پێچە نەریتێكە هێشتا لەئاكرێ ئاسەواری ماوە
July 23, 2011
کۆمەڵایەتی
-رۆشنە عومەر
تهنیا بۆ بازار پێچه دهپۆشم
شلێر كچێكی تەمەنی 18 ساڵە لە تەمەنێكی بچووكەوە ئەو پێچەیە دادەنێ كە (خێڵی)ی پێدەڵێن و تەنیا وەكو نەریتێك فێر بووە، شلێر دەڵێت» ئێمە لە باب و باپیرانەوە بۆمان ماوەتەوە، بەڵام ئێستا تەنیا بۆ بازاڕ بەكاری دەهێنین، زۆریش بەلامەوە باشە و بەهیچ شێوەیەك ئامادە نین ئەو نەریتە لە ناو ئاكرێ بسڕدرێتەوە، ئێمەی ئافرەتەكان خۆمان ئارەزووی دانانی پێچه دەكەین بەبێ ئەوە پیاوەكان پێمان بڵێن یان بەسەرمانی بسەپێنن.
دواتر ئافرەتێكی تەمەن 35 ساڵانه كه نهیویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات لهبارهی ێیچهوه وتی « من نزیكەی 25 و پێنج ساڵە پێچه دهپۆشم، دانانی پێچه هەر لە كۆنەوە بۆمان ماوەتەوە لە كەلتوور و دابونەریتی ئاكرێیه ئێستاش دایدەنێین بۆ ئەوەی كەس لە بازاڕ نهمانناسێتهوه، ههروهها بۆ شاردنەوەی سیما و روخسارمان .چونكە لەوانەیە ڕۆژانە دووجار بێینه بازاڕ بۆیە پێمان شەرمەو داینەنێین بەشێوەیەكی گشتی ناتوانم نەیپۆشم.
خێزانەكەم بەردەوام ڕووخساری دادەپۆشێت
بهیتوڵا ئیسماعیل ئەو پیاوەی 15 ساڵە لە بازاڕی ئاكرێ كەلوپەلی ئافرەتان دەفرۆشێت وەكو عەبا و خیلیەكان دەڵێت» جۆری قوماشی ئەو پێچه تایبەتە،دوو جۆری سەرەكی هەیە یهكێكیان قوماشەكەی زۆر تەنكە ئافرەتان ڕوخساریان لەژێرییەوە دەردەكەوێ، جۆریكی تری قوماشەكە ئەستوورە بەجۆرێك بە هیچ شێوەیەك ڕووخساری ئافرەت لەژێرییەوە دیارنییە، نرخەكەشی زۆر گونجاوە لە (دوو هەزار هەیە تا دەگاتە دە هەزار دینار)، ئەو پیاوە لە بارەی تەمەنی ئەو ئافرەتانەوە كە پێچه بەكاردێنن دەڵێت» هەر لە تەمەنی هەرزەكارییەوە ئافرەتانی ناو ئاكرێ خۆیان پێچه بەكاردێنن، چونكە ئەوانەی دێن پێچە دەكڕن، تەنیا ئەو ئافرەتانەن كە لەناو ئاكرێ دەژین، ئەوانەی دەوروبەر بەكاری ناهێنن، هەروەها بە ئارەزووی خۆشیانە بەبێ ئەوەی پیاوەكان پێیان بڵێن، بۆ نموونە ئێستا هاوسەرەكەم یەكێكە لەو ئافرەتانەی بەردەوام ڕووخساری دادەپۆشێت كەچی هەرگیز من پێم نەوتوو پێچه بهكار بێنێت یان نا .»
ههرسهبارهت بە پۆشینی پێچه مام ڕهمهزان ئیسماعیل له دایك بووی 1938 خاوەن دوكانە لە بازاڕی ئاكرێ ئێستا كچەكانی ئەو پێچه ناپۆشن، مام رەمەزان دەڵێت» لە ساڵانی چلەكان ئاكرێ خێڵی زۆر تێدابوو، هاتنی ئافرەتان بۆ بازاڕ زۆر كەم بوو و تا ڕادەیەك عەیب بوو ئافرەت بێتە بازاڕەوە، ئەو كات ئەگەر ئافرەت بهاتبوایە دەرەوە دەبوایە پێچه بپۆشێت و دەتوانم بڵێم بە زۆری بۆ ئەوە بوو، نەیناسنەوە تا كەسانی سەر بە هۆزەكانی تر نەیبینن، جوانی خۆی بە پێچە دەشاردەوە، لە ساڵانی چلەكان وپەنجاكان ئاكرێ بەو شێوەیە بوو، دوای ئەوە پیاوەكان زۆریان لە ئافرەتەكان نەدەكرد و بە ویستی خۆیان پێچەیان دەپۆشی،تاكو ئێستاش بەشێكی ئافرەتان بەردەوام ئەم پێچەیە دەپۆشن بۆ ئەوەی جوانی خۆیان بشارنەوە.
نازانم هۆكاری پۆشینی پێچه چییه؟
دڵبین ئافرەتێكی تەمەن 35 ساڵە و خاوەن 4 منداڵە هەر لە تەمەنی بچوكییەوە پەیوەستە بەم نەریتەوەو فەرزبووە جێبەجێی بكات زیاتریش بە مەبەستی ئەوە بووە جوانی خۆی بپارێزی ئەو ئافرەتە دەڵێت» ئێمەی ئافرەتانی ئاكرێ ئەو پێچەیە دادەنێین و هۆكارەكەشی نازانم چییە، پێموایە تەنیا دەزانم نەریتە ئەگەر داینەپۆشم زۆر شەرم دەكەم لە بازاڕ، بەڵام ئێستا تەنیا بۆ بازاڕ دەیپۆشم بۆ شوێنهكانی تر بەجلی مۆدەوە دەچم، لەتەمەنی 14 ساڵییەوە تاوەكو ئەمڕۆ بەبێ ئەوەی پیاوەكەم یان باوكم یان برام زۆرم لێبكەم من بەكاری دەهێنم.
پۆشینی پێچه بۆپاراستنی ئافرهته
شیلان ئافرەتێكی تەمەن 25 ساڵە وخاوەن دوو منداڵە ئەو ئافرەتە 7 ساڵە لە ئاكرێ دەژی پێشتر لە یەكێك لە گوندەكانی نزیك ئاكرێ ژیاوە لەو كاتەی كە هاتۆتە ناو ئاكرێ ئەویش وەكو ئافرەتەكانی ئەو شوێنە بەبێ ئەوەی مێردی پێی بڵێت پێچه بەكاردێنێت و دەڵێت»ئێمە بۆ بازاڕ ئەوە دەپۆشین، چونكە بازاڕەكە زۆر بچووكە بۆ ئەوەی كەس نەمانناسێتەوە، هەروەها هەندێك جار دەیگەڕێننەوە بۆ لایەنی ئاینیش»
سهرههڵدانی پێچه دهگهڕێتهوه بۆسهردهمی دهرەبهگهكان
مامۆستا خالید حاجی خدر لە گەڕەكی گورەڤای ئاكرێ دادەنیشێت و مامۆستای زمانی كوردییە ئێستا خانەنشین كراوە چەندین كتێبی لەسەر مێژووی ئاكرێ هەیە و36ساڵە خزمەت بەو دەڤەرە دەكات و دەڵێت» خێلی هەر لە كۆنەوە ئافرەتەكانی ئێمە بهكاریان هێناوه ورووخساری خۆیان داپۆشیوە ئەویش بۆ شاردنەوەی ڕووخساریانە لە كەسانی تر و لەبەرچاو نەبن، ئەو مامۆستایە لە بارەی كچەكانی خۆیەوە دهڵێت» من هیچ پێوەندیم پێیانەوە نییە، بۆخۆیان بەكاری دەهێنن و حەزیان لەو داب و نەریتەیە، بەڵام زۆربەی كاتیش بەكاری ناهێنن، چونكە ئەو نەریتە بەرەو لاواز بوون دەچێت .