دایكی ئیشكەر و منداڵەكانی

دایكی ئیشكەر و منداڵەكانی
محەمەد ئەحمەد

توێژەرانی بەریتانی بۆیان دەركەوتووە كە منداڵانی ئەو ژنانەی كار دەكەن، تەندروستییەكی زۆر باشیان نییە، بەبەراوردكردن لەگەڵ ئەوانەی دایكیان كار ناكەن. ئەو دایكانەی دەچن بۆ كار، منداڵەكانیان خۆراكی هێندە تەندروست ناخۆن و چالاكییەكی كەمتریان هەیە. كاترین لۆ و هاوەڵەكانی لەئاكامی هەڵسەنگاندنی داتای زیاتر لە12500ی منداڵی تەمەن پێنج ساڵ بەئەنجامەكانی ئەم لێكۆڵینەوەیە گەیشتوون. ئەنجامەكانیش توێژەران لەسەر ڕووپەری گۆڤاری « Child Health»دا بڵاویان كردۆتەوە. ئەوان پێیانوایە كە ئەو ساتەی هەمان ئەنجام لەمنداڵانی تەمەنی جیاوازدا دەست بكەوێت، دەتوانرێت لێكۆڵینەوە لەسەر مەترسی تەندروستی كاركردنی دایكان بۆ منداڵان بكرێت. بەپێی ئامارەكانی «BBC» نزیكەی لە60%ی دایكی منداڵانی تەمەن پێنج ساڵ خەریكی كاركردنن. لەمیانەی لێكۆڵینەوەكاندا توێژەران پرسیاریان لەهەمبەر كاتەكانی كاركردن و خۆراكی منداڵەكان و وەرزش و چالاكی منداڵەكانیان ئاڕاستەی دایكان كرد. سێیەكی دایكان لەدوای خستنەوەی منداڵەكانیان كاریان نەكردووە. ئەوانەی كاریانكردووە، هەفتەی 21 كاژمێر كاریانكردووە. فاكتەرەكانی وەك ئاستی پلەی خوێندن و باری ئابووریی و كۆمەڵایەتیی پێشچاو و خراپبوون.
منداڵانی تەمەن پێنج ساڵ، ئەوانەی دایكیان هەموو ڕۆژان یان نیوەی ڕۆژانی هەفتە كاریانكردووە، خواردنەوەی شیرینی وەك كۆلایان زۆر خواردۆتەوە و هەروەها لەبەردەم كۆمپیتەردا زۆر دانیشتوون و ڕۆژانە بەلایەنی كەمەوە دوو كاتژمێر تەماشای تەلەڤزیۆنیان كردووە. هاوكات منداڵانی تەمەنی پێنج ساڵ، ئەوانەی دایكیان كاریان نەكردووە، ئەمجۆرە چالاكییانەیان نەبووە. ئەو دایكانەی كاریانكردووە، منداڵەكانیان بەئۆتۆمۆبیل بۆ قوتابخانە بردووە، هاوكات ئەو دایكانەی كاریان نەكردووە، منداڵەكانیان بەپێ یان بەپاسكیل بۆ قوتابخانە بردووە. منداڵانی ئەو دایكانەی بەئارەزووی خۆیان چوونەتە سەر كار، تەندروستییەكی باشیان هەبووە- بەڵام بەوەرگرتنی فاكتەرەكانی دیكەی، وەك شێوازی ژیان، ئەوانیش هێندە تەندروست نەبوون. توێژەران پێیانوایە كە ئەنجامەكانی ئەم لێكۆڵینەوەیە ئاماژە بۆ ئەوە نییە كە دایكان نابێت كاربكەن.
Top