فرمێسكەكانی هیوا

فرمێسكەكانی هیوا
چیرۆكی رۆژنامەنووسی
لەنوسینی: یاسین قادر بەرزنجی
تایبەت بە(گوڵان و كوردستانی نوێ)

«هیوا» پیاوێكی ژیر و بەسەلیقەیەو زۆرتر لە ژمارەی ساڵانی تەمەنی، قاڵبووی خۆشی و ناخۆشییەكانی ژیانە..
هاوینی عومری خۆی تێپەڕاندووەو هەر وەكو جاران پیاوی رۆژانی تەنگانەو چرای روناككردنەوەی تاریكیی رێگای كەسوكارو هاوڕێیانیەتی، وەك دەڵێن شیری دایكی حەڵاڵیەتی..
لە شانە ئاگرینەكانی سەردەمی ئەنگوستەچاویدا بوێرو گیانبەخش بوو، كە بووە میوانی زیندانەكانیش، جەستە لاوازو بێهێزەكەی دەیانجار بە بنمیچە رەشەكانی ژوورە تەنگ و تارەكانەوە هەڵدەواسرا..
لێرەولەوێ، خوێن لە جەستەی پڕ لەزامی دەچۆڕا، بەڵام هەمیشە سێوەكەی دڵی بۆنی ژینی لێ دەهات و رۆحی ئاگرگرتووی لەگەڵ یەك بەیەكی ئاسۆكانی بەیاندا دەبووە گوڵەبەرۆژەی بەرهەتاو و دارسنەوبەری بەر باران.
هیوا، كە هەر بەتەنیا لەگەڵ خۆیدا دەژیاو مەرگ سەرەتاتكێی لەگەڵدا دەكرد، ناخی گڕی تێبەردەبوو و ئاگر جەرگ و هەناوی دەسووتاند، چونكە دەیزانی دایكە میهرەبانەكەی بەرگەی ئازاری دووریی ئەو ناگرێ و باش دەزانێ جەللادەكان ناهێڵن بۆ تەنیا ساتێ كوڕەكەی ئۆقرە بگرێت..
لەشەوە درێژەكانی زینداندا، لە خەون و زیندەخەونەكانیدا، دایكە رەنگ نورانییەكەی بە پرچ و سەرپۆشی سپییەوە دەهاتەوە بەرچاوی، هەردوو، چاویان دەبڕییە یەكترو بەدەنگە بەسۆزەكەیەوە لایلایەی جارانی بۆ دەكرد. هیوا بەدیدەی پڕ لە ئەسرین و گوێی پڕ لە ئاوازی خوداییەوە رادەپەڕی و دوای سڕینی چاوەكانی، لەبەرخۆوە ئەو چەند وشەیەی دەگووتەوە كە لە دووریی دایكی هۆنیبوویەوە، هیوا دەیووت:
-بەرگەی ئازاری تۆ بگرم دایە. یان بەرگەی ئازاری ئەمان....
ئەو كاتەی لە ئینفرادییەوە بخرایەتەوە یەكێك لە هۆڵەكانی ئەمنەسوورەكە، هەر كە هەناسەی نزیك هەناسەی زیندانییەكی جێ بڕوا ببوایەتەوە، ئەوا هەندێ لە تارمایی سەر دیدەكانی دەڕەوییەوە و كەمێ لە خورپەی دڵی ئارامی دەگرت و بۆ ساتێ بڵێسەی دەروونی خامۆش دەبوو..
زیندانیی بەرامبەری، چەپ بووایە یان دیموكرات، نەتەوەیی یان پێنج فەرزە روو لەیەزدان، دەبووە هاوڕێی گیانی بەگیانی ئە و و بەسەرهاتی فرمێسكەكانی خۆی كە بۆ پیاوە گوندنشینەكە رشتبوونی دەگێڕایەوە..
لەشەوە بێ كۆتاییەكاندا، هیوا، بەدەنگە نەرم و هێدییەكەی دەیووت:
-دەزانم هەریەكەمان دەردەسەریی زۆرمان دیوە، دڵنیام دیمەنە ترسناكەكان بڕسكی لەهەر هەموومان بڕیوە، بەڵام من هەرگیزاو هەرگیز ئەو رووداوە لەیاد ناكەم و ئەو تاڵاوە لەبیرناكەم..
لەسەرخۆتر، هیوا كڵافەی دیمەنی لەیادنەچووی سەرەتای هەشتاكانی شیدەكردەوەو دەیووت:
-دەمەو نیوەڕۆییەك لە زانكۆی سلێمانی هاتمەدەرو بەرەو وێستگەی پاسەكان دەچووم، لەئاستی گەڕەكی ئیسكانی خواروو، گەمارۆی سەگەكانی «قوات خاصە» خورپەی خستە دڵمەوە، من و چەند كەسێك، وەك داری وشك هەڵاتوو، واق وڕماو تەماشامان دەكرد، ئەستێرە لەسەرشانەكەیان، بە جامانەی پێچراوی سەروملی، پیاوە لادێیەكەی دەهێناو دەبردو بەعەرەبی ئەیشیڕاند بەسەریدا «گەواد، ئەم ریشە پیسەت هەیەو بەجامانەش سەرووچاوت دەشاریتەوە، دەزانم، باش دەزانم، نانێكت لەگەڵ چەتەكاندا خواردووە. ئەوەتا رەنگت هەر لەوان دەچێ..»، ئەو وای وت و بێچووە سەگێكیش بە هەموو هێزی خۆیەوە سرەواندییە پەنا گوێی..
پیاوەش دوای كەوتنەخوارەوەی ئەشیعە و دەرمانەكانی دەستی، توند توند دەستی گرت بە پەناگوێیەوە و بە دەنگێكی ئەوپەڕی بەرائەتەوە، تێكەڵ لە گریان و هەنسكی پاڕانەوەی منداڵانەوە پێی وتن» خوا بناسن، ئاخر هەر ئێستا لە خەستەخانە دەرچووم، ئازاری گوێم ئارامی لەبەربڕیوم و ئێوەش لێم ئەدەن، بۆ وا ئەكەن، ئێوە لە خوا ناترسن، بۆ وا ئەكەن، بیكەن بەخاتری یپغەمبەر كەساس و خاوەن منداڵم..».
هیوا درێژەی پێ دەداو بە هاوڕێیانی زیندانی دەووت:
-سواری پاسی پۆڵۆنی بووم و پشت لەشوفێر، رێكەوت وایكرد خانمێكی خزمم بەرامبەرم بوو، بە بینینی ئەو هێندەی تر ئاگری هەناوم بڵێسەی سەندو فرمێسكەكانم بەخۆڕ هاتنەخوارەوە، خزمەكەم بە حەپەساوییەوە وتی» ئەوە چی قەوماوە، هیوا گیان پێم بڵێ چی بووە، بۆ وا ئەكەی؟»، لەترسی نەفەرەكان نەوەك ناحەزێكیان تیابێ، هێندەم پێكرا بە ئاماژە بێدەنگی بكەم، دوای پرسیارێكی تری وتم» هیچ نییە باجی ژیان، گوێیەكانم دێشێن و لە خەستەخانە بووم، هیچ نییەو چاك دەبم..».
ئێستاشی لەگەڵدا بێ، لەناو جەرگەی ئازادیدا، لەقوڵایی هۆشیاری و لێكدانەوەدا، لە ترۆپكی دڵنیایی و ئارامیدا، لەگەڵ هەنگاوەكانی بە پایزی تەمەندا، هەموو جارێ ئەو بەسەرهاتە زیاتر لە بەسەرهاتەكانی تر دێنەوە بیری هیوا، هەمیشە ئەو دیمەنە زیاتر لە دیمەنەكانی تر دەیهەژێنێ و فرمێسك لەچاوەكانی دێنێ..
لەگەڵ هەر تووڕەبوون و غەدرێكدا، لەبیستنی هەر تاوانێكدا، لەدەنگی هەر سكاڵاو هاوارێكدا، هیوا، پیاوەكەی نزیك گەڕەكی ئیسكانی دێتەوە بەرچاو، كە لەگەڵ رژانی هەر دڵۆپە فرمێسكێكیدا ئەستێرە دەگریاو لەگەڵ هەر هاوارێكیدا باڵندەكان لەشەقەی باڵیان دەداو ئاسمانی ئەو ناوەیان جێدەهێشت..
[email protected]
Top