ئاگاداربە لەدووركەوتنەوەی مێردەكەت..
December 7, 2011
کۆمەڵایەتی
گرنگترین فاكتەر كە هۆكارێكی سەرەكییە كاتێك ئەو دوو ڕەگەزە بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن لێك تێنەگەیشتوون و بەبێ حاڵیبوون ئەم بڕیارە دەدەن. هۆكارێكی زۆر بەربڵاو كە لەكەناڵ و ڕاگەیاندنەكان بانگێشتی ئەوە دەكرێت كە گوایە سەرژمێری ژنان كراوە و پیاوان ئەوەندەیان ژن بەردەكەوێت وەك شوانێك كە چەند مەڕێكی بخرێتە بەردەست و پیاوانیش بەهەلی دەزانن ژنی بەلاشیان دەستكەوێت و وا دەزانن ئەم ژنە جۆرێكی ترە جیاوازە لە ژنەكەی خۆی. كاتێك ئەو خێزانە منداڵیان دەبێت پیاو منداڵەكان بەهی خۆی دادەنێ، بەڵام بەهیچ شێوەیەك خۆی ماندوو ناكات لەگەڵیان، ژن بە بەرپرسی یەكەم دادەنێ لە پەروەردەیان و هەموو ماندووبوونەكە بۆ ژن بەجێدەهێڵێت و ژن سەرقاڵ دەبێت و پیاو تەنیا بیر لە ڕابواردنی خۆی دەكاتەوە و پەنا دەبات بۆ ژنێكی تر. ژن بەهۆی سەرقاڵییەوە ڕووخساری خۆی فەرامۆش دەكات و ئەوەش هۆكارێكە بۆ بێزاری پیاو بۆ نموونە جارێك پیاوێك بۆ ژن دەگەڕێت، لێم پرسی ژنت هەیە؟ وتی بەڵێ ژنم هەیە، بەڵام سەیارەم كڕیوە ڕووخساری ژنەكەم بۆ پێشی سەیارەكەم ناگونجێت بۆیە ژن دەهێنم.
ژن زۆرجار ناتوانێت مامەڵەیەكی گونجاو لەگەڵ دەروونی پیاوەكەیدا بەئەنجام بگەیەنێت، پیاوانیش دەیانەوێت هەڵسوكەوتی ژنەكانیان بە ویستی ئەوان بێت (ئەم هۆكارەش) لە ئەنجامی توێژینەوەیەكی نوێدا دەركەوتووە كە (جولیا سمیس) لەزانكۆی میامی لەئەمریكا ئەنجامیداوە. هەروەها هەندێ هۆكاری دیكە هەن كە لە دراماكان و بنكەكانی كاركردنەوە سەر هەڵدەدەن بەناوی یەكسانی و مافی ژنانەوە ئەمەش وایكردووە ژن تەنیا وەك جەستەیەك سەیر بكرێت، ئەم هۆكارانە دەبنە هۆی پێشێلكردنی مافەكانی ژن نەك بەدەستهێنانی مافەكانیان. هۆكارێكی بنەڕەتی كە لە كۆمەڵگەوە سەرهەڵدەدەن كە هانی پیاو دەدەن لە ژنەكەی دوور بكەوێتەوەو بەجێی بهێڵێ بەبیانووی ئەوەی كە گوایە تۆ ژنیت و دوای ژن دەكەویت، دەبێتە هۆی بێزاربوونی پیاوەكە لە خێزانەكەی ئەوانەش بەپلەی یەكەم بەندن بە ئەزموونەكانی خێزانەوە.