ئەرشەد ئاواو لافیتەكانی خانووفرۆشتن
November 14, 2011
کۆمەڵایەتی
ئەرشەدی كوتاڵفرۆش خانوویەكی سەدمەتری بە كۆنە بلۆك و كەڵەكەتڕێ لە گەڕەكێكی میللی شاردا بۆ مناڵەكانی دروست كردبوو، ڕۆژانە بە بیكابە توێتا فەلاحیەكەیەوە بۆ قوماش فرۆشتن هەزاران جار بە كۆڵانەكانەوە دەینەڕاندو هۆڕنی لێدەدا، كڵاشینكۆفێكی لە ژێر قوماشەكاندا شاردبۆوەو بە هەڵسوكەوتە نابەجێیەكانی كۆڵانەكەی خۆیانی بە تەواوی بێزار كردبوو، پارساڵ لە كاتژمێر یازدەو نیوی شەوێكی زستانی باراناویدا بە چەكوشێكەوە بەربووەتە تانكی ئاوەكەیان لە سەربان، دواتر دابەزیووەتە خوارەوەو كاشییەكی مۆزائیكی لە جۆگەی ئاوەڕۆی كۆڵانەكەیان داناوە، بە هەڕەشەوە پەنجەی گەفی لە دراوسێیەكانی ڕاوەشاندوەو پێی وتوون نابێ پاشماوەی ئاوی پیس و چەورایی ناندینی هیچ ماڵێك لە پێش دەرگای حەوشی منەوە ڕەت بێت، جۆگەی ئاوەڕۆتان بۆ ئەوبەری شەقام بگوازنەوە..
ئیتر سوێندتان لەسەرم نییە، وادیار بوو ئەرشەد، وەك خۆی بە ئاسایی ژیانی نەدەبینی، بۆیە زۆربەی جار ڕۆژانە تووشی شەڕو شووڕ دەبۆوە، هەمیشە سەری بە قەد تەنووری نانەواخانەكەی وەستا خەلیل گەرم بوو، نەك بۆ ئەوەی نانی تێدا ببرژێت بەڵكو بۆ ئەوەی بەشەڕێكی برژاوەوە خۆی خاڵی بكاتەوە، هەرچەند لەپێش دەركی حەوشە بوایە، هەرچی لەوێوە ڕەت بوایە مۆڕەیەكی لێ دەكردو خوا خوای بوو ورتەیەك لە زاری ڕێبوارەكانەوە دەربچێت و ئەمیش قینی دڵی خۆی بەسەروپۆتەڵاكیان دەربكات، بەرلەوەی بێتە ئەم كۆڵانەوە لە گەڕەكی (گوێمەدێ)وە دەركرابوون، پێشتر لەوێش لەسەر جۆگەی ئاوی بەرماڵان شەڕێكی نابۆوەو دواتر بە فیشەك لاقی دراوسێیەكیانی كردبووە هەلوكی شكاو، بە هەنجەتی ئەوەی ئەرشەد پەركەمی لەگەڵە، كەسوكارەكەی سوڵحی عەشائیرییان لەگەڵ پیاوەی لاق شكاو كردبوون، ئەوانیش بەو مەرجە لە گەڵیان ئاشت ببونەوە كە لە ماوەی سێ رۆژدا خانووەكەی بفرۆشێت و خۆی و ماڵ ومناڵەكانی لەو كۆڵانە بار بكەن و بڕۆن، ئەو كۆڵانەش ڕزگاریان بێت لەم بەڵای ناگەهانە، ئیتردوای ئەو ڕووداوە
سەرەتا لە دەشتێكی پشت گەڕەكی پیشەسازی سەر ڕێگەی مەخموور بەسەر زەوی وەرزێرێكەوە بە دارو پەردووی كۆنەوە دوو ژووری پێكەوە نابوو، كابرای وەرزێر چەند جارێك داوای لێ كردبوو لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكەی لابچن، تا جارێكیان ئەرشەد پێی وتبوو من ناگوازمەوەو دەتوانیت زەوییەكەی خۆت بگوازیتەوەو چیتر نەیەیت بەم ناوەدا، ئەگینا بە دەردی كابرای گوێمەدێ لە جیاتی لاقێك دووانت دەشكێنم، ئەویش لەلای بنكەی پۆلیس شكاتی لێ كردبوو، بەیانییەكیان مەفرەزەیەكی پۆلیس چوون بۆ ئاگادار كردنەوەی تا زەوی كابرای وەرزێر چۆڵ بكات، كەچی ئەرشەد هەر لە دوورەوە سی فیشەكی بەسەریاندا تەقاندبوو، هاواری لێ كردبوون ئەگەر نەگەڕێنە دواوە خۆیی و ماڵ و مناڵی دەكوژێت و گوناحیان لە ئەستۆیان، تا بێنەو بەردەیەكی زۆرو هاتنی موختارو چەند ئەفسەرێك و بەڵێن پێدانی كە هاوكاری دەكەن تەسلیمی پۆلیس دەبێت و كە دادوەر دەبینێت باری دەروونی شپڕێوە، چەكەكەی دەست بەسەر دەكەن و ڕەوانەی پزیشكی دەروونی و دەماریی دەكەن و لە دوای ماوەیەك بە كەفالەت ئازاد دەكرێت و ماڵە باوانی هاوكاری دەكەن تا ئەو خانووەی ئێستای بۆ پێكەوە دەنێن، هەمووی ساڵێك لەو شوێنەدا بەسەر مانەوەیان تێناپەڕێت تا ئێوارەیەكیان دیسان بە كڵاشینكۆفی تازەوە پەلی مناڵەكەی بە دەستەوە دەبێت و دەرگا بە دەرگای كۆڵان دەكوتێت و هاوار دەكات ئەوە كێ گوێچكەی مناڵەكەمی باداوە، تومەز هەر ژنەكەی خۆی بە گوێ ئەو مناڵە بەسەزمانەی بەرزكردۆتەوەو بە لێدان بردویەتە ژوورەوەو گوێی شین هەڵگەڕاندووە، كە ئەرشەد گەڕاوەتەوە ماڵەوە ژنەكەی لە ترساندا نەیوتووە من وام لێ كردووە، بەڵكو بە ئەرشەدی وتووە ئەمە كاری مناڵ نییە دیارە كەسێكی بەتەمەن گوێی باداوە، ئەویش هەڵتەك هەڵتەك سەرەتا لە دەرگا ماڵە دراوسێیەكی دەكوتێت و مامۆستایەكی بە ویقار دەرگای لێ دەكاتەوەو بە ئەرشەد دەڵێت كاكە ئەمەی تۆ دەیكەیت بێ دەسەڵاتی خۆتە نیشانمانی دەدەیت، نەعەشایەرییەو نەمەدەنییەت، كەی باوی چەك ماوە، ناترسیت ئاسایش بێن ڕاپێچت بكەن و هەر بە چەكەكەی خۆت سەرت بشكێنن، ئەرشەدیش بە تووڕەییەوە چەكی لێ سوار دەكات و دەڵێت ئاسایش و پۆلیس پێم ناوێرن ئار بی جییان بۆ دەخەمە سەربان، تۆ جارێ پێم بڵێ كێ گوێی موهەنەدی كوڕمی ڕاكێشاوە، ئەو مامۆستایە دوابەدوای هەفتەیەك خانووەكەی خۆی تاڵان فرۆش كردوو بە پەلە ئەو كۆڵانەی بە جێهێشت، ئەرشەدیش لەو ڕۆژەوە گەڕەكی لە زەواق ناوەو كەس ناوێرێت تەماشای بكات، بەسەر زۆربەی دیواری خانووەكانەوە لافیتە هەڵواسراوە(( ئەم خانووە بۆ فرۆشتنە)).