بەشی‌ زۆری خانمان چاویان لەدەستی‌ مێردەكانیانە

بەشی‌ زۆری خانمان چاویان لەدەستی‌ مێردەكانیانە
لەزۆربەی كۆمەڵگەكانی ڕۆژهەڵاتدا بەشێكی‌ زۆر لەئافرەتان بۆدابینكردنی بژێوی ژیانیان و دەستەبەركردنی پێداویستی ڕۆژانەیان تەنیا چاویان لەدەستی‌ مێردەكانیانە لەگەڵ ئەوەی ئافرەتان و پیاوان هیچ جیاوازیان نییە، بەڵام كۆمەڵگە و دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكان وایانكردووە كە لەهەرێمی كوردستان جیاوازیەكی یەكجار گەورە لەنێوانیاندا هەبێ و هەمیشە دەبێ ئافرەتان چاوەڕێی دەستی پیاوانبن مەسرەفیان بكەن خۆیان ناتوانن بژێوی خۆیان پەیدابكەن، لەكوردستانیش بەو ژنانە دەوترێت (ئافرەتی ماڵەوە) و بەشێكی‌ زۆری‌ كۆمەڵگە پێكدەهێنن.

سۆنیا شێرزاد یەكێكە لەو كچانەی‌ كە لەبازاڕی‌ هەولێر مۆڵ لەدوكانی پۆشاكی ئافرەتان كاردەكات، ئاماژە بەوەدەكات كە خراپی‌ بواری‌ ماددی‌ پاڵنەریبووە بۆ كاركردن لەبازاڕدا و دەڵێت:((من زۆر شانازی بەكارەكەمەوە دەكەم لەبەرئەوەی شانبەشانی خێزانەكەم كاردەكەم و چاوەڕێی دەستی كەس ناكەم، حەزناكەم كەسێكی بێكەڵكو بێتوانا بم))، هەروەها سۆنیا باس لەوە دەكات كە زۆرجار ئافرەتان كاری‌ پیاوانیان كردووە و زۆر لێهاتووش بوونە دەشلێت: ((وەك ئەوەی‌ كە دەیبینین ئافرەت هەیە‌ كە لەدەرەوەی ماڵداو لەئارایشتگا یان فرۆشگا یان چێشتخانە كاریان كردووە، بەڵام ئەم نموونانە زۆر كەمن و ئافرەتان تائێستا لەهەندێ‌ كاردا هەر نەیانتوانیوە وەك پیاوان كار بكەن، بەنموونە ئافرەتان لەكاری‌ گۆرانی‌ وتن و ڕۆژنامەنووسیشدا هەر لەدوای‌ پیاوانەوەن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە كەموكورتیان هەیە، بەڵكو كۆمەڵگە و خێزانەكان ڕێگری‌ دروست دەكەن لەبەردەم ئافرەتاندا))، لەكۆتاییدا سۆنیا ئاماژە بەوەش دەكات كە ئافرەتان هیچیان كەمتر نییە لەپیاوان و دەتوانن وەك ئەوان كاربكەن و خۆیان بتوانن پێویستییەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن.
بەوتەی‌ شلێر ئەمین خاوەن ئارایشتگای ڕۆتا، كەمی كاركردنی ئافرەت لەدەروەوی ماڵ هۆكارەكەی‌ كەلتووری دواكەوتوویی كۆمەڵگەیە، دەڵێت‌ ((لەم كۆمەڵگەیەدا هەمیشە كارەكانی‌ ئافرەتان دیاریكراوە و لەبەرئەوە نابێت كارێك بكات كە لەكاری‌ ئافرەتانی تر جیاواز بێت، بۆ نموونە ئافرەتان كارەكانی ئارایشت و دروومان كە كاری زۆرگرنگن لەلایەن كۆمەڵگەوە بەكاری نامۆ دادەنرێن و ئافرەت ناچار دەكرێت كە نەیكات))، شلێر باسی ئەوەش دەكات زۆر ماندووە و هەمیشە لەئارایشتگا خەریكی كاركردنە بۆ دابینكردنی‌ پێداویستییەكانی‌ ژیان، بەڵام لەڕووی دەروونیەوە هەست بەئاسوودەیی دەكات، چونكە توانیویەتی پشت بەخۆی ببەستێت، دەشڵێت: ((بۆئەوەی لەمەسرەفكردنی ژیانی ڕۆژانەمان هاوكاری هاوسەرەكەم بكەم، هەر لەسەرەتای‌ پێكهێنانی‌ ژیانی‌ هاوسەریمەوە دەستمكرد بەكاركردن))، ناوبراو پێشیوایە كە ئەو پارەیەی‌ خۆت دەستت دەكەوێت و خەرجی‌ دەكەیت، خۆشترە لەوەی‌ كە چاوەڕێی‌ دەستی‌ هاوسەرەكەت بكەیت.
بەپێچەوانەوە هەندێك لەئافرەتان هەتا ئێستا هیچ جۆرە پیشەیەكیان نییە تەنیا لەماڵەوە خەریكی كاری ناوماڵن وەك زۆربەیان ئاماژەی پێدەكەن زۆرماندوون بەدروستكردنی خۆراك و شمەكی ناوماڵ، بەڵام هەرپێشیان دەوترێت ئافرەتی ماڵەوە، لەمبارەیەوە شیلان شاكر ئافرەتی ماڵەوەیە هەتائێستا هیچ جۆرە كارێكی نییە، وەك باسی لێوەدەكات مێردەكەی زۆر ڕەزیلەو هیچ پارەی ناداتێ، و دەشڵێت: ((وەك سەرجەم ئافرەتان زۆرجار حەز بەكڕینی‌ شمەكی ناوماڵ دەكەم، بەڵام مێردەكەم ئامادە نییە بۆم بكڕێت، لەو كاتانەشدا هەستێكی‌ زۆر ناخۆشم هەیە، چونكە چاوەڕێی‌ دەستی‌ هاوسەرەكەم دەكەم بۆ دابینكردنی‌ پێداویستیەكانم، دەبێت هەمیشە چاوم لەدەستی ئەو بێت و نەتوانم توانای خۆم و بوێری خۆم دەربخەم)).
سەردار كانەبی توێژەری كۆمەڵایەتی لەسەنتەری پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان باس لەوە دەكات كە زۆر گرنگە هەموو مرۆڤێك كارێك بكات و بتوانێت بژیوییەك بۆخۆی دابین بكات و دەڵێت: (ئەوەی گرنگە ئافرەت بتوانێت كارێك بۆخۆی دابین بكات بۆئەوەی بتوانێت داهاتێكی سەربەخۆی هەبێت، لەبەر ئەوەی هەتا ئافرەت داهاتی سەربەخۆی نەبێت، ناتوانێت داوای مافەكانی بكات)، سەبارەت بەوەی بۆچی ئافرەتانی ئێمە زۆریان هەتا ئێستا ئافرەتی ماڵەوەن دەڵێت (كۆمەڵێك دابوونەریتی كەلتووری هەن بەشێكی زۆر لەكارەكانیان بۆئافرەتان حەرامكردووە لەبەر ئەوە ئەو كارانەی بۆ ئافرەت شیاوە لەكۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر كەمە، بەجۆرێك تەنیا چەند پیشەیەك لەلای كۆمەڵگە قبوڵە ئیتر سەرجەم پیشەكانی تر نیشانەی پرسیاریان لەسەرە).
Top