پێوەندی خۆشەویستیم لەگەڵی دانا نەمزانی شووی كردووە

پێوەندی خۆشەویستیم لەگەڵی دانا نەمزانی شووی كردووە
ئا:سانە سلێمان

دروستبوونی خیانەتی هاوسەری كۆمەڵێك هۆكاری جیاجیای هەیە كە پاڵ بەژن و مێرد دەنێت هێلانەی بەختەوەری خۆیان تێك بدەن و ڕێگەیەكی نادروست بگرنە بەر بۆ تێركردنی ئارەزوو ویستەكانیان.
لەبازاڕ بینیم سەیری ناو چاوەكانمی دەكرد و منیش سەیرم دەكرد تا دوای كەوتم و گەیشتەوە ماڵ، ژمارەی تەلەفۆنەكەم بۆی فڕێدا بەردەم دەرگاكە پاش ماوەیەك تەلەفۆنی بۆم كرد و پێوەندی خۆشەویستیمان دروست كرد، بەڵام ئەوكات من نەمدەزانی ئەو ئافرەتە شووی كردووە.
(ن،ج) گەنجێكی تەمەن 23 ساڵە پیشەی كاسبە و تا پۆلی سێیەمی ناوەندی خوێندووە، لەزیندانەوە باسی چۆنیەتی ڕووداوەكە بۆ گوڤاری گوڵان دەكات و دەڵێت «پێوەندی خۆشەویستیم لەگەڵ ژنێكدا هەبوو تاماوەیەك نەمدەزانی شووی كردووە، بەڵام دوای ئەوە كە ئاشكراشی كرد خێزاندارە من نەمدەتوانی دەستبەرداری بم، چونكە خۆشمدەویست، ئەوكاتە پێمگوت تۆ هێشتا منداڵت نەبووە لەمێردەكەت جیاببەوە من مارەت دەكەمەوە، ئیتر نە من توانیم وازی لێبهێنم نە ئەویش توانی واز بهێنێت و وتەڵاقی لەمێردەكەی وەرنەدەگرت، كەسمان دەستبەرداری ئەویتر نەبووین»، ئەو گەنجە باس لەوەش دەكات كە ئەو ژنەی پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ هەبووە ڕاستە خیانەتی لەگەڵ مێردی كردووە، بەڵام هۆكاری خیانەتكردنەكەشی بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە مێردەكەی دە ساڵ لەو گەورەتربوو، هیچ جۆرە خۆشەویستییەك لەنێوانیاندا نەبوو، چونكە ماڵی پیاوەكە زۆر عەشایەربوون و ئاستی ڕۆشنبیرییان لاواز بوو، هەروەها لەترسی ماڵی باوكی نەیدەوێرا داوای تەڵاق بكات تا من مارەی بكەمەوە.
لەبارەی پێوەندی نێوانیان ئەو گەنجە دەڵێت «ئێمە ساڵێك بوو پێكەوە بووین چەندین وێنەمان بەیەكەوە گرتبوو، من تەلەفۆنێكم بۆكڕی ڕەسمەكانیشم لەناو تەلەفۆنەكەی ئەو دانابوو، هەروەها ئەو كاتەی مێردەكەی دەوامی بەشەوان بوایە من دەڕۆیشتمە لای، زیاتر لەحەوت جار چوومەتە لای و پێكەوە دەبووین».
دوای ئاشكرا بوونی پێوەندیەكە 3 ساڵ زیندانی دەكرێین، (ن)باس لەچۆنیەتی ئاشكرابوونی پێوەندییەكەیان دەكات و دەڵێت «ئەو مۆبایلەی من بۆم كڕی بوو وێنەكانی تێدا بوو وێنەكان گیرا بوو، ئەو كاتەی كەئاشكرا بووم لەپشت خانووەكەیان گیرام، نیوەڕۆ بوو تەلەفۆنی بۆم كرد وتی دەمەوێ بتبینم كە چوومە ئەوەی هەستم كرد چاودێریم دەكەن دوای ئەوە لەدواوەی خانووەكەیان باوكی و براكەی منیان گرت و ڕایانكێشام بۆ گەرماوەكە ئیتر لێیاندام و برینداریان كردم». دوای ئاشكرا بوونی پێوەندیەكان و گەورەبوونی كێشەكە دەدرێتە دادگا و دادوەریش بەپیێ ماددەی 377 ناپاكی هاوسەرگیری هەردووكیان سزا دەدرێن بۆ ماوەی 3 ساڵ زیندانی بكرێن.
بە4 دەفتەر كێشەكە چارەسەر دەكەم و ژنەكە مارە دەكەم
ئەو كوڕە لەزیندانەوە بۆ گۆڤاری گوڵانی باس لەوەكرد كە ئەو ئێستا بەنیازی سوڵح كردنە بەبڕی چوار دەفتەر دۆلار كە هەردوو ماڵەكە تەنازول لەكێشەكە بكەن و ژنەكەش بهێنم، چونكە ئەو ژنە منی زۆر خۆشدەویست و مێردەكەشی بەدڵ نەبوو لەبەر ئەوەی كە ئەو ماڵە ماڵێكی خراپ بوون و لەگەڵێان نەدەگونجا، هەروەها بەردەوام دەبم لەگەڵیدا بەمەرجێك خیانەت لەمن نەكات، چونكە خۆشمدەویست و لێشی ڕانابینم خیانەتم لێبكات و هیوادارم بتوانم بەیەكەوە بژین».
دوای ئەوەی گۆڤاری گوڵان ڕێگە پێدانی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری كۆمەڵایەتی وەرگرت بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو ژنەی پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ئەو كوڕە هەبووە، بەڵام بەڕێوەبەری چاكسازی نەوجەوانان بەبیانووی ئەوەی كە پێویستە بۆچوونی ژنەكە وەرگیرێت لەشوێنی ئەو ژنە دوای دوو ڕۆژ بەگۆڤاری گوڵانی ڕاگەیاند كە ئەو ژنە ڕازی نییە بەهیچ شێوەیەك قسە بۆ گۆڤارەكە بكات بێ ئەوەی ڕێگا بدرێت لەنزیكەوە ئەو ژنە ببینرێت.
هۆكارەكانی ڕوودانی ئەو هەڵانە
لەبارەی هۆكارەكانی دروستبوونی ئەو كێشانە سیما كامەران توێژەی كۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەهۆكارەكانی ئەو هەڵانە دەكات و دەڵێت «بەڕای من پێوەندی نادروستی سێكسی پێش هاوسەرگیری پاڵنەری سەرەكی خیانەت كردنە، چونكە كوڕ یان كچ هەردووكیان فێری ئەوە بوون كە پێوەندی سێكسی لەگەڵ كەسێكی نامۆدا ببەستن، بێگومان هۆكاری تریش هەن وەك گوێنەدان بەمافی ژن و مێردایەتی، چونكە ژن و مێرد كۆمەڵێك ئەرك و مافیان بەسەر یەكەوە هەیە، كاتێك ڕەچاو نەكراو و پێشێلكرا، گرفت و نەریتی تۆڵەسەندنەوە لەو خێزانەدا دروست دەبێت كە پاڵنەرێكی سەرەكی خیانەتكردنە، بۆنموونە كاتێك ئافرەتێك بۆی دەردەكەوێت كە مێردەكەی هیچ مافێكی دەروونی و مەعنەوی پێنابەخشێت، سەرەڕای ئەمانە گرفتی تریش هەیە وەك پێكەوە نەگونجانی نێوان هاوسەران و یان بێ ئەزموونی و پەلەكردنی كچان و كوڕان لەهەڵبژاردنی هاوسەردا یان بەزۆر بەشوودان»، سیما لەدرێژەی قسەكانیدا باس لەهۆكارە دەرەكییەكان دەكات و دەڵێت «هۆكارە دەرەكیەكان كە هانی خیانەتكردن دەدەن زۆرن، لەوانە ئیشكردن لەدەرەوەی ماڵ بەتایبەتی لەفەرمانگەو كۆلێژەكاندا كە تێكەڵی هەردوو ڕەگەز هەیە، ڕۆژانە و بەردەوام، كاتێك لەماڵەوە هەست بەبوونی سۆز و خۆشەویستی ناكات بەشوێن كەسێكدا دەگەڕێت خۆشەویستی پێبدات، ئەمە بێجگە لەوەی كەئەمڕۆ جیهان وەك گوندێكی بچووكی لێهاتووە، بەهۆی ئامێرەكانی تەكنۆلۆجیایی سەردەمەوە، خراپ بەكارهێنانی ئەم ئامێرانەش خیانەتكردن زۆر دەكەن».
سەبارەت بەچارەسەركردنی ئەو گرفتانەی خێزان كە بەهۆی خیانەتی هاوسەرییەوە دروست دەبن، ئەو توێژەرە دەڵێت «بێگومان خیانەتی هاوسەری مەرگەساتێكی گەورەیەو كێشەو گیروگرفتی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام دەبێت هەوڵی چارەسەری ئەو گرفتانە بدەین، ئەوەی ئاڵۆزە بۆ هەموومان ئاڵودەبوونی كەسانێكە بەسێكسی ناشەرعی و بۆ تێركردن و بەدەستهێنانی خۆشییەكانی خۆی ئەوەی گرنگە بۆ هەموومان ئەوەیە كە ئیرادەو لێبوردەیی هەنگاوی سەرەكیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرفتانەی كەبەهۆی خیانەتەوە سەرهەڵدەدەن، لەبەر ئەوەی كە ئەو كەسەی كەخیانەت دەكات ژن بێت یاخود پیاو دەكەوێتە ناو گێژاوێكی قێزەونەوە، بەڵام پێویستە كەسانی دەوروپشتیان لێیان ببورن و هەوڵبدەن لاپەڕەیەكی نوێی جوانی بێگەرد لەگەڵیاندا هەڵبدەنەوە و سەرلەنوێ ژیانێكی ئاسوودە و قەشەنگ دروستبكەنەوە، ئەویش لەڕێگای ئەوەی كە دەبێت ئیرادەی بەهێز بێت و لێبوردنی هەبێت».
جوان موراد توێژەری دەروونی پێیوایە هەندێك حاڵەتی دەروونی هەن كە وادەكەن خیانەت ڕووبدات هاوسەرگیری ناتەندروست هۆكارێكی سەرەكی ڕوودانی خیانەتە و دەشڵێت «دەستنیشانكردنی هاوسەر لەسەر بنەمای بەرژەوەندی، یا نەبوونی ئازادی كچ و كوڕ بۆ هەڵبژاردنی هاوسەری داهاتوویان و هەڵبژاردنیان لەلایەن خێزانەكانیان، بۆشاییەكی دەروونی دروست دەكات، كە ئەمەش تا سەر حەز و خواستەكانیان تێر ناكات و وا دەكات لەناوەڕاستی پرۆسەی هاوسەریەتی یەكێك لەو دوو هاوسەرە مەیلێكی سۆزدارییان لا دروست ببێت بەرامبەر كەسێك كە هەست دەكەن لەڕووی دەروونییەوە نزیكترە لێی، بەتایبەتی دامەزراندنی بناغەی هاوسەرگیری تا ڕاددەیەك لەسەر بنەمایەكی تەندروست نییە، بۆیە كاتێك كچ و كوڕێك دەچنە ناو پرۆسەی هاوسەرێتی، دوای ماوەیەك لەیەكتر تێنەگیشتن ڕێز لەیەكتر نەگرتن، بیروڕا ئاڵوگۆڕ نەكردن وا لەهاوسەران دەكات لەو ژیانەی كە خۆیان لەسەرەتاوە بڕیاریان لەسەر نەداوە سارد بن، دواتریش ناچار بۆ تێركردنی حەزەكان و هەروەها غەریزە سروشتییەكانیش، بگەڕێن بەدوای كەسێك كە لێیان تێبگات، ئەمەش دەبێتە دەستپێكی پێوەندی خۆشەویستی و دواتر پێوەندی سێكسی لەگەڵ كەسێك».
جوان وتیشی «مەسەلەی خیانەت لەكۆمەڵگەی ئێمەدا پەیوەستە بەچەند پاڵنەرێكەوە بۆ نموونە ئەگەر ژنێك خیانەت لەمێردەكەی بكات ئێمە یەكسەر بەتاوانبار دایدەنێین و دەیكوژین، بەڵام لەراستیدا ئەگەر بێتو لەڕووی دەروونییەوە مامەڵەیەكی تایبەتی بكەین و هاوكاری بكەین بزانین ئەو بۆشاییە دەرونییە چییە كە بۆی دروستبووە چارەسەری بكەین تاڕاددەیەك گرفتەكان چارەسەر دەبن و خیانەت كەم دەبێتەوە».
Top