بە تۆمەتی دزینی کلێنس سزای زیندانی بۆ منداڵێکی عێراقی دەركرا

بە تۆمەتی دزینی کلێنس سزای زیندانی بۆ منداڵێکی عێراقی دەركرا
ئەنجوومەنی پارێزگای موسەننا سزادانی منداڵێک بە تۆمەتی دزینی کلێنس بە ستەم ناو دەبات و داواش لە سەرۆکایەتی کۆمار دەکات لێبوردنی تایبەتی بۆ دەربکات.

محەممەد عیساوی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاری موسەننا لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ بە تۆمەتی دزینی کلێنس سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێندراوە، ئەمەش ستەمێکی گەورەیە چونکە ئەو منداڵە لە خێزانێکی ئاوارەیە لە سەر رێگاکان کلێنس دەفرۆشێ و بژێوی ژیانی خێزانەکەی پێ دابیندەکات".

محەممەد عیساوی گوتیشی "ئەگەرچی سزاکە پلەی کۆتایی وەرنەگرتووە، بەڵام ئەگەر گەیشتە ئەو قۆناخە داوا لە سەرۆکایەتی عێراق دەکەم لێبوردنێکی تایبەتی بۆ دەربکات".

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای موسەننا دەڵێت "لەکاتێکدا دادگا سزای منداڵێک تەمەن 12 ساڵ دەدات، چەندین دزو بەرپرسی گەورەی ئەم وڵاتە کە سەروەت و سامانی عێراقییەکانیان بردووە بە ئازادانە دەسووڕێنەوە".

لە چەند رۆژی رابردوو ھەواڵی سزادانی منداڵێکی 12 لە لایەن دادگای شاری سەماوەی سەر بە پارێزگای موسەننا بە تۆمەتی دزینی چەند دەستەیەک کلێنس لە یەکێک لە کۆگاکان سزای ساڵێک زیندانی بە سەر سەپێندرا بڵاوبووەوە، ئەم بڕیارەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی تووندی بەدوای خۆیدا ھێنا.



rudaw
Top