یەكێـتی ئافرەتانی كوردستان خولی دووەمی لە پرۆژەی "چاندنی هیوا" بۆ خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعشی كردەوە
September 25, 2016
کۆمەڵایەتی
لەو بارەوە د.ڤیان سلێمان سەبارەت بە بیرۆكە و ئامانجی ئەو پرۆژەیە بە ماڵپەری یەكێتی ئافرەتانی كوردستانی راگەیاند :
وەک یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ، خزمەتکردنی خێزانی شەهیدانی شەری داعش لە گرنگترین ئەو کارانەیە کە لە پلانی کاری خۆمان دامانناوە و دەمانەوێت لە هەموو لایەکەوە هاوکاری ئەو ئافرتانە بکەین کە لەم جەنگەدا هاوسەرەکانیان شەهیدبوون هەروەها ئەو منداڵە چاوگەشانە بکەین کە باوکانیان شەهیدبون ، ئەمەش چەندین رەهەندی هەیە لە لایەک وەک وەفایەک بۆ ئەو پێشمەرگانەی کە ژیانی خۆیان بەخشیوە بە کوردستان و هاونیشتیمانیەکانی ، بە مرۆڤایەتی ، چونکە پێشمەرگە لە بری مرۆڤایەتی شەری تیرۆر دەکات ئەمە وەفای ئێمەیە وەک رێکخراوێکی ئافرەتان بۆ خوێنی گەشی ئەو شەهیدانە . بۆ ئەم خانمە ئازیزانەی کە هاوژینەکانیان شەهیدبون و لە لایەکەوە لە خەم و ئازاری لە دەستدانی ئازیزانیان دەژین و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ سەختیەکانی ژیان رووبەروو بونەتەوە سەرەرای ئەرکی دایکایەتی ئەوان جێگای باوکیش بۆ منداڵەکانیان پر دەکەنەوە بۆیە خزمەت کردنی ئەم خانمانە ئەرکێکی پیرۆزە ، بۆیە ئەم پرۆژەیە لە هەمان کات دوو ئامانجی هەبوو لە رووی زانستی و لە رووی ئابوری کە یەکێتی ئافرەتان بە گرنگی زانی هۆکارێکی سەرەکی بدۆزێتەوە بۆ یارمەتیدانیان لەو روانگەیەوە کەوا سەرچاوەی داهات گرنگترین هۆکارە بۆ بەرێوەبردنی خێزان ئەمەش لە رێگەی فێرکردنی پیشەیەکی دیاریکراو کە بۆ ئێستا خولی دروومانە بۆ ئەم ئافرەتانە لە رێگەی ئەم کارەوە ببن بە خاوەن پیشە ئامانجێکی دیکەی خولەکەش گرنگیدانە بە لایەنی دەرونی و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی ئەم خانمانە کە هاوکات لەگەڵ خولەکە لەلایەن پسپۆرانی دەرونی و کۆمەڵایەتی رێنمایی پێویستیان دەرێتێ کە جێی خۆیەتی ئەوپەری سوپاسی ئەم مامۆستا بەرێزانە بکەین و پرۆژەکە بە هۆی ماندووبون و لە خۆبوردویی ئەوان بەرێوە دەچێت . پێویستە ئاماژە بەوەش بکەم کە هاوکات پرۆژەیەکی هونەری شێوەکاریش لەگەڵ دایکەکانیان بۆ منداڵی ئەو شەهیدانە بەرێوە دەچێت ، پرۆژەکەمان سەرتاسەریە و دەمانەوێت لە هەموو ناوچەکان و زۆرترینی هاوژین و منداڵی شەهیدان بەشداری تێدا بکەن .
جێگەی ئاماژەیە ئەو خولە هەفتەی سێ رۆژ و ماوەی یەك مانگ دەخایەنێت