تەڵاق و ترازانی ژیانی هاوسەری لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا بە پەسەند نازانرێت

تەڵاق و ترازانی ژیانی هاوسەری لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا بە پەسەند نازانرێت
تەڵاق و جیابوونەوەی هاوسەرەكان دوا ڕێگەی نەمانی چارەسەرییەكانی ژیانی هاوسەرییە، بەهۆی تەڵاقەوە ساڵانە هەزاران خێزان سەرگەردان دەبن و بە هەزاران منداڵیش بێسەرپەرشت دەبن، یەكێك لە دیاردە ناخۆشەكان كە تەڵاق لەدوای خۆی بۆ ژن و مێردەكە بەجێی دەهێڵێت ئاییندەی منداڵەكانیانە، چونكە بەشێكی زۆری ئەو منداڵانەی كەدایك و باوكیان لەیەكتری جودابوونەتەوە تووشی كێشە دەبن، كە چۆن بڕیار بدەن لای دایكیان بن یان لای باوكیان، ئەمە بێجگە لەوەی هەموو ئەو ئافرەتانەی كە تەڵاقدراون یان داوای جیابوونەوەیان كردووە، لەكارەكەیان پەشیمانن.
گوڵزار كەمال مامۆستای بنەڕەتی كە ماوەی چوار ساڵە لەهاوسەرەكەی جوودابۆتەوە، ئێستا لەگەڵ منداڵە تاقانەكەیدا پێكەوە ژیان دەگوزەرێنن، ئاماژە بەپەشیمانی خۆی دەكات و دان بەوەدا دەنێت كە گەورەترین هەڵەی مرۆڤەكان جیابوونەوەیە، گوڵزار دەڵێت «هەمیشە ئامۆژگاری خەڵك دەكەم خۆیان بەسەر هەموو كێشەكاندا زاڵ بكەن و هەرگیز بیر لەجودابوونەوە نەكەنەوە، چونكە جودابوونەوەو مانای داڕمانی كەسایەتی تاكەكان و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و سەرگەردان بوونی منداڵەكانە». گوڵزار باس لەوەدەكات كەجیابوونەوە كێشەیەكی زۆر بەجێدەهێڵت، زۆربەی ئەو كەسانەی كە جیابوونەتەوە ئێستا پەشیمانن، هەروەها ئاماژە بەوەدەكات كە منداڵەكەی هەمیشە بەخەمبارییەوە تەماشای ئەو منداڵانە دەكات كەلەگەڵ دایك و باوكیاندان، لەبەر ئەوەی لێكجیابوونەوەی باوك و دایكی منداڵەكەی یان لەسۆزی دایكی یان لەسۆزی باوكی بێبەشكردووە، هەرچەندە لەلایەن دایكەوە بایەخیشی پێبدرێت ئەو منداڵە هەست بەبێ باوكی دەكات.
تەڵاق و لێكجیابوونەوە وەك خواردنەوەی پیاڵەیەك ژەهرە
تەڵاق ئەوەندە وشەیەكی قورسە، زۆر جار دادوەرەكانیش هەوڵدەدەن خۆیانی لێ بەدووربگرن و تا دوا ساتەكان هەوڵی ئاشتكردنەوەی ژن و مێردەكە دەدەن، سەناریا عەلی كە هەشت ساڵ لەمەوبەر لەهاوسەرەكەی جودابۆتەوە جارێكی دیكە شووی كردۆتەوە، ئێستا منداڵەكانی لای هاوسەرە كۆنەكەیەتی، سەناریا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بۆ جودابوونەوە لەمێردەكەی كاتێكی زۆری ویستووە، بەڵام ئەمان هەر ڕێك نەكەوتوون و ئێستاش سەناریا زۆر پەشیمانە، هەمیشە بەدەم هەنسكی گریانەوە دەڵێت، خۆزگە مردبام و تەڵاق نەدرابام، چونكە تەڵاقدان هێندەی مردن ناخۆشە، جیابوونەوە مانای مردنی ڕۆحی مرۆڤە، سەناریا دەشڵێت «لەهەر كات وساتێكدا كە منداڵێك دەبینم، قورگم پڕدەبێت لەگریان، ئەگەر بمزانیبایە جودابوونەوە ئەم كارەساتە دروست دەكات هەرگیز قبوڵم نەدەكرد، چونكە من و هاوسەركەم ڕاستە كێشەمان هەبوو، بەڵام هەرگیز نەمدەزانی تەڵاق ئەوەندە ناخۆشە، لەبەر ئەوە داوا لەهەموو هاوسەرەكان دەكەم ژیانیان هەرچۆنێك بێت و بەهەر شێوەیەك بێت هەرگیز بیر لەجودابوونەوە نەكەنەوە، بەڕاستی تەمەن كورتە ئەوەندە ناهێنێت كەخودای گەورە لەخۆمان توڕە بكەین».
جیابوونەوە مانای مردنی ڕۆحە
زۆربەی زۆری پیاوەكانیش كە لەژنەكانیان جودابوونەتەوە لەم كردارە پەشیمانن، لەمباریەوە ئومێد عەلی كە باوكی كچێكی چواردە ساڵانەو ماوەی پێنج ساڵە لەژنەكەی جودابۆتەوە، سەبارەت بەئازارەكانی جیابوونەوە كە هەموو ڕۆژێك هەستی پێدەكات، دەڵێت «ئەگەر هەركەسێك بیزانیبایە جودابوونەوە چەندە ناخۆشە، هەرگیز بیری لێنەدەكردەوە. جودابوونەوە یەكێكە لەدیاردە ناپەسەندەكان، من و هاوسەرەكەم هەردووكمان پەشیمانین، ئەگەر ساتەكانی تەمەن بگەڕێتەوە لەوباوەڕەدام هەرگیز كاری وەها دووبارە نەكەمەوە، خۆزگە جیابوونەوە حەرام دەبوو تاكەس نەیتوانیبایە خێزانەكەی هەڵوەشێنێت و منداڵەكانی سەرگەردان بكات».
تا دەساڵ منداڵ لای دایك دەمێنێتەوە
لەدوای جیابوونەوە لەڕووی یاساییەو دایك مافی هەیە منداڵەكەی تا تەمەنی دەبێتە دەساڵ بەخێوی بكات، لەمبارەیەوە پارێزەر ئومێد عەبدولسەلام شارەزا لەیاسای باری كەسیدا ئاماژەی بەوەدا كە لەڕووی یاساییەوە دوای جودابوونەوە مافی دایكە منداڵ بەخێو بكات، واتا منداڵ هەتا دەساڵ لای دایكەكە دەبێت، بەڵام دوای دە ساڵی دەكەوێتە لای دادگا و داواكاری گشتی ئاییندەی منداڵەكە دەستنیشان دەكات، ئومێد دەڵێت «یاسای باری كەسی، منداڵ دەدات بەدایك بەخێوی بكات هەتا تەمەنی دەساڵی. بەجۆرێك ئەو دایكە دەبێتە ئەرك لەسەری منداڵەكەی بەخێو بكات، دوای دەساڵ بەپێی ڕاپۆرت بەدواداچوون و چاودێری كردن بڕیار دەدرێت لەسەر ئاییندەی منداڵەكە، لەم كاتەدا یاسا سەرپشكە چ بڕیارێك دەدا)، سەبارەت بەو حاڵەتانەی كە منداڵ لەدایك وەردەگیرێتەوە، ئومێد دەڵێت (یاسا لەیەك كاتدا منداڵەكە لەدایكەكە دەسێنێتەوە و دەیدات بە باوكەكە، ئەویش بەوەی كە ئەو دایكە زیان بەمنداڵەكە بگەیەنێت وەك ئەوەی لەڕووی ڕەوشتەوە زیانی لێبدات یان نەخۆشییەكی ترسناكی هەبێت یان باری ئابووری لاوازبێت».
تەڵاق بەبێ هۆ حەرامە
مامۆستا محەمەد وەرتی بەرپرسی لیژنەی باڵای فتوا لەهەرێمی كورستان ئاماژەی بەوەدا لەڕووی ئاینییەوە تەڵاق ڕوو نەدات باشە، لەبەر ئەوەی خێزان لەبەر یەك هەڵدەوشێتەوە و ژن تیایدا زیانمەند دەبێت و دەڵێت «لەڕووی ئایینەوە تەڵاقدانی بێ هۆ دروست نییە، تەنیا لەحاڵەتێكدا نەبێت كە كێشەو گیروگرفت لەخێزانەكەدا زۆر دەبێت، لەو كاتەدا تەڵاق ئەگەر ڕووش بدات ئاساییە، بەڵام ئەگەر پیاوەكە لەخۆیەوە ژنەكەی تەڵاقبدات، حەرامە. لەبەر ئەوەی تەڵاق لەدوای خۆی زەرەر و زیانێكی زۆر بەجێدەهێڵێت و زیان لەئاییندەی كۆمەڵگە دەدات، لەبەر ئەوە واباشترە مرۆڤەكان خۆیان لەتەڵاقدان بەدووربگرن».
جیابوونەوە ئاییندەی كۆمەڵگە لەناو دەبات
دكتۆر ئەحمەد زەكی بەدەوی كۆمەڵناس و فەیلەسووفی میسری دەڵێت «هەركۆمەڵگەیەك جیابوونەوە تێیدا زۆربێت، بەرەو هەڵدێر دەڕوات». لەمبارەیەوە ڤیان كامل توێژەری كۆمەڵایەتی ئاماژە بەمەترسییەكانی جیابوونەوە دەدات و دەڵێت «جیابوونەوە كۆمەڵگە بەرەوە هەڵدێر دەبات و لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە جیابوونەوە بەیەكێك لەنەخۆشییەكانی كۆمەڵگە دادەنرێت، لەبەر ئەوەی هەر كۆمەڵگەیەك جیابوونەوەی زۆر تێدا بێت، كۆمەڵگەیەكی مردووە. جیابوونەوە گەورەترین زیانی بۆسەر كەسایەتی مرۆڤەكان هەیە، هەركاتێك جیابوونەوە لەكۆمەڵگەدا زیادی كرد، كۆمەڵگە بەرەوە هەڵدێر دەڕوات، چونكە منداڵی ئەو دایك و باوكانەی كە لەیەكتری جودابوونەتەوە لەژیان بێ هیوا دەبن و نازانن چی بكەن، هەمیشە هەست بەنامۆبوون دەكەن، لەبەر ئەوە وا باشترە هەمیشە تاكەكان بەر لەوەی بڕیاری جیابوونەوە بدەن ئاوڕێك لەمنداڵەكانیان بدەنەوە و بیر لەوە بكەنەوە ئاخۆ ئەو منداڵە كێ پەروەردەی دەكات».
منداڵان تووشی گرفتی دەروونی دەبن
توێژەری دەروونی كانیاو قادر سەبارەت بەكێشە دەروونییەكانی دوای جیابوونەوە دایك و باوك لەسەر منداڵ دەڵێت «جیابوونەوە زۆر كێشەو گیروگرفتی دەروونی دروست دەكات، ڕەنگە ببێتە هۆی داڕمانی كەسایەتی ئەو مرۆڤە، بێجگە لەوەی كەسایەتی منداڵەكانیان بەتەواوی بەهۆی جیابوونەوەوە دادەڕمێت». دەربارەی ئاییندەی منداڵەكانیان كانیاو ئاماژە بەوەدەكات كە زۆربەی منداڵەكان لەدوای جیابوونەوەی باوك و دایكیان تووشی قەیرانی دەروونی دەبن و ڕووبەڕووی گرفتە دەروونییەكان دەبنەوە، بۆیە باشترە دایك و باوك ئەگەر بەردەوام كێشەشیان هەبێت، بەڵام هەر لەگەڵ یەكتر بن وەكو یەك خێزان لەپێناو منداڵەكانیان، چونكە هیشتا ئەو حاڵەتە باشترە لە حاڵەتی جیابوونەوە».
Top