خاوەنكاری پیاوێك قورسترین خیانەتی لێدەكات

خاوەنكاری پیاوێك قورسترین خیانەتی لێدەكات
پیاوێكی خێزاندار، دوای ماوەیەكی زۆر بێكاری، كاری دەست دەكەوێت و خاوەنكارەكەش لە رادەبەدەر یارمەتی دەدات، بەڵام دواتر لە رێگەی موبایلەوە بە دروستكردنی پێوەندی لەگەڵ هاوسەرەكەی خیانەتی لێدەكات، ئەوەش شیرازەی خێزانییان تێك دەدات و دوو منداڵەكەشیان سەرگەردان دەكات. خاوەنكارەكە دوای ئەو خیانەتەو بەهۆی قەرزداریشەوە خۆی ون دەكات. ئەو بەسەرهاتە لەسەر زاری ئەو پیاوە پەشیمانەوە دەبیستین كە نهێنییەكانی ژیانی بۆ گوڵان دەخاتەوو.


باوكی دوو منداڵە و بە پەشیمانی و خەمبارییەكی زۆرەوە باسی بەسەرهاتی خۆی دەكات. بەهۆی زۆر جگەرە كێشانەوە هەناسەی دەبڕێ و بەهۆی كۆخەوە دەمێك لە قسەكردن دەوەستێ، دواتر ئاماژە بەوە دەكات كە ژیانی هەژاری و كرێچێتی و بێكاری تەنگی پێ هەڵچنیبوو، بۆیە خۆی و هاوسەرەكەی زۆربەی شوێنەكان بۆ دۆزینەوەی كار دەگەڕن، تەنیا بۆ ئەوەی كارێكیان دەست بكەوێت، بەڵام بێ هیوا دەبن. ئەوە دیمەنی پیاوێگی تەمەن 36 ساڵە بە ناوی كاروان كە بەمجۆرە بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە: «بەدبەختی یەخەمی گرتبوو، یەخەی هەموو كاروانیەكم دەگرت، كەچی كەس خەبەری خێری نەدەدامێ و كارێكم دەست نەدەكەوت. دوای ماوەیەكی زۆر، لەلایەن برادەرێكی نزیكمەوە ئاگادار كرامەوە كە شوێنێك هەیە، خۆم و هاوسەرەكەم دەتوانن كاری تیا بكەن، بۆیە یەكسەر پێكەوە سەردانی ئەو شوێنەمان كرد داوای كارمان لە بەڕێوەبەرەكەی كرد. ئەو رۆژەی كارمان دەست كەوت، لەوكاتە خۆم و خێزانەكەم خەریك بوو، لە خۆشییان بفڕین، بەڵام بێخەبەر بووین لەوەی ئەوكارە دەبێتە هۆی تێكدانی شیرازەی خێزانیمان، بەڕێوەبەرەكە خۆی زۆر باش پیشاندەدا، لە خزمێك زیاتر یارمەتی دەداین، بە ئۆتۆمبێلی خۆی بەدواماندا دەهات و دەیبردینەوە، دیاری بۆ منداڵەكانمان دەهێنا، تا رۆژێك هاوسەرەكەم زۆر نەخۆش بوو، كە هاتە دوامان، گوتم: ئەمڕۆ نایەم بۆ كار خێزانم دەبەم بۆ نەخۆشخانە، بەڵام ئەو گوتی: تۆ بڕۆ بۆ سەركار، خۆم خوشكم دەگەیەنم، لە خۆشیاندا خەریكبوو دەستی ماچ بكەم، كە هاتەوە گوتی: دكتۆر دەڵێ ماندووە و دەبێت ماوەیەك پشووبدات و زوو زوو سەردانم بكاتەوە، تیشكی بۆ دەگرین و سۆناری بۆ دەكەین». بەڕێوەبەرەكەی كاروان پێشنیاری ئەوە دەكات كە هاوسەری كاروان بۆ نەخۆشخانەی ئەهلی ببەن، بەڵام كاروان پێی رادەگەیەنێ كە پارەیان نییە، بۆیە ئەو بڕیار دەدات لەسەر حیسابی خۆی بیبات، ئەویش سوپاسی دەكات، بەم شێوەیە، هەفتەی چەند جارێك بە بیانووی سەرەی پزیشك، خێزانەكەی كاروان بۆ لای دكتۆر دەبات و ژمارە موبایلیش پێكەوە دەگۆڕنەوە. وەك كاروان باسیكرد تەنیا بیری لەوە دەكردەوە كە چۆن چاكەی خاوەن كارەكەی بداتەوە، هاوكات دەڵێت: «رۆژ بەرۆژ هەستم دەكرد خێزانەكەم لاواز و بێهێز دەبێت، تا رۆژێكیان بەڕێوەبەرەكەم پێی راگەیاندم كە دەیهەوەێ هەندێك قسە بكەین، گوتی: دەبێت خۆراگر بیت، منیش ترسی ئەوەم هەبوو لە كارەكەم دەرمبكات، بەڕاستی سەرەتا ترسام دەرمان بكات، بەڵام ئەو گوتی: سەیری ئەو ئەوراقانە بكە، گوتم: خوێندەواریم نییە، گوتی: فەحسی خێزانەكەتە و تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە». ئەوكاتە كاروان دەكەوێتە سەرچۆك دەست بە گریان دەكات و دەپرسێ ئایا خێزانەكەی دەمرێ؟ بەڵام بەڕێوەبەرەكەی پێی رادەگەیەنێ كە پزیشك گوتوویەتی كاتی دەوێت و دەبێت خۆڕاگر بن، بەڵام دەبێت بەردەوام لەژێر چاودێری بێت، ئەو ماوەیەش نابێت بە هیچ شێوەیەك لە خێزانەكەی نزیك ببێتەوە. كاروانیش دەپرسێت: ئەی ئەگەر خێزانەكەم خۆی داوای كرد؟ خاوەن كارەكەی لە وەڵامدا دەڵێت: «پێی بڵێ بێتاقەتم و هەر رۆژێ هەنجەتێك ببینەوە، خۆیشم لەسەر حیسابی خۆم چارەی دەكەم، خەمت نەبێت.
بۆ ماوەی چەند مانگێك چەندین جار هاوسەری كاروان خۆی لە مێردەكەی نزیك دەكاتەوە، بەڵام ئەو خۆی لێ دوور دەخاتەوە، تا وای لێدێ كێشە دەكەوێتە نێوانیان و لە ئەنجامدا هاوسەری كاروان داوای جیابوونەوە لە مێردەكەی دەكات.
كاروان مژێكی توند لە جگەرەكەی دەستی دەدات و بە خەمبارییەكی زۆرەوە باسی ئەوكاتە دەكات كە هاوسەرەكەی داوای جیابوونەوەی لێكردووە، هەر لەو بارەیەوە گوتی: «وەك شێتانم لێهاتبوو، لەلایەك هاوسەركەم كە خۆشەویست و ئازیزم بوو، لێم ببوو بە دوژمن، لە لایەكی دیكەوە نەمدەزانی كە خاوەنكارەكەم گەمەی بە عەقڵی هەردووكمان كردووە. بەردوام بە منی دەگوت بەگوێی بكە، لە سەرەمەرگە، با لەسەر دڵت نەبێتە كۆست، زۆر لە خێزانەكەم پاڕامەوە سوودی نەبوو، بۆیە منداڵەكانی دامێ و جیابوویەوە، دوای جیابوونەوەمان بەڕێوەبەرەكەشم لەسەر كارەكەم دەریكردم و ناچار بۆ پەیدا كردنی بژێوی خۆم و منداڵەكانم كاری حەمباڵیم دەكرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەردەوام هەواڵی خێزانەكەم دەپرسی». كاروان هێما بۆ ئەوە دەكات كە رۆژێك هاوسەرەكەی لە نەخۆشخانە پەیوەندی پێدەكات و داوا دەكات بیبینێت، ئەویش دوای یەكتر بینین، باس لەوە دەكات كە خاوەنكارەكەی دەریكردووە و ئێستا خەریكی حەمباڵیە، ئەو كاتەی هاوسەرەكەی ئەو قسەیەی گوێ لێدەبێت، چەندین جنێوی ناشیرین بەو پیاوە دەدات، كاروان هەست بە شتێكی نهێنی دەكات و پرسیاری زۆر ئاراستەی هاوسەرەكەی دەكات، ئەویش راستییەكانی بۆ باس دەكات، پێی رادەگەیەنێ كە ئەو ماوەیەی بە ناوی نەخۆش ئەوی بردووە، بۆ نەخۆشخانە نەبووە، بەڵكو بۆ هۆتێلێك بووە، بەدڵی خۆی هەڵسوكەوتی لەگەڵ كردووەو هەڕەشەی ئەوەی لێكردووە كە ئەگەر بە هاوسەرەكەی بڵێ، ئەوا وای لێدەكات كە لە ژیانی یەكتر نەمێنن. كاروان بەمشێوەیە باس لەوكاتە دەكات: «خێزانەكەم بەگریانەوە گوتی: بە منی دەگوت مێردەكەت تۆی لەبەرچاو نەماوە، منیش باوەڕم كرد، چونكە چەند لێت نزیك دەبوومەوە، تۆ خۆت دوور دەگرت، بۆیە بەناچار لەگەڵی دەبووم، تا تووشی ئەو نەخۆشیە بووم و ئیتر بەرگەم نەگرت، بە گریانەوە دەستی ماچ كردم و داوای لێبووردنی كرد، كە ئەو پیاوە بە پارە چاوی داخستبوو، متمانەی پێكردووە»، وەك كاروان خۆی باسیكرد ئەویش ئەو پیلانەی خاوەن كارەكەی ئاشكرا دەكات و هۆكاری ئەوەی بۆ باس دەكات كە ئەوكاتە بۆچ نزیكی هاوسەرەكەی نەكەوتووەتەوە و چۆن فریوی خواردووە، بەوەی كە بەڕێوەبەرەكەی كاغەزی پیشانداوە گوایە خێزانەكەی شێرپەنجەیەتی و دەبێ دووری لێبگرێ. كاروان بە تووڕەییەوە دەڵێت: «دوای ئاشكرابوونی پیلانەكەی بڕیارم دا تۆڵە لەو پیاوە نامەردە بكەمەوە، بەڵام لێرە نەمابوو، بەهۆی قەرزەوە هەڵاتبوو، بڕیاری ئەوەشمدا كە خێزانەكەم بگەڕێنمەوە، بەڵام خزمەكان رازی نەبوون، بەتایبەت ماڵی باوكی و باوكم». دوای ماوەیەك خێزانەكەی كاروان گیانی لەدەست دەدات، كاروانیش بە گریانەوە دەڵێت: «هەموو رۆژ ئەگەر نەچمە سەر گۆڕەكەی، ناچمە كار، بەداخەوە كەسێك بە ئێمەی دەگوت خوشك و برا، كەچی خیانەتی لێكردین و ماڵمانی كاول كرد».
Top