د. بەشیر حەداد: بەرۆژوبوون یەكێكە لەو پەیمانە سروشتیانەی خودا بۆ مرۆڤی داناوە
August 10, 2011
کۆمەڵایەتی
د.بەشیر سەرەتا باس لە پیرۆزی مانگی ڕەمەزان دەكات و دەڵێت: میللەتی كورد كە زۆربەیان موسڵمانن بەرۆژووبوون لەو مانگەدا وەك پایەیەكی گرنگی ئیسلام دادەنێن. چونكە یەكێك لە پێنج پایەكانی ئیسلام یەكیان رۆژووە. خوای گەورە وەكو فەرزێك بەسەر موسڵمانی داناوە، ئەو مانگە لە هەموو بوارێكەوە جیاوازی هەیە، لەبەرئەوەی تاكە مانگە خوای گەورە لە قورئان ناوی هێناوە. كاتێك دەفەرمووێت(شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِيَ أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ) مانگێكی تایبەتە لە پاراستن و پاڕانەوە لەخودای گەورە وەكو، نوێژی تەراویح و زەكات و سەرفیترە. هەروەها چەندین فەرموودەی پێغەمبەر ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو مانگە كە خواپەرستی چەند قات پاداشتی هەیە، خوای گەورە ئەو مانگەی وەكو وێستگەیەك داناوە بۆ ئەوەی مرۆڤەكان تێیدا بەخۆیان دابچنەوە، ئەگەر سەیر بكەین دەبینن ئیسلام چەند وێستگەیەكی داناوە بۆ ئەوە مرۆڤ بەخۆی دابچێتەوە، بۆ نموونە: پێنج فەرزە نوێژ كردن و نوێژی هەینی و هەروەها مانگی ڕەمەزان كە لە ساڵی جارێكە، هەروەها فەریزەی حەج كە مروڤ جارێك دەتوانێ لە هەموو تەمەنیدا حەج بكات و پەیامی خوی نوێ بكاتەوە لەگەڵ خوای گەورە، ڕەمەزانیش یەكێكە لەو وێستگانەی كە مرۆڤ دەتوانێ پەیوەندی خوی لەگەڵ خوای گەورە نوێ بكاتەوە و بەهێزی بكات و لاپەرەیەكی نوێ لە ژیانی هەوڵبداتەوە، ئەمەش یەكێكە لە حیكمەتەكانی ئەو مانگە. لەو مانگەدا خوا پەرستییەك هەیە بە ناوی بە رۆژوو بوون، ئەمەش قەدەغە كردنی خواردن و خواردنەوەیە تا ئێوارە بەڵام ئامانج تەنیا هەر ئەوە نییە كە خواردن و خواردنەوە نەخۆیت و نەخۆیەوە، بەڵكو ئەوە بۆ ئەوەیە مرۆڤ ئیرادەو ویستی بەهێز بێت و خۆڕاگر بێت لەبەردەم نەفس و ئارزووەكانیدا، بۆیە بەرۆژوو بوون یەكێكە لەو پەیمانە سروشتییەی كە خوای گەورە بۆ مرۆڤەكانی داناوە، برسیی بوونیش بۆ ئەوەیە كە مرۆڤ هەست بە مەینەتی خەڵكە برسییەكان بكات و خۆشەویستی و لێبوردەی یارمەتی و خێری هەبێت.
نوێژی تەرواویح سوننەتە و خێری زۆر زۆرە
د. بەشیر لەبارەی نوێژی تەڕاویح وتی : نوێژی تەرواویح سوننەتە و خێری زۆر زۆرە، بۆیە زۆرباشە هەوڵبدرێت لە مزگەوت بە جەماعی بكرێت، بەڵام ئەگە هاتوو كەسێك نەخۆش بوو یان بۆی نەكرا بچێتە مزگەوت، ئەوا دەتوانێ لەماڵەوە بیكات و بەتەنیاش بیكات و پاش نوێژی عیشاش بیكات ئاسایە، هەروەها ئاساییە ئافرەت لەگەڵ براكانیشی نوێژ بكات. چونكە لەسەردەمی پێغەمبەر ئافرەتەكان لەگەڵ پیاوەكان نوێژیان دەكرد ئەو كات خەڵك كراوەتر بوو، بەڵام ئێستا شوینی ژن و پیاوەكان جیاوازە، زۆر ئاساییە ئافرەت دەتوانێ پێنج فەرزە نوێژ لە مزگەوت بكات.
پێویستە ڕاگەیاندنەكان گەنجەكان
بەئاگا بێننەوە
سەبارەت بە هۆشیاركردنەوەی لاوەكانیش مامۆستا بەشیر وتی: ئامۆژگاریم ئەوەیە كە گەنجان بگەڕێنەوە سەر ئەو ئایینە بۆ ئەوەی زۆر بە جوانی و بەپاكی شارەزای ئاینی ئیسلام نەبوون، بۆیە ئەوەندە لە دینەكەی خۆیان شارەزا نین، ئەگەر جوانی ئایین بزانن ناتوانن بەریبدەن بۆیە ئەوانەی شارەزایی چاكی و سودی بەرۆژوو بوون ببەن، ئەوە هەرگیز لەو فەرزە خۆیان بێبەش ناكەن، لەبەر ئەوەی مرۆڤ دوو لایەنی هەیە رووحانی و مادی، لایەنی مادی ئێسك و خوێن و گۆشتەكەیە چون ئەو لایەنە بەردەوام پێویستی بە خۆراك هەیە بۆ ئەوەی گەشە بكات، لایەنە روحانییەكەش بەهەمان شێوە پێوستە ئەو لایەنەی خۆی بە خواپەرستی دەوڵەمەند بكات و بۆ ئەوەی بەردەوام هەست بەدڵ خۆشی و تێر بونی لایەنی دەروونی بكات. بۆیە پێویستە ئەو گەنجانە خۆیان تاقی بكەنەوە كە چەند رۆژێك بەرۆژوو بن، بەڵام بۆ خوا بەرۆژوو بن، چونكە ئەوەی خوای خۆشوێست و بۆ خوا هەرچی بكات هەرگێز ئەمرەكانی خوای گەورە فەرامۆش ناكات و ئەو كات دەزانێت و خوای گەورە حەڵاڵەكانی بۆچی حەلاڵ كردووە و، حەرامی بۆچی حەرام كردووە. بۆیە ئامۆژگاریان دەكەم كە لەوە تیبگەن ئایینداری واتە خۆشەویستی و لێبوردەیی، بێگومان ئەوە ئەركی راگەیاندەكانە كە گەنجەكان بە ئاگابێنتەوە بۆ ئەوەی بزانێت ئایین لە مەترسیەكان دەیانپارێزێت.
خۆنەپۆشین گوناحە و خێری
ڕۆژوەكەشت كەم دەكاتەوە
مەلا بەشیر لەبارەی نەپۆشینی لەچك وتی: بە ڕۆژوو بوون و نوێژ كردن و خۆپۆشینی ئافرەت یەكێكە لەفەرمانەكانی خودا، زۆر كەس هەیە یەكێك لەفرمانەكانی خودا جێبەجێ ناكات، ئەوەی نوێژدەكات و بەڕۆژوو دەبێت، بەڵام خۆی دانا پۆشێت، خۆداپۆشین یەكێكە لەفەرمانەكانی خودا، باشەئەگەر نوێژو ڕۆژوەكەی بۆخودایە بۆچی خۆی داناپۆشێت، خۆداپۆشینەكەشی هەر بۆخودایە، ئەگەر خوی بەبەندەی خودا هەژمار دەكات ئەوا بەندەی خودا ناتوانێت بەئارەزووی خۆی فەرمانەكانی خودا جێبەجێ بكات. جا ئامۆژگاریم بۆخوشكانی بەڕێز ئەوەیە خۆپۆشینیشتان هەر لەبۆخودابێ، خۆنەپۆشینت گوناحت بۆ دێنێت و خێری ڕۆژوەكەشت كەم دەكاتەوە، ئەگەر ئافرەت خۆی بۆ خەڵك جوان كردو جەستەی خۆی بۆخەڵك دەرخست، ئەوا ئەوخەڵكانەی كە سەیری دەكەن و پێی سەرگەردان دەبن، تووشی گوناح دەبن، ئافرەتەكەش بەهەمان شێوە تووشی گوناح دەبێت، چونكە ئافرەتەكە بۆتە هۆی ئەوەی كە ئەو خەڵكە تووشی گوناح بێت. زۆرێك لەئافرەتان هەست دەكەن لەمانگی ڕەمەزان تەنیا پۆشینی سەرپۆشە جلەكانی تەنكە یاخود تەسك و كورتە لەگەڵ نیوە سەر پۆشێك دەكات، دەڵێت تەواو من خۆم پۆشیوە بەڵام ئەمە نابێتە خۆپۆشین دەبێت هەموو بەرزی و نزمی خۆی دابپۆشێت جلێكی درێژ ببپۆشێت. بەداخەوە ئەمڕۆ ئافرەتەكانمان بەهۆی جلی تەسك وكورت و تەنك هەمووجەستەی خۆیان بەدەردێخن، ڕاستە جلی لەبەردایە بەڵام هەموو سروشتی لەشی بەدەرەوەیە. فەرموودەیەكی پێغەمبەر هەیە دەفەرموێت «ڕۆژێك دادێت جلیان پۆشیوە، بەڵام ڕووتیشن» ئومێدەوارم خوشكان لەم مانگەدا جلێكی موسڵمانانە ببپۆشن.
هاوسەران دەتوانن لەشەوانی مانگی ڕەمەزان لەیەك نزیك ببنەوە
مەلابەشیر سەبارەت بەلێكنزیك بوونەوە لەمانگی ڕەمەزاندا دەڵێت: بەڕۆژوو بوون واتا خواردن و خواردنەوە خۆدوورخستەنەوە لەدامێن، واتا سێكس كردن، ژن و مێرد لەئێوارە تا بانگی بەرەبەیان ئازادن ئەگەر كاری سێكسیش ئەنجام بدەن، بەڵام لەكاتی بەڕۆژوو بوون ئەوە قەدەغەیە، خودایە گەوەرە دەفەرموێت: (بۆتان حەڵاڵە ژن و مێرد لەشەوانی مانگی ڕەمەزان لەیەك نزیك ببنەوە)، ماچ كردنیش لەكاتی بەڕۆژوو بوون باش نییە زۆربەی زانایان دەڵێن ڕۆژی پێدەشكێت. هەندێك ریوایەتمان هەیە كە پێغەمەبەر(د.خ) كەبەڕۆژووش بووە بەڵام خێزانی خۆی ماچ كردووە بەڵام هەر كەسێكی وەكو پێغەمبەر دەتوانێت خۆی ڕابگرێت، هیچ كاریگەرییەكی بەسەرەوە نەبێت. لەوانەیە ئەو ماچ كردنەی پێغەمبەر (د.خ) تەنیا بۆدڵ خۆشكردنەكەی خێزانەكەی خۆی بێت، دەنا هیچ كاریگەرییەكی سێكسی لای خۆی دروست نەكردووە، گەنجی ئێمە ناتوانن لەمانگی ڕەمەزان ئەم كارە بكەن چونكە ناتوانن خۆیان پێڕابگیردرێت وەكو پێغەمبەر (د.خ) بۆیە لێك نزیك بوونەوە لەمانگی ڕەمەزان قەدەغەیە.
خودای گەورە خۆشەویستی داناوە بۆ گەیشتن بە پرۆسەی هاوسەرگیری
د. بەشیر ئەوەش دەخاتەڕوو: كەمانگی ڕەمەزان بۆخۆی مانگی خۆشەویستییە ئاینی ئێمە هەمووی واتا خۆشەویستییە، حەز دەكەم راستییەك بزانین كە خۆشەویستی چەمك و واتایەكی بێدەنگە، چونكە هیچ دەنگی نییە بۆیە زۆر كەس زوڵمی لێدەكات و زۆر كەس بەناوی خۆشەویستی ئەوەی ناشیرین و قێزەونە دەیكات. ئەگەر خۆشەویستی زمانی هەبووایە دەیوت درۆدەكەن ئەمە خۆشەویستی نییە، كەی ئەمە خۆشەویستییە زیان بەخۆت بگەیەنیت. خودای گەورە خۆشەویستی لەنێوان نێرو مێدا داناوە، نێرو مێ وەكو دوو جەمسەری موگناتیس وایە ئەگەر ئەم خۆشەویستییە بەشێوەیەكی ڕێكوپێك نەكرێت دەبێتە كێشە لەنێو كۆمەڵگا هەر كەسێك بەناو یەكێكی خۆشەویست بەڵام دوای ماوەیەك بەرێدا، ئەوە خۆشەویستی نییە، خودای گەورە دایناوە خۆشەویستی لەپڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە بێت .
نەخۆش دەتوانێت دوو ڕۆژ
جارێك بەڕۆژوو بێت
د. بەشیر وەك باسی دەكات و دەڵێت: بەرۆژوو بوون بەردەوام سوودی هەیە لە كاتێكدا دكتۆرە بیانییەكانیش دانیان بەوە ناوە كە بەرۆژوو بوون سوودی بۆ مرۆڤ هەیە و ئامۆژگاری نەخۆشەكانیان دەكەن بۆ ئەوەی بەرۆژوو بن، هەروەها هەندێك جۆری نەخۆشی هەیە لەسەر راوێژكاری پزیشكێكی راستگۆ بێت، ئەگەر ئەو پزیشكە رێگای داو پێیگوت ئەمە زیانی بۆ حاڵەتەكەی تۆ هەیە ئەوە دەتوانی بەرۆژوو نەبێت و دوای رەمەزان بیگرێتەوە، چونكە خوای گەورە خۆی دەفەرموێت »ئەگەر نەخوش بێت یاخود لە سەفەربێت دوای رەمەزان بیگرێتەوە یاخود ئافرەتی دووگیان كە لە مانگەكانی كۆتایی بوو ئەو كات دەتوانی بە رۆژوو نەبێت» هەوروەها منداڵەكانمان ئەگەر بینیمان زۆر بێ تاقەت بوون، پێویستە دایك و باوك پێیبڵێن رۆژوە كە بشكێنیت بۆ نیوەڕۆ دوای ئەوە پیبڵێت لەگەڵ ئیوارە بۆت دەبەستینەوە بەیەكتر، خۆی بەستنەوەی ڕۆژوو لە ئیسلام دانییە، بەڵام ئەوە بۆ پەروەردەكردنی منداڵەكەیە بۆ ئەوەی بتوانی لە داهاتوو فێرە بەرۆژوو بن بێت، بەڵام ئەگەر بینیان منداڵەكە توانای هەیە تا مەغریب بەرۆژوو بێت ئەوە با بیگرێت و بۆ ئەوە فێربێت ئەمە وا دەكات راهێنان بكات. ئەگەر هاتوو نەخۆش لە توانایی نەبوو هەموو ڕۆژ لەسەر یەكتر بەڕۆژوو بێت ئەوا دەتوانێت دوو ڕۆژ جارێك بەڕۆژوو بێت.