چۆن گومانم بڕەوێتەوە؟

چۆن گومانم بڕەوێتەوە؟
ئاشتی عەبدوڵڵا

سەرەتای چیرۆكەكە دەبێت لە پورمەوە دەست پێبكەم، چونكە بەهۆی ئەوەی پورم شووی بە پیاوێكی ئەو شارۆچكەیە كردبوو، ئیتر سەردانی ناوبەناومان بۆ ئەو شارۆچكەیە وایكرد چەند ناسیاوێكیش پەیدا بكەین، لەو ناسینانەدا براكەم دڵی چوو بە كچێكیانداو دواتر هێنای، بێگومان بەرەو ئەو شارەش گواستیەوە كە ئێمە تێیدا نیشتەجێ بووین، ماوەیەكی كەم وەك ژن و مێرد پێكەوەژیان و لە بەهارێكدا كە سێ ساڵی بەسەردا ڕەتبووە براكەم لەگەڵ ماڵە خەزوریدا لە نزیك دەریاچەی شارۆچكەكەوە سەیرانیان سازدابوو، زۆر بەداخەوە براكەم كاتێك دەچێتە گوێ ڕووبارەكەوە ئیتر دیارنامێنێ و هەر لەو شەوەدا تەرمی خنكاوییان دەرهێنایەوە.
بەڵێ براكەم جوانەمەرگ بوو و ئێمەو ماڵە خەزوریشی پێمان لەیەكتری نەبڕی، پورم هۆیەكی بەتینی ئەو پێوەندییەمان هەبوو هەربۆیە چارەنووسی منیش بەسترایەوە بە كوڕێكی ئەو شارۆچكەیەوە، ئەوەبوو یەكترمان چوو بەدڵداو عەشقێكی خودایی و جاویدانەگی كەوتە دڵ و دەروونی هەردووكمانەوە، ئەو عەشقەی كە ناومان لێنابوو تامردن و پێكەوە ژیان و هەناسەی یەكدی، جا عەشقێكی بەتین و گەرمیش كە بۆ یەكتری دەژیاین و پەیمانمان تێدا تازە دەكردەوە.
ئەو كوڕەی كە شووم پێكردو بووە خۆشەویست و هاوسەرم، پێش ئەوەی من بهێنێ حەزی لەو كچە كردبوو كە بووە براژنم و بێوەژن مایەوە، یەك لایەنە خۆشی ویستبوو و پێی ڕاگەیاندبوو ئەگەر شووی پێ بكات دەیباتە هەندەران بۆ ئەو وڵاتەی كە باوكی لێیە، خەزوری من لەمێژ بوو چوو بووە هەندەران و دەیویست كوڕەكەشی بباتە لای خۆی، بەڵام كچەكە، واتە براژنم، پێی ڕازی نەبوو بوو و سەرەنجام ئەویش نەچووە هەندەران و منی هێنا، دەبێ ئەوەش بڵێم كە ئەو پێشنیارەی خستە پێش منیش تاوەكو لەگەڵیدا بچمە هەندەران و منیش بێ سێ و دوو ئەوەم ڕەتكردەوە، من نازانم چ ڕێكەوتێكە ئەو كچەی ئەو پێشتر ویستوویەتی بیهێنێ ببێتە ژنی برای من و منیش بۆ ئەو بم!
دوو ساڵ پێكەوەبووین و چ گرفتێك نەكەوتە هاوسەرگیرییەكەمانەوە، ناوبەناو كاری دەكرد و باوكیشی پارەی بۆ ڕەوانە دەكردەوە، هەڵبەتە ئێمە لە نهۆمی ماڵی باوكمدا دەژیاین و لەو ڕووەوە كێشەی كرێ خانوو و بژێویمان نەبوو، تەنانەت گوزەرانیشمان لەگەڵ ئەواندا بوو و نانمان پێكەوە دەخوارد وەك ئەوەی كوڕەكە هاتبێتە سەر ماڵمان، من لە كۆلیژ دەمخوێندو هێشتا بەردەوامیشم، تاقە شتێك كە ئەو دووبارەی دەكردەوە ئەوەبوو بچینە شارۆچكەكەی ئەوان و لەوێ بژین، من بەهۆی خوێندن و نزیكیم لە ماڵی خۆمانەوە، پاشان ئەو شارۆچكەیەش كە برای منی تێدا خنكاوە وای لە من كردبوو شارۆچكەكەم لا تاڵ بێ هەرچەند دەچووینە ماڵە خەسوم یان لای پوریشم.
واتێدەگەم تەنیا لای خۆیەوە ئەو حەزەی لا دروست ببوو و نە باوكی نە ماڵی خۆشیان ئەوەیان نەدابوو بە گوێیدا، لەبەرئەوەی ماڵی ئێمەش حسابی كوڕی خۆیان لەگەڵدا دەكرد هۆیەك نەبوو تاوەكو شارەكەی لەپێش چاو كەوتبێ. ڕۆژێك لە كۆلیژ گەڕامەوە و بۆ شەوەكەشی مێردەكەم نەگەڕایەوە، مۆبایلی داخستبوو و هەرچۆنێك بووبێ ترس و دڵەڕاوكێكانمان زیادی كرد، ئێستا وا سێ مانگە منی جێهێشتووە و نە تەلەفۆن نە هیچ شتێكی لەگەڵ مندا نەماوە، بێ هیچ هۆیەكی دیاریكراو، بێ هیچ گرفت و لەمپەڕێك.
زانیمان باوكی پارەی بۆ ڕەوانە كردووە و ئۆتۆمبیلی كڕیوەو لەوێ ئیشی پێدەكات، ئێمەش دوای ئەو هەموو شتە، من لەدوای ئەو هەموو وەفاو عەشقە، بڕیارماندا دەعوای لەسەر تۆمار بكەین و داوای تەڵاقی لێبكەم، كە ئێمە بێ هیچ هۆیەك هەڵبوەشێینەوەو ئەو خۆی تەریك كردبێ شوورەییە وەك جاران تەماشای بكەم، بەڵكو وای لێكردوم شەرم لە خۆم بكەم و لە هەموو بیركردنەوەی خۆشم پەشیمان ببمەوە، بڕوام بە پیاو نەماوەو شێوەی ئەوانی لا دزێو كردوم، هەست دەكەم ئەو دەمامكی لەسەرناوەو عەشقەكەی درۆزنانە بووە ئەگەرنا تەنیا پێم بڵێ هۆكەی چییە.
بەڵام بەر لە جیابوونەوەمان كە خۆشحاڵم منداڵیشم لێی نەبووە، دڵم ختوورەی شتێكی ناخۆش دەكات، بە ڕابردوودا دەچمەوە تاوەكو خنكانی براكەم و ئەو كچەش كە ئەو خۆشی ویستووە و هەنوكە بێوەژنە لە شارۆچكەكە. وام بە خەیاڵدا دێت هێشتاكە ئەو كچەی خۆشبوێ، ئەمەش گرفتێك نییە لەلام، ئەوەی جێی بایەخمە ئێستا ئەوەیە لەوە بكۆڵمەوە چۆن براكەم خنكا و كەس پێی نەزانی، نازانم بۆچی تارمایی مێردەكەم لەو ڕووداوەدا ئامادەگیی هەیە، بڵێی دەستی لە كوشتنی براكەما نەبوو بێت بۆ ئەوەی بگاتە ئەو ژنە؟! تاوەكو نەبێتە جێی گومان و كۆكردنەوەی دیدگاكانیش لەسەری هەر بۆیە من هێنابێت تا ئەو گومانەی لەسەر بڕەوێتەوە!!
Top