پێشکەوتن بەرەو دواوە

پێشکەوتن بەرەو دواوە
کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری بێ ڕکابەرە، ئەمە تەنھا پەنجەی سەرزەنشت نییە بۆ پیاو بەڵکو ئافرەتیش، دام و دەزگا و حکومەتیش ، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی پیاوسالار ئەو دایکەش دەگرێتەوە کە مێشکی کچەکەی بەوە پڕ دەکات لە براکەی کەمترە، یاخود گوێمان لەو دایکەیە کە بە کچەکەی دەڵێت: ڕۆڵە گوێڕایەڵی مێردەکەت بە، بە چاک و خراپ گوێ مەدەرێ گەر قسەی ناشرینی پێ گووتی یاخود لێێ دایت نەبا ژنێکیترت بەسەر بێنێت یاخود تەڵاقت بدات و دۆست و دوژمنمان پێ خۆش بکەیت.
ئەمەش بەشێکی قێزوێنە لەو بابەتە نابوتەی بەزۆر بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنرێت کە گوایە پیاو زیرەکتر و ووریاترە لە ئافرەت، ھەموو بڕیار و ووتەکانی ڕاستە، ھەر ئەوەندە نا بەڵکو باشتر ئۆتۆمۆبیل دەھاژوێت و کارامەترە لە کار و باری سیاسیدا و زۆری تریش، بەداخەوە ئافرەتیش بڕوای کردووە .
لەم کۆمەڵگە پیاوسالارەدا تەنھا پیاو گوناھبار نییە ، کەواتە نابێت ئێمە تەنھا ڕووی دەممان بکەینە پیاو، بەڵکو پەنجەی خەتاباری بەرەو داب و نەریت و یاسای کۆمەڵگە درێژ بکەین کە غەدرێکی گەورەی لە پیاو کردووە و وای لێکردووە بڕوا بکات ئافرەت بونەوەرێکی کەمتەرە لەو، ھەروەھا وایکردووە ئافرەتیش بڕوا بەو باوەڕە کەموکوڕە بکات.
کەسمان ناتوانین نکۆڵی بکەین لە وەی ئافرەت ڕوبەڕووی ڕسواکردن و توندوتیژی و سەرکوت کردن دەبێتەوە لە ماڵەوە، لەسەر جادە و جێی کار، ئەگەر داوای مافی خۆشی بکات بە گژیا دەچن، پێی دەڵێن (شەرمە)
کاتێ ئافرەت ئۆتۆمۆبیلەکەی دەعم بکات لەسەر جادە کەس ڕووی دەمی ناکاتە پیاوەکە ئەگەرچی جوان ئاشکرا بێت ھەڵەی پیاوەکەیە، بەڵکو یەکسەر لە ئافرەتەکە دەپرسن (بڕوانامەی ھاشوشتنی ھەیە).
کاتێ ئافرەت بیەوێت کارێک جێبەجێ بکات( خانو فرۆشتن، بەدوای کار گەڕاندن، جێبەجێ کردنی کاروباری دائرەکان....ھتد) جارێ داوای قاوە خواردنێکی لێدەکەن بۆ ئەوەی کارەکەی بۆ جێبەجێ بکەن یاخود نایکەن.
لێرەدا ئافرەت دەبێت بڕوا بە خۆی بکات، چیدی ڕەزامەند نەبێت سەرکوت بکرێت، داوای مافەکانی خۆی بکات (لە چوارچێوەی ڕێزدا)، بە دەنگی بەرزھاوار بکات، نەھێڵێت کەس دەمی بگرێت، با ھەموو ھەوڵێک بدات بە کەم سەیر نەکرێت، بە سەربەرزی چاو بخاتە چاوی ھەمووانەوە و بڵێ منیش وەک تۆ زیرەک و ووریام، ئەوەی تۆ دەتوانیت بیکەیت منیش دەتوانم.
دابونەریت و یاساکانی کۆمەڵگەی پیاوسالار وەک سیستمی حکومەتێکی دیکتاتۆری سەرکوتکەرە وایە لەگەڵ ھاووڵاتیدا، کاتێک بڕیار دەدات لەسەر ھەڵسوکەوتی ژێردەستەکەی بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی و لەناوبردن و کوشتنی ھەرکەسێک دژی بۆستێت.
ئەگەر تەماشای واقیعەکە بکەین بە ڕوونی دەبینین ئەم سیستەمە دیکتاتۆرییە بەسەر ئافرەتدا سەپێنراوە، دەبینین کە کۆمەڵگە چۆن تەماشای ئافرەتێک دەکات لە ژێر دەسەڵاتی پیاو دەرچوبێت، زۆر جاریش دەگاتە لەناو بردن و کوشتن چونکە ئەمە ھەڕەشەیە بۆ سەر ئیمبراتۆرێتی پیاو لەم کۆمەڵگە دیکتاتۆرەدا.
ئەمانە ئەوە ناگەێنێت کە کۆمەڵگە ببێت بە کۆمەڵگەیەکی ئافرەت سالار، بەڵکو کۆمەڵگەیەک ئافرەتیش وەک ئادەمیزاد سەیر بکرێت و جودا نەکرێتەوە لەسەر بنەمای ڕەگەزەکەی.
ئەگەر ئێمە لەم گێژاوەدا خۆمان ڕزگار نەکەین ئەوا ڕێک بە پێچەوانەی تیۆریەکەی داروین لە ئادامیزادەوە دەبینەوە بە مەیمون
Top