لەسەر تەماشاكردنێك؛ یەكێك دەكوژرێت و پێنج كەسیش زامداردەبن

لەسەر تەماشاكردنێك؛ یەكێك دەكوژرێت و پێنج كەسیش زامداردەبن
دوای ئەوەی لەكۆلێژ دەگەڕێتەوەو لەگەڵ هاوڕێیەكی دەچێتەدەرەوە لەگەڵ كەسێك دەبێتە شەڕیان دەكوژرێت.
لەگەڕەكی 99 شاری هەولێر گەنجێك بەناوی (ئ.خ.م) لەدایكبووی ساڵی 1990 پیشە قوتابی كۆلێژ، دانیشتووی شاری هەولێرە، لەڕێكەوتی 28/4/2012 بەبیانووی ئەوەی كە كوڕێك سەیریان دەكات دەبێتە شەڕیان و لەئەنجامدا 5 كەس زامدار دەبن و خۆیشی زامدار دەبێت دواتر لەنەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات.
شایەتحاڵەكانی ڕووداوەكە بەجۆرێك باس دەكەن، كە كێشە لەسەردەمەقاڵیەكی بچووكەوە بووە بەكێشەیەكی گەورەو لەئەنجامدا كوشتنی لێكەوتەوە.
هۆكاری دروست بوونی كێشەكە
كاتژمێر (3) دوای نیوەڕۆ و لەپێش دەرگای ماڵی خۆی ڕاوەدەستێت لەناكاو ئوتۆمبێلێكی جۆری ئەڤیۆ ڕەنگی سپی لەبەردەمی تێدەپەڕێت و نزیكەی 100 مەتر لێی دوور دەكەوێتەوەو ڕادەوەستێت ئەمە قسەی (ر.ح) كە لەبەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوان لێدوانی داوە و باس لەهۆكاری ڕووداوەكە دەكات و لەدرێژەی قسەكانیدا دەڵێت «دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەكەم لێدووركەوتەوە كوڕێك بەناوی (ئ) كە ناوی باوكی نازانم و دوكانی هەیە شوفێری ئۆتۆمبێلەكە بوو ماڵیان لەگەڕەكی ئێمەیە لەئوتۆمبێلەكە دابەزین بەیەكەوە قسەیان كرد دواتر ئوتۆمبێلەكە بەبەگ گەڕایەوە لەلای من ڕاوەستاو بەمنیان وت: بۆسەیرمان دەكەی. منیش وتم ئەمە ڕێگایە من ناتناسم ئەگەر سەیرشیم كردبێت چی تێدایە ئەوانیش قسەی ناشیرینیان كرد.(ر.ح) ئەوەش دەخاتەڕوو كە (ئ.خ) هەڕەشەی لێكردووە و پێی وتوە دەتدەمە بەر شەق دواتر(ئ) لەئۆتۆمبێل هاتە خوارەوە زللەیەكی لێدام و پەلاماری دام كەوتە لێدانم هەتا لەهۆش خۆم چووم ئینجا وازیان لێهێنام. (ڕ) هەروەها وتی «كاتێك هاتمەوە سەرخۆم تەلەفونم بۆ (غ)برام كرد بۆم باسكرد كە ئەوانە چیان لێكردووم پێموت بگەڕێوە بابچین سكاڵا تۆمار بكەین، تەلەفۆنەكەم داخست لەحەوشە ڕاوەستابووم، بینیم ئۆتۆمبێلێكی جۆری (تۆكسۆن) ڕاوەستاو چوار كەس هاتنە خوارەوە تەنیا یەكێكانم ناسی ناوی(ع) بوو زۆر سووكایەتیان پێكردم و قسەی ناشیرنیان پێوتم منیش دەرگام داخست ئەوان ڕۆیشتن. (خ.م) كە دایكی كوژراوە لەبەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی بەڵگەو تاوان وتەی لێوەرگیراوە دەڵێ «كاتژمێر یەك بوو كوڕەكەم لەكۆلێژ گەڕایەوە و وتی لەگەڵ كوڕی (ج) شەڕمكردووە، ئەوەبوو بەتەنیا لەگەڵ مام (س)ی دراوسێمان چووم بۆ ئەوەی داوای لێبوردن لەخێزانەكەیان بكەم، كاتێك چووین (ر) هەموو دەم و چاوی زامدار ببوو، بەڵام ئەو بەردەوام هەڕەشەی دەكردو قسەی ناشیرنی دەكرد. بەپێی وتەی(ئ.خ.م) كە دەكاتە برای كوژراو شاهێدی داوە دەڵێت:(ئ) برام هاتە دووكان بۆ لای من وتی لەگەڵ كوڕی (ج) شەڕم كردووەو هەڕەشەی لێكردووم وتویەتی بۆ لێرە ڕاوەستاوی منیش چووم بەباوكمم وت كەوا كوڕی (ج)كەناوی (ڕ)هەڕەشەی لەبراكەم كردووە، ئەوەبوو باوكم خۆی لەئێمە توڕە كرد كە بۆچی بەشەڕ دێین. دواتر بەپێش ئێمە كەوت بەتەنیا چوو بۆماڵی (ج) بۆئەوەی لەگەڵ دایكی قسە بكات و داوای لێبووردن بكات، ئێمە لەپاش باوكم گەیشتینە ئەوێ وادیاربوو (ڕ) هەڕەشەی دەكرد ویستی لەبراكەم بدات و دواتر (غ) هات و تەقەی كرد و براكەم زامداربوو لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
پەنجەیەكی قاچم لێبوویەوە
بینیم براكەی بەئۆتۆمبێل هات، (غ) لەگەڵ دایك و خوشكی دابوو، ئیتر (غ) دەستی كرد بەقسەی ناشیرین و كردیان بەشەڕ لەگەڵمان بەخۆیی و دایك و خوشكی.» ئەمە قسەی (خ) كە دەكاتە باوكی كوژراو دەڵێت «دواتر كە (ع) براكەم لەگەڵ (ا)ی كوڕم هاتن ئیتر شەڕەكە گەورەتر بوو(غ.ج) چوو كلاشینكۆفی هێنا تەقەی كرد لەئەنجامدا (ا) زامدار بوو لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و (ع)ی براشم زامدار بوو خۆشم چەند ساچمەیەكم بەركەوت».
دادخواز (ع،ح) لەدایكبووی 1974 كە لەم ڕووداوە زامدار بووە لەوتەكەی بۆ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوان دەڵێت «كاتژمێر 3:30 دوانیوەڕۆ خەریكی كاری خۆم بووم لەگەڕەكی مامۆستایان كاری كارەباچێتیم دەكرد، (ئ) برازام تەلەفۆنی بۆكردم وتی مامە لەگەڵ چەند كەسێك بەشەڕ هاتووم منیش چووم بۆ شوێنی ڕووداوەكە لەگەڕەكی 99 تەنیشت دوكانی خۆم بینیم ئەو كەسەی كە لەگەڵ (ئ) بەشەڕ هاتبوو ئەویش زامداربووە بەدەستی لەیەكیان داوە، دواتر من و براكەم و(ئ) چووین بۆ ئەوەی بزانین شەڕەكە لەسەر چییە، ئەوەبوو بووە بەدەمەقاڵێ لەنێوانماندا ئەوان چوار كەس بوون و چەكیان پێبوو پەلاماریانداین، منیش لەناو ئۆتۆمبێلەكەم چەكی كلاشینكۆفم دەرهێنا ویستم تەقەی هەوایی بكەم بۆئەوەی لێكیان بكەمەوە و شەڕەكە گەورەنەبێت، بەڵام ئەوان لوولەی چەكیان لەئێمە كرد دوو گوللەیان لە(ئ)دا گوللەیەكیان لەسەریدا براكەشم زامداربوو منیش فیشەكێكم لەوان دا. هەروەها هەر سەبارەت بەم ڕووداوە (غ. ج) كە دەكاتە برای (ڕ) وتی «دوای ئەوەی (ر) برام پێوەندی پێوەكردم گەڕامەوە ماڵ بینیم لەپێش دەرگا ڕاوەستابوو هەر ئەوەندەبوو زانیم بوو بەتەقە لەدواوە ئەوەبوو ئەوان زۆربوون زۆر خراپ لەمنیاندا لە(ڕ)ی خوشكەكەمیاندا لەئەنجامدا پەنجەی قاچم لێبۆوەو سەرم بریندار بوو. (ڕ) ئەوە دەخاتەڕوو كە بۆجاری سێیەم هێرشیان كردەوە سەرم و ئەو كات خوشك و براكەشم گەڕابوونەوە لەوانیشیان دا و دەستیان كرد بەتەقەكردن براكەم گوللەیەك بەر سەری كەوت.(ڕ) ئاماژە بەوەش دەدا كە ئەوان بەهیچ شێوەیەك چەكیان لانەبوو و ئەوەشی ئاشكرا كرد ئەو كەسەی كوژراوە من نایناسم هەر گوللەی خۆیان بەری كەوت و گیانی لەدەستدا.
Top