پاریس و گەڕانەوەی كوێستان
November 21, 2011
کۆمەڵایەتی
(تۆ كوردی عیراقیت..؟) رێبوار بە واقوڕماوی بەهەموو هەستییەوە لە یاسەمینی دەڕوانی و هەستایە سەرپێ و پێی وت ( ئای خوایە، كەواتە من لە وڵاتی غەریبیدا نیم، بەڵێ كوردم خەڵكی سلێمانی، ئەی بەڕێزتان كێن؛لێرە چی ئەكەی؟!!) ئەویش لەژێر شەبەنگی پرچی زێڕینیەوە ملی لار كردەوەو بەدوو پەنجەی نەرمی تاڵە قژەكانی سەرناوچەوانی خۆی وەلاداو وتی (پێم خۆشە گوێم لە زمان و دەنگێكی خۆمانە بوو، ماڵەبابم لە قامیشلۆ دەژین، منیش لێرە لە بواری فیلمسازی لەگەڵ دەرهێنەرێكی كورددا بەكاری هونەرییەوە خەریكم، ئەی تۆ لێرە چی دەكەی؟) رێبوار بە زەردەخەنەیەكەوە كە لەوەتەی لە میترۆكە دابەزیوەتە ئەم شارە یەكەم جارە بەلێویەوە دەردەكەوێت و پێی دەڵێت (من ئێستا بە بۆنەی سیمینارێكەوە كە سبەی ئێوارە ئینستیتوی كورد سازێی ئەكەن، لە فرانكفۆرتەوە هاتومەتە پاریس و وا لێرە ئەمبینی پێكێ شەرابی پاریسی دەنۆشم، گەر كاتتان هەبێ پێم خۆشە باشتر یەكتری بناسین، من ناوم ڕێبوارە..) یاسمینیش زەردەخەنە ئەیگرێ و پێكەوە بەرانبەر یەكتر لە دەوری مێزەكە دادەنیشن و دەڵێت(من ناوم یاسمینە، خۆ بە دانیشتنم ناڕەحەت نابیت؟) تاوێ بە هێمنی و لەپڕ زۆر بە جددیەوە رێبوار زاری لێ هەڵدێنێ (شەرەفێكی گەورەیە بۆ من لەم ئێوارەیەدا كیژێكی بەڕێزی وەك تۆ لە پاریس بناسم و لەبەرانبەری دانیشتبم) یاسمینیش لەسەرەخۆ جگەرەیەك دائەگیرسێنێ و بە تەوسەوە دەڵێت(ئەی بۆ ناڵێی ڕێكەوتێكی گەورەیە، تۆلەشارێكی خاوەن دووهەزار كافتریاییدا، لەم كافتریایە دانیشتویت و بووی بە تووشی كەسێكی ئیزعاج و ڕەزاگران و وخۆهەڵقورتێنەری وەك منەوە) ڕێبواریش دوای تاوێ بێدەنگی شانی هەڵدەتەكێنێ و بە خەندەوە دەڵێ (بە پێچەوانەوە، یەكەم فەرەنسی نازانم، دووەم بە ئینگلیزییەكی زۆر باشیش قسەناكەم، سێیەم شارەزای ئەوروپا نیم، چوارەم لە ناوونیشانی ئنستوتی زیاتر هیچ شوێنێكی پاریس ناناسم، پێنجەم ئەی باشە بۆ نەڵێم كەسێكی فریشتە لە ئاسمانەوە باریوەوبەسەر مێزەكەی مندا كەوتووە) لەپڕێكدا یاسمین لەدڵەوە پێئەكەنێت و لەناو پێكەنینەكەیدا بە تەوسەوە دەڵێت(شارە حەیاتەكەی سلێمانی چۆنە.؟!!..) وشەی حەیاتەكە لە گوێی ڕێبواردا دەزرنگێتەوەو ئینجا كەمێك ڕووخساری ڕوو لە گرژی دەكات و وەك ئەوەی هەوڵ بدات شتێك شیبكاتەوە بە یاسمین دەڵێت(وەكو پاریس زۆر تۆخ نییە، پەشمەكییە، بەس نابێت لە لەپی دەستەكانتا بیگوشیت، هێندە شیرینە گەر لە سەرزارت دایبنێی وەك شەكردەتوێتەوە، ئەی نەتبیستووە شام شەكەرە وڵات شیرینترە) لەبەر چرا سوورەكەی بە دەرگای كافتریاكەوە هەڵواسراوبوو چاوەكانی یاسمین دەبریسكێتەوەو سەیرێكی ئاسمان دەكات و بە ناڕەحەتییەوەو، بەلەسەرخۆیی دەڵێت(شام بۆ كوردانی سووریا بووەتە ژەهری مار، وادیارە تۆ ئاگاداری هەواڵەكانی ئەوێ نیت، پەشمەكی ئەوێ لە چنگی هەژدیهایەكی حەوت سەردایە، هەموو دنیا تەماشای دەكەن و ناوێرن توخنی بكەون، ئێستا من بە فیلمێكی دیكۆمێنتارییەوە لەسەر بارودۆخە نالەبارەكەی ئەو بەشەی كوردستان كە خەڵتانی خوێن كراوە خەریكم، سەرباری ئەمانە ئەمەوێ بزانم، هەر بە ڕێكەوت قامیشلۆو سلێمانی دەستەخوشكی یەكترن، یان جگە لە یەك نەتەوەیی و شێوەزاری كورمانجی ژوورو خوارو چ خەمێك هەیە كۆیان بكاتەوە؟؟!!) رێبوار بە شەرمێكەوە گڵاسە شەرابەكەی بۆ لێوی خۆی بردو دوای قوم لێدانێك بە یاسمینی وت( بەڵێ، ئەو سۆزە جوانەی لە نێوان من و تۆدا كە ئێستا بە ڕێكەوت لەوڵاتێكی غەریبەدا بەم ئێوارەیە دروست بوو، هەمان سۆزە ئەو دوو شارە پێكەوە ئەبەستێتەوە، كە هەریەكەیان لكێنراون بە وڵاتێكی بێگانە بە خۆیان، تۆ ئێستا بۆ من لە كیژێكی كورد زیاتر دێیتە بەرچاوم، رەنگە منیش بۆ تۆ لە كوڕە كوردێك زیاتر بێمە بەرهەست و دیدەت، واتە تۆ زیاتریت لە كیژێك منیش زیاترم لە كوڕێك، گەر من لەگەڵ دایكما بە كوردی قسەم نەكردایە تۆ نەدەهاتیتە بەر مێزەكەم و ئەم یەكترناسینە قەشەنگە پێك نەدەهات) یاسمین لێوێكی هەڵقورتان و وتی (هەست ناكەیت دانیشتنەكەمان كردە مێزی دانوستان، تۆ كەسێكی سیاسیت، بەهونەرەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ مندا دەكەیت منیش هونەرمەندم و دەرگای وتووێژی سیاسیم لە تۆ كردەوە بێ ئەوەی بزانم سەر بە چ بیرو بڕوایەكیت، گرنگ ئەوەیە ئێستا لە دوای ئەم وتووێژە چۆن من دەبینی؟)بەوپەڕی جیددیەتەوە ڕێبوار بە یاسمینی وت( تۆ لە شێوەدا كوێستانی، بە یەكەم بینینت چاوانم لە كەمەری بیرەوەرییەك گیر بوو، بەڵام دەركەوت لە ناوەڕۆكدا، تۆ بەشێكی دانەبڕاوی لەو خاكەی من تێیدا فامم كردۆتەوە، بە هەرحاڵ لەگەڵ خۆتا چاك ناكەیت گەر نەبیتە هاوڕێی ئەم سەفەرەم، سبەینێ دەتوانم بتبینمەوە؟؟)
یاسمین بە هەناسە هەڵكێشانێكی نزمەوە( بەڵێ بێوەفا دەبم گەر نەتبینمەوە) لەكاتی هەستانیا بەحەسرەتێكەوە لەبەرخۆیەوە وتی(خۆزیا بمتوانیایە من بێ پاسپۆرت بهاتمایەتە سلێمانی و تۆش بتتوانیایە لە قامیشلۆ بێ پاسپۆرت پیاسەت بكردایە، لەو هەست و سۆزانە بدواینایە كە لێرە لەئاسانیدا سوك بوون و لەوێ لەزەحمەتیدا مرێنراون..) .