ڕەوشتی بەڕۆژووبووان لە مانگی رەمەزان
August 10, 2011
کۆمەڵایەتی
بەو مانگە پیرۆزە قسەوقسەڵۆك بەردەوامە
ئیسرا عباس فەرمانبەرە لە یەكێك لەدامودەزگا حكومیەكان، تەمەن 27 ساڵە دەڵێت» لەوكاتەی كە بەبیرم دێت خەڵك تەنیا لەمانگی ڕەمەزان خۆیان برسی و تێنوو دەكەن كەچی لە بردن و هێنانی قسەو قسەڵۆكەكانی خۆیان بەردەوامن. بەراستی لەناو ئەو فەرمانگایەی من دەوامی ڕۆژانەی لێدەكەم كە لەم مانگەشدا ڕەمەزان لە نێوان فەرمانبەرەكانی ئێرە قسەو قسەلۆك و باس كردنی خەڵك بە باشەو خراپە بەردەوامە بۆیە ئەم هەڵسوكەوتانەی دەیكەن رێز گرتن لە ڕەمەزان هیچ رۆڵێكی تێدا نەمێنێت»
لەبەر بوونی گەرما ناتوانم خۆم كۆنترڵ بكەم و توڕە نەبم
سامان حەمید ئەو گەنجێكی تەمەن 21 ساڵە خوێندكارە دەڵێت» لە ڕاستیدا لە ڕەمەزاندا زۆر هەوڵدەدەم خۆم كۆنترۆڵ بكەم زوو هەڵنەچم و قسە بەكەس نەڵێم، بەڵام بە دەست خۆم نییە كاتێك هەندێك هەڵسوكەوت دەبینم بەو برسێتیە و گەرمایە هەڵدەچم ئیتر تووشی قسەی ناشرین دەبم و دوای ئەوە پێمدەڵێن ئەوە تۆ بەرۆژوو بویت ئەو هەموو قسە ناشرینەت كرد ئەی ئەگەر بەرۆژوو نەبوای، بۆیە داواكارم لە گشت خەڵكی و شوفیرەكانی شەقامەكان هاوكاری یەكتر بكەن لەو مانگە پیرۆزە بۆ ئەوەی كەس رووبەڕووی بێ ڕێزی و گوناح نەبێتەوە لەو مانگە پیرۆزە»
ڕەمەزان لێبوردەی گشتی بۆ موسڵمانانە
مەلا و شارەزا لە ئایین مامۆستا ئەبوبكر دەڵێت» مانگی ڕەمەزان ئەو مانگە پیرۆزەیە كە خوای گەورە فەرمانی داوە بە بەندەكان بە رۆژووبن و خۆیان لە گوناح و خواردن و خواردنەوە بپارێزن، بەڵام هەر بە مانای ئەوە نییە كە مرۆڤ نەخوات و نەخواتەوەو خۆی تینوو برسیی بكات ئەوە بەرۆژووە نەخێر بەڵكو پێویستە دەم و زمان و گوێچكە و چاوەكانیشی بەرۆژوو بێت و لە گوناح كردن بیپارێزێت و بۆ ئەوەی ئاگاداری خۆی بێت و لە بەرۆژوو بوونەكەی تەنیا ماندوو بوونی بۆ نەمێنێتەوە چونكە خوای گەورە دەفەرموێت «من صام رمضان إيمانا واحتسابا غفر له ما تقدم من ذنبه» لەگەڵ ئەوەشدا ئەم مانگە بۆ بەخۆداچوونەوەیە لەو هەڵانەیە كە ئەنجاممان داوە».
پێویستە لەو مانگە لە توڕە بوون دوور بكەوینەوە
توێژەری كۆمەڵایەتی بڕیار محمد دەڵێت» ئەوەی لەو مانگە خوای گەورە لەسەر بەندەكەی فەرزی كردوە ئەوەیە كە هەستن بە خۆداچوونەوە لە هەموو لایەنێكەوە بەڵام بە داخەوە ئێمە هەڵە لەم مانگە گەیشتوین پێمان وایە تەنیا مەبەست لێی نەخواردنی یەكێك لەژەمەكان و خۆ ماندوو كردنە، ڕاستە وەك گوتمان ئەمە یەكێك لەداواكان، ئەویش بەهۆی لەدەستدانی كۆنتڕۆڵی ئارامیەوە لەم مانگەدا، من بۆخۆم لەواقیعەكەدام رۆژانە دەبینم ئەم خەڵكە لەسەر ئەعصاب دەژی، تەنیا ئەگەر خاوەن ئوتۆمبێلەكان بەنموونە وەربگرین و ئەم حاڵەتە بەڕوونی دەبینین، ئەگەرچی ئەگەر بەشێوەیەكی زانستی لێكی بدەینەوە ئەگەین بەوەی كەئەمە حاڵەتێكی چاوەڕوانكراوە، بۆیە پێویستە ئەوە بزانین، یەكێك لەداواكانی یەزدانت( كە گەورەترینیانە) پەیڕەوی بكەین بەڕۆژوو بوونی ئەندامەكانی جەستەشمانە، هەروەها دەرئەنجام ئەم هەڵچوون و توڕەبوون و خۆڕانەگرییە كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ئاڵۆزكردنی پێوەندیە كۆمەڵایەتیەكانمان، كەئەمەش شتێكی نەخوازراوە.