چ هەڵسوكەوتێكی پیاوان ژنان تووڕە دەكات؟

چ هەڵسوكەوتێكی پیاوان ژنان تووڕە دەكات؟
رۆژانە چەندین هەڵسوكەوتی پیاوان هەیە بەبێ ئەوەی پیاوەكان خۆیان هەستی پێبكەن ده‌بێته‌ هۆی تووڕە بوونی ژنەكانیان تاوای لێدێت ئەو تووڕە بوونە لە ئەنجامدا ببێتەمایەی دروست بوونی كێشەیەكی گەورەو ئاڵۆز كە هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی قورس دەبێت، بۆیە پێویستە پیاوان ئاگاداربن لە چۆنیەتی مامەڵكردن و هەڵسوكەوتیان لەگەڵ ژنەكانیان.
***
بە فەرامۆشكردنم لە لایەن مێردەكەمەوە تووڕەدەبم
پەری عەزیز ئافرەتێكی تەمەن 24 ساڵە ژنی ماڵەوەیە خاوەن منداڵێكە مێردەكەی رۆژنامەنووسە ئەو ئافرەتە دەڵێت» من وەكو ژنێكی رۆژنامەنووس زۆر تووڕە دەبم كاتێك مێردەكەم شەوانە دەرنگ دەگەڕێتەوە ماڵ یان كە دەگەڕێتەوە بەردەوام گوێ لە دەنگو باس و هەواڵەكان دەگرێت یان خەریكی كاری رۆژنامەنووسی دەبێت، بەراستی ئەو رەوشتانەی هاوسەرەكەم زۆر دڵگران و عاجزم دەكات لەگەڵ ئەوەش بەهۆی ئەوكارانەیەوە من پشتگوێم دەخات و گرینگیم پێنادات».
تووڕەبوونم لە ناخەوە ئازار بەخشە
ئافرەتان بەردەوام هەست ناسكن، زۆربەی كات لە ناخەوە لە هاوسەرەكانیان تووڕە دەبن بەڵام بەهۆی خوشەویستی و هەست و سۆز حەزناكەن ئەو تووڕە بوون و دڵگرانییەی خۆیان دەرببڕن. ناسكە ڕەحمان رەشید ئافرەتێكی تەمەن 29ساڵە مامۆستای ناوەندییە خاوەن 4 منداڵە، دەڵێت»زۆربەی كات لە ناخەوە لە مێردەكەم عاجز دەبم كە هەست دەكەم لەگەڵ منە و سەیری ئافرەتێكی تر دەكات بەڕاستی ئەوە بۆ من زۆر دەبێتە مایەی بێزار بوون هەموو ئافرەتێكیش دەزانێت ئەگەر مێردەكەی لەگەڵی بێت و سەیری یەكێكی تربكات چەندە ئازار بەخشە چونكە ئەو كات ئێمەی ئافرەت تێدەگەین خۆمان كەموكوڕیمان هەیە یان جوان نین یان بەگوێرەی دڵی ئەو هەڵسوكەوتمان نەكردووە بۆیە چاوی لە ئافرەتی ترە، لەگەڵ ئەوەشدا من زۆرجار ئەو تووڕە بوونە لەناخی خۆمدا دەشارمەوەو دەری نابڕم».
دەمەوێ لەدەمی مێردەكەمەوە گوێبیستبم و پێمبڵێ خۆشمدەوێیت
ژنان بەردەوام پێویستیان بەخۆشەویستی و دەربڕینی هەست و سۆزی مێردەكانیان هەیە بەڵام زۆرێك لە پیاوان ئامادەنین باس لە چۆنیەتی خۆشەویستی و عاشقی دڵیان بۆ ژنەكانیان بكەن. تەلار نەوزاد تەمەن 23 ساڵان ماوەی دوو ساڵە شووی كردوە فەرمانبەرە، یەكێكە لەو ئافرەتانەی بەردەوام كێشەی لەگەڵ هاوسەرەكەی هەیە لەسەر ئەوەی كە باسی خۆشەویستی خۆی بۆناكات و هەستی خۆی دەرنابڕێت، ئەو ژنە دەڵێت» كاتێك لە مێردەكەم دەپرسم بۆچی هەستی خۆت بۆمن دەرنابڕیت و باسی خۆشەویستیم بۆ ناكەیت دەمەوێت لە دەمی خۆتەوە گوێم لێبێت پێمبڵێی خۆشمدەوێی بەڵام مێردەكەم دەڵێت گرینگ ئەوەیە من لە دڵەوە تۆم خۆشدەوێی ئیتر پێوست ناكات بە دەم پێت بڵێم ئەوە ڕۆژانە من زۆر تووڕە دەكات و عاجزم دەكات وام لێدیت منیش بەردەوام لەجیاتی دەربڕینی وشەی خۆشەویستی وشەی بێزاری دەرببڕم».
لەو سەردەمەدا گرفتی دەروونی ودڵەراوكێ و كێشە زۆربووە
كارمەند عەزیز عەلی توێژەری دەروونی دەڵێت»مامەڵەكردنی ژنان و پیاوان لەتەك یەكتریدا پێویستی بە جۆرێك لە تێگەیشتن و وردبینی هەیە كە داخوازی هەریەك لەژن و پیاو هەڵگری جۆرێك لە تێگەیشتن بێت لە ڕەگەزی بەرامبەر، هەڵكەوتەی بایەلۆجی و دەروونی هەریەكەیان جۆریكەو خوازیاری جۆرێك لە مامەڵەكردنە، لەسەردەمی ئەمڕۆماندا ئەو هۆشیاری سایكۆژیایە زیاتر پێویستە وەك لەسەردەمەكانی پێشووتر، چونكە پێشكەوتنەكان و پێداویستییەكان جۆرێك لە دابڕانی دروست كردوە، مرۆڤی تووشی ئاڵۆزی كردوە، لە حەزووئارەزووەكانی، بەمەش ئەگەری سەرهەڵدانی گرفتی دەروونی و دڵەڕاوكێ زیاتر بووە، ئەگەر لەكۆندا ژنان بۆ دابین كردنی خواردن و شوێن پێویستیان بەپیاو بووە بەڵام لەو سەردەمەی ئەمڕۆ ئەوە نەماوە ژنان خۆیان دەتوانن ئەوە بەدەست بێنن بۆیە لەو سەردەمەدا ژنان زیاتر پێویستیان بە دەربڕینی سۆزوخۆشەویستیە، لەڕۆژێكی ئاساییدا زیاتر لە هۆكارێك دەبینن بۆ سەرهەڵدانی كێشەو تووڕە بوون لەنێوان ژنان و پیاواندا، دەبێت پیاوان ئاگاداری ئەوەبن كە گەلێك هۆكار هەن تووڕەیی ژنان زیاتر دەكەن، بۆیە پێویستە پیاوان لەو كاتانەی كە ژنان تووڕە دەبن زیاتر گوێگربن، چونكە لەدەروونزانیدا دەوترێت ئەوهەڵسوكەوتە تووڕەبوون بەتاڵ دەكاتەوە، بۆیە باشترە لەكاتی وادا گوێگربن تاوەكو دەگەنە ئەنجام، پێویستیشە هەموو ژنان و پیاوان بە بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە لەگەڵ یەكتربكەن»
Top