ڕێژەی هاوسەرگیری ڕووی لە زیادبوونە یان كەمبوون؟!

ڕێژەی هاوسەرگیری ڕووی لە زیادبوونە یان كەمبوون؟!
پرۆسەی هاوسەرگیری تاكە ڕێگەیە بۆ بەردەوامبوونی ژیان و شارستانیەتی مرۆڤایەتی و سەرچاوەی پێكەوەنانی خێزانە، وەك جۆن لۆك دەڵێت هاوسەرگیری جەنگێكە زوو بێت یان درەنگە هەموومان ئەنجامی دەدەین، ئەوەی شایەنی وتن بێت لەكۆمەڵگەی ئێمەدا شان بەشانی زیادبوونی داهاتی تاكە كەسی و بەرزبوونەوەی ئاستی بژێوی، كەچی ڕێژەی هاوسەرگیری ڕوولەكەمبوونەوەیەوە لە بەرامبەردا ڕێژەی جیابوونەوە لە هەڵكشاندایە، بەپێی ئەوئامارانەی لە دادگای هەولێر بەدەستمان گەیشتووە (7413) گرێبەستی هاوسەرگیری لەشەش مانگی یەكەمی 2010دا تۆماركراوە، بەڵام دواتر ئەم ڕێژەیە دابەزیوە بۆ كەمتر، لەكاتێكدا (853) حاڵەتی تەڵاق هەبووە كە ئەمەش زەنگێكی مەترسیدارە بۆ كۆمەڵگا .

گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتیەكان هۆكارن
كۆمەڵگەی ئێمە بە قۆناغی تایبەتیدا تێدەپەڕێت، لە كاتی گۆڕانكارییەكاندا لەهەموو كۆمەڵگەكاندا رێژەی هاوسەرگیری كەمدەبێتەوە، ئەمە باوەڕی جەعفەر مایی شارەزای كۆمەڵایەتی لەوەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بوو، مایی ئاماژەی بەوەدەدا كە هەموو كۆمەڵگەیەك لەكاتی هەنگاونانیدا لەقۆناغێكەوە بۆقۆناغێكی نوی ڕووبەڕووی كێشەی كەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری دەبێتەوە، ڕوون و ئاشكرایە كۆمەڵگەی كوردەواری لەكۆمەڵگەیەكی خێڵەكییەوە هەنگاو دەنێت بەرەو مەدەنی بوون، لەبەر ئەوە نۆرمە كۆمەڵایەتیەكان گۆڕانكاریان بەسەردادێت و پرۆسەی هاوسەرگیری ڕوولەدابەزین دەكات و تەڵاق زیاد دەبێت .

زیادبوونی پێوەندییە سێكسیەكان هۆكاری دابەزینی پرۆسەی هاوسەرگیری و زیادبوونی تەڵاقن
ئاكۆ ئەحمەدی دوكاندار ئاماژەی بە زیادبوونی پێوەندییە سێكسیەكانی دەرەوەی خێزان و ژیانی هاوسەرێتی كرد كە هۆكاری سەرەكی دابەزینی ڕێژەی هاوسەرگیرییە، چونكە بەشێكی زۆری گەنجەكان لەجیاتی ژنهێنان ڕوودەكەنە ئەنجامدانی كاری سێكسی، بێجگە لەوەی كە ژمارەیەكی زۆری پیاوەكان متمانەیان بەژنەكانیان نەماوە، چونكە هەموو پیاوێك ئەوەندە شتی ناپەسەندو ناڕەوا دەبینێت، دڵی لەژنەكەی پیس دەبێت و تەڵاقی دەدات، من ئەوەندە كاری بەدرەوشتی لەناو بازاڕ دەبینم بڕیارمداوە هەرگیز ژن نەهێنم و بە ڕەبەنی بمێنمەوە.

گرتە سێكسیەكان هۆكاری زیادبوونی تەڵاق و كەمبوونەوەی هاوسەرگیرین
ساوێن ئەحمەدی فەرمانبەر پێیوایە خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی مۆبایل و ئەنتەرنێت، هۆكاری سەرەكین بۆ كەمبوونەوەی رێژەی هاوسەرگیری، بەجۆرێك ئەوەندە وێنەی كچان وژنان لەناو مۆبایلدا بڵاودەبێتەوە كەس متمانەی بە كەس نەماوە، بەهۆی زۆربوونی مۆبایل هەموو پیاوێك گومان لە ژنەكەی دەكات، زۆر پیاو هەیە بەهۆی بڵاوبوونەوەی وێنەیەكەوە ژنەكەی تەڵاق دەدات، زۆرجار ژن تەڵاق دەدرێت لەبەر ئەوەی كە تەلەفۆنێكی لە كەسێكی غەریبەوە بۆ هاتووە، هەموو كوڕێك گومان لەو كچە دەكات كە خۆشی دەوێـت ئیتر چۆن پرۆسەی هاوسەرگیری لە كاتێكی ئاوها شڵەژاودا دروست دەبێت .

یاسای فرەژنی هۆكاری سەرەكی زیادبوونی تەڵاق و دابەزینی ڕێژەی هاوسەرگیرییە
شنۆ سەرداری پارێزەر وای دەبینی یاسای قەدەغە كردنی فرە ژنی هۆكاری زیادبوونی ڕێژەی تەڵاقە، چونكە ڕێژەیەكی زۆر لە پیاوان كە دەیانەوێت ژنی دووەم بهێنن ژنی یەكەمیان تەڵاق دەدەن، چونكە بەندوباری زۆر بۆ فرە ژنی دانراوە، كاریگەری زۆری كردووەتە سەر كەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری، كۆمەڵگەی ئێمە ڕێژەیەكی زۆری قەیرە كچ و بێوەژنی تیادایە، بۆیە بوونی یاسایەكی لەو شێوەیە گەورەترین كاریگەری هەبووە لەسەر رێژەی هاوسەرگیری .
دواتر عبدولفەتاح ساڵح لەدادگای باری كەسی سەبارەت بەپرۆسەی هاوسەرگیری وتی: زۆرترین رێژەی هاوسەرگیری لەنێو چینی ناوەندو هەژاراندا ڕوودەدات و كەمترین ڕێژە لەناو چینە دەوڵەمەندەكاندا ڕوودەدات، كەمترین ڕێژەی پێكهێنانی ژیانی هاوسەرێتی لەنێو چینی دەوڵەمەندەكاندایە.

زانایانی ئایینی ودەزگاكانی ڕاگەیاندن دەتوانن ڕۆڵێكی كارا ببینن
ئارام عومەرتوێژەری كۆمەڵایەتی دەڵێت كەمبوونەوەی هەستی ئایینی و نەمانی متمانە لەنێوانی هەردوو رەگەزدا هۆكارێكی سەرەكییە، تەنیا ڕێگەچارە دروستكردنەوەی متمانەیە لەنیوانی ئەندامانی كۆمەڵگەدا، چونكەلەكاتی ئێستادا لەئەنجامی ئەو پەیوەندییە سێكسیانەوە لەنێوان كوڕان وكچاندا متمانە لەنێوانیادا نەماوە كەئەمەش گەورەترین قەیرانە لەكۆمەڵگەكەماندا، بێگومان مامۆستایانی ئایینی دەتوانن لە ڕێگەی مینبەری مزگەوتەكانەوە ڕۆلێكی كارا بگێڕن و هانی گەنجەكان بدەن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری، دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەتوانن بەهۆی بەرنامەكانیانەوە مەترسی پەیوەندییە سێكسیەكان بۆ گەنجەكان بەدەربخەن و هانیان بدەن بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیری .

گرانبوونی زێڕ كاریگەری نییە لەسەر دابەزین یان بەرزبوونەوەی ڕێژەكە .
فوئاد كەمالی زێرنگەر ئاماژەی بەوەدا هەرگیز گرانبوونی زێڕ نەبۆتە هۆی كەمبوونەوە یان زیادبوونی ڕێژەی هاوسەرگیری چونكە زۆربەی گەنجان ئێستا باری ئابووریان باشەو دەتوانن پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام بدەن بەڵام كەمبوونەوەی پرۆسەكە هۆكاری تری هەیە لەوانە نەمانی متمانەی مرۆڤەكانە بەیەكترەوە .

لاسایی كردنەوەی نەریتی ڕۆژئاوا وفەرامۆشكردنی ئایین هۆكاری قەیرانەكەیە
مامۆستا عومەر حەسەن مرۆ ئیمام و خەتیبی مزگەوتی رەشاد مفتی سەبارەت بە هۆكارەكانی دابەزینی رێژەی هاوسەرگیری و زیادبوونی جیابوونە ئاماژەی بەهەندێك هۆكاردا لەوانە تێكەڵاوبوونی نەریتەكانی نێوان كۆمەڵگەكان كەگاریگەری سلبیان كردۆتە سەر ڕەوتی ژیان لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا، چونكە كۆمەڵگەی ئێمە تەنیا نەریتە سلبیەكان وەردەگرێت، بێگومان ئەم هۆكارانە بوونەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوەو هەڵـوەشانەوەی خێزان ئەمە بێجگە لەوەی فەرامۆشكردنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام كاریگەری زۆری هەیە لەسەر دابەزینی هاوسەرگیری لەكۆمەڵگەكەماندا.
Top