خۆتێهەڵقورتاندن و دەستێوەردانی خزمان بەربەستەكانی هاوسەرگیری زیاد دەكەن

خۆتێهەڵقورتاندن و دەستێوەردانی خزمان بەربەستەكانی هاوسەرگیری زیاد دەكەن
پرۆسەی هاوسەرگیری یەكێك لە بەها جوانەكانی مرۆڤایەتییە و هەر پێكهێنانی خێزانیشە كە ژیانی مرۆڤی بەردەوام كردووە، بەڵام زۆر جار لە كۆمەڵگەی نەریتیدا بە هۆكاری جیاواز كەند و كۆسپی گەورە لە بەردەم ئەو خواستە شەرعی و رەوایەدا دروست دەكرێ، بەتایبەتی دەستێوەردانی خزمان و دەوروبەر كە رەنگە هیچ بنەمایەكیشی نەبێت. كوڕێكیش كە خۆی بە قوربانیی ئەو دەستێوەردانە دەزانێت، بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە.

ئا: شەهلا حەسەن

شاڵاو كوڕێكی تەمەن 30 ساڵ و دەرچووی كۆلێژی یاسایە و ئێستا خەریكی كاری پارێزەرییە. ئەو نهێنییەكانی ژیانی خۆی و خۆشەویستەكەی و هۆكاری بە یەك نەگیشتنیان بەمجۆرە دەخاتەڕوو:
«كاتی دەرچوونم بوو لە زانكۆ، زۆر دڵخۆش بووم بەوەی خوێندنم بە سەركەوتوویی تەواو دەكرد و بڕوانامەم وەردەگرت، لەكاتی ئاهەنگی دەرچوونەكەمدا لەگەڵ هاوڕێكانم هەڵدەپەڕیم. ئاهەنگەكە لە تەلەفزیۆن نیشان درا. زۆر لە هاوڕێیانم بە من سەرسام بوون، بەڵام من تەنیا بیرم لە خوێندن دەكردەوە و خۆم نەخستە داوی خۆشەویستییەوە، دوای وەرگرتنی بڕوانامە و سەرقاڵ بوونم بە كار و پیشەی خۆمەوە، كچێك بە ناوی شیرین لە فەیسبووكەكەم ئادی بۆم ناردبوو، بەوەی كە وێنەی رۆژی دەرچوونم لەسەر پڕۆفایلەكەم دانابوو، منی ناسیبووەوە، من ماوەیەك بوو وەرمنەگرتبوو، دوایی وەرمگرت و قسەم لەگەڵی كرد، وتم: تۆ چۆن من دەناسی كە ئادت بۆم ناردووە؟ وتی: من پوورم لە كۆلێژەكەی تۆ مامۆستایە، رۆژێك هاتمە لای ئەو، تۆم لەوێ بینی. نزیكەی سێ مانگ بوو قسەمان دەكرد، ئەو كچێكی تەمەن بچووك بوو، هەمیشە باسی ئەوەی دەكرد، كێشەیان هەیە لە ماڵەوە، باوكیشیان نەمابوو. زۆر باسی ئەوەی دەكرد كە خاڵەكەی بە توندی چاودێرییان دەكات، منیش هەمیشە ئامۆژگاریم دەكرد و هانم دەدا تەنیا بیر لە خوێندنەكەی بكاتەوە، بەڵام دوای ماوەیەك شیرین دەنگی نەما، منیش لە كۆمێنت بینیبووم خوشكێكی هەبوو، ناوی لینا بوو، نامەم بۆ نارد، وتم: تۆ خوشكی شیرینی؟ وتی: بەڵێ. وتم: شیرین بۆ دیار نییە، شتێكی بەسەرهاتووە؟ وتی: نا، ئەو باشە، بەڵام ئێستا خەریكی تاقیكردنەوەیە، بۆیە ناچێتە فەیسبووك. منیش سوپاسم كرد.

شیرین گەرچی منداڵ بوو بە تەمەن، وەڵام زۆر ژیر بوو، هیچی لە دایكی خۆی نەدەشاردەوە، باسیم منیشی بۆ دایكی كردبوو، واتە دایكی ئاگاداربوو كە قسەی لەگەڵ من دەكرد. دایكیشی دەیزانی من وەك برا ئامۆژگاری شیرین دەكەم. رۆژێك شیرین نامەی بۆم نارد و لە نامەكەی نووسیبووی: ئەوە ژمارە تەلەفۆنی دایكمە و دەیەوێت قسەت لەگەڵ بكات، منیش قسەم لەگەڵ دایكی كرد و ئەو بەمنی وت:

سوپاست دەكەم كە زۆر ئامۆژگاری شیرین دەكەی، تۆش وەك كوڕی خۆم وای. ئیدی دایكی شیرینم ناسی، زۆرجار قسەم لەگەڵی دەكرد، تەنانەت كە چوومە داوای كچێك، بۆم باس كرد، كە بۆچی لەسەر هەندێك شت رێكنەكەوتین، ئەویش هەر دوعای بۆم دەكرد كەوا ڕێكبكەوین، بەڵام لەگەڵ كچەكە لەیەكتر نەگەیشتین، منیش وازم هێنا. دوای ماوەیەك شیرین هەموو كات باسی ئەوەی دەكرد كە لینای خوشكی زۆر سەیری فەیسبووكی من دەكات و منی بەدڵە، رۆژیكیش دایكی شیرین تەلەفۆنی كرد و وتی: دەمەوێ هەندێ قسەت لەگەڵ بكەم. وتم: فەرموو. وتی: شاڵاو كوڕی خۆم تۆ دەتەوێ ژن بێنی؟ وتم بەڵێ، خۆت ئاگاداری، بەڵام دەمەوێ كەسێك بە دڵی خۆم بخوازم كە لەگەڵم بگونجێت. وتی: من كچی خۆمت دەدەمێ، بەڵام بە هەڵە تێمەگە، چونكە من كچی خۆم لێ بەڵا نییە، بەڵام تـۆ كوڕێكی باشی، حەزدەكەم كچەكەی خۆمت بدەمێ، وتم: نەڵێی شیرین، چونكە ئەو منداڵە و منیش وەك خوشكی خۆم قسەم لەگەڵ كردووە. وتی: نا، مەبەستم خوشكی گەورەیەتی كە ناوی لینایە. وتم: باشە با بیبینم. رەسمیان بۆ ناردم، كە بینیم بەدڵم بوو، بڕیارمدا وتم ڕازیم و دێمە داوای. رۆژی دواتر دایكی تەلەفۆنی بۆ كردم و وتی: قسە لەگەڵ لینا بكە. كەمێك قسەمان كرد، ئەو زۆر شەرمی دەكرد، هاتمە سەر بابەتەكە و مەرجەكانی خۆم باس كرد و ئەویش هەندێك شتی وت، هەردووكمان زۆر رازی بووین. وتم: چیت ئەوێ، بۆت دەكەم، زێڕ، خانووی سەربەخۆ، وتی: هیچم ناوێ گرنگ ئەوەیە تۆ كەسێكی باشی و خێزانێكی بەختەوەر پێكەوە دروست بكەین. قسەكانی زۆر بەدڵم بوون. دوای ماوەیەكی كورت كە بەردەوام قسەم لەگەڵی دەكرد، دایكم لێ ئاگادار كردەوە و ئەویش رازی بوو، تەلەفۆنی بۆ دایكی لینا كرد وتی: دێینە داوای كچت، لای مام و خاڵەكانی باسی ئەو بابەتە بكە، با ئەوانیش ئاگاداربن، ئەویش قسەی لەگەڵ كردبوون، وتبوویان باشە، با بێن، بەڵام دواتر خاڵی لینا كە ژمارەی باوكمی وەرگرتبوو، قسەی لەگەڵ كردبوو، وتبووی:

من ڕازی نیم خوشكەزای خۆم بدەم بە كوڕەكەتان، باوكیشم وتبووی باشە، خۆ بە زۆر خزمایەتی ناكرێ. نازانم بۆچی خاڵی وایكرد، ئەو تەنیا لەبەر ئەوەی زانیبووی ئێمە یەكترمان خۆش دەوێ و پێوەندیمان هەیە، خۆی و عەشیرەتەكەی ركیان لێم هەڵگرت. ئێمە خۆشەویستییەكی زۆر پاكمان هەبوو، جگە لە تەلەفۆن هیچ پێوەندییەكمان نەبوو. دەبوو حورمەتی ئەو نییەت و دڵپاكییەی ئێمەیان بگرتایە، نەك بە عەشیرەتەوە لێمان ببن بە دوژمن. لێرەوە هەموو ئازارەكانمان دەستی پێكرد. تا ئێستاش نەمزانی بۆچی خاڵی رازی نەبوو، هەرۆژە و بیانوویەكی دەدۆزییەوە، ئاخری بە ئاشكرا دانی پێدا نا و گوتی: لەبەر ئەوەی پێوەندیی خۆشەویستیت لەگەڵ كچەكە دروست كردووە، بچیتە ئاسمان ناتدەمێ. هیچ شتێ نەما نەیكەم، تاوەكو رازی بێت، خۆم لە هەموو خزمەكانیان نزیك، تاوەكو خاڵی رازی بكەن، بەڵام بێسوود بوو، ئەو هەر رێگر بوو لە بەردەممان، منیش هەر وازم لە لینا نەهێنا، هەردووكمان بەهیوای ئەوە بووین خاڵی رازی ببێت، رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر یەكترمان خۆشدەویست، لەبەر ئەوەی من داوای لینام كردبوو، هەموو كچەكانی هاوڕێی لینام ناسی، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری بم، دواتر بوومە هاوڕێی براكەشی، ئەویش دەیزانی من بە نییەتی پاك خوشكەكەیم خۆشدەوێ و خوازبێنیشم كردووە، بەڵام خاڵی زۆر كەللەڕەق بوو، ئەویش هیچی لەدەست نەدەهات و نەیدەتوانی قسە لە قسەی خاڵی بكات. من هیچ نەما بۆ لینای نەكەم، هەر شتێكی پێویست بووایە بۆم دەكڕی و دەمنارد، هەموو پێویستییەكی خوێندنەكەیم بۆی كڕیبوو. رۆژێك ئەڵقەیەكم بۆی كڕی، بەو هیوایە خۆم بیكەمە پەنجەی، بەڵام لینا نەیوێرا قبووڵی بكات نەیهێشت لەدەستی بكەم و تەنیا وتێ: خاڵم دەمانكوژێت. هەموو كات دەیگوت خاڵەكانم لەگەڵمان خراپن، من زۆر بێتاقەت بووم، نەمدەزانی چیبكەم. دوای ساڵێك بە دایكی لینام وت: ئیدی بەسە، یان كچەكەتم بدەرێ، یان من كچێكی دیكە دەخوازم. لیناش لێم تووڕە بوو، گوتی: تۆ تەنیا بۆ ماوەی یەك ساڵیش بەرگەت نەگرت. لینا لە زانكۆ دەیخوێند، كچێكی عاقڵ بوو، نەدەبوو لەبەر یەك قسەی من ئەویش قسەی خاڵی بباتەسەر. هەرچی پێمگوت تەنیا لەبەر ئەوە وتوومە كچێكی دیكە دەخوازم، كە دایكت پەلە بكات و خاڵت رازی بكات، بەڵام لینا بڕوای پێنەكردم. رۆژ لە دوای رۆژ پێوەندیەكەمان ساردتر بوو، تا رۆژێك وتی: وازم لێبێنە، ئێمە بۆ یەكتر نابین. ئیدی هەموو ئەو دیارییانەی بۆم ناردبوو، تەنانەت ئەڵقەكەشی ناردەوە، هەموو شتێكی كۆتایی پێهێنا، هەموو هەوڵەكانم بۆ گەیشتن بەو بەفیڕۆچوون، تا هەتایە ناتوانم ئەو لەبیر بكەم. هەموو شتێك ئەوان دەستیان پێكرد و هەر خۆشیان پەشیمان بوونەوە و ژیانی منیشیان وێران كرد. هیوادارم كەس وەك منی بەسەر نەیەت.»
Top