دەهـۆڵ لـێدان وەك كـەلتوورێك بۆ پارشێوی ڕەمەزان
August 7, 2011
کۆمەڵایەتی
دەهۆڵ لێدان لە پارشێوانی ڕەمەزاندا یەكێكە لەودیاردانەی كەمێژووییەكی دێرینی لەزۆربەی كۆمەڵگە ئیسلامیەكاندا هەیە، لەقۆناغێكدا بۆئاگاداركردنەوە بەكاردەهێنرێت بۆئەوەی خەڵكی لە خەو هەڵسن و شەوانە پارشێو بخۆن و بەڕۆژو ببن، دەهۆڵ لێدەرەكانیش كەئەم پیشەیەیان وەك نەریتێك هەڵگرتووە خۆیان ئاماژەی پێدەدەن كە ناتوانن دەستبەرداری بن، چونكە هیچ پیشەیەكی تر نازانن و خۆیان فێری هیچ كارێك نەكردووە لەمە زیاتر، زۆربەشیان بەمیرات ئەم پیشەییان بۆماوەتەوە.
وابڕوات واز دەهێنم
حەسەن چاوشینی تەمەن چل و سێ ساڵ یەكێكە لەو كەسانەی كە مێژووییەكی دوورودرێژی لەم كارەدا بۆ خۆی تۆماركردووە، چونكە هەموو تەمەنی هەر بەم پیشەیەوە بردۆتە سەر و هیچ كارێكی تری نەكردووە،ئەمیش دەڵێت « منداڵبووم كاتێك باوكم دەهۆڵژەن بوو، پارەیەكی باشی دەستدەكەوت چونكە ئەو كات لەهەموو شایی وهەڵەپەڕكێیەكدا دەهۆڵیان دەویست، بەپێچەوانەوە ئێستاوە كە بژێویمان خراپە و كەس نامانبات بۆكار، تەنیا ڕەمەزانان كارمان هەیە .
زۆربەی ماڵەكان پارەمان نادەنێ، كەسیش خێرناكات، چونكە خەڵك باوەڕیان بەخێرنەماوە .
خەڵك دەڵێن ئێمە بەڕۆژوونەبووین پارەش نادەین و ئیزعاجیشمان مەكە
خەلیل شایەر تەمەنی بیست ودووساڵە سەبارەت بەبژێوی ڕۆژانەیان وتی ئاستی بژێویمان زۆر خراپ بووە بەراورد بەجاران، چونكە تەنیا لە ڕەمەزاناندا پارەمان دەست دەكەوێت، پارەكەش زۆر كەمەو تەنیا بەشی ژیانێكی كولەمەرگی دەكات، زۆربەی خەڵكیش پارەیەكی زۆركەممان دەدەنێ بەجۆرێك ماڵ هەیە چوارجار لەدەرگایان دەدەین كەچی دەرگامان لێناكەنەوە، یان خەڵك هەیە دەڵێن ئیزعاجمان مەكەن، هەیە دەڵێت بەڕۆژوونابم ئیتر بۆچی پارەتان بدەمێ و یان ئەو پارەیەی كەدەشیدەن زۆر كەمەوبەشی هیچ ناكات.
ئێمە لەڕەمەزاناندا بۆخێر ئەم كارە دەكەین
بە پێچەوانەی ئەوانی ترەوە، دەهۆڵ لێدەرێكی تر كەخۆی بە محەمەدی كوڕی ئەحمەد پێناساندین، وتی « لەمنداڵییەوە لەمانگی ڕەمەزاندا ئەم كارە دەكەم و تەنیا مەبەستیشم خێرەكردنە، چونكە خۆم كارو كاسبی دەزانم و دەتوانم خۆم بژیێنم، بەڵام لەبەر ئەوەی دەمەوێت خەڵك بۆپارشێو بەخەبەر بهێنم ئەم كارەم هەڵبژاردووە.
دەهۆڵ لێدان لەڕەمەزاندا بۆتە كەلتوورێكی كۆمەڵایەتی لۆكاڵی
ئاراس مەحموودی توێژەری كۆمەڵایەتی سەبارەت بەدەهۆڵ لێدان لەمانگی پیرۆزی رەمەزاندا وتی «هەمووكەسێك هەوڵدەدات بەهۆی پیشەیەكەوە بژێوی خۆی و خێزانەكەی دابین بكات، سەبارەت بەدەهۆڵ لێدانی رەمەزانانیش ئاراس دەڵێت كۆمەڵێك نەریت هەن كە تایبەتن بەمانگی ڕەمەزان لەوانە دەهۆڵ لێدان، رەنگە ئەمەش لەسەردەمێكدا بۆ ئاگادرابوونەوە بەكارهێنرابێت بەڵام ئێستا ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی نەماوە، چونكە ئامێری ئاگاداركردنەوە چ مۆبایل یان كاتژمێر لەهەموو ماڵێكدا هەیە بێجگەلەوەی كەهەندێك خەڵك هەن بەرۆژوو نابن و پێویستیان بەئاگاداركردنەوە نابێت، بەڕای من ئەم پیشەیە ئەگەر لەڕابردوودا بوونی پێویست بووبێت، ئێستا تەنیا وەك كەلتوورێك و تەقلیدێك ماوەو كەسانێك بە یادی جارانەوە دەهۆڵ دەكوتن.