خەرجیەكانی ناوماڵ تاچەند لەئەستۆی خانمانە..؟

خەرجیەكانی ناوماڵ تاچەند لەئەستۆی خانمانە..؟
خەرجیەكانی ئافرەتان یەكێكە لەو بابەتە گرنگانەی كە زۆربەی ئافرەتانی سەرقاڵكردووە، بەشی هەرەزۆری ئافرەتان ئەگەر فەرمانبەر بن یان ئافرەتی ماڵبن زۆر بەگرنگیەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، هەندێك لەئافرەتان پێیانوایە مافی خۆیانە ئەو پارەیەی كەبۆ دابیكردنی پێداویستیەكانی ناوماڵ خەرجی دەكەن لەمێردەكانیان وەریبگرنەوە هەندێكی تر وای بەباش دەزانن كە جۆرە هاوبەشیەك هەبێت لەنێوان ئافرەتان و پیاوندا بەوپێیەی ئێستا هەندێك ئافرەت داهاتیان لەمێردەكانیان زیاترە، بەڵام چینێكی زۆر لەئافرەتان وای دەبینن كە ئافرەت هەرچەندە خاوەنی داهاتێكی زۆریش بێت مافی خۆیەتی ئەو پارەیەی كە خەرجی دەكات لەمێردەكەی وەریبگرێتەوە، توێژەرێكی كۆمەڵایەتی پێیوایە مەسەلەی خەرجی ماڵ لەئەستۆی پیاوانە، چونكە ئەوان خۆیان بەگەورە ماڵ دەزانن زۆر لە ئافرەتانیش گلەیی لەمێردەكانیان دەكەن بەوەی سەرەتا ناهێڵن كاربكەن، بەڵام دواتریش خەرجیەكی زۆر ڕەزیلانە دەكەن.

بەقسەی مێردەكەم وازم لەدەوام هێنا
هەست بەپەشیمانی دەكەم كەبەقسەی مێردەكەم و لەپێناوی بەخێوكردنی منداڵەكانم وازم لەپیشەكەم هێنا، چونكە زۆر ڕەزیلیم لەگەڵ دەكات، ئەمە باوەڕی هێرۆ ئیسماعیل بوو، هێرۆ وەك باسی دەكات مێردەكەی ناچاریكردووە كە لەهیچ كام لەفەرمانگە حكومی و ئەهلیەكاندا دانەمەزرێت بەبیانوی ئەوەی كە منداڵەكان پێویستیان بەدایكە لەماڵەوە بێت، كەچی ئێستا خەرجی ماڵەكەی بەڕێكوپێكی ناكات، و دەڵێت:(مێردەكەم كەسێكی كاسبە كاتێك شووم پێكرد وتی نابێت دەوامی فەرمانگە بكەیت، منیش وازم لەكار هێنا كەچی ئێستا هیچ مەسرەفی ماڵ ناكات و سەری مانگان دەبێت زۆر لێی بپاڕێمەوە هەتا شتێك مەسرەف دەكات)، هەندێك پیاو كاتێك دەزانن ژنەكانیان مووچەخۆرن ئیتر خۆیان لەهەموو مەسرەفێك دەدزنەوە لەمبارەیەوە سومەیە ئیبراهیم پێیوایە زۆربەی ئەو پیاوانەی كە ژنەكانیان فەرمانبەرن هیچ مەسرەف ناكەن و دەڵێت: (مێردەكەم هیچ پارە خەرج ناكات و هەرچەندە مووچەكەشی زۆر لەمن زیاترە، بەڵام هەرقسەبكەم پێم دەڵێت تۆ مووچەكەت چی لێدێت)، ئەمە تەنیا كێشەی سومەیە نییە، بەڵكو ئەمە كێشەی زۆربەی ئەو ئافرەتانەیە كەمووچەی خۆیان هەیە وەك خۆیان باسی دەكەن مێردەكانیان هەرچەندە مووچەكەی لەهیی ژنەكەی زیاتر بێت، بەڵام ئەگەر پیاوێك ژنەكەی مووچەخۆربێت ئەوكات هیچ مەسرەف ناكات و هەموو پارەكەی هەر كۆدەكاتەوە.

هیچ بڕە پارەیەك لەمێردەكەم وەرناگرم
هەندێكی تر لەئافرەتان دەڵێن ئەگەر ژن مووچەكەی لەمێردەكەی زیاتر بێت با نیوەی خەرجی ماڵەكە لەئەستۆ بگرێت، چونكە هەردووكیان لەدروستكردنی خێزاندا هاوبەشن ناكرێت یەكێكان مەسرەف بكات ئەویتر تەنیا تەماشا كەربێت، سەوسەن عبدولواحید ئاماژە بەوەدەكات مەسەلەی خەرجكردن پەیوەستە بەهەردوو لاوە واتا شتێكی واجبە كەهەردووكیان مەسرەف بكەن و ئەگەر ئافرەت مووچەكەی لەمێردەكەی زیاتر بێت یان هاوتای مێردەكەی بێت بانیوەی خەرجیەكان لەئەستۆ بگرێت، سەوسەن جەخت لەوەدەكاتەوە كە مووچەكەی زۆر لەمێردەكەی زیاترە لەبەر ئەوە مەسروفی زۆربەی ماڵی خۆیانی گرتۆتە ئەستۆ و ئێستا هیچ بڕە پارەیەك لەمێردەكەی وەرناگرێت بۆمەسرەفی ڕۆژانە.

كێشەی كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە
هەندێكجار مەسەلەی خەرجیەكانی ناوماڵ دەگاتە گرفتی كۆمەڵایەتی و كێشەی ناهەموار دروست دەكات و زۆر ژن و مێرد لەسەر ئەم بابەتە تووشی گرفت بوون، سەروین ئافرەتێكی فەرمانبەرە وەك باسی دەكات ماوەی زیاتر لەهەشت ساڵە ژیانی هاوسەری پێكهێناوە، بەڵام هەتا ئەمڕۆ لەگەڵ مێردەكەیدا لەسەر مەسەلەی خەرجیەكانی ناوماڵ ناكۆكن، بەوتەی سەروین مێردەكەی هیچ مەسرەف ناكات و هەرجارەو بیانویەك بۆ نەكردنی مەسرەف دەهێنێتەوە.
سەروین گلەیی لەحكومەت و پەرلەمان و لایەنە پێوەندیدارەكان دەكات و دەڵێت: (پێویستە حكومەت و بەشێوەیەكی بەرنامە بۆداڕێژراو كار بۆئەم بابەتە بكەن، چونكە زۆر پیاو هەن كە دەزانن ژنەكەیان مووچەیەكی هەیە چیتر مەسرەف ناكەن).

ئەگەر ملیۆنێك دینار مەسرەوف بكەم مێردەكەم تەینا پەنجا هەزار دەكاتە خەرجی
زۆر ئافرەت باس لەوە دەكەن كەهەتا كۆتایی مانگ چاویان لەوەیە مێردەكەیان شتێك مەسرەفیان بداتەوە، شنۆ عەلی‌ ئاماژە بەوەدەكات كە هەمیشە چاوی‌ لەسەر ئەو پەنجا هەزار دینارەیە كە مێردەكەی‌ مەسرەفی‌ مانگانە دەیداتێ و دەڵێت: (ئەگەر مانگانە ملیۆنێك دینار مەسرەف بكەم مێردەكەم تەنیا پەنجاهەزارم دەداتێ))، شنۆ كە بەهاوشێوەی‌ مێردەكەی‌ فەرمانبەرە لەیەكێك لەفەرمانگە حكومییەكاندا، دەڵێت: ((زۆرم پێناخۆشە كەخەرجی ماڵ دەكەم، بەڵام ناچاریشم بیكەم لەبەر ئەوەی هاوسەرەكەم زۆر دەست بڵاوەو ناگاتە نیوەی‌ مانگ پارەی‌ پێنەماوە، ناوبراو پێیوایە دایك منداڵ بەخێو دەكات و پێویستی‌ بۆ دەكڕێت و ئەركی زۆری لەسەر شانە لەبەر ئەوە پێویستە پیاو مەسرەفی تری ماڵ بكات).

زۆر لەپیاوەكان هەمیشە لەناو خەڵكدا وەها خۆیان پیشاندەدەن كە كەسانی زۆر چاوتێر و سەخین، بەڵام لەڕاستیدا سەرجەم خەرجیەكانی ناو ماڵ دەخەنە ئەستۆی ژنەكانیان بەبیانوی ئەوەی ژن شارەزای لەكڕینی پێداویستی لەپیاوان زیاترە. لەمبارەیەوە سۆلین كەمال توێژەری كۆمەڵایەتی پێیوایە زۆر لەپیاوە ڕۆژهەڵایتەكان سیفەتی دوو ڕووییان پێوەدیارە لەدرەوەی ماڵ و لەبەرچاوی خەڵكی وەهایان پیشاندەدەن كە كەسانی زۆر چاوتێرن، كەچی لەناخیشیاندا زۆر ڕەزیلن و دەڵێت: ((گرفتی زۆربەی هەرەزۆری ئافرەتانی ڕۆژهەڵات ئەوەیە كەهاوسەرەكانیان لەدەرەوە خۆیان بەكەسانی چاوتێرو سەخی پیشان دەدەن لەناو خەڵكدا وەها لێكی دەدەنەوە كەسەرجەم مەسرەفەكانی ماڵ خۆیان دەیكەن و ژنەكەیان تەنیا پارە خەرجدەكات، چونكە ئەگەر پیاوێك دان بەوەدا بنێت كە ژنەكەی لەمووچەكەی خەرجی ماڵ دابین دەكات بەچاوێكی سووك تەماشا دەكرێت، واتا بەشێكی زۆری كێشەكە كۆمەڵگەیە لەبەر ئەوەی دابوونەریتە كۆمەڵایەتیەكان زۆر شتیان سەپاندووە كە ناتوانین خۆمانی لێ دەرباز بكەین، كۆمەڵگە پیاوی كردۆتە گەورەی ماڵ، داهاتی ژن هەرچەندە بێت هەر دەبێت پارەكەی بداتەوە بەپیاوەكە)).
Top