بەختەوەربوونی ژیانی هاوبەش لەسەر چ بنەمایەكە..عەشق یا خۆشەویستی؟
June 4, 2012
کۆمەڵایەتی
گەر پێكهێنانی ژیانی هاوبەش و چوونە ناو پرۆسەی هاوسەرگیری بەمەبەستی پێكهێنانی ژیانێكی بەختەوەر و كامەران بێت، ژیانێك پڕاوپڕ بێت لەخۆشەویستی و ئارامی و ئاسوودەیی دەبێ بنەمای ئەو ژیانە هاوبەشە لەسەر چی بنیاد بنرێت؟ ئایا عەشق و ئەوین مرۆڤ دەگەیەننە ژیانێكی بەختەوەر كە هیچ مەجالێك بۆ بوونی گرفت و كێشە نەهێڵێتەوە؟ یان خۆشەویستی و ڕێزگرتن و دەرك كردن و ناسینی ڕۆحی یەكتر پایەی ژیانێكی هاوبەشی بەختەوەرانە دادەڕێژن؟ پرسیارێك لێرەدا سەرهەڵدەدات ئایا لەنێوان عەشق و ئەوین و خۆشەویستی و سۆز جیاوازی هەیە و هەردووكیان بەیەك چەمك مانا ناكرێنەوە؟ ئایا هەردوو چەمكەكە لەیەك بۆتەدا یەك ناگرنەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەبیرمەند و ڕۆشنبیری كۆچكردووی ئێرانی د.عەلی شەریعەتی دەسپێرین. ڕای د.شەریعەتی لەم بوارەدا ئاوایە:
خۆشەویستی لەعەشق مەزنترە، عەشق هەیەژان و سەرهەڵدانێكی كوێركوێرانەیە و بێ بیركردنەوە و لێكدانەوە سەرهەڵدەدات، بەڵام خۆشەویستی لەڕووی ئاگایی و تێگەیشتنەوە و دەرك كردنی تەواوی كەسە بەرامبەرەكەی سەرهەڵدەدات. عەشق زیاتر لەغەریزەوە سەرچاوە دەگرێت و هەر شتێكیش لەغەریزەوە سەرچاوە بگرێت بێ بەهایە، بەڵام خۆشەویستی لەگیانەوە سەرچاوە دەگرێت و هەتا گیانیش بەرەو بەرزی بچێت خۆشەویستیش لەگەڵی دەفڕێت. عەشق و ئەوین لەگەڵ تێپەڕینی تەمەن و وەرز لەپێوەندیدایە و تێپەڕبوونی وەرز و ساڵەكان كاریگەری لەسەر بەهێز و بێهێزی عەشق دادەنێت، بەڵام خۆشەویستی هیچ پێوەندی بەزەمەنەوە نییە و هەتا مێژووی زیاتر بێت، بنچنەی خۆشەویستی زیاتر دەچێتە قووڵاییەوە.
ئەمە بەشێكە لەڕای د.شەریعەتی، لەدنیای واقیعیشدا بۆچوونەكانی د.شەریعەتی لەڕاستییەوە نزیكن، كەم نین ئەو مرۆڤە بەساڵداچووانە لەهەردوو ڕەگەزی نێرومێ دوای نزیكەی نیو سەدە پێكەوە ژیان هێشتاش وەك ئەو ڕۆژە پێكەوە دەژین كە یەكتریان ناسی، جەستەیان بەرەو پیری ڕۆیشتووە و ڕەنگ و ڕوخساریان بەتەواوی گۆڕاوە، بەڵام ئەوەی گۆڕانی بەسەردانەهاتووە هەر ئەو خۆشەویستی و سۆزەیە كە لەسەرەتای ژیاندا هەیانبووە.. بەڵام پێچەوانەی ئەوەش كەم نین ئەو مرۆڤانەی كە هێشتا لەبەهاری تەمەندان و ساڵێك یان دوو ساڵ بەسەر پێكهێنانی ژیانی هاوبەشیاندا ڕۆیشتووە، كەچی ئەو عەشقە ئاگرینەی كە جاران لەناخیاندا كڵپەی دەسەند بەتەواوی بەرەو خامۆشی ڕۆیشتووەو هەست و سۆزیان بەرامبەر بەیەك ساردبۆتەوە..
لەڕێڕەوی چاوەڕوانی دادگادا، (فەریدە) و (سەڵاح)م بینی، فەریدە ژنێكی تەمەن 25 ساڵەیە و سەڵاحیش تەمەنی نەگەیشتۆتە 30 ساڵی، هەردووكیان لەبەهاری تەمەندان، لەچاوەڕوانی ئەوەدان دادوەر بانگیان بكات و كۆتایی بەكێشەكەیان كە لەڕاستیدا هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ژیانی هاوسەرییانە بێنێ.... هەوڵدانی ئەو دوو گەنجە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەری ئەویش لەو تەمەنەدا كە 3 ساڵە بەسەر ژیانی هاوبەشیاندا تێپەڕیوە سەرنجم بۆ لای خۆی ڕادەكێشێ. دەچم سڵاویان لێدەكەم و ئیزنیان لێوەردەگرم بۆ چەند پرسیارێك... ڕووی پرسیارم دەكەمە فەریدە...
فەریدە خانم، تۆ كە كەسێكی خوێندەواری و لەڕووی تێگەیشتنەوە ژیانی هاوبەشت هەڵبژاردووە، چۆنە نیازت هەیە ئاوا بەئاسانی كۆتایی بەو ژیانە بێنی، ئایا لەسەرەتادا بەویستی خۆت نەبوو؟
- بەڵێ تەواو بەویستی خۆم بوو، بڕوا بكە ئەگەر دایك و باوكم كێشەیان بۆ دروستكردبام ببانە گرفتی سەر ڕێگام، یان لەگەڵی دەكەوتم، یا خۆم دەكوشت، چونكە نە تەنیا خۆشمدەویست، بەڵكو دەمپەرست، ئەو بۆ من هەموو شتێك بوو..
* چۆنە ئەو عەشقە ئاگرینە بەرەو دامركان ڕۆیشت؟ گرفتەكان ئەوەندە سەخت بوون، ئایا سەڵاح ئەوەندە بەربەستی بۆ دروست كردی و ژیانی لێكردی بەدۆزەخ؟
- لەڕاستیدا، كوێركوێرانە تەنیا بەگوێدان بەهەست و عەشقی خۆم سەڵاحم هەڵبژارد، پێموابوو ئەو مرۆڤەیە كە خەون و ئاوات و حەزەكانم لەگەڵ ئەودا دێتەدی، بەڵام دوای ساڵێك لەگەڵ سەڵاح ژیان بەسەربردن، زانیم چەندە لەژیاندا دۆڕاوم، هەرچەندە ئەوكات دایكم دەیان جار ئامۆژگاری دەكردم و دەیگوت ڕۆڵە ئەوەی تۆ بەدوای كەوتی عەشقە، عەشقێكی بێ بیرلێكردنەوە و لێكدانەوە و ناسینی بەرامبەرەكەت، سەد خۆزگە بەقسەی دایكم كردبا، ژیان بەو ڕۆژە نەگەیشتبا.
* سەڵاح چ گرفتێكی هەیە، بۆ ناتوانی لەگەڵی بژی؟
- بۆ چ گرفتێكی نییە، ئەو (موعتادە) یانی مرۆڤێكە گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەكانە، كەسێكیش كە گیرۆدەی ئەو ماددانە بێت، نە تەنیا ژیان بۆخۆی، بەڵكو بۆ هەموو كەس تاڵ دەكات!
* باشە بۆ پێشتر شارەزای ژیانی سەڵاح نەبووی، ئایا فریوی دابووی و درۆی لەگەڵ كردبووی، نەتدەزانی گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەكانە؟
- با باشیش دەمزانی، چونكە زۆر لەكەسە نزیكەكانم ئەوەیان پێدەگوتم و بەڕوخسار و سیماشیەوە دیار بوو كە كەسێكی (مودمینە) بەڵام چ بكەم عەشق چاوی كوێركردبووم، عەشق بەسەر هەموو هەست و نەستمدا زاڵ بوو..
فەریدە ڕاست دەكات، عەشق كوێرت دەكات، عەشقی كوێركوێرانە بەرەو هەڵدێرانت دەبات، كاتێكیش بەئاگا دێیەوە تێدەگەی چ كارەساتێكت بەسەر خۆ هێناوە. دیسان بە بەبۆچوونی د.شەریعەتی: عەشق جوڵە و هەیەژانێكی یەكلایەنەیە، بیرناكاتەوە مەعشوق كێیە، لەخۆوە سەرچاوە دەگرێت هەربۆیەشە هەمیشە هەڵە دەكات و زیاتر لەزەلكاو ڕۆدەچێ، عەشق لەتاریكاییدا بروسكەی دێت و كەسەكان یەكتر نابینن، بەڵام كاتێك ڕۆژ دەركەوت تێدەگەن ڕوخسارەكان چۆنن، بەڵام خۆشەویستی لەڕووناكیدا لەدایك دەبێت و لەژێر تیشكی ڕووناكیدا گەشە دەكات و هەتا دێت بەرەو لوتكە دەچێت.
عەشق و ئەوین هەمیشە لەگەڵ دوو دڵی و گومان ڕووبەڕوویە، كەم نین ئەو ژن و پیاوانەی كە حەز ناكەن عەشقەكەیان تەنانەت لەگەڵ كەسە نزیكەكانی خۆیشیان پێوەندییان هەبێت، لەڕیپۆتاژێكدا دیتم كە پیاوێك تەنیا لەبەر ئەو هۆیەوە لەژنەكەی جیابۆتەوە، چونكە ژنەكەی باوكی خۆی ماچ كردووە، بەڵێ لەعەشقی كوێركوێرانەدا ئیزن بەوە نادرێ مەعشوق جگە لەیارەكەی خۆی كەسی دیكە ببینێ، یانی تەنیا یەكچاوی هەبێت.. بەڵام لەخۆشەویستیدا وانییە، لەخۆشەویستیدا هیچ گومانێك نییە، ئەوەندە بڕواو متمانەی بە بەرامبەرەكەی هەیە كە ئەگەر بەتەنیا سەفەر بكات، یان لەگەڵ هاوڕێیان و نزیكانی ببینی، بچووكترین گەردی گومان لەدڵیان دا نییە، چونكە لەقوڵایی دڵەوە یەكتریان خۆشدەوێ و بڕواو متمانە بوون سەرووی هەمووی شتێك دەبینن.. بەشێك لەخۆكوژییەكان لەعەشقەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەگەر سەرنج بدەی بەو وتە و نووسراوانەی كە پێش مەرگیان جێی دەهێڵن بۆت دەردەكەوێت لەبەرچی خۆیان كوشتووە.. ئازیزم چونكە عاشقت بووم و حەزم نەدەكرد عەشقەكەی من لەگەڵ كەسێكی دیكە بێت، بەڵام كاتێك دیتمی لەگەڵ یەكێكی دیكەی، نەمتوانی خۆ ڕاگر بم و بۆیە كۆتاییم بەژیانم هێنا...
لەگەڕەكەكەی ئێمە، هیچ كەس نییە، كە پورە زڵیخا و مام ئەحمەد نەناسێ، ئەوان تەمەنیان لەسەرووی حەفتا ساڵییە، وەك پورە زڵیخا دەڵێ تازە خۆم ناسیبوو كە مێردم بەئەحمەد كرد لەوكاتەوە پێكەوە دەژین، منداڵیان نییە، نەبوونی منداڵ قەت نەبۆتە بەربەستێك كە هێلانەی خۆشەویستیان تێك بچێ، یا بەجۆرێكی دیكە لەژیان بڕوانن، ئەوان بەدڵ و بەگیان یەكتریان خۆشدەوێت، ئەوان عاشق نین، بەڵام خۆشەویستییەكی ڕاستەقینە نزیكەی نیو سەدەیە لەگەڵیاندا چەكەرەی كردووە... ئەوان گیانی یەكتریان دەوێت نەك جەستەی یەكتر... وانەبێ لەژیانیاندا تووشی كێشەوگرفت نەبووبن یا توڕەبوون و ناخۆشی لەنێوانیاندا ڕووینەدابێت، لەخۆشەویستیدا ئەوانە ڕوودەدەن، بەڵام وەك هەورێكی تەنك زوو لادەچن، بەڵام لەعەشقدا بەبچووكترین گرفت هەموو شتێك دێتەوە سەر خاڵی سفر!
دوا نموونە سەبارەت بەجیاوازی نێوان عەشق و ئەوین و خۆشەویستی سۆز ئەوەیە كە دوو پیاو كە هەردووكیان بەمەرگ سزا دراون و ئیزنیان پێدراوە دوا قسە لەگەڵ هاوسەرەكانیان بكەن بەم شێوەیە دوا بۆچوونی خۆیان دەردەبڕن. دوا وتەی پیاوە عاشقەكە...
هاوسەرم تكایە هەمیشە وەرە سەر گۆڕم، هەر ڕەش بپۆشە با خەڵك بزانن كە منت خۆشدەوێت، چاوەكانت بێ فرمێسك نەبن، نەكەی بەهیچ جۆرێك بیر لەپێكهێنانەوەی سەرلەنوێی ژیانی هاوبەش بكەیەوە، ئەگینا لەگۆڕیشدا ئازار دەچێژم كاتێك ببینم هاوسەرم لەگەڵ یەكێكی دیكەیه لەگۆڕ دێمەدەر و ژیانتان تاڵ دەكەم، كە مردیشی با لەپەنای گۆڕی من بتنێژن.....!!
ئەو پیاوەی كە هاوسەرەكەی خۆشدەوێت، لەناخەوە سۆز و خۆشەویستی بۆی هەبووە دەڵێت: ئازیزم، تەمەن زۆری بەبەرماوە، بەداخەوە نەمتوانی پێكەوە بژین، بەڵام ژیان هەر ئەوەندە نییە، تۆ هێشتا گەنجی دەتوانی ژیانێكی پڕ لەهیواتر و بەختەوەرانەتر دەستپێبكەیەوە، مەگری، گریان هیواكانت دەمرێنێ بەهیوام لەگەڵ كەسێكدا بژی ئەو بەختەوەری و خۆشیانەی كە من نەمتوانیوە بۆت دەستەبەر بكەم ئەو بۆت بەدی بێنێ.. تەنیا بۆ ساتە شادییەكان بیر لەمن بكەوە، بەختەوەربە، ئەوە ئاواتی منە.....
ئەوانەی تێڕوانینی ئەو كەسانەن كە یەكێكیان بەعاشق و ئەوینداری و ئەویتریان بەسۆز و خۆشەویستییەوە لەژیانی ڕوانیوە.. ئاوڕێك لەدەوروبەر و كەسانی نزیكتان بدەنەوە ئەوكات ڕاستی ئەوەتان بۆ دەردەكەوێت كە عەشقی كوێركوێرانە چەندە مرۆڤ بەلاڕێدا دەبات و خۆشەویستی و سۆزی ڕاستیش چەندە بنەمایە بۆ ژیانێكی بەختەوەرانە...