بە نەمانی خۆشەویستی نێوان ژن و مێردێك، شیرازەی خێزانێكی تر دەپچڕێت

بە نەمانی خۆشەویستی نێوان ژن و مێردێك، شیرازەی خێزانێكی تر دەپچڕێت
ئا: كاندێش
كاتێك شیرازەی خێزان دەپچڕێت، لەو نێوانەدا تەنیا مناڵە، كەچارەنووسی خۆڵەمێشی دەبێت، نەبوونی خۆشەویستی لە نێوان ژن و مێرددا وا دەكات، سۆزو عاتیفەو چێژو گونجان لە كونجی فەرامۆشیدا بزر بێت، ئەوكات لەبری بەهاجوانەكان، هەردوولا؛ بە گومان و دڵپیسییەوە دەكەونە بیركردنەوە لەسەر ئەوەی چۆن فێڵ لەیەكتری بكەن، بۆیە پیاوەكە ڕۆژانە لە فكری ئەوەدا دەبێت چۆن كچان و ژنانی تر لەخشتەبەرێت و هێندەی قەبارەی كێڵگەیەكی چاندنی ڕووەكی خشخاش هەستی قەدەغەكراو لە ناخی خۆیدا بەرهەم بێنێت، ئیتر دوای چەندین جار كەشف بوونی ئەم هەستە، ژنەكەشی وەكو تۆڵە؛ چەكێكی وردبینی بەرگریكردنی لە هەست و سۆزی خۆی لێ هەڵدەبڕێت، دەكەوێتە غایلەی دۆزینەوەی كۆنە دڵدارێكی خۆی كە پێشتر قەدەر بە نسیبی یەكتری نەكردون، هەم حەزی بینینەوەی دڵدارەكۆنەكەی دەیبزوێنێ و هەمیش تۆڵەكردنەوەی لە ئەتواری نامۆو سەرچیغی مێردەكەی؛ ئەم دوو شتە پێكەوە هاندەری دەبن بۆ دۆزینەوەی شتێك لە گیرفانی شوێنێكی هەڵەدا، چونكە هاوسەرگیرییەكەیان وەك دۆڵابێكی داخراوی لێهاتووەو چیتر هەناسەی تێدا نادرێت، سەرەڕای یەك سەرینی و یەكجێگەیی و پێكەوە نووسانی دووجەستەی بێزارلەیەكتر، كەچی هەر یەكەیان خەیاڵ و حەزو هۆگرییەكانی بەجێماوی دوورگەیەكە، ئۆقیانووسێك مابێنیانەو بە هەزاران فەرسەخ لە یەكەوە دووریان دەخاتەوە...

نەبوونی خۆشەویستی وای لەم دووانە كرد هەر یەكەیان وێڵانە بەدوای دەروازەیەكدا بگەڕێت تاحەزو مەراق و خۆشییەكانی خۆیانی دوورلەوی تر تێدا تام بكەن، كاتێك بەهای خۆشەویستی لە نێوان ژن و مێرددا بلەقێت ئیتر هەموو بەهاكانی تر بەسەر یەكتردا دادەڕمێن، گرفتی گەورەی ئەم ژن و مێردە وەك گرفتی ئەو ژن و مێردانەیە كە تا سەر ئێسك بێزارن لە یەكتری و ناشتوانن بڕیاری جیابوونەوە بدەن، یەكەمین هۆكاریش بۆ جیانەبوونەوەیان، بوون و خستنەوەی ئەو مناڵانەیە كە بە جیابوونەوەی دایك و باوك سەرگەردان دەبن...!!
ئەم دووچەسپەدوقلیە ئێكسپایەرە هەرگیز یەكناگرن، چونكە بەدرۆ چركەساتەكانی ژیانیان قوڕمیشكراوە، خانووە مۆدێرنەكەشیان ئەو زیندانە نەریتپارێزەیە كە لەلایەن حوكمی قەدەرەوە سزای پێكەوەژیانی ئەبەدی بۆ هەردوكیان تێدا دراوەو شیرینیەكانیشیان بە تفت و تاڵی نۆش دەكەن، هەردووكیان لەڕووی سێكسیەوە وەك بەفر بۆ یەكتر ساردن، بەڵام بەرژەوەندی خۆیان و چارەنووسی مناڵەكەیان وا دەخوازێت لەیەكتری جودا نەبنەوە، ئاخر لەوە بێ ئاگان كە هەر ڕۆژێك بێت نهێنیە پڕ حەسرەتییەكەی هەریەكیان بۆ ئەوی تر ئاشكرا بێت و ئەوكات ڕەنگە كارەساتی گەورەی لێ بقەومێت و مناڵەكەشیان بەیەكجاری چارەنووسی ڕەش قەترانی بێت، ئەمە بەدیهییە؛ كە دووپات بوونەوەو چەقبەستنی چركەساتەكانی ڕۆژانە جۆرێك لە نۆستالژیا دەخوڵقێنێت لە نێوان ژن و مێرددا، بۆیە لە حاڵەتی وادا پێویستە هەردوولا ئاڕاستەكانی بیركردنەوە كارو ڕەفتاری ڕۆژانەیان لەگەڵ یەكتر بە شێوازێك بگۆڕن كە سەلامەتی هاوسەرایەتییان ڕابگرێت، ئەگەرنا سەلامەتترە ڕێگەچارەیەكی گونجاوو ئارام بدۆزنەوە بۆ دەست لێكبەردان، ئەم چارەسەر تاڵە زۆر باشترە لەوەی بگەنە ئاستی پیلانگێڕی لەسەر یەكتری، ئەوەتا ژنی ئەم پیاوەی كە بەردەوام خەریكە بەكچانی ترەوەو لە ڕێی مۆبایلەوە پێوەندی كردۆتەوە بەكۆنە یارێكی خۆیەوەو هەر بەمەسیج ناردن و دواتر دوو سێجار یەكتر بینینیان لەشوێنە گشتییەكانەوەی هاتۆتەسەرو قوڕێكی خەستی بۆ كۆنەیاری خۆی گرتۆتەوەو شیرازەی ماڵی ئەوی تێكداوەو ئینجا ئەویش نەك مناڵێك بەڵكو كوڕوكچێكی هەیە كە لە قۆناغی زانكۆدان، بۆ نەهامەتی ڕۆژێكیان ژنخوشكەكەی؛ لەپاركێك هەردوكیانی بینیوە كە بە گەرمییەوە دەستیان لە دەستی یەكتردا بووە، ئیتر ئەم ژنخوشكە هەڵەپاسەی بەهەڵەداوان خۆی گەیاندۆتە خوشكەكەی خۆی و لە قەبارەی خۆی دیمەنەكەی گەورەتر كردۆتەوەو هەڵڵاو قاوێك دروست بووە هەر مەپرسن، تا كار گەیشتووە بە تۆران و قسە بەیەكتروتن و كەڵكەڵەی لێكجیابوونەوە تەواوی مێشكی ئەو ژن و مێردەی خێزانی دووەمی گرتووە، تومەز ئەم خێزانەش هەر لە بنەڕەتەوە خۆیان لەیەكتر بەمەهانە بوون و پێكەوە نەگونجاون، لەسەر هەموو شتێك هەر دەمەبۆڵەو هات و هاوارو شەڕیان بووە، پیاوەكە لە درێژایی هەموو ژیانی هاوسەرێتیدا دەستی ئەم ژنەی خۆی بۆ یەك جاریش چییە وا بە ڕۆمانسیەتەوە نەگرتووە، كەچی ژنەكەی خۆی ئێستا لێی دەبیستێتەوە كە دەستی لە دەستی ئافرەتێكی غەوارەدایە و بە بەرچاوی خەڵكەوەو بەوپەڕی تەحەددییەوە بەناو گوڵزارەكانی پاركێكەوە وەك دوو پەپوولەحاجیلە ئەم چڵ بۆ ئەو چڵ دەكەن، ئیتر چۆن حەوسەڵەی تێدا بمێنێت و گومان و گڕكانی تووڕەیی دڵ و دەروونی نەكرۆژێت..

لە ئاكامدا باركردنی خۆشەویستی لە ماڵی یەكەم، داروپەردووی ماڵی دووەمی بەسەریەكدا ڕووخاندو هەفتانە ژن و مێردی دووەم بۆ جیابوونەوە لە هاتوچووی بەردەم قازی و توێژەری كۆمەڵایەتین و خێزانەكەی تریش ڕۆژانە هەر لەسەر فروفێڵ و درۆ كردن لەگەڵ یەكتر بەردەوامن، چونكە زۆر شەیتان و قوڕمساغن بۆ حاڵی پڕ لە درۆی خۆیان، ناهێڵن مناڵەكەیان بە جیابوونەوەی خۆیان سەرگەردان بێت و لەولاشەوە قوڕێكی خەستیان بۆ كوڕوكچی ئەو پیاوەی خێزانی دووەم گرتۆتەوەو ناشزانرێت سەری چەند مناڵی خێزانانی تری پێ سواغ دەدرێت..؟!!
Top