گەشتێك بەنێو ژیانــــی خەڵكــی مەهاباد

گەشتێك بەنێو ژیانــــی خەڵكــی مەهاباد
ئافرەتێك: «توندوتیژی دژی ئافرەتان لەزۆربەی شارەكــانی كــوردستانی ئێران بەرەو زیاد بوونە»

مەهاباد یەکێک لە گەورەترین و بەناوبانگترین شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە. خەڵکی ئەم شارە زۆربەیان موسڵمان و سوننی مەزهەبن. ژمارەی دانیشتوانی ئەم شارە بەپێی سەرژمێریی گشتیی جەماوەر و خانووی ئێران لە ساڵی ٢٠٠٦دا، ١٣٥،٧٨٠ کەسە. مەهاباد شاری هەریەكە لە قازی موحەمەد و هەژار و هێمن، هەروەها مەهاباد پایتەختی کۆماری کوردستان (کۆماری مەهاباد) بوو.
كاتێك سەردانی ئەم شارە جوانە دەكەیت بەنێو كوچەو كۆڵانەكانی دەگەڕێیت هەست بەئارامیەك دەكەیت، كەسەیری خەڵكەكە دەكەیت و دەبینیت كەچەندە پەرۆشن بۆ كوردستانێكی ئازاد بۆئەوەی بەئازادی ژیانیان بەسەربەرن. زۆربەی خەڵكی ئەم شارە بازاڕین واتا بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانیان كاری بازاڕی دەكەن، چونكە ناتوانن وەكو كارمەندێكی حكومەت لەدامودەزگاكان دابمەزرێن كە هەریەكەو بەكارێكەوە خەریكە بۆ بەڕێوەبردنی بژێوی ژیانیان. لەسەردانێكم بۆشاری مەهاباد حەزم كرد چەند كەسێك بدوێنم بۆئەوەی باس لەژیانی خۆیان بكەن و چۆن ڕۆژانە كاتەكانیان بەسەر دەبەن.

رۆشنە عومەر- شاری مەهاباد



سەرەتا یوسفی تەمەنی 26 ساڵە، نزیكەی 18 ساڵە دوكاندارە لەبازاڕی شاری مەهاباد دوكانی كوتاڵی هەیە، وتی «لێرەدا خەڵكی مەهاباد زیاتر خەریكی كاری بازرگانین بۆپەیداكردنی داهاتی ژیانیان، بازاڕەكەش بەڕۆژ دەگۆڕێت، ڕۆژ هەیە بازاڕ زۆر باشە بەتایبەت لەكاتی بۆنەكان یاخود ئەگەر بووكێك هەبێت ئەو ڕۆژە داهاتمان باشتره.
ئەو كوتاڵ فرۆشە باسی لەوەش كردو وتی «خۆم دوكانی جلی كوردیم هەیە بەزۆری ئافرەتەكان سەردانی دوكانەكەم دەكەن، جا پیر بێت یان گەنج دێنە لامان بۆجلی كوردی، هەركەسەو حەز لەڕەنگێك دەكات، بەڵام زیاتر ئەمساڵ خەڵك ڕەنگی زەرد دەبات بەتایبەتی گەنجەكان، شێوەی جلی كوردی لێرە جیایە پشتێنەوكراس و دەسماڵ ئینجا ڕەنگەكان لەگەڵ یەك دەگونجێنن.
كورد لەهەموو شوێنێك هەمیشە بەجلوبەرگەكانی و دابونەریتەكەیەوە جوانە، بەتایبەت ئافرەتانی كورد هەردەم بەجلی كوردیەوە جوانن و لەئافرەتانی جیهان جیادەكرێنەوە، ئەم جلە كوردیەش لەهەر شوێنێك به شێوازێك لەبەردەكرێت، كوردستانی ئێرانیش جلە كوردیەكەیان جیا لەشوێنەكانی ترە.
لەمەهاباد خەریكە جلی كوردی بەرەو نەمان دەچێت
ڕەزا دانیشتووی شاری مەهابادە 12 ساڵە لەو شارە دوكاندارە و جلی كوردی ئافرەتان دەفرۆشێت، ئەو دەڵێت «ئێستاكە خەڵك كەمتر جلی كوردی بۆماڵەوە لەبەردەكەن، زیاتر جلەكانی تر لەبەردەكەن بەتایبەت ئافرەتەكان تەنیا ئافرەتە بەتەمەنەكان جلی كوردی لەبەردەكەن، ئەگینا ئافرەتە گەنجەكان تەنیا بۆ ئاهەنگ و بۆنەكان جلی كوردی دەپۆشن، بۆیە دەتوانم بڵێم جلی كوردی بەرەو نەمان دەچێت.
خاتوو مریەم تەمەنی 40 ساڵەو خەڵكی مەهابادە ئەویش هەمان ڕای هەیە لەسەر پۆشینی جلی كوردی لە ماڵەوە وتی «ئێستاكە زۆر بەكەم خەڵك جلی كوردی بۆماڵەوە دەپۆشێت، زیاتر لەبۆنەكان جلی كوردی دەپۆشن بەتایبەت لەڕۆژانی جەژن و نەورۆزدا.
دواتر نازە محەمەد تەمەنی 23 ساڵ كە لەیەكێك لەدوكانەكانی فرۆشتنی جلی كوردی بوو خەریكی جل كڕین بوو، بە پێچەوانەی ڕای (ڕەزا و مریەم) ئەو وتی «تازە ژیانی هاوسەریم پێكهێناوە، هاتووم دوو دەستە جلی كوردی بۆگواستنەوەكەم بكڕم كە لەرۆژی گواستنەوە یەكێكیان دەپۆشم، حەزدەكەم بەجلی كوردی بكرێم بەبووك، نەوەك بەكراسی بووكان لەبەرئەوەی ماڵی هاوسەرەكەم ئاغان. پێش ئەوەی ژیانی هاوسەریش پێكبهێنم لەماڵەوەش جلی كوردیم دەپۆشی.
ڕەزای كوتاڵ فرۆش ئەوەشی خستەڕوو «كاتێك كچێك ژیانی هاوسەری پێك دەهێنێت ئەوكات دوو جلی كوردی بەپشتێن و كراس و دەسماڵ و شتەكانی تر دەكڕێت كە پێویستە، نرخەكانیشیان بۆهەر جلێك بەملیۆنێك كەمتر ناكڕێت.
توندوتیژی كردارێك كە زیان بەبەرامبەرت دەگەیەنێت بەتایبەت توندوتیژی بەرامبەر بەئافرەتان كە لەزۆربەی وڵاتان ئەمە پەیڕەو دەكرێت و مافی پێشێل دەكرێت، لەكوردستانی ئێرانیش وەكو شوێنەكانی دنیا مافی ئافرەت پێشێل دەكرێت و ڕۆژانە ئافرەتان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوه.
بنەماڵەكەم ڕێگە نادات لەدەرەوە كار بكەم
نازێ محەمەد تەمەن 25 ساڵە و لەیەكێك لەقوتابخانەكانی شاری مەهاباد مامۆستایە وتی «ئێستاكە توندوتیژی دژی ئافرەت لەكوردستانی ئێران گەلێك زۆرە، تەنانەت تاكو ئێستا بنەماڵە هەیە قبوڵ ناكات ژنەكانیان بخوێنن یاخود بەشداری لەكاری دەرەوە بكەن یان بچن بۆ بازاڕ، ڕۆژ بەرۆژیش ڕێژەی خۆسووتاندنی ئافرەت زیاد دەبێت.
ئەو مامۆستایە ئەوەشی خستەڕوو كاتێك ئافرەت لەپیاوەكەی جیادەبێتەوە ئەو ئافرەتە منداڵەكانی لێدەسەنرێتەوە تەنیا ئەگەر منداڵەكە تەمەنی بچووك بوو ئەوكات لای دایكەكە دەبێت تا تەمەنی دەبێتە حەوت ساڵ ئەوكات دەدرێتەوە بە باوكەكه.
مریەم وەك باسی دەكات كە خوێندەواری نییە دەڵێت: چونكە ئەوكات بنەماڵەكەم ڕازی نەبوون بچمە خوێندن، ئێستاش خاوەنی چوار منداڵم و ڕۆژانە بە كاری كشتوكاڵییەوە خەریكم و بە هاوكاری لەگەڵ هاوسەرەكەم سێو و ترێمان هەیە دەیفرۆشین.
تانیا حەمەدەمین كارمەندە لەمۆزەخانەی شاری مەهاباد كەماوەی سێ ساڵە گەڕاوەتەوە شاری مەهاباد، پێشتر لەشاری هەولێر دانیشتووە وتی «پێشتر لەهەولێر قوتابی پەیمانگای هونەرە جوانەكان بووم، بەڵام بەداخەوە نەمتوانی تەواوی بكەم لەبەرهەندێك هۆكاری تایبەت بەژیانی خۆم و گەڕامەوە شاری مەهاباد. ئەوە ماوەی دووساڵە لەم مۆزەخانەیە كاردەكەم كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دەورانی خامەنشینەكان، كەڕۆژانەخەڵك دێت سەردانی ئەم مۆزەخانەیە دەكات بەتایبەت خەڵكی بیانی.
تانیا ئاماژە بەوە دەدات كەئافرەتی مەهاباد زیاتر بەكاری ماڵەوە خەریكن، یاخود بەخوێندن. كەم ئافرەت هەیە بتوانێت كاری دەرەوە بكات.
دواتر نازە ئەوە دەخاتەڕوو كە كۆلێژی تەواوكردوە، دەڵێت «لێرە حكومەت زۆر بەكەمی كورد دادەمەزرێنێت، دەبێت بۆخۆت كاری ئازاد بكەیت، بنەماڵەكەشم قبوڵ ناكەن هیچ كارێك بكەم، ئێستا لەماڵەوە دانیشتووم».
ژیان لە كوردستانی ئێران زۆر سەختە
عبدولباقی ئەنجەت نیا كە خەڵكی شاری مەهابادە‌و دوكاندارە لەبازاڕی مەهاباد دەڵێت «ڕۆژانە كاتەكانی خۆم لەم دوكانە بەسەر دەبەم و بژێوی ژیانی خۆم بەڕێوەدەبەم، لێرە زۆربەی خەڵك بەم كارە بژێوی ژیانی خۆیان بەڕێوەدەبەن، ئەگەر وانەكات دەبێت یا كاری قاچاخ بكات یاخود كاری بازرگانی بكات یان لەگەڵ بنەماڵەیەكی دەوڵەمەند كاربكات، زۆر بەكەم خەڵكی كورد لێرە كارمەندی حكومەتە. لێرەدا ژیان زۆر سەختە، چونكە شتەكان گرانن و هەمووی بەڕیال دەكڕدرێت ئەگەر كارمەندی حكومەتیش بیت هێشتاكە بژێوی ژیانت پێ بەڕێوەناچێت دەبێت كارێكی تریشی لەگەڵی بكەیت.
ئەم پیاوە ئەوەش باس دەكات، ئەگەربتەوێ دابمەزرێیت دەبێت شەهیدت هەبێ ئینجا دادەمەزرێی، زۆرجار خەڵكیان دامەزراندوە بەفەرمانبەر دوایی گەر بزانن كوردیت لە كارەكەت لا دەدەن، بۆنموونە هاوڕێیەكەم چەند ڕۆژێك پێش ئێستا وای بەسەرهات دوومانگ بوو دامەزرابوو، دوایی كەزانییان كوردە لایان دا جگە لەوەش لە كوردستانی ئێران نابێت خەڵك زۆر دەوڵەمەند بێت، ڕێژەی دەوڵەمەندی دیاریكراوە، گەر لەڕێژەكە تێبپەڕێت، ئەوا پارەكەی بۆحكومەت دەبێت.
ڕەزا زۆر داخ لەدڵەو دەڵێت «ژیان لێرەدا زۆر زۆر سەختە بۆنموونە من زۆربەی قوماشەكانمان لەهیندو دوبەی بۆ دێت و بەگران لەسەرمان دەوستێت، بۆیە ناچارین ئێمەش بەنرخێكی گران بیفرۆشینەوە، هەرچەندە خەڵكی ئێمە لەتوانای دانییە ئەم جلانە بەم پارەیە بكڕێت، بۆیە زیاتر بەقەرز دەیبات. بەڵام ئێستاكە باشترە لەچاو 12 ساڵ پێش ئێستا، چونكە ئێستا خەڵك بڕێك گۆڕان بەسەر ژیانی داهاتووه.
Top