لەبەر توانج و تانەلێدان خانمان مۆڵەتی شوفێری بەزەحمەت دەردێنن
May 18, 2012
کۆمەڵایەتی
«گەر پیاوێك لەتاقیكردنەوەی مۆڵەتی شوفێری دەرنەچێت كەس توانجی لێنادات، بەڵام ئەگەر ئافرەت بێت ئەوەندە توانجی لێدەدرێت وای لێدەكرێت چیتر سەدانی ئەوشوێنانە نەكاتەوە» ئەمە قسەی سازان كەمال كە خەریكی دەرهێنانی مۆڵەت بوو، وتی «لەكاتی ئەنجامدانی سەرجەم تاقیكردنەوەكانی مۆڵەتی لێخوڕین، ئافرەتان بەشێوەیەكی گشتی ڕووبەڕووی گرفت دەبنەوە، سەرەكیترین گرفتمان ئەوەیە ئەگەر پیاوێك لەتاقیكردنەوەكاندا دەرنەچێت كەس توانجی لێنادات، بەڵام ئەگەر كچێك لەتاقیكردنەوەكاندا دەرنەچێت ئەوەندە توانجی لێدەدەن وای لێدەكەن كەچیتر ئەو كچە سەردانی ئەو شوێنە نەكاتەوە. لەلایەكی ترەوە (ئاورنگ عەلی) پیشەی ئەندازیارەو خەریكی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری بوو وتی«ئەوەندە گرفتەكان زۆرن نازانین چی بڵێین و باسی كامەیان بكەین، ڕۆژانە هەموو ئەو ئافرەتانەی دەیانەوێت مۆڵەتی شوفێری دەربێنن تووشی گرفتی جۆراو جۆر دەبن تەنانەت هەموو ئەو ئافرەتانەی كە مۆڵەتی شۆفێرییان دەرهێناوە لەو گۆڕەپانەدا تیروتوانجی جۆراوجۆریان لێدراوە.
سەرلێشێواندن لە خانمان
سازان وەكو باسی دەكات و دەڵێت «سەرجەم ئەو شوفێرە پیاوانەی لەوێ وەستاون زۆربەشێوەیەكی ناشرین تیروتوانج لەئافرەتەكان دەدەن، من خۆم سێ مانگ پێش ئێستا جارێكی تر ترایم ئەنجامدا، لەكاتی تاقیكردنەوەكەدا ئەوەندە توانجیان لێدام سەرم لێتكچوو بەهۆیەوە خۆم كێشا بەلاستیكی لای چەپدا و لەتاقیكردنەوەكەدا دەرنەچووم، ئەوندەش هاواریان كرد بێزاریان كردم. لەڕووی دەروونیەوە زۆر بەخۆمدا شكامەوە بەڕاستی هەستم بەوەكرد كەمن ئافرەتم لەبەر ئەوە بەم شێوەیە ڕووبەڕووی ئەم توانج لێدانە بوومەوە، بەداخەوە كۆمەڵگەی ئێمە بەشێوەیەك مامەڵە لەگەڵ ئافرەت دەكات كە بەهەموو شێوەیەك هەوڵدەدات بیڕووخێنێت. (ئاورنگ)یش هەمان ڕای سازانی « هەبوو و پێیوایە زۆرێك لەو شوفێرانەی لەوێن هەندێك تەنیا ئەركیان بێزاركردنی ئافرەتانە، هەروەها شاناز عەدنان كە مامۆستای بنەڕەتیە پێیوایە دەبێت هەموو ئەو ئافرەتانەی ڕۆژانە خەریكی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێرین، توانجییان لێبدرێت و بێزار بكرێن، دەشڵێت «هەندێك شۆفێری گەنج ڕاوەستاون پێدەچێت تەنیا ئەركیان بێزاركردن و توانج لێدان بێت لە ئافرەتان، ئەمڕۆ تاكو ترایم ئەنجامدا ئەوەندە توانجیان لێمدا زۆر هەراسانیان كردم. شاناز ئەوەشی خستەڕوو كە ئافرەتان نەك لەم شوێنانە لەهەموو شوێنێك ڕووبەڕووی ئەم ڕەوشە نالەبارە دەبنەوە.
سۆنیا عەزیز هەر سەبارەت بەم بابەتە وتی :ڕۆژانە زۆر گرفتی جۆراو جۆردەبینین بەتایبەتی لەوكاتانەی كە قەرەباڵغی زۆر دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بێزاربوونی خانمان، ئەو خانمە داوادەكات كە حكومەتی هەرێم بەرنامەیەكی وەها دابڕێژێت كە تاقیكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری لەشوێنێكی گونجاوبێت بۆخانمان، چونكە ئافرەتان لەكاتی دەرهێنانی مۆڵەت زۆر بێزار دەبن.
سازان كەمال زۆر تێبینی لەسەر ئەو حاڵەتەیە كە پیاوەكانن ئافرەتەكان بێزار دەكەن و دەڵێت «لەوكاتەدا پۆلیسەكانی هاتوچۆ ناتوانن هیچ هەڵوێستێكیان هەبێت لەبەر ئەوەی ئەوان تەنیا ئەركیان چاودێریكردنی تاقیكردنەوەكانی مۆڵەتی لێخوڕینەو بەڵكو ئەركی ئەوان نییە كە سزای خەڵك لەسەر هەڵسوكەوتیان بدەن. هەروەها شاناز ئەوە دەخاتەڕوو كە لەكۆمەڵگەی ئێمەدا لایەنی پیاو دەگیرێت دژی ئافرەت.
نازە ئەحمەد ئەوە چوار جارە دەچێت بۆ ئەوەی مۆڵەتی شوفێری دەربێنێت، بەڵام لەتاقیكردنەوەكە دەرناچێت و دەڵێت «چونكە چەند جاری دەچم بۆ تاقیكردنەوەكە ئەوەندە هاوار هاوار دەكەن و توانجم لێدەدەن، لێم دەشێوێت و دەرناچم وای لێهاتووە گەر ئەمجارە دەرنەچم چیتر نەیەمەوە لەبەر ئەوەی شەرم دەكەم چەند جاری دێم ئەو شوفێرانەی لەوێن دەڵێن دیسان هاتەوە. نازە داوا دەكات كە حكومەتی هەرێم شوێنێكی تایبەت بۆ ئافرەتان دابنێت بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری.