كاتێك فرمێسك لە چاوەكانیاندا قەتیس دەبێت، كە باسی بیرەوەرییەكانی خۆیان دەكەن، بەردەوامیش گلەیی لە كەسوكاری نزیكیان دەكەن، بەوەی كە بەرامبەریان بێوەفایی دەنوێنن و جگە لەوەی قەرەبووی ئەرك و ماندووبوونی ڕابردوویان نەكردووەتەوە، بەڵكو زۆرجار لە ماڵەوەش دەریان دەكەن، وەك دڵنەواییەك بۆ بەساڵاچووان نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژی ١ی تشرینی یەكەمی وەك رۆژی جیهانی بەساڵاچووان دەستنیشان كردووە .



لە توێژینەوەیەكی پزیشكانی بێسنوور ئاشكرا كراوە كە پیش گەیشتن بە تەمەنی بێ ئومێدی، ئاماری خەمۆكی لە ئافرەتاندا زیاترە لە پیاوان، بەڵام لە تەمەنی خانەنشینی، یان پەككەوتنی پیاوان بە هۆی گوشاری زۆرەوە لە پیاواندا زیاتر دەبێت ـ وەكو چارەسەری نەخۆشی، خەرجی ژیان، دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون كە ئەمانە دەبنە هۆكارێك بۆ ئەوەی پیاوان لەو تەمەنەدا زیاتر تووشی خەمۆكی بن. لە تەمەنی بەساڵاچووییدا ئاماری خەمۆكی هەردوو رەگەز تا رادەیەك وەكوو یەكە، بەڵام خەمۆكی لەو بەساڵاچووانەی لە خانەی بەساڵاچوواندا دەژین 70% زیاترە لەو بەساڵاچووانەی لەگەڵ خێزانەكانیان دەژین. ژمارەیەكی زۆر لەو بەساڵاچووانەش بە هۆی گوشاری ئەندامەكانی خێزانی خۆیان، جگە لە خەمۆكی تووشی چەندین نەخۆشی دەروونی دەبن. یەكێك لەو ئافرەتانە دەڵێت: «چوار كچم لەسەر یەك بوو، خۆم و مێردەكەشم ئاواتی ئەوەمان دەخواست كوڕێكمان ببێ، شێخ و سەید و مەلا نەما داوای دوعای لێ نەكەم، دواجار خوا كوڕێكی پێداین و ناومان نا شوان، بەڵام بریا هەر كوڕم نەبووایە.» ئەو ئافرەتە تەمەن 65 ساڵەیە كە خۆی بە فاتمە رەسوڵ دەناسێنێت، لە درێژەی قسەكانیدا بە گریانەوە دەڵێت: «كاتێك مێردەكەم تووشی نەخۆشییەكی گران بوو، كەوتە جێگە و كوڕەكەمان رۆژێك بە فێڵی دكتۆر و بردنە توركیا پەنجەمۆری پێكرد، دوای مردنی باوكی ئەوكات زانیمان خانووەكەی خستۆتە سەر ناوی خۆی و پاشان بەو پەڕی بێڕەحمییەوە منیشی دەركرد، ئێستاش من بەم تەمەنەوە لە سێبەری زاوا لەلای كچە بچووكەكەم دەژیم، رۆژی سەدجار خۆزگە بە مەرگ دەخوازم دەڵێم بریا ئەو كوڕەشم نەبووایە ئەوكات هێندە خەفەتم نەدەخوارد.»

پیرە پیاوێك كە بە باوكی محەمەد خۆی ناساند، بەمجۆرە دەردەدڵ دەكات و دەڵێت: «تەمەنم گەیشتە 70 ساڵ و باوكی دوو كچ و سێ كوڕم، لە كاتی گەنجێتیدا رەنجی زۆرم بۆ ژن و منداڵەكانم كێشاوە، كە پیر بووم و توانای پارە پەیداكردنم نەما فڕێیاندامە بەر دەرگە، خوا خێری كوڕە كورەكەم بنووسێ كە لە ئەڵمانیایە و شوقەیەكی لێرە هەیە، ئێستا لەناو شوقەكەی ئەو تەنیا و بێكەس رۆژانی تەمەنی پیریم بەڕێدەكەم، لە نێو چوار دیواردا تووشی خەمۆكییەكی سەخت بووم، لەوە دەترسم بمرم و لاشەكەم بۆگەن بێت و كەس پیم نەزانێ».

گوڵاڵە پشدەری كە ساڵانیكی زۆر وەكو پەرستار لە نەخۆشخانەكانی تایبەت بە پیران لە ئەمستەردام كاری كردووە، هێما بۆ ئەوە دەكات كە لە پڕۆسەی پیریدا هەندێك گۆڕانكاری دێتەئاراوە لە گەشەكردنی مرۆڤدا، كە زۆربەیان بەرەو پاشەوەچوونیان نیشان دەدات، بەڵام دەتواندرێت كار لەسەر ئەو گۆڕانكارییانەی كە دێنەئاراوە بكرێت، تاكو ژیانیان بە شێوەیەكی ئاسانتر لەوەی كە هەیە، تێپەڕێت. هێمای بۆ ئەوەش كرد كە قۆناغی پیری لە تەمەنی سەرووی ٦٥ ساڵی دەست پێدەكات، لە بەڕێكردنی تەمەنی پیریدا گۆڕانكاری زۆر لە ژیانیاندا ڕووی دەدات و ئەوە ڕێگەی هەموو مرۆڤێكە ئەگەر بە نسیبی بێت بەو قۆناغەدا تێپەڕێت، زۆربەی پیران بە سەركەوتووانە ئەو قۆناغە تێدەپەڕێنن و خۆیان لەگەڵ بارودۆخەكە دەگونجێنن، ئەوە لە ئەنجامی توێژینەوەیەكی زانستیدا دەركەوتووە.

وەك گوڵاڵە پشدەری باسیكرد توێژەران قۆناغی پیری بە سەر دوو قۆناغدا دابەش دەكەن، كە بریتین لە: قۆناغی پیری زووڕەس، واتە لە نێوان تەمەنی ٦٥ تاكو ٧٥ ساڵ. لێرەدا ئەوان باری تەندروستییان تا ڕادەیەك باشە، هەروەها باری داراییشیان باشە، بۆ نموونە كەڵك لە مووچەی خانەنشینییان، یاخود لە پاشەكەوتیان وەردەگرن، جموجۆڵی ڕۆژانەیان هەیە و تا راددەیەك كاروباری رۆژانەی خۆیان هەر خۆیان ئەنجامی دەدەن و نەبوونەتە ئەرك بەسەر كەسدا. دووەم قۆناغی دواپیرییە و لەو قۆناغەدا تەمەن گەیشتۆتە ٧٥ و سەرووتر لێرەدا بەساڵاچوو كەمتر چالاكە و كێشە جۆراوجۆرەكانیشی زیاترن، ئەوان لەو قۆناغەدا زیاتر پەیوەست بە دەورووبەرن و ئەركەكانی خۆیان ناتوانن بە ئەنجام بگەیەنن. لەو قۆناغەدا پرۆسەی پیری لەوانەیە كت و پڕ بگۆڕێت، واتە لەناكاو نەخۆشییەكی بەهێز بگرێت یاخود تووشی لەبیرچوونەوە بێت. یاخود ئەگەر مەراقێكی گەورەی هەبێت وەكو مردنی هاوژینەكەی لەوانەیە ئەویش بەرگە نەگرێت و كۆچ بكات. هاوكات گەشەی شوناسی لای ئەوان لاواز دەبێت. زۆربەی بەساڵاچووانیش خێرایی وەرگرتنی زانیاری و ڕاگرتن لە مێشكیاندا بۆیان زەحمەت دەبێ، بۆیە ئێمەی گەنجتر پێویستە لێیان تێ بگەین و بە گوێرەی پێی ئەوان بڕۆین و شەفافتر و بە دەنگی تۆزێك بەرزتر بۆ ئاسانكاری لە باش بیستنیان گفتوگۆیان لەگەڵ بكەین. پێویستە سەبرمان هەبێ بەرامبەریان و دووبارەكردنەوەی بەیان و وتەكانیان هیچ كێشە نییە و بەڵكو باشترە بۆیان، چونكە بەشی راگرتنی زانیاری لە مێشكدا لاواز دەبێت و ناتوانێت ئەوە قسەیەی كە بەو زووانە گوێبیستی بووە، رایگرێت و لە یادی دەچێتەوە. ئەوە گەورەترین كێشەی زۆربەی پیرانە. تەنانەت جاریوایە بە یەكجاری ناتوانن زانیاری نوێ لە مێشكدا ڕابگرن، بەڵام لە زۆربەی كاتدا بەشی راگرتنی زانیاری درێژماوە واتە كۆنەكان دەمێننەوە. ئەوەش جێگەی سەرسوڕمانە كە بەساڵاچووان دەتوانن شتە بچووكەكانی ١٠ یاخود ٢٠ ساڵ پێشتریش بە یاد بێننەوە لە حاڵەتێكدا پێشتر نەیانتوانیوە .

گوڵاڵە پشدەری كە پسپۆڕە لە بواری پێداویستییەكانی بەساڵاچووان و بە شێوەی ئەكادیمی توێژینەوەی لەسەر كردووە، باسی گۆڕانكارییەكانی جەستەیی لە بایلۆجیدا دەكات و دەڵێت پاشچوونەوەی جەستە لە تەمەنی نێوان ٢٠-٢٥ ساڵی دەستپێدەكات، بەڵام لە كاتێ بەساڵاداچوون ئەو گۆڕانكارییە زۆر بە خێراترە. بۆیە پیویستە ڕەچاوی هەندێك خاڵ و كەموكوڕی لە بەساڵاچووان بكرێت، وەكو لاوازبوونی بیستن و دیتن و ...هتد. نمونەشی بەوە هێناوە كە رێژەیەكی زۆر لە ئافرەتان و هەتا پیاوانیش تووشی ئێسكەنەرمە دەبن. لە ژناندا دوای تەمەنی نزیكەی ٣٥ ساڵی دەستپێدەكات. بۆیە پێویستە ڕەچاوی ئەوە بكرێت كە ئەوان بپارێزڕێن لە كەوتن و بەركەوتنی هەر شتێك كە ئازاریان پێ بگەیەنێت، چونكە ئەوان زووتر ئێسكەكانیان دەشكێت. لە هۆڵەندادا دوای تەمەنی ٥٠ ساڵی بۆ هەردوو ڕەگەز واتە هەتا بۆ پیاوانیش هەندێك ڕەچاوكردنی خاڵ هەیە كە پێشنیاز دەكرێت بۆ پشكنینی ئیسك و چارەسەری. هەروەها ئەوان بەردەوام ئیسەكانیان بە هۆی سووڕان و نەمانی جومگە تووشی ئازار و ڕەقبوونی جومگەكان دەبن و ناتوانن خۆیان باش و بە خیراێی هەڵسووڕینن و یان بڕۆن. بۆیە پێویستە لەو بارودۆخەیان تێ بگەین و زیاتر دەرفەتیان پێبدرێت و بە پێی ئەوان بڕۆین و ئەوان بە ئامێری باش و گونجاو وەكو گۆچان بجووڵێن. هەروەها ئەگەر گفتوگۆ هەبێت لە نێوان دوو، یان چەند كەسێك و بەتایبەت ئەگەر روویان لە ئەو بێت، وا دەزانێ باسی ئەو دەكەن و دەكەوێتە گومانكردن و دڵگرانی و هەستی بێڕێزیكردن و دەرئەنجامدا بێمتمانەیی بە خۆ دروست دەبێت. سەبارەت بە گۆڕانكاری سێكسییش لە بەساڵاچوواندا گوتی: «لە كۆمەڵگەدا وا باوە دەڵێن پیران ئەو هەستەیان نامێنێت، یان دەڵێن تازە ئەو هەستەیان بۆ چییە؟ بەڵام دیاركراوە كە ٤ لەسەر ٥ ژن یان پیاوی تەندروست دوای تەمەنی ٦٥ ساڵیش هەر ئەو هەستەیان چالاكە.»

هاوكات جەختی لەوە كردەوە كە «لە سەردەمی ئێستادا جۆری ژیان گۆڕاوە و مرۆڤەكانیش گۆڕاون و گەنجەكان هەوڵدەدەن ژیانێك بۆ خۆیان دروست بكەن و زۆر جار دایك و باوكیان بەجێ دەهێڵن، هەروەها داپیرە و باپیرەكانیان بەسەر ناكەنەوە. ئەوان زیاتر حەزیان لە ناو ژینگەیەكی ئارام و لە نێوان منداڵەكانیان و نەوەكانی خۆیانە. پێویستە ڕەچاوی ئەو خاڵە بكرێت، ئەوە ئەگەر بە یاساش نەبێت، بەڵام ئەركی مرۆیی و ئەخلاقی و شەرعییە.» گوتیشی: «من ژنی پیرم بینیوە، زۆریش حەزی لە چای بووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی كە نەبێتە ئەرك بۆ بردنە تەوالێت، نەیخواردۆتەوە، دەرئەنجام تووشی پیسبوونی میزڵدان بووە و زۆر ئازاری چێشتووە. ئەوان لەوانەیە بە هۆی لەدەستدانی متمانە بە خۆیان و بە جەستەیان زۆر تووڕە بن و لە خۆ بێزار بن و بەهانە بە هەر رووداوێكی بچوك بگرن، بەڵام ئەوە لە نائومێدییانە و ترس لە داهاتوویان و پەیوەستبوون بە ئەوانە كە زۆر پێی دڵتەنگ دەبن كەسێكی تر بۆ نموونە بیانباتە سەرئاو و یان خواردنێكی لە پێش دابنێن كە لەوانەیە هەر بە دڵیشی بەنێت. هەندیك جاریش وەكو منداڵ مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و دەكەونە گفتوگۆ لە گەڵیدا، ئەوان بەو جۆرە ڕەفتارە دڵتەنگ دەبن، چۆنكە ساڵانێك ئەوان ئامۆژگاری لەوان گەورەتریشیان كردووە. ئێستا بەداخەوە هەتا لە كوردستانیشدا هەڵسوكەوت لەگەڵ بەساڵانداچوو لە لایەن كەسانی دەوروبەری گۆڕاوە، بۆ نموونە پرس وڕاكردن پێیان كەمتر بۆتەوە، یاخود نەماوە، ئەوەش پێموایە هەڵەیەكی گەورەیە، چونكە بەساڵاچووان گەنجینەی ئەزموونەكانن و ژیانی سەركەوتووش بریتییە لە تێكەڵەی ئەزموون و زانستی نوێ، ئەزموونیش كلیلی سەركەوتنەكانە.


د. ساكار ئەلمودەڕیس مامۆستای زانكۆ لە كۆلێژی ئاداب زانكۆی سەلاحەدین، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «ئەم مرۆڤانە كاتی خۆی پێشەنگ و تەندروست و كاریگەر بوون لە كۆمەڵگە، ئێستاش كە ئەم كاریگەرییەیان نەماوە، بۆیە هەست بە تەنیایی و نائومێدی دەكەن. هەست دەكەن ئەوان مرۆڤی نائەكتیڤن لە كۆمەڵگە و بوونەتە مرۆڤێكی بارگران لەسەر خانەوادەكانیان، بۆیە چارەسەری ئەم حاڵەتە بەڕای من خۆی لەگرنگی پێدانی بێ پایانی ئەم جۆرە مرۆڤانە دەبینێتەوە كە بە چەند خاڵێك پوختیان دەكەمەوە:


1ــ سەردانی كردنیان رۆژانە، یان هەفتانە و پێوەندی كردن بە مۆبایل هەموو رۆژێك.
2ـــ دابینكردنی كات بۆیان واتا دانیشتن لەگەڵیان، یاخود گوێڕاگرتن لێیان.
3ــ گوێڕاگرتن لە داهێنانەكانیان لە ژیان، هەرچەندە كەمیش بێت .
4- قبووڵكردنی خووی تەنانەت ناخۆشیان هەتا ئەگەر لەسەر حیسابی ئارەزووەكانمان بێت.
5- دەبێ ئەو كارانە بكەین كە دەبێتە مایەی دڵخۆشییان، وەك ئامادەكردنی خواردنێكی خۆش كە حەزیان لێیەتی، جلێكی جوان بە دیاری، یارمەتی دارایی و...هتد.
6 - هاوبەشی كردنی هەندێ شت لەگەڵیان، بۆ نموونە پێكەوە چوونە دەرەوە بۆ باخچەیەك، كافێیەك، سەیركردنی تیڤی، گوێگرتن لەو گۆرانییە كۆنانەی كە حەزیان لێیە و ...هتد
7 - دەبێ بەبەردەوامی ئەو هەستەیان پێ بدرێت كە ئەوان گرنگن لە ژیانی رۆڵەكانیان، بۆ نموونە لەهەندێ شت بەگوێیان بكرێت، نەسیحەتەكانیان بەهەند وەربگیرێت، دەرفەتیان پێ بدرێت بۆ دەڕبرینی بیرو بۆچوونیان .
8 - دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆیان دەرهەق بەو هەموو كردارانەی كە بۆ رۆڵەكانیان ئەنجامیان داوە.
9 - پێدانی سۆز و خۆشەویستی زۆر گرنگە بۆیان، وەك لەباوەش كردن و ماچ كردنی دەست و نێوچاوان و پێكەنین بەڕوویان و سوعبەت كردنی سنووردار لەگەڵیان، كە بەداخەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەش ئەوە كەمبایەخ بووە.
10 - دوور بوون لە رووگرژی و هاوار و تووڕەبوون بەرامبەریان.
11 - گوێگرتن لە گلەییەكانیان لە ناخۆشی و خۆشییەكانیان، هەتا ئەگەر باسەكان دووبارەبێت.
12- دابینكردنی هەموو پێداویستیەكانیان و یارمەتیدانیان بۆ جێبەجێكردنی.
13- پڕكردنەوەی كاتی بەساڵاچوو بەكاری بەنرخ، وەك هاندانی بۆ چوونە مزگەوت، یان گەشتكردن، كڕینی كتێب بەتایبەتی بۆ ئەوانەی خوێندەوارن، یان كڕینی ئامێری وەرزشی بۆ ئەوەی لەماڵ وەرزش بكەن .
14- گرنگیدان بە پاكوخاوێنی بەساڵاچووەكان، وەك جلوبەرگ و ژوورەكانیان.

15- لە كۆتایی دەبێ ئێمەی رۆڵەكانی بەساڵاچووەكان، منداڵەكانی خۆمان فێر بكەین كە چۆن رێز لەمرۆڤی بەتەمەن بگرن، دەبێ مەبدەئی ڕێزلێنان و بەنرخ راگرتنی بەساڵاچوو لە مێشكی منداڵ بچەسپێندرێت، بۆئەوەی كە خۆمان بەتەمەن بووین، ئەوەی چاندوومانە بیدوورینەوە.»
لە كۆتایی ئەم راپۆرتەدا ماوە بگوترێ تا ئێستادا ئامارێكی فەرمی لەسەر ژمارەی بەساڵاچووان لە هەرێمی كوردستان لە بەردەست نییە، خانەی بەساڵاچووان بە پێی یاسای خۆی بۆ پیاوان سەرووی ٦٠ ساڵ وەك بەساڵاچوو دەناسرێت و بۆ ژنان سەرووی ٥٥ ساڵ بەساڵاچوو دادەنرێت، تەنانەت لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەتی بۆ بەساڵاچووان بوونی نییە، بەڵام پەرلەمان پڕۆژەیاسایەكی بەدەستەوەیە بە ناوی پڕۆژەیاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی، ئەو پڕۆژەیاسایە چینی بەساڵاچووانیش لە خۆ دەگرێت. لە شاری هەولێریش تەنیا یەك خانەی تایبەت بە بەساڵاچووان هەیە، ئەو خانەیە سەر بە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتییە لە 24/5/2011 دامەزراوە، نزیكەی 70 بەساڵاچوو لەخۆدەگرێت، سێ مەرجی وەرگرتنی هەیە، یەكەم دەبێت خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت، دووەم دەبێت پیاو لە ٦٠ ساڵ تێپەڕ بووبێت و ئافرەتیش لە ٥٥ ساڵ و سێیەم ناكرێت هیچ نەخۆشییەكی گواستراوەی هەبێت.
نەتەوە یەكگرتووەكان لە رۆژی 14 كانوونی یەكەمی ساڵی 1990دا لە كۆبوونەوەیەكی گشتیی خۆیدا، رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی وەك رۆژی بەساڵاچوون دیاری كرد. ئەوەش بەو ئامانجە بووە كە ئەو چینە ماندووە قەرەبووی زەحمەت و ئەركی رابردوویان بكرێتەوە.
Top