سایكۆلۆژیای بەختەوەری

سایكۆلۆژیای بەختەوەری
دەروونناس سامان سیوەیلی

یەكێك لە كێشە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ لە ژیاندا بریتییە لە گەڕان بەدوای ئەو تونێل و گوزەرانەی دەیگەیەننە بەختەوەری، هەموو هەوڵەكانی مرۆڤ لەژیاندا هەر لە كاركردن و خوێندن و گەشت و كۆچكردن و خۆماندوكردن و هاوسەرگیری كردن تا دەگاتە خوداپەرستی و نیشتمان پەروەری تێكڕا بۆ یەك مەبەستە، ئەویش گەیشتنە بە كەنارەكانی دڵنیایی و ئاسوودەیی تاكو لەوێوە بگاتە گەوهەری بەختەوەری، بەڵام پەی بردن بەو تونێل و گوزەرانەی ئەم ئامانجە دەپێكن هەروا سانا نییە، بەڵكو بیری ڕۆشن و خوێندنەوەی واقعیانەی بۆ ژیان دەوێت، ڕۆشنی ئەو تونێل و گوزەرانە لە ڕۆشنی (بیر)ەوە سەرچاوە دەگرێت نەك بە (لایت)ی دەستكرد. بۆیە زۆرێك لە مرۆڤەكان ئەگەرچی زۆر ماندوو دەبن بۆ ژیان، بەڵام دواجار ژیانیش جێدەهێڵن بێ ئەوەی ڕۆح و دەروونییان چێژی بەختەوەری كردبێت، چونكە لەبنەڕەتدا خوێندنەوەیەكی دروستیان بۆ چەمكی بەختەوەری نەكردووە.
ئایا تۆ كەسێكی بەختەوەریت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە كەدەبێت لەخۆتی بكەیت، لەوانەیە تۆ كەسێك بیت خاوەن سەرمایەیەكی زۆر بیت، یان هەر ماوەیەو سەردانی وڵاتێك بكەیت، یان خاوەن پۆستێكی باڵای حكومی یان حزبی بیت، یان پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانت زۆر و لەئاستێكی باڵادابن، یان… یان… . بەڵام ئایا بەختەوەریت؟ ڕەنگە ئەوانەی ئاماژەمان پێدان هەموویانت هەبێت، بەڵام بەختەوەر نەبیت. كەواتە بەختەوەری لەو شتانەدا نییە كە تۆ بۆی چوویت.
ئەوەی بەختەوەری بەشتە مادییەكانی دەوروبەرییەوە ببەستێتەوە كەوتۆتە هەڵەیەكی گەورەوە، هەمیشە وێڵە بەدوایدا بەڵام نایگاتێ، كەواتە بۆ ئەوەی بەئامانجێك بگەیت دروست وایە ماهیەتی ئەو ئامانجە بناسیت كەدەتەوێت پێی بگەیت، بۆئەوەی بتوانیت و بزانیت چۆن هەنگاوی بۆ دەهاوێژیت، كام ڕێگایانە دەتگەیەننە ئەو ئامانجە؟‌ میكانیزمەكان كامانەن كەدەتگەیەنن؟ بەتەنیا دەتوانیت ڕێ بكەیت بەرەو ئامانجەكەت یان هاوكاری كەسانی ترت پێویستە؟
ئەوەی ئێمە قسەی لەسەر دەكەین لەم وتارەدا بەختەوەرییە، ‌واتە ئامانجەكە لێرەدا بەختەوەرییە. كەواتە دەبێت بزانین بەختەوەری چییە؟ ڤێللا و ئۆتۆمبێل و پارە و پۆستی بەرزە تا هەر كەسێك پێی بگات ئیتر بەختەوەرە یان شتی تر؟
ماهیەتی بەختەوەری دەروونییە نەك ماددی، بەختەوەری هێزێكی دەروونییە، هەستێكی قووڵە بەئاسوودەیی، كەلوپەل نییە تاكو لەبازاڕ بكڕدرێت، بەڵكو دەبێت لەناخدا چەكەرە بكات ئەوجا نەشونما دەكات، بەختەوەری تەنیا خۆشی وەرگرتن نییە، بەڵكو لەهەمان كاتیشدا خۆشگوزرانكردنی دڵی كەسانی تریشە، واتە هەر وەرگرتن نییە، بەڵكو بەخشینیشە. بۆنموونە ئەگەر بگەیتە پلەی زاناییش هەست بە بەختەوەری ناكەیت تاكو ئەو زانست و زاناییەی خۆت نەگەیەنیتە كەسانی تر. بەختەوەری لەوەدا نییە كە تۆ بێ گرفت و كێشە زیندەگی بكەیت، بەڵكو بەختەوەری لەوەدایە پەی بەمیكانیزمەكانی چارەسەركردنی كێشەكانت ببەیت، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی فشارە دەروونییەكانت هەبێت، ئەمانەش هێزێكی دیكەیان پێویستە كەناوی (بڕوابەخۆبوونە)، ئایا تۆ بڕوات بەخۆت هەیە؟
بەختەوەری سنوورێك یان ئاستێكی دیاریكراوی نییە تاكو كەسانێك پێی بگەن وەك ئەوەی لەپێشبڕكێی ڕاكردندا كەسی براوە پێش هەمووان دەگاتە هێڵی بردنەوە، بەڵكو هەموو تاكێك ئەگەر بتوانێت بەڕێژەیەكی سروشتی پێی بگات، ئەوا بەختەوەرە. لەبەرئەوەی بەختەوەری هێزێكی مەعنەوی ناوەكییە لەمرۆڤدا كەواتە پێوەندییەكی تۆكمەی لەگەڵ مەسەلەی ڕۆحانییەتدا هەیە، هەر لەم پێودانگەیەوە دەكرێت بڵێین كەسانی باوەڕدار زووتر و زیاتر دەتوانن پەی بەبەختەوەری ببەن ئەگەر خاوەنی هۆشیاریی دروست بن. بەختەوەری ڕاناكات بەدوای تۆدا، بەڵكو دەبێت تۆ ڕابكەیت بەدوای ئەودا، بەڵام ئەگەر نەزانیت لەكوێوە دەستپێدەكەیت و بەرەوكوێ هەنگاو دەنێیت، ئەوا دوچاری شكست دێیت ئەوسا پێچەوانەی بەختەوەری دەبێتە یاوەرت. ڕێگەكانی گەیشتن بە بەختەوەری هەندێكیان تاریكن پێویستییان بەڕۆشنكردنەوە هەیە، ئەم پرۆسەیەش پێویستی بەڕۆشنكەرەوە هەیە. كەواتە بۆئەوەی تۆ بە بەختەوەری بگەیت، دەبێت ڕەچاوی ئەم خاڵانە بكەیت:
1- خۆت بناسە.
2- باوەڕت بەخۆت هەبێت.
3- باوەڕت بەوە هەبێت كەدەبێت و كە دەتوانیت چارەسەری گرفتەكانت بكەیت و كاروبارەكانت بەڕێوە دەبەیت.
4- هەموو ڕۆژێك خۆت، تەنیا خۆت، لەگەڵ خۆت دابنیشە، تەنیا بیر لەدیالۆگ كردن لەگەڵ كەسانی تر مەكەرەوە، بەڵكو پێش خەڵكی لەگەڵ خۆتدا گفتوگۆ بكە.
5- گرفتەكانت جێ مەهێڵە بۆ ڕۆژگار، بەڵكو لەكات و ساتی خۆیدا چارەسەریان بكە.
6- دەستەواژەی باش و هاندەر بدە بەخۆت، لەخۆتەوە بڕیاری پێشوەخت مەدە لەسەر خۆت بەوەی بێدەسەڵاتیت، ناتوانیت سەركەوتوو بیت، ناتوانیت فڵان پرۆژە ئەنجام بدەیت، ناتوانیت… ناتوانیت….، چونكە ئەم دەستەواژەدانە بەخود بەم شێوە خراپە دووچاری ئیفلیجی دەروونیت دەكات.
7- كاریگەر مەبە بەڕەشبینی كەسانی تر و لاساییان مەكەرەوە.
8- مەرج نییە بەدرێژایی ژیان بەیەك ڕێڕەو بیر بكەیتەوە، ڕێڕەوی بیركردنەوەت بگۆڕە ژیانت دەگۆڕێت.
9- پەلە مەكە لەئەنجامدانی كاروبارەكانتدا، لەهەمان كاتدا فەرامۆشكاریش مەبە، بەڵكو هەر كارەو لەكاتی خۆیدا ئاكامی دەبێت، واتە ڕێز لەكات بگرە.
10- هەمیشە جەخت لەخاڵە لاوازەكانت مەكەرەوە بەڵكو شانازی بەخاڵە بەهێزەكانیشتەوە بكە، تەنیا ئەوەندە ئاوڕ لەخاڵە لاوازەكانت بدەرەوە كە دووبارەیان نەكەیتەوە و پەندیان لێوەربگریت.
11- بەڕەشبینییەوە لەشت مەڕوانە، هەمیشە بەگەشبینییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكاندا بكە.
12- كاتێك دەست دەدەیتە كارێك یان پرۆژەیەك، هەموو هەوڵەكانی خۆتی بۆ بخەرە گەڕ، بەڵام لەهەمان كاتدا هەموو ئەگەرەكان لەبەرچاو بگرە، چونكە ئەگەر ئەنجامی باشی نەبوو بانەبێتە شۆكێكی دەروونی بۆت.
13- بیركردنەوە لەسەركەوتن خۆی لەخۆیدا سەركەوتنە، كەواتە پلان داڕێژە بۆ ئەوەی پێی بگەیت.
14- خۆت جەنجاڵ و سەرقاڵ مەكە بە گوتی گوتی كەسانی دەوروبەرتەوە، تەنیا گوێ بەو قسانە بدە كەبەكەڵك و بنیاتنەرن بۆ تۆ.
15- وامەزانە كەتۆ تەنیا كەسیت كەگرفتت هەبێت، ئەم بۆچوونە هەڵەیە و تووشی ڕەشبینیت دەكات، ئەوەندەی بیر لەوە دەكەیتەوە كە بێبەختیت یان چارەڕەشیت، ئەوەندە خەبات بكە بۆ ژیان، بۆ چارەسەری گرفتەكانت.
16- گرنگی بەلایەنی ڕۆحانی خۆت بدە، هەموو دنیا لەچاوی ماددەوە مەبینە.
17- قەناعەت باشترین پەناگەیە كەمرۆڤ لەسایەیدا هەست بەئاسوودەیی بكات، بۆیە هەوڵ بدە خۆت لەو پەناگەیە نزیك بكەرەوە نەك لێی ڕابكەیت.
18- گرنگی بەتەندروستی و دەرووندروستی خۆت بدە.
ئەگەر تۆ لەو كەسانەیت كاتێك كەسانی دەوروبەرت دەبینیت لەوانەیە ئیرەییان پێببەیت یان هەست بەكەمی بكەیت لەئاستیاندا چونكە لای تۆ بەختەوەر دەردەكەون، ئەوا ئەم هەڵسەنگاندنەت لەجێی خۆیدا نییە، چونكە تۆ كەسەكان بەدەمامكەكانی سەریانەوە هەڵدەسەنگێنیت، گرنگ دەمامكە پۆشراوەكان نییە، گرنگ ژێر دەمامكەكانە. گرنگ ڕووكەش نییە، گرنگ گەوهەری ئینسانەكانە. هەرگیز ئیرەیی بەپێكەنینە دروستكراوەكانی كەسانی دەوروبەرت مەبە، ئەوان خۆیان دەخەڵەتێنن، تۆ بەدوای ڕێگە ڕاستەقینەكانی بەختەوەریدا بگەڕێ. خۆشبەختی بۆ بەختەوەرە ڕاستەقینەكانە نەك بۆ ئەوانەی دەمامكی بەختەوەری دەپۆشن و نمایش دەكەن. بەڵام ئاسانە، ئاسانە و هیچ گران نییە، گەر دەتەوێ بەختەوەربیت، ئەوا دەتوانیت پێی بگەیت.
Top