شێنێ جەبار: بە هۆی نەبوونی سەرچاوە بۆ ناساندنی جلوبەرگی ڕەسەنی كوردی، بڕیارم دا، ئەو ئەركە قورسە لە ئەستۆ بگرم
شێنێ جەبار، ناسراو بە «شێنێ كوردی»، خانمە گەنجێكی بە سەلیقە و دەست و پەنجە ڕەنگینی دانیشتووی شاری سلێمانییە و خوێندنی لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی تەواو كردووە. پڕ وزەیە و لە ئێستادا كار دەكات بۆ ناساندنی جل و خشڵی ڕەسەنی كوردی لە هەموو ناوچە جیاوازەكانی كوردستانی گەورە بەپێی سەردەمە جیاوازەكان، لە گفتوگۆیەكیشیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باسی ئەزموونی كارەكەی دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
شێنێ كوردی، لە ساڵی 2021 دەستی كردووە بە ناساندنی جلی ناوچە جیاوازەكانی كوردستان و چەندین ڤیدیۆی كار و بەرهەمەكانی لەو بوارەدا تۆمار كردووە. لەبارەی هۆكاری ئەو بڕیارەشی دەڵێت: «بە هۆی نەبوونی سەرچاوە بۆ ناساندنی جلوبەرگی ڕەسەنی ناوچە و سەردەمە جیاوازەكانی كوردستان، بڕبارم دا، ئەو ئەركە قورسە لە ئەستۆ بگرم. بۆیە وەكو تاكێك بەپێی توانای خۆم ئەو ئەركەم خستە سەرشانی خۆم و ئەوەی دەیزانم و دەتوانم بیگەیەنم بە گەنج و لاوی ئێستامان بۆ ئەوەی ئاشنا بن بە كەلتووری ڕەسەنی كوردەواری درێغی ناكەم». گوتیشی: «كارەكەی من بە گشتی تایبەتە بە ناساندنی جل و خشڵی ڕەسەنی كوردی لە هەموو ناوچە جیاوازەكانی كوردستانی گەورە و بەپێی سەردەمە جیاوازەكان، بەڵام بە تایبەتی كار لەسەر جل و خشڵی ئافرەتان دەكەم».
شێنێ كوردی، پێداگری لەسەر ئەوە دەكات، كە بەرهەمەكانی و پێشوازیی خوازیارانی هانیان داوە، زۆر بە جددی و بە ئیرادەیەكی گەورەوە و بە بێ ماندوویی ناسی كاری زیاتر بكات. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «لە چوار دەوریشم هەمیشە سەرەڕای پاڵپشتیی كۆمەڵێك كەسی نزیكم، كە گرنگییان بە بەرهەمەكانم دەدا، خەڵكی دیكەش بەردەوام دەبوونە خوازیاری كارەكانم و هیچ ڕێگری و دژبەریشم بۆ دروست نەبوو. سوپاس بۆ خوای گەورە لە ڕاستیدا پێی دڵخۆشم و شانازی بە كارەكەمەوە دەكەم، بەڵام بەردەوام هەست دەكەم، ئەركێكی گەورەم لە ئەستۆیە و ئەوەی تا ئێستا كردوومە زۆر كەمە».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا شوێنی تایبەتت بۆ فرۆشتنی بەرهەمەكانت هەیە؟ گوتی: «تا ئێستا نەخێر، شوێنێكی نمایش و فرۆشتنم نییە، تەنیا لە ماڵەوە بە ئۆنڵاین بەرهەمەكانم دەفرۆشم».
لە بارەی ئامانجیشی بۆ دروومانی جلوبەرگی كوردیی هەمەجۆر گوتی: «جلوبەرگی كوردی كلتوورێكی زۆر فراوان و هەمەجۆرە، بۆیە ئامانجی من ناساندنی زۆرترین شێوەی جیاوازی جلە كوردییەكانی كوردستانی گەورەیە و بە پشتیوانیی خوای گەورە ئامانجەكەم دێتەدی».
سەبارەت بە پڕۆژەی داهاتووشی گوتی: «لە ڕاستیدا بیركردنەوە زۆر كات دوورە لە جێبەجێكردنی، چونكە دەبینین لەم هەرێمە چەندین ڕێكخراو و دەزگا هەن، كە بە ناوی كەلتوورەوە كار دەكەن، كەچی بەداخەوە كەس ئامادە نییە دەستی گەنجێك بگرێ و پڕۆژەیەكی بچووكی بۆ بخاتە سەر پێ، بۆیە كارێك خۆم وەك تاكەكەس بیكەم، بێگومان ئاواتمە، بەس كارێكی ئاسان نییە. بەتایبەتی كە ئامانجم ئەوەیە دەرفەتی كار بۆ ئافرەتانی دیكەش بڕەخسێنم».