بێكاری لاوان و دەرهاویشتە كۆمەڵایەتیەكانی.. تەنزیلاتی هێزی كار لەلایەن كۆمپانیاكانەوە
November 19, 2011
کۆمەڵایەتی
ئا: سانە سلێمان
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی: هەتا یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكاران پەسەند نەكرێت، ناتوانین هیچ بكەین
پێدانی كار بەمەرج
لەبەر ئەوەی كۆمپانیاكان لەدەرەوەی هێزی كاری لاوانی كوردستان، سەرچاوەیەكی دیكەیان بۆ هەڵسوڕانی كاروبارەكانیان بەنرخی هەرزان دابینكردووە، بۆیە وەك كرێكار و كارمەندی بیانی مامەڵە لەگەڵ لاوانی كوردستان دەكەن و بۆ دۆزینەوەی كار دەیان مەرجیان بۆ دادەنێن، لەمبارەوە سوهیلە-مان دوواند كە كچێكی تەمەن 21 ساڵە و دەرچووی ئامادەیی بازرگانیە، ئەو باسی ئەوە دەكات كە وەكو كاشیارێك ئێستا لەنیویستی كاردەكات، بەڵام پێشتر و دوای تەواوكردنی خوێندنی چۆتە چەندین كۆمپانیای كەرتی تایبەت كاریان پێنەداوە، چونكە هیچ زمانێكی بیانی نەزانیوە و شارەزای لەهەندێك بەرنامەی كۆمپیتەر نەبووە، یاخود كاتی دەوامەكەیان زۆر بووە، بۆیە بێجگە لەوەی لەكۆمپانیاكە وەرنەگیراوە، لەبەر زۆریی كاتی دەوامیش خێزانەكەیان ڕازی نەبوونە لەو كۆمپانیانە كاربكات.
هەروەها ئەو كچە گەنجە دەشڵێت «ئەگەرچی كۆمپانیای تایبەت جێگەی متمانە نییە، چونكە ڕێز لەو خزمەت و توانایەی من ناگرێت كە لەكەرتی تایبەت سەرفی دەكەم، بەڵام باشترە تا لەشوێنێك دادەمەزرێم لێرە كاربكەم، هەركە دامەزرام ئەوا كارەكەم جێدەهێڵم».
هەروەها گەنجێكی دیكە كە تەمەنی 20 ساڵە و لەزانكۆ وەرنەگیراوە، بەناوی هەریاد محەمەد كە ئەویش ئێستا بێكارە و بۆ چەندین كۆمپانیا چووە كەچی وەریان نەگرتووە تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو زمانی كوردی دەزانێت و شارەزایی لەزمانی دیكە نییە بۆیە لەمبارەوە بەمجۆرە ڕای خۆی بۆ خستینەڕوو وتی: (زۆر بەداخەوە 12ساڵم خوێند وا هەست دەكەم ئەو تەمەنە لەژیانم فەوتاوە، چونكە ئێستا دەبینم فێری هیچ زمانێكی بێگانە نەبووم، یاخود لەبوارێك شارەزا نەكرام بۆئەوەی بۆ ئێستا و بۆئاییندەم كاریكی پێ بدۆزمەوە و ژیانمی پیێ ئاسودە بكەم، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەماڵەوە 6 براین هەموو خوێندنمان تەواو كردووە، بەڵام تا ئێستا تەنیا دوو برام لەفەرمانگاكانی حكومەت دامەزراون لەبەر ئەوەی من شارەزایم لەهیچ بوراێك نییە، بۆیە لەكۆمپانیاكان تەنیا بەخزمەتكاری وەرمدەگرن، منیش بڕوانامەی شەشی ئامادەیم هەیە چۆن بەخزمەتكار و چایچی كاردەكەم، ئێستاش بێكارم و بۆخۆم دەسوڕێمەوە).
ڤینۆس نوری-ش كە كچێكی تەمەن 21 ساڵە بەهۆی كەمی نمرەكەی لە كۆلێژ وەرنەگیراوە، لەماجدی مۆڵ وەكو كاشیار كاردەكات بۆ ئەوەی پارە كۆبكاتەوە و ساڵێكی تر لەكۆلێژە تایبەتیەكان بخوێنێتەوە، ئەو كچە دەڵێت «كاری من وەكو كاشیار مامەڵە كردنە لەگەڵ كڕیار و هیچ كێشەیەكم نییە، بەڵام كێشەمان لەگەڵ خاوەن كارە، چونكە توركە هەرچی بۆبكەین هیچ منەتی پێ نییە، ئەگەر هەڵەیەكی بچووك بكەین هەموو كارە باشەكانیش لەبیر دەكەن و دەرمان دەكەن، كەرتی تایبەت جێگەی متمانەی دەستی كار نییە».
پیاوانی كاری كەرتی تایبەت كرێكاری بیانیان لاپەسەندە
ئەوەی ئێستا خاوەنی كۆمپانیاكان و كەرتی تایبەت لەبەرامبەر هێزی كاری لاوانی كوردستان پیادەی دەكەن، بێڕێزی كردنە بەمافەكانی هاووڵاتیبوونی لاوەكان لەناو وڵاتی خۆیاندا، لەمبارەوە گەرچی پیاوانی كاری كەرتی تایبەت پاكانەی بۆ ئەوە دەكەن، ئەوەی كرێكاری بیانی بۆیان دەكات لاوەكانی خۆمان نایكەن، بەڵام لەوە بێ ئاگایە كە لاوانی كوردستان بێڕێزی مافی هاوڵاتیبوون قبووڵ ناكەن و ئەوەی سەرمایەدار و خاوەن كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت بەرامبەر لاوەكانی ئێمە دەیكەن لەهەموو ئەخلاقێكی مرۆڤایەتی بۆ شێوەی كاركردنی هاووڵاتیان داماڵراوە، ئەمەش پرۆسەی پەرپێدان و ئاوەدانكردنەوەی كوردستانی پێچەوانە كردۆتەوەو كەرتی تایبەت لەبری ئەوەی سەرچاوەیەك بێت بۆ دۆزینەوەی هەلی كار و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی كوردستان، بۆتە هۆكارێك بۆ دۆزینەوەی كار بۆ كرێكارانی بیانی و وڵاتانی هەژار، ئەمەش باشترین هەلە بۆ سەرمایەدرانی كوردستان بۆ ئەوەی لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیان بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ هێزی كاری كوردستان بكەن، لەمبارەوە و سەبارەت بە پەنابردنیان بۆ هێزی كاری بیانی، پرسیارمان لە بەڕێز دەشتی ئەحمەد بەڕێوەبەری بازاڕی نیوستی كرد سەبارەت بەوەی بۆچی لاوانی خۆمان لەم پرۆژانە كار ناكەن؟ لە وەڵامدا پێی وتین «ئێمە كاركردنمان لەگەڵ كرێكارە بیانیەكان پێ باشترە، چونكە ئەوان پێوەندی كۆمەڵایەتیان لاوازە و كاتەكانیان بۆ كاركردن تەرخان دەكەن و ڕێزیش لەو گرێبیستە دەگرن كە مۆری دەكەن، بەگوێرەی كاتی گرێبستەكە كارەكانی خۆیان جێبەجێ دەكەن، بەڵام گەنجی كورد ئەگەر كارێكی باشتر بدۆزنەوە، كارەكە جێدەهێڵێت». نیووستی لەساڵی 2006 دامەزارەوە 10%ی كرێكاری بیانی كاری لێدەكات و 350 كرێكاریان هەیە.
بەڕێوەبەری سوپەر ماركێتی نیوستی لەدرێژەی قسەكانیدا دەڵێت: (ئەگەرچی ئەو پارەی دەیدەمە كرێكارێكی بیانی، بیدەمە كوردێك باشترە، بەڵام گەنجانی ئێمە خۆیان وایان كردووە نە خاوەن كۆمپانیا متمانەی پێیان هەبێت و نە گەنج متمانەی بەكۆمپانیاكان هەبێت، چونكە ڕێز لەگرێبەست و كاتی كاركردنیان ناگرن».
نزار محەمەد-یش كە گەنجێكی تەمەن 26 ساڵە و خێزاندارە و خاوەن دوو منداڵە و پەیمانگای تەكنیكی هەولێری تەواو كردووە، تاوەكو ئێستا دانەمەزراوە و بێكارە، لەمبارەوە دەڵێت «ئەگەر بڵێم كارێك نییە من بیكەم ڕەنگە وانەبێت، چونكە كار هەیە كە هەندێك گەنج بیكات، بەڵام بەوجۆرە كارانە گەنجەكان لەناخەوە دەڕووخێن، لەبەر ئەوەی لەبەیانییەوە تا ئێوارە بەمووچەیەكی زۆر كەم دەوام دەكەن كە بەقەد ئەو مووچەیە كرێكارێكی بێگانە بەبێ بڕوانامە لەدەرەوە دێت هەمان ئەو مووچەیەی پێدەدرێت، جا من چۆن دەتوانم لەناو ئەو كوردستانە 15 ساڵم خوێندووە بڕۆم كارێك بكەم كە مانگانە مووچەیەكی كەم بێت، بۆیە من وەكو گەنجێكی ئەو وڵاتە بەردەوام هەست دەكەم هێنانی دەستی كاری بێگانە بۆ ئیهانەكردنی توانای گەنجەكانی وڵاتەكەمە».
هەڵوێستی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی چییە؟
ئەگەر لەسەر ئاستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامە بۆ چاككردنی ئەم دیاردەیە هەبوایە، هەموو ساڵێك پێویست نەبوو زیاتر لە25-30 هەزار كارمەند لەفەرمانگەكانی حكومەت دابمەزرێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر بێ و بێكاری ڕۆپۆشكراو لەزیادبووندا بێت، هەربۆیە ئەم پرسەمان ڕووبەڕووی خاتوو ئاسۆس نەجیب وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كردەوە و سەبارەت بەم لایەنە بەمجۆرە ڕای خۆی بۆ ئەم ڕاپۆرتەی گوڵان خستەڕوو وتی «وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەپاڵ دۆزینەوەو ڕەخساندنی دەرفەتی كاركردن بۆ گەنجان و بێكاران و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان، هەوڵی بۆ ئەوەش داوە ژیان و گوزەرانی كرێكاران و ئەوانەی لەپرۆژەو لەبازاڕەكان كاردەكەن لەهەرێمی كوردستان باش بكات. بەڵام تاكو ئەو یاسایەی كەئێستا لەپەرلەمانی كوردستانە (یاسای خانەنشین و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران) پەسەند نەكرێت، ئێمە ناتوانین خزمەتی زیاتر پێشكەش بكەین و دەستمان كراوە بێت. چونكە ئەم یاسایەی ئێستا كاری پێدەكرێت یاسایەكی كۆنەو لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا ناگونجێت. بۆیە بەپێی ئەم یاسایە ژیان و گوزەرانی كرێكار و دەستی كاری ناوخۆ لەپرۆژەكان گرنگی زیاتر و بایەخی بەرفراوانتری پێدەدرێت».
كەواتە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئەم پرسەی بە پەسەنكردنی یاسایەكە بەستەوە كە هێشتا لەپەرلەمانە و پەسەند نەكراوە، بۆیە سەبارەت بەو كرێكارە بیانیانە پرسیارمان لێكرد كە ئێستا لەهەرێمی كوردستان بوونیان هەیە، لەمبارەو لەدرێژەی لێدوانەكەیدا بۆ ئەم ڕاپۆرتە پێی وتین «هەردەم هەوڵمان داوە دەستی كاری ناوخۆ لەپرۆژەكان بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوەو هەلی كار بۆ بێكاری خۆمان بدۆزێتەوە. بۆیە لەچوارچێوەی مەرج و ڕێنماییەكاندا هاتنی كرێكاری بیانی بۆ هەرێمی كوردستان سنووردار كراوە. ئەو كرێكارەی دێتە كوردستان دەبێت كرێكاری هونەری بێت و ئەو پیشەیەی كاری لەسەر دەكات لەهەرێمی كوردستان دەگمەن بێت. بەڵام ئەوەی هەیە ڕۆژانە كرێكاری بیانی بەقاچاغ و دوور لەرێنماییەكان لەڕێگای خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان. هەروەها بەپێی یاساكانیش ڕێگە دراوە بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان كۆمپانیا بیانیەكان خۆیان لەكاتی ئەنجامدانی پرۆژەكانیان كرێكاری بیانی لەگەڵ خۆیان بێننە كوردستان. كەئەمەش هەلی كار بۆ بێ كارانی كوردستان كەم دەكاتەوە».